ئامادەکردنی : محەمەد بەرزی
نووسەر، ئامريکا
……………….
ئەو توێژینەوانەی لە ئەمەریکادا کراون ، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ، کە خوێندنەوە بە دەنگی پڕ سۆزی دایک بۆ کۆرپەلەی ناو سکی ، تێکڕا ڕێژەی لێدانی دڵی کۆرپەلە کەمدەکاتەوە و پەیوەندی نێوان دایک و کۆرپەکەی پتەو و بەهێز دەکات . سەرئەنجامیش دایکەکە لە دۆخی نائارامی و دڵەڕاوکێی و ترسی ئەو قۆناغە هەستیارە ڕزگار دەکات . هەر بە پێی ئەو تویژینەوانە ، لە هەفتەی بیست وشەشەوە، دەمارەکانی گوێچکە و مێشکی کۆرپەڵە چالاک دەبن و بە بەردەوامی کاردانەوەیان بۆ دەنگ دەبێت و هەست بە ترپەی لێدانی دڵ و دەنگی جیهازی هەرسکردنی دایکی دەبێت . ئەمەيش ڕێک ئەو کاتەیە ، کە پێویستە دایک بە دەنگێکی تۆزێک بەرز دەست بە خوێندنەوە و قسەکردن بۆ کۆرپەڵەکەی ناو سکی بکات . پاشان لە هەفتەکانی داهاتوودا هەستی بیستنی خێراتر گەشەدەکات و باشتر ئاشنای دەنگەکان دەبێت . ئەوەی شایانی باسە خوێندنەوە یەکێکە لە خۆراکە ڕۆحییە گرنگەکان ، کە هۆکاری سەرەکی زیرەکی و سەرکەوتنی منداڵە لە ژیاندا . چەند زووتر دەست پێبکات ئەوەندە خێراتر کاردانەوەی باشی دەبێت . بێگومان لەم قۆناغەدا کاریگەریی دەنگی پڕ سۆزی دایک ، زۆر لە وشە و ڕستەی ناو کتێب و گۆڤارەکان زیاترە . ئەوەی لە دەمی دایکەوە دەربچێت بە مێشکییەوە دەنووسێت . نەک هەر ئەمەو بەس ، بگرە پێویستە شان بە شانی خوێندنەوەيش ، ئاوازی هێمن و نەرمی لەسەرخۆشی بدرێت بە گوێدا ،تا مێشکە تازە پێگەیشتووەکەی پێی ئاشنابێت . دیارە هاوبەشیکردنی باوک و خوشک و برا و کەسە نزیکەکانی لە خوێندنەوەدا ، کارێکی ناوازەیە و پەیوەندی کۆرپەڵە و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە بەهێزتر دەکات و وردە وردەيش بە دەنگی ئەوانیش ئاشنادەبێت . جا چونکە کۆرپەڵە لە وشە و ڕستەکان ناگات و تەنها ترپە و ئاوازی دەنگەکانی دایکی بەر گوێی دەکەوێت ، بۆیە پێویستە ئەو بابەتانەی بۆ نەخوێنرێتەوە ، کە تارمایی توندوتیژییان لەخۆگرتووە ، تا لە کاتی خوێندنەوەدا گرژی لە دەنگی دایکەکەدا دروست نەکات و بە ئاڵۆزی نەگات بە کۆرپەڵە ، بەڵکوو پێویستە بابەتی هێمنی پڕ لە خۆشی و دوور لە توندوتیژی بۆ بخوێنرێتەوە ، تا لە ڕێگای دەنگێکی ئارامی پڕ لەسۆزەوە بگات بە گوێچکە پچکۆلەکانی ، بۆ ئەم مەبەستەيش دەکرێت ئەو کتێب و گۆڤارانەی بۆ بخوێنرێتەوە ، کە تایبەتن بە چیرۆکی خۆش و کورتی منداڵان ، کە بەلای دایکەکەيشەوە خۆش و پەسەندن. سەرباری ئەمەيش دایک لە کاتی سکپڕییدا ، گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکانیدا سەرهەڵدەدات و تووشی ئازاری پشت و ئاڵۆزی دەبێت ، ئەمانەيش بێ تاقەت و ماندووی دەکەن و ڕاستەوخۆيش کاردانەوەی خراپ لەسەر کۆرپەڵە دروست دەکەن . هەر بۆیە لەم ساتانەدا بۆ هێوربوونەوە و ڕزگاربوون لەو حاڵەتانە ، باشترین چارەسەر ، پەنابردنی دایکەکەیە بۆ خوێندنەوە . بەمەيش لێدانی دڵی کۆرپەڵە دادەبەزێت و دەنگی پڕ سۆزی دایکیشی ئارامییەکی تەواوی پیێ دەبەخشێت و دایکەکەيش ئازارەکانی خۆی لەبیردەکات .