ئارام سدیق
(2-2)
…………

فەیلەسووفەکان ڕای جیاوازیان سەبارەت بە مەرگ هەیە، “سوکرات لەو بیرمەندانەیە کە پێیوایە مەرگ کۆتایی ژیان نییە، تەنیا گۆڕینی شێوازی بوونە.”(8) بەڵام لە بەرامبەردا هایدگەر مردن بە دوا “ئەگەر”ی بوونی مرۆڤ دادەنێت.(9) ڕەنگە هەر ئەم دوا ئەگەرەش بێت وای لە مرۆڤ کردبێت، کە ترسێکی زۆری بەرامبەر مردن هەبێت، چونکە بە لەدایکبوونی مەرگ لەگەڵ خۆی دەهێنێتە نێو ژیانەوە. “مرۆڤ بۆیە لە مردن دەترسێت، چونکە دەزانێ مردن لە قووڵایی ژیانیدایە، ئەو لەبەر پیری، یان نەخۆشی، یان لاوازی نامرێ، بەڵکو بۆیە دەمرێ چونکە دەژی.”(10) بەڵام تراژیدیای مەرگی کورد لەبەر ژیان نەبوو کە دەمردن، یان دەکوژران، بەڵکو لەبەر ئەوەی کوردبوون دەکوژران، هەر ئەمەش دەبێتە خاڵێکی گرنگ لە ئەزموونی شیعری شێرکۆ بێکەسدا و زۆرێک لە جوڵە شیعرییەکانی ئەم شاعیرە جوڵەیە بۆ نووسینەوەی تراژیدیای کوردبوون، کە بە مەرگ کۆتایی دێت و سەپاندنی مەرگە بەسەر مرۆڤی کورددا. لە دۆخی کوردبووندا مەرگ هێندە سەپێنراوە، هێندە ڕێڕەوێکی سروشتی نێو بوون نییە.
لە ڕووکارە گشتییەکەیدا “مرۆڤ نە لەدایکبوونەکەی، نە ژیانەکەی، نە سەردەمەکەی، نە کۆمەڵگەکەی، نە مردنەکەی هەڵنابژێرێت، بەڵکو بە زۆرەملێ و ناچارەکییانە دێتە دونیا، هەر بە زۆرەملێ و ناچارەکیانەش دونیا بەجێدێڵێت.”(11) بەڵام لەنێو تراژیدیای کوردبووندا و لەسایەی بەعس و هاوشێوەکانییەوە مردن دەبێتە کردەیەکی زۆرەملێ و ناچارەکیانە و مردنێکی سروشتی نییە. مردن لە ژیانی ئاساییدا مردنێکی ناچارەکییانەی سروشتییە، بەڵام مردن لە سایەی دەسەڵاتی بەعس و هاوشێوەکانی (بەهۆی کوردبوونەوە)، یان (بەتۆمەتی کوردبوونەوە) مردن دەبێتە کردەیەکی زۆرە ملێیانەی ناچارەکی ناسروشتی و سەپێنراو. تراژیدیای ئەنفال و هەڵەبجە مردنی بەکۆمەڵی زۆرەملێی ناسروشتی و ناچارەکیانە و سەپێنراو بوو، بۆیە دەقگەلێکی لە چەشنی “سروودە بەردینەکان” و گۆڕستانی چراکان” و چەندین دەقی دیکەی لای شێرکۆ بێکەس لێ دێتە بەرهەم. لە شوێنێکی دیکەی گۆڕستانی چراکاندا دەنووسێت:
“من بەسەر پشتی ئەسپەوەم
هەتا بەر دیواری بابل ئەیئاژووم و
لەویەوەڕا سەریش لە خاکی سۆمەر و
مەملەکەتی تەمووز ئەدەم
من بەشوێن ئێسک و پرووسک و کاسەسەرم و
من بەشوێن خۆمدا دەگەڕێم.”(12)
شیعر هونەری گەڕانە، بۆیە شیعر لای ئەم شاعیرە دەبێتە فاکتەری گەڕان بەدوای خۆدا، چونکە بەهۆی ناسنامەی کوردبوونەوە بە زۆرەملێ مەرگی بەسەردا سەپێنراوە و ئێستا دوای 16 ساڵ لە کارەساتی ئەنفال (دەقی گۆڕستانی چراکان 2004 چاپ بووە) شاعیر لەڕێی شیعرەوە بۆ ئێسک و پروسکی کوردان دەگەڕێت. لێرەوە ئەم شاعیری مەرگنووسە لەڕێی ئەم دەقەوە مەرگ دەنووسێتەوە، بەڵام ئایا شێرکۆ تەنیا شاعیرێکی مەرگنووسە، یان چی دیکە؟ لە جێگەیەکی دیکەدا شاعیر دەنووسێت:
