چرۆ زەند
نووسەر، کەنەدا
خۆر بەبێ بەهايی تيشكەكانی لەپشت چيا دوورەكانەوە بەدەردەخست، نەرمە بايەك نزيك بە شنە، دنيای بۆندار دەكرد. پەپوولەكان لە باوەشی سروشتدا لەناو شيو و دۆڵدا هڵدەفڕين و بە تاسەوە دەچەمينەوە بۆ گوڵەكان، لەوە دەچوو بۆ شتێکی نوێ چاو بگێڕن، ياخود چيرۆكخوانی ڕێبوارێ بن.
لە خامۆشی سروشتدا بيرم لە ڕۆيشتن دەكردەوە. بەردەوام بووم لە بيركردنەوە، لە ڕۆيشتن. دەدوام لەگەڵ خۆمدا، بە خۆمم دەگووت، هەڵسە بڕۆ، بڕۆ و لە نەهامەتیيە دەرچۆ، پێبكەنە، ئەو پێكەنينە بكە بە دەنگێ دژی زۆرداری و شەڕ.
ڕۆيشتم سنوورەكانم يەك يەك بڕی، سنوورەكان لەناو يەكدا بوون لە دڵی وڵاتێکدا. لە نێوان شار و شارێكی تر، لە نێوان شيعە و سوننە، كورد و ئەرەب، باكوور و باشوور، باكوور لە نێوان خۆياندا، لە نێوان پارتەكاندا، لەسەر سنوور، لەسەر پرد، لە هەموو شوێنێكی ئەو وڵاتە بازگە و پشكنين بوو، گشتی سنوور بوو.
كاتەكانی دڵەڕاوكێ لە نێوان پەڕينەوە و ڕۆيشتن، لەساتەكانی چاوەڕوانی مەرگ دەچوو. هاواری بێهودەی پیاوانی ئەمن، لە هاواری گورگی برسی دەچوو بە شولک وقامچیيەکانی دەستيان لە ڕێبوارەکانيان دەدا، پارە و ناسنامەكانيان لێوەردەگرتن، جانتاكانيان دەپشكنين و هەرچی لە گيرفانيان دابوو لێيان دەسەندن، پاشان پێڵاويان لە پێ دادەكەندن، بە زۆرداری خوێنيان لە جەستەيان دەردەکێشا، لەوە دەچوو داڵ بن و بەسەر لاشەی نێچيرێكدا نيشتبنەوە و خوێنی بمژن.
ئەوانە هەموو ئيهانە بوون، دوور لە ويژدان و مرۆڤ دۆستی.
بايەكی سارد لەنجەيەكي دەخستە سەر گەڵای درەختەكان دەنگێكی دەهێناو دەبرد، لەگەڵ ئەوەی كە شنە با بوو، كەچی ئارەقێكی ساردم كرد، هەر لەوە دەچوو كڵۆ بەفر بێت و بە جەستەمدا بێتەخوارێ ، يان گڕی ئاگرێ بێت و بمكاتە خۆڵەمێش و تێکەڵ بە خاك و خۆڵم بكات. خەم و پەژارە و چاوەڕِوانيم لە چاوی ڕێبوارەکاندا بەدی دەكرد، ئەوان چاوەڕێ بوون، هەر چاوەڕێ بوون، چاوەڕێی پەڕینەوە.
سروشت هەمووی شۆڕشێکی بچكۆلە بوو، هيچ وشەيەك نەيدەتوانی جێگەی ئەوە بگرێتەوە كە روودەدات، گشتی سنوور بوو، بەند بوو، پرد بوو بۆ مرۆڤەکان کە دەپەڕنەوە.
دەبێ پەڕينەوە چۆن بێت بۆ ژنێكی تەنها؟ بەپيی ياسا، هەر ئەو جۆرە پەڕینەوە بۆ خۆی تاوانێك بوو، چونكە ياسا ڕێگە نادات ژنێك بە تەنها لە سنوور بپەڕێتەوە مەگەر ئەو ژنە گەیشتبێتە تەمەنی بێئومێدی، واتە دوای شەست ساڵ و زياتر، ئەو ژنەيش دەپەڕێتەوە، دەبا ياوەرێكی لەگەڵ بووايە، مێرد، کوڕ، يا برا.
لەسەر سنوور ئەمە دەبوو بە درۆيەكی ياسايی بۆ پەڕِينەوە. لەو كاتەدا فرمێسك بە چاومدا هاتە خوارێ، پرسيارم لا دروست بوو، ياسايەك پێمدەڵێ هاوسەرت لەگەڵ بێت بۆ پەڕينەوە.
لە كاتێكدا من ئەو هاوسەرەم نەديت لە ماڵەكەمدا، تەنها لە ڕۆژاني جەژنی پارتی بەعس و يادەوەریەكانياندا. لەوە دەچوو ميوانێكی بە پەلە بێت، دەبوایە زوو بگەڕێتەوە نێو كارەكانی ناو جەنگ. چەندان شەوم بردە سەر بە ترس و تەنيايی، دەگريام و دەترسام لە ڕووداوی چاوەڕِوان نەكراو، ساڵەكانی هاوسەرگیریم بوونە ساڵی چاوەڕوانی گەڕانەوەی هاوسەرم لە شەڕێكەوە بۆ شەڕێكی تر. لەو كاتەدا ياسا بەرپرس نەبوو بۆ هێنانەوەی هاوسەرم بۆ ماڵەوە تا هاوبەشی ژيانم بێت، لەو ژيانە سەختەدا، لەو كاتەدا من لە تافی لاوێتيمدا بووم.
نەفرەت لەو ياسايەی كە ناهێڵێ ژن بە تەنها لە سنوورەكان بپەڕێتەوە، لە هەمان كاتدا ناهێڵێ هاوسەرەكانيان هاوكاری ژيانيان بێت و دەيانكاتە سووتەمەنی شەڕ. نەفرەت لەو یاسایە کە ڕێگە بە پیاو دەدات لە ژن بدات. نەفرەت لە یاساکەیەک کە پشگیری لە توندو تیژی دەکات.
ئەو پياوانەيش بەندی ياسان، ئەو ياسايەی بۆ چەوساندنەوەی مرۆڤەكان دانرا، لە ئەڵقەيەكی داخراو دەچێت، سوپا بۆ پياو، پياو بۆ ژن، ژن بۆ منداڵ، بۆيە منيش ويستم لەو بازنە داخراوەدا دەرچم و وەك كۆتريێك بدەم لەشەقەی باڵ و بفڕم.
بفڕم بەبێ پاسپۆرت و فيزا و سنوور.
پایزی ١٩٩٩

