ئه‌ژین فه‌همی
نووسەر، سۆران
…………….::
هونەری نووسین لە بنچینەدا هونەری ڕەنگدانەوەی ژیانە، بەڵام نەک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، بەڵکوو وەک چوارچێوەی نمایشێكی گه‌وره‌ی کۆمەڵایەتی، کە كاره‌كته‌ره‌كان به هەموو جۆره‌كانییه‌وه ڕۆڵ ده‌گێڕن. لە ڕاستیدا ئەم پێوەندییە، گەر لە شانۆدا هه‌بێت، بینه‌ر و ئه‌كته‌ر زیاتر لێك نزیك ده‌كاته‌وه، چونكه هەر دەقێک کۆمەڵێک لایەنی زیندووی تێدایه، كه بە یەