فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

قوڕ + سەر = قوڕبەسەر

عەبدوڵڵا سەڕاج

نووسەر، سويد

…………..

خاكبەسەر یان هەژبە سەر دەگوترێ بە کەسێك داماو و بێوەی و زوڵم لێکراو بێت .

با لە نواوە باسی سەر بکەم، سێ شێوەی هەیە: سەرێك تووکی چڕ و پڕ بێت پێی دەوترێ قژن، سەرێك تووکی کەم بێ و بە تایبەتی لە پێشەوە هەتا تەپڵێ سەری ڕووت بێت ئەوا پیلاکە خۆ ئەگەر سەرێك هەر هیچ تووکی بەسەرەوە نەبوو ئەوا کەچەڵە. سەربردەی کوڕە کەچەڵە لە حکایاتی کوردیدا زۆرە، دایکانی پەچەڵ و نەزۆك لە خوا دەپاڕانەوە کە هەر نەبێ کوڕە کەچەڵەیەکی پێ ببەخشێ.

لە شاری کەرکوك ئاماژە بە سێ قوڕی ڕەنگ و شێوەی جیاواز دەکەم: قوڕی ئاسایی کە لە ڕۆخی جۆگا دەبێت یان لە پاش باران دروست دەبێت کە لە ڕەنگی زەوییە ( خاکی)یە، قوڕێکی دیکەش ڕەشەکە کە لە خۆڵ و چڵکاوی ماڵانەوە دروست دەبێت پێی دەوترێ قوڕەسییان. قوڕێکی دیکەش سورباو و توندە لە شێوەی کەستەك پێی دەوترێ گڵەسەر ئەم گڵەسەرەیان لە شاخی پشتی ناوچەی خورماتووەوە دەهێنا و، بە کەر و بار لە کۆڵاناندا دەیان فرۆشت. هەر کەیبانوویەك دوو سێ حۆقەی دەکڕی و لە کاتی سوور و خۆشیدا پارچەیەك لەو گڵەیان دەخستە ناو تاسێکەوە و ئاویان بە سەر دەکرد. بۆ ڕۆژی دووەم ژنان تیتك و زوڵف و قژیان بەو قوڕە سواقدەدا و لەچکیان دەکرد پاش دوو سێ ڕۆژ سەریان بە ئاوی گەرم دەشۆری و قژیان خۆیان گوتەنی نەرم دەبوو وەک ئاوریشم ، قوڕێکی دیکەش کە هەندێ ڕەق و پتەو بوو ڕەنگی سەوزباو بوو لە تەقینەوەی شاخی ناو مەعدەنی ( داود) لای شێخ محەدین دەمانهێنا و بە چەقۆ شتی جوانمان لێ دروست دەکرد بەتایبەتی من چەند مۆدێلێکی ئەوسای ئۆتۆمبیلم لێ دروست دەکرد ناوی ئەم جۆرە قوڕە ( مەلا خەنەکە ) بوو.

لە کەرکوك قوڕێکی بەناوبانگ هەیە بە ناوی ( دێی پاپیلان)ی ناو شوانەوە لە شینەکان دەگوترا : قوڕی پاپیلانت بە سەر . خۆ شیعری کوردیش بەدەر نییە لە قوڕ فەرموون شاعیری نیشتمان پەروەر ( حەمە ساڵح دیلان) بە دەنگە خۆش و زوڵاڵەکەی ئاوهای چڕیووە:

. قوڕ خەستە بۆ سەری شەرمەزاری

ئەڵبەتە لە شوێنانی دیکەی کوردستان قوڕی جۆراو جۆر و ڕەنگ جیاواز هەیە. لە شین و پرسەکاندا مەنجەڵێ بچوك پڕ لە خۆڵیان دەهێنا و بە هێڵەك دەیانبێژت بۆ لابردنی بەرد و خاشاکەکەی پاشان ئاویان بە سەردا دەکرد و لە شوێنێك دایان دەنا ئەوجا هەر ژنێك بهاتایە بۆ شین و پرسەکە، هەندێ لەو قوڕەی بە سەری خۆیدا دەکرد و بەشداری دەکرد لە کۆڕی شیوەن و واوەیلاکە، بۆ گەرم کردنی شیوەن و فرمێسك باراندن (حەمدیە سازلیان) یان بە کرێ دەگرت، کەچی بە پێچەوانەی خۆی کوڕێکی لەگەڵمان بوو لە قوتابخانەی ئامادەییدا ڵاڵە پەتە بوو!!.

تێبینی: سازلیان وشەیەکی تورکمانیە بە واتای ئەوەی دەلاوێنێتەوە.