ڕەنگ و خەیاڵ لەکارە هونەرییەکانی شێوەکاری کورد خاتوو شلێر قەدیمی
ئاشتی گەرمیانی
نووسەر و ھونەرمەند، هەولێر
خەونەکان هەمووی لەخەیاڵ و بیرکردنەوە و تێڕوانینەوە لەدایك دەبێت و هەنگاوی بۆ دەنێیت ، بەتایبەتیش ئەو کاتەی کە دەتەوێت ڕەنگ ببێتە ڕووپۆشی بیرۆکەکان .. شێوەکاری کورد خاتوو شلێر قەدیمی ئەو پرۆژە و ئەزموونانەی خۆی لە ڕەنگ و خەیاڵدا دۆزیوەتەوە ، بەتایبەتی لەم قۆناغەی ئێستایدا .. ئایا مرۆڤ بەبێ خەون و خەیاڵ دەژیت ؟ ئایا ئەفسانە و چیرۆکە کلاسیکییەکان دەبێتە بەشێکی خەیاڵی مرۆڤ و دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت ، ئایا چیرۆک و ڕووداوەکانی سەدان سەدەی ڕابردوو دەبێتەوە کەڤاڵ و خوێندنەوەی بۆ بکرێت ، ئەو چیرۆك و بەسەرهات و جیهانە کلاسیکییە خۆشەویستی و جیهانی پڕ لە خەیاڵ و سروشتێکی جوانی کوردستان و ڕەنگ گەرمی ئەو سروشتە ئەو بەرهەم و ئەزموونانەن کە خاتوو شلێر قەدیمی لە ڕووبەری کەڤاڵەکانیدا دەریانی بڕیوە و توانیوێتی کاری بۆکات و بگات بەو ڕەنگدانەوەیەی کە خەونەکان کۆتاییان نایەت و مێژوویان بپارێزێت لە نێو کەڤاڵە هونەرییەکانیدا .
شێوەکاری کورد خاتوو شلێر قەدیمی لەساڵی ١٩٨٤ لە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایك بووە ،
من پێم وایە دەست بردن بۆ ئەو فۆرمانەی کەلە سەدەکانی ڕابردوودا چ بە ڕووداو ڕوویانداوە یان گێڕاوە و ئەفسانەی ڕابردوون پرۆشۆرێکی نوێ و بەرگێکی نوێ بوونەوەیە لە کولتووری کوردیدا بەتایبەتی شێوەکار شلێر وا دیدە دەکات زیندوو کردنەوەی ئەو چیرۆکانە دەبێتە هەوێنێکی نوێ بۆ پاراستنی کولتووری کوردی یان ناوچەیی ، هەر بۆیە لەزۆربەی کەڤاڵەکانیدا ئەو فۆرمەی هێناوەتەوە کە سروشت و جوانی و کلاسیکییەت و ڕیالیزمی هونەری دەبێتە هەنگاوێك بۆ پاراستن و دیدە بینینی وێنەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن بینەرانەوە ، دەست بردن بۆ ئەو فۆرمانە بە ڕاستی من بە گرنگی دەزانم چونکە لە سڕینەوە و فەوتاندن و کاڵ بوونەوە دەیانپارێزێت ، و بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو دەبێتە چیرۆك و گێڕانەوەیەکی سەیر کە لەو سەردەمەدا سروشت و کولتوور و ڕەنگ و زەغرەفەو هێڵکار و پۆشاك و بەرئاگرداندان ژیاندارییەکی سادە و سکار بووە دوور لە تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد و مۆدێرن ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا ناوچەیەکی پڕوچڕن لە ئەفسانە و ڕووداو بەسەرهات و باوەڕ بوون بە کۆمەڵە وتە و قسەلۆکی ئەفسانەیی و خەون و باوەڕبوون بە سەرگوزشتەی وەك بەرئاگردان و هێنانەوەی دەماودەم و نووسراوەیی هەربۆیە نەمانی و کاڵ بوونەوەی ئەو کولتوورە هۆکارێکە لە ئێستادا مرۆڤ ئاوڕی لێ دەداتەوە و دەیەوێت تێ بگات یان بیاننەخشێنێت و لە نێو کەڤاڵەکاندا بپارێزرێن .
