فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

«عاشوورایەک لە سنوورەکان»

پەروێز هوما
شاعیر و نووسەر،

گەرمیان

…………………

مژدەی دوو منداڵی جمک، ناو ژوورەکەی هێنایە خرۆشان، ویستی درۆیەک بکات و بڵێت خەوم بینیوە کە دوو مناڵی دووانەمان دەبێت؛کردی. پێی وا بوو هەموان باوەڕی پێ دەکەن؛ لەڕاستیدا باوەڕیان پێی کرد. وتی: من چەند ساڵە نەزری ئیمام حوسێن دەکەم، ئەمە پاداشتەکەمە. ناویان دەنێم حەسەن و حوسێن. لە هەموو شاردا سەرچاککردن بە دوو دینار بوو، ئەم بە یەک دینار دەیکرد و دەیوت؛ نیوەکەی تری نەزری ئیمام حوسێن. دەروێشانە عاشقی ئیمام حوسێن بوو. موشتەرییە سونەکان هەرچەندە ڕقیان لێی بوو، هەرچەندە ڕقیان لە مەزهەبی شیعەیش بوو، بەڵام هەمیشە نەزرەکەیان وەردەگرت و تەنانەت موشتەریی سونەیشی زۆر زۆر زیاتر بوو لە سەرتاشە سونەکانی گوزەرەکە. ناوی داود بوو، پیاوێکی نیوە کەچەڵی قژ و ڕیش ماش و برنج. داود هەر کە پەخشانی گواستەوە، هێندەی نەبرد پەخشان دووگیان بوو. ئافەرین پەخشان، دیارە ئەسڵزادەی؛ دایکی داود وای وتبوو. حەسەن و حوسێن، وەک نەمام گەورە دەبوون، هەمان جل، هەمان پێڵاو، تەنانەت داود کڵاوی کلێتەی لە یەک ڕەنگ بۆ کڕی بوون. هەمیشە دیارییەکان دوو دانە بوون. کەس ئەم دووانەی جیا نەدەکردەوە، هەندێک جار دایک و باوکیشیان دەبوایە هەندێک لێیان ورد ببنەوە، ئینجا دەیانناسینەوە. خەڵکی گەڕەک سوێندیان دەخوارد، کە پەخشان ڕۆژێک دوو جار شیری بە حوسێن داوە و حەسەن ئەو ڕۆژە بەبرسێتی هەر گریاوە، وایان زانیوە نەخۆشە. تاوەکوو خەسووی هەستی کردبوو ئەو گریانە هی ئەوەیە کە برسییەتی وتبووی؛ “کەنی خۆ تێکەڵت نەکردوون!”. هەمیشە پەخشان ئەبووایە دڵنیا بووایەتەوە کە هەر شتێکیان بۆ بکات، بۆ هەردووکیانی کردووە، تاوەکوو دووبارە خەسووی نەڵێت:”کەنی خۆ تێکەڵت نەکردوون!”.