“من ناهێڵم
ئەم گریانە هەرگیز ڕەنگی بچێتەوە
من ناهێڵم
ئەم مردنە ژیان بیری بچێتەوە
من ئەم زوڵمە
لەناو شووشەبەندی شیعرا
دائەنێم بۆ:
ئەو زارۆکەی
دوای چەند قەڕنێ دێت و ئەزێ و
لە ڕەحمی ئەم وڵاتەوە سەردەردێنێ
ئەلف و بێی چرا فێر ئەبێ و
ئەم غەدرە ئەخوێنێتەوە!(13)
لێرەدا شاعیری مەرگنووس، بەرگی مەرگ فڕێدەدات و دەکەوێتە هەڵوەدای نەمری، بۆیە دەیەوێت لەڕێی شیعرەوە گریان و مردن نەمر بکات، تا نەوەکانی داهاتوو چیرۆکی مەرگی سەپێنراوی ئەنفال بخوێننەوە. لێرەدا من کەوتمە بیری داستانی گەلگامێش و یەکەم هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ نەمریی. شاعیر لێرەدا هەمان گەمە دەکات و دەیەوێت لەنێو وشە و شیعردا نەمریی بدۆزێتەوە. مرۆڤ لەنێو ژیاندا توانای دۆزینەوەی نەمریی نەبوو، بەڵام لەنێو وشەوە توانای داستان و چیرۆکەکانی نەمر بکات و وشە بووە جادووی نەمریی، بۆیە ئەم شاعیرەش ناچارانە پەنای بۆ دەبات و تراژیدیای ئەنفال لەڕێی وشەوە نەمر دەکات.
ئێستا کاتی ئەوەیە باسی جۆری دووەمی ڕەنگدانەوەی مەرگ بکەین لای ئەم شاعیرە کە بە “مەرگی خودی” لەسەرەوە ناوم برد. شاعیر لێرەدا مەرگی نەتەوە و مەرگی ئەوانی تر فەرامۆش دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ لای خود و گوزارشت لە دۆخی خود دەکات، کە هێدی هێدی مەرگی لێ نزیک دەبێتەوە. ڕەنگە دیارترین نموونە لێرەدا بتوانین ئاماژەی پێ بکەین شیعری “پاییز لەناو پاییزدا” بێت. شاعیر لەم شیعرەدا گەمەیەکی سەیری شیعریی دەکات و خۆی بە پاییز دەشوبهێنێت و پاییزی یەکەم (خودی شاعیرە) و پاییزی دووەم (وەرزی پاییزە). لە سەرەتای شیعرەکەدا شاعیر ئاماژە بە ئامادەبوونەکانی پێشووی وەرزی پاییز دەکات کە ئامادەبوونێکی ئاسایی بووە، بەڵام لەمساڵەوە ئامادەبوونەکەی ئاسایی نییە بۆیە لە سەرەتادا دەنووسێت:
“تا پاریش… پاییز هەر
لەو دیوی دەروازەی حەوشەوە،
لە کۆڵان، قژ و پرچ خۆڵاویی،
لەگەڵ “با” ئەوەستا و هەندێ جار
دوای باران،
لە درزی باریکی تەمەوە،
تەماشای ماڵەکەی دەکردم.”(14)
لێرەدا پاییز هیچ ئەکتێکی مەرگبار نانوێنێت و تەنیا تەماشا دەکات و سنووری دەسەڵاتی دیاریکراوە، بەڵام لە دواتردا و بەپێی گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونەکانی شیعرەکە شاعیر دەنووسێت:
“بەڵام وا لەمساڵدا
هاتۆتە ماڵمەوە و هاتۆتە دڵمەوە و
چی بوێ ئەیکات و کونج کونج،
بە کوچە و شەقامی لەشما، ئەگەڕێ و
وەک باخات پژوپۆم ئەڕنێ و
نایشتوانم چون خەزان
لەگەڵیا هەڵ نەکەم!