جا لەبەرئەوەی ماوەکانی بە ئاگایی کۆرپەلە کەم و کورتن ، هەربۆیە پێویستە ماوەکانی خوێندنەوەيشی بە کورتی بۆ دابەشبکرێت . ئەوەی جێگای سەرسوڕمان و خۆشییەکی بێ سنوریشە ، لە کاتی لە دایکبووندا ، کۆرپەکە بە تەواوی ئاشنای دەنگە خۆشەکەی دایکێتی . دوای لە دایکبوونیشی و لەگەڵ ئەوەيشدا توانای قسەکردنی نییە ، بەڵام زۆر زوو لە دەورووبەری خۆیەوە فێردەبێت.کاتێکیش بە بەردەوامی بۆی دەخوێنرێتەوە ، ئەوا خوێندنەوەکە یارمەتی دەرێکی چاکە بۆ فێربوونی زۆر بابەتی وەک پیت و ژمارە و ڕەنگەکان ، پاشان وردە وردە بۆ بەکارهێنانی وشە و دروستکردنی ڕستە . بێگومان منداڵان بە شێوەی جیاواز گەشە دەکەن ، بەڵام توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە ، لە تەمەنی دوو ساڵیدا ، ئەو منداڵانەی زۆریان بۆ خوێنراوەتەوە ، دەتوانن زۆر زیاتر لەو منداڵانە وشە و دەستەواژە بەکاربهێنن ، کە بۆیان نەخوێنراوەتەوە . هەروەها توێژینەوە تازەکانیش ئەوەیان دەرخستووە ، کە منداڵ زیاتر حەزی لە کتێبی چاپکراوە ، نەک کتێبی ئەلکترۆنی سەر شاشەکان . بۆ تێگەیشتنی منداڵیش ، چاکتر وایە لە کاتی خوێندنەوەدا بە دەست ئاماژە بۆ وێنەکانی ناو کتێبەکە بکرێت .بێجگە لەمەيش ڕاستییەکی تریش ئاشکرابووە ، ئەو منداڵانەی لە ماڵەکانییاندا کتێب هەیە ، زیاتر گرنگی بە خوێندنەوە و فێربوون دەدەن ، لەچاو ئەو منداڵانەدا ، کە کتێب لە ماڵەکانیاندا نییە .
لە دواجاردا جێگای خۆیەتی لێرەدا بە کورتی ئاماژە بۆ هەندێک لە سودەکانی خوێندنەوە بۆ منداڵان بدەین :
١ – خوێندنەوە هەر تەنها پەیوەندی نێوان دایک و کۆرپەڵە پتەو ناکات ، بەڵکوو هۆکارێکیشە ، کە منداڵ زووتر زمانی بکرێتەوە .
٢– خوێندنەوە یارمەتی منداڵ دەدات بۆ وەرگرتن و فێربوونی وشەی نامۆ و نەبیستراو .
٣– خوێندنەوە هۆکارێکی چاکە بۆ ڕاهێنانی منداڵ لەسەر گوێگرتن و لەبەرکردن .
٤– بە ئاسانی منداڵ فێری مانای وشەکان دەکات .
٥ – منداڵ لەسەر خوێندنەوە ڕادەهێنێت ، تۆوی خۆشەویستی خوێندنەوەيش وا لە ناخیدا دەچەسپێت ، لە دواڕۆژیشدا هۆگری بێت و کەسێکی ڕۆشنبیری لێ دەربچێت .
٦ – خوێندنەوە لە تەمەنێکی زوودا، هۆکارە بۆ گەشەی مێشک و باشتر قسەکردنی منداڵ .
٧ – بە بەردەوامی خوێندنەوەی چیرۆک و هۆنراوەی خۆشی سووک و ئاسان ، هۆکارن بۆ مانەوە و لە بیرنەچوونەوەیان .
٨ – بەر لە ساتی نووستن کەشێکی ئێجگار ئارام بۆ منداڵ دەڕەخسێنێت و یەکێکە لە شێوازە بێ وێنەکانی هێورکردنەوەیان .
٩ – دەکرێت خوێندنەوەی کتێب سەراپا ژیانی منداڵەکە بگۆڕێت و بیکات بە کەسێکی کارا و کارامەی زیرەک و زانا و چاوی ئومێدی لەسەربێ .
*****
تێبینی : ئەم بابەتە لە چەند سایتێکی ئەمەریکییەوە وەرگیراوە .