سێ ڕۆژ پێش کۆڕەو باوکی داود مرد، لە حەسرەتی لەدەستدانی باوکیدا ڕەشی پۆشی بوو. قەت ئەم جلە ڕەشە داناکەنم؛ وای دەوت. ئەو ڕۆژەی کە بڕیار درا ڕا بکەن بۆ ئێران، داودی بەدبەخت قاچی لەجێ چووبوو، بەهەڵەداوان تەنها فریای حەسەن و حوسێن کەوتن، جلی گەرمیان لەبەر کردن و خۆیشیان هەمان شێوە. داود دەشەلی، هەندێک بەتراکتۆری خێرخوازێک ڕۆیشتن، دواتر پیادە بوون، هەوایەکی سارد لە ڕوومەتی بەخشان و داودی دەدا، کە دەتوت هەوا دوژمنی مرۆڤە. هەورەکان و کێوەکان، ئومێدی داودیان لەڕیشەوە دەکێشا. حوسێن نەخۆش کەوت، هێندە لاواز بوو، بە باوەشی داودەوە گیانی سپارد، دیسانەوە خەونەکانی داود لە ڕیشەوە کێشران، داود خەونی ئەوە بوو هەروەک چۆن ئێستا هەموو دیاری و جل و پێڵاوی حەسەن و حوسێن یەک شتن، ئاوایش کە گەورە بوون لە یەک قوتابخانە بن و بەیەکەوە بخوێنن و هەر بەیەکەوە بچێتە داوای ژن بۆ هەردووکیان، پێکەوە شاییان بۆ بکات. تەنها خەونی بەوەوە نەبینی بوو، کە پێکەوە بمرن. دایکی داود هێزی لێ بڕابوو، کوڕم من دەوەستم، تۆ و پەخشانیش بڕۆن حوسێن بنێژن، ئەگەر خوای کرد ئەم کەرام باوک گاوە ڕووخیا و هاتینۆ، دێینەوە و گۆڕەکەی ئەگوێزینۆ، دایکی داوت بەدەم نرکەنرکەوە؛ وای وت. داود بەدەم گریانەوە بەدەست و دار و ئەوەی بەردەست بوو چاڵێکی بچووکی هەڵکەند لە قەبارەی حوسێنی کوڕی. داود هەڵی دەکەند و پەخشانیش خۆڵەکەی دەردەکرد، تەرمی حوسێن لەپاڵ حەسەندا دانرابوو، هەردووکیان دەتگوت خەوێکی قووڵ بردوونییەتەوە. پەخشان هێندە گریا و هێندە خۆڵی دەردا، هێزی نەما، حوسێنیان خستە چاڵەکەوە و دایانپۆشی، سەر خۆڵەکەیشیان بە کەڵەکەبەردێک دیاری کرد. بەردی زیاتر، بەردی زیاتر، با کە هاتینەوە بیناسینەوە؛ پەخشان وای دەوت. داود بەدەم گریانەوە، ئازاری قاچی بیر چووبوو، جا مرۆڤ جەرگی بسووتێ چیی بیر دەمێنێ! لە ڕێگەدا زوو زوو حەسەنیان لەباوەشی یەکتر دەگواستەوە، هەر مرۆڤێک ئەو دیمەنەی ببینیایە، دەیزانی ئەو دووانە بە نۆرە، تاسەی خۆیان لە منداڵەکەیان دەشکێنن، نەک ئەوەی بیانەوێ کەسێکیان بحەسێتەوە. نزیک بوونەوە لە سنوور، لە مەترسی تێپەڕین، بەڵام قاچەکانی داود ئاوساون، ئازارێک لە قاچیدایە، مەگەر لە دڵیدا هێندە ئازار هەبێت. هێندە ماندوون، هێندە خەمبارن، هێندە تووڕەن، ئاگایان لەخۆیان نەماوە. لە پەنایەکدا دانیشتن، سەربازەکانی سەر سنوور ئاگاداریان کردنەوە کە ئیتر ئەوان لەناوچەی ئارامن و ترسیان نەبێت. بەڵام ئارامی بۆ ئەم خانەوادەیە هەر لەسەرەتای ڕەوەکەدا حەرام بوو. پەخشان حەسەنی دانا و ڕۆیشت خواردن وەربگرێت لە سەربازەکانی سەر سنوور، کە هاتەوە ویستیان نان بخۆن، بەڵام لەو کاتەدا تێبینیی شتێکی سەیریان کرد، ئەوکات لەباوەشی ئەماندا بوو هەستیان بەوە نەکردبوو، کە حەسەن ناجووڵێت! تەنانەت پەنجەیەکیش یاخود قاچی، یان جەستەی، دەڵێی پەیکەرە. داود بە قنەخشکێ نزیکی بوویەوە. ئەو مردنی ڕۆڵەیەکی تاساندبووی، یەکەم شت خەیاڵی بۆی ڕۆیشت ئەوەبوو، نەکا مردبێ! گوێی نا بە لووتییەوە، هەناسەی نەدەدا، سەری نا بەدڵییەوە، لێدانی دڵی نەبوو. لێوەکانی دەلەرزین، تۆنی دەنگی گۆڕا، هەناسە نادات، هەناسە نادات، دڵی لێ نادات، دڵی لێ نادات؛ داودی بێچارە وای دەوت. پەخشان بۆ دڵنیابوونەوە، بەهەڵەداوان هەمان کاری داودی دووبارە کردەوە. دڵنیا بوونەوە کە حەسەن مردووە. خەسووی پەخشان لەسەرخۆ لەبەر توانای جەستەی، نزیک بوویەوە و دەستی کرد لە لاشەی حەسەن، تەواو مردووە؛ وای وت.
ئەو پیرەژنە پیرە وەک ئەوەی لە خەوێکی قووڵ ڕاپەڕێت، چاوەکانی کردەوە و دەنگێکی نامۆ لە قوڕگییەوە هات. بەسەرسامییەوە سەیری منداڵەکەی کرد و بە قوڕگی پڕ گریانەوە پرسیارێکی کرد، پرسیارەکەی ئاسمان و باڵندە و دار و بەرد و شاخ و کێو و خودا و پێغەمبەران و تەواوی فریشتەکانی خستە گریان و لەو سەر سنوورە، کاتێک وتی:

”کەنی خۆ تێکەڵت نەکردوون!”.