ئەوەتا وا پاییز
هاتۆتە چاومەوە و لەگەڵیا
تاڵ بە تاڵ
مووی سەر و تەماشام
ئەوەرن.”(15)
وەک لێرەدا دەیبینین یەکەم ئەکتی پاییز شکاندنی سنووری حەوشەیە و لەوێوە داغڵی ماڵی خۆی و دڵی دەبن. شیعرەکە لەسەرەتاوە تا نیوە بە یەک ڕیتم دێت و لەوێوە فەزایەکی نوێ دەکرێتەوە کە هەست بە پێشکەوتن دەکەین، بەڵام ئەم پێشکەوتنە هێشتا لەسەر ئاوێزانبوونی پاییز و مەرگ نەوەستاوە، بەڵام سێبەرەکەی دەرکەوتووە بۆیە دواتر دەگاتە ئەوەی شاعیر بنووسێت:
“من و ئەو
پاییز و ناو پاییز،
ئێستاکە هەردووکمان
نیشتەجێی ماڵێکین،
هۆدەمان یەک هۆدەی خەزان و
چرپامان یەک چرپای
هەناسە ڕێزان و
شیعرمان یەک شیعری،
کۆچڕەوی ناو زەردەی ئێواران.(16)
لە جۆری دووەمی مامەڵەی لەگەڵ مەرگدا هەست بە جۆرێک دۆناودۆنبوون لەگەڵ مەرگ دەکەین. پاییز لێرەدا نوێنەری مەرگ و تەمەنی شاعیریش هاونشینی مەرگە، ئیدی ئەم ئاوێتەبوونە لەم دەقەدا ڕوو دەدات. بەڵام وەک بەختیار عەلی دەڵێت “گرنگی شێرکۆ لەوەدایە لە ناوەڕاستی هەموو گەردەلوول و کارەساتەکاندا ستایشی ژیان دەکات.”، یان لە جێگەیەکی دیکەدا دەڵێت “شیعری شێرکۆ سیمبولی دەسەڵاتی ڕەهای ژیانە. ئەو بە ژیانی ڕەها، بە ژیانێک کە دەکرێت بە بەری هەموو مردووەکاندا، بە بەری هەموو بێگیانەکاندا، وەڵامی مەرگ دەداتەوە، بەرامبەر بەبێ نرخبوونی مرۆڤ.”(17) بۆیە ئەم شاعیرە ئەگەر شاعیرێکی مەرگنووسیش بێت و وەک شاعیری تراژیدیاکان لێی بڕوانین ئەوا لە قووڵاییدا هەڵگری تایبەتمەندیی شاعیرێکی ژیاندۆستە و ستایشکاری ژیانە، ئەوە هێزی ژیانە پاڵنەری سەرەکییە بۆ نووسینەوەی مەرگەساتەکان، یان ئەوە پەیوەستی لەڕادەبەدەری ژیاندۆستییە کە دێت و مەرگ دەنووسێتەوە.
یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی شێرکۆ بێکەس لە شاعیری مەرگنووس نزیک دەکاتەوە ئامادەیی چەمکی “شەهید”ە لەنێو شیعرەکانیدا. شەهید لای شێرکۆ بێکەس یەکێکە لەو چەمکە ئامادانەی کە بەردەوام ئەم شاعیرە گەڕاوەتەوە بۆ لای، بەڵام ئایا ئەمەش لەپێناو مەرگدۆستیدا بووە. من لێرەدا قسەی دوو لێکۆڵەر دەهێنمەوە کە لەمبارەیەوە وتاریان نووسیوە نووسەر و لێکۆڵەر محەمەد کوردۆ ئەوە دەخاتەڕوو کە “لەوەسێتەکەیدا کە داوا دەکات لە تەنیش مینۆمێنتی پۆلێک شەهیدەوە دەنێژرێت، بەڵام لە کوێ؟ لەناو پارکی ئازادییدا. جگە لەوە شەهید خۆی هەم مردنە هەم ژیان، شەهید دەمرێت بۆ ئەوەی ژیان بەردەوام بێت.”(18) لێرەوە تێدەگەین باسکردن لە شەهیدان و شیعرنووسین بۆیان، نیشانەی مەرگدۆستی نییە، بەڵام بۆ ئەوەیە ژیان بەردەوام بێت.
هاوکات لای مەریوان وریا قانیع-یش “شەهید بوونەوەرێکی مەرگدۆست نییە، مرۆڤێک نییە بەدوای مەرگی خۆیدا وێڵبێت، کەسێک نییە نەیەوێت بژی، یان لە ژیان هەڵبێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە بوونەوەرێکە هەم عاشقە و هەم ئازاد، شەهید لای شێرکۆ بێکەس تێکەڵێکی گەورەیە لە خۆشەویستی و ئازادی، لە سەودایەکی بەرپرسیار و گەڕانێکی بێماندووبوون بەدوای ئازادییدا.”(19) لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەم شاعیرە لەپێناو عەشقی ئازادیدا عەشقی شەهیدیش بووە و بۆیە کاتێک شیعری پێشەکەشی شەهیدان کردووە، یان بۆ کۆچی ئەوانی نووسیوە لەپێناو ستایشکردنی مەرگدا نەبووە، بەڵکو لە عەشقی گەورەی ئەو بووە بۆ ئازادی و ژیاندۆستی.