بەپێی ئەو کارانەی هونەرمەند شلێر قەدیمی کەلە سەر کەنڤاسەکان بەکاریانی هێناوە وەکوو کاری چاپ و ئەکریک و گووش یان ئاوی و رۆنی هەموو بابەتێکن کە بنەماکانی هونەری شێوەکاری بەرجەستەی کردووە کە هونەرمەند بەکاریان بهێنێت ، هەڵبژاردەی ڕەنگەکان گەرمن واتە کاریگەری ناوچەیی و چیاکانی ڕۆژهەڵاتی پێوەدیارە ، هەربۆیە جیاوازە لە هونەری کیشوەرەکانی تر و ناوچەکانی تر ، بۆیە تایبەتمەندێتی خۆی هەیە کاتێك مرۆڤ دیدەی لێ دەکات ، سەبارەت بەکارە هونەرییەکانی دەڵێت (( هەموو تابلۆکانم ڕەنگ و بۆنی کوردستانیان لێدێت ، من لە منداڵییەوە حەزم لە نیگارکێشی بووە، هەمیشە حەزم کردووە لە ڕێگەی نیگار کێشانەوە جیهانەکەم وێنا بکەم ، ڕێزم لە ئارەزووی خۆم دەگرت و شەو و ڕۆژ لە تابلۆکانمدا خەڵوەتم دەکرد ، نەخشی قڵی و گڵێم و خشڵەکانی ناوچەکانی کوردستانم بەکارهێنا ، لەهەندێك لە تابلۆکانمدا ئیلهامم لە چیرۆك و ئەفسانەی کۆنی کوردی وەك شامارانوو بابە یادگار و مەلەك تاوس وەرگرتووە ، تابلۆکانم زەینی و خەیاڵین و ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە کچێکی بێدەنگ و ئارام بووم ، داپیرەیەکی میهرەبانم هەبوو زۆر خۆشی دەویستم و هەمیشە چیرۆکی بۆ دەگێڕامەوە ، چیرۆکی شیرین و خۆشەویستی پڕ لە جوانی ، ڕەنگ و وێنەکان فانتازیایەکی پاك بوون و زۆربەی چیرۆکەکان لە جیهانی ڕاستەقینە دوور بوون ، جیهانێک دوور لە دووڕوویی و ڕق و ستەم و توندوتیژی .. هەموو ئەم چیرۆکانە سەرەتای دروستکردن و لەدایك بوونی تابلۆکانم بوون )) .
پەنا بردن بۆ کۆمەڵە هێمایەك کە کولتووری ناوچەکەن بەتایبەتی هەر لە گەڵ هەڵبژاردەی ڕەنگیشەوە هۆکارێکە بۆ تایبەتمەندێتی ، ئەو تایبەتمەندێتییەیش لە کارە هونەرییەکانی شێوەکاری کورد خاتوو شلێردا بەدی دەکوێت و دەست بردن بۆ هێڵ و زەغرەفە و نەخشە کۆنەکان کە کولتوورێکی ڕەسەنی کوردەوارییە ئەمە هۆکارێکی ترە کە مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە بۆ سەدەکانی ڕابردوو ، ڕیالیستی وڕیالیزمی بە شێکی تری کارە هونەرییەکانێتی بەتایبەت سروشتی کوردستان بە شێوازێكی تایبەت ، من کارەکان بە تەکنیکێکی چاپی دەزانم واتە هونەری چاپکردن بەڵام قوتابخانەی ڕیالیزمی ڕەنگاوڕەنگ ، ماندوو بوونێکی ئێجگار زۆریان پێوە دیارە و هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ تایبەتمەندێتی ، ئەمانە هەموو لە کۆی کارە هونەرییەکانی هونەرمەند شلێر قەدیمیدا بە دیدە دەگریت .