خاڵێکی گرنگ کە پاش مەرگی گەلێک لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ کرا شوێنی ناشتنی تەرمەکەی بوو. لەوێشدا جۆرێک لە هەڵبژاردنی جیاوازی لەگەڵ کەسان و شاعیرانی دیکەدا پەیڕەو کرد بەو پێیەی وەسیەتی کرد کە دوای مەرگی لەنێو پارکی ئازادیی شاری سلێمانی بنێژرێت. ئەگەر بمانەوێت لێکدانەوە لەم ناوکۆییەی نووسینەکەدا بکەین کە شێرکۆ بێکەس شاعیری ستایشی ژیانە، ئەوا بۆیە دوای مەرگیشی نایەوێت مەملەکەتی مردواندا بێت و دەیەوێت لە پارکێکدا بۆ هەمیشەیی ئاگاداری جوڵەکانی ژیان بێت. ئاراس فەتاح ئەمە دەبەستێتەوە بە چەمکی نەمرییەوە و ئەو دەنووسێت “شێرکۆ بێئەوەی ئاگاداری فەلسەفەی هانا ئارێنت بێت لەسەر “نەمری”، کەچی بە وەسێتنامەکەی خۆی ئەو ڕەهەندە گرنگەی ئارێنتمان نیشان دەدات کە پێیوایە مرۆڤ لە ڕووە بیۆلۆگییەکەیەوە بوونەوەرێکە بەسەر دەچێت. ئەوەی وا لە مرۆڤ دەکات نەمر بێت بریتییە لە یادەوەرییەکان. ئینسانیش کاتێک یادەوەری بەرهەم دەهێنێت، کە دوو شتی هەبێت، یەکەمیان کردەیە و دووەمیشیان وشە. ئەم دوو شتە تەنیا دەتوانن لەناو ڕووبەری گشتیدا نەمری خۆیان بپارێزن.”(20) کەواتە ئەم شاعیرە نایەوێت تەنیا لەنێو وشەدا نەمر بێت، بەڵکو دەیەوێت دوای مەرگیشی لەنێو شوێنێکی پڕژیاندا بێت کە پارکی ئازادییە. ئاراس فەتاح ئەوەش دەخاتەڕوو کە “شێرکۆ لەڕووی فیزیکییەوە ماڵئاوایی لێکردین، بەڵام نایەوێت جارێکی تر بمرێتەوە، وەسێتنامەکەشی خواستێکە بۆ لەدایکبوونەوە و دووبارە ئامادەبوون لەنێو جیهاندا.”(21) ئەم شاعیرە هێزی ژیاندۆسییە وای لێ دەکات پارکێک بکاتە گۆرستانی خۆی، چونکە گۆڕستان مەملەکەتی مردوانە و زیندوان بە ترسەوە سەردانی دەکەن، بەڵام پارکەکان شوێنی ژیانەوە و خۆشەویستی نزیکبوونەوەیە لە دیوە جوان و درەوشاوەکەی ژیان.
سەرچاوە و پەراوێز:
8-د. ئەمەل مەبرووک، فەلسەفەی مردن، و: ئارام ئەمین شوانی، چاپکراوی فێربوون، چاپی یەکەم 2015، ل7
9-هەمان سەرچاوە، ل9
10-هەمان سەرچاوە، ل22
11-هەمان سەرچاوە، ل172
12- شێرکۆ بێکەس، گۆڕستانی چراکان-ڕۆمانەشیعر، ل20
13- هەمان سەرچاوە، ل72
14- شێرکۆ بێکەس، خێراکە مردن خەریکە بگات!-شیعر، ناوەندی غەزەلنووس، چاپی یەکەم 2013، ل206
15-هەمان سەرچاوە، ل214-215
16-هەمان سەرچاوە، ل217
17- بڕوانە لە تریفەی هەڵبەستەوە بۆ پارکی ئازادی، ئامادەکردنی بوشرا کەسنەزانی، چاپخانەی سەردەم 2013، ل68
18-هەمان سەرچاوە، ل 161
19- مەریوان وریا قانیع، دڵڕەقی و بێماڵی، ناوەندی رۆشنبیریی ئەندێشە، چاپی یەکەم 2015، ل142
20- بڕوانە لە تریفەی هەڵبەستەوە بۆ پارکی ئازادی، ل18
21- هەمان سەرچاوە، ل20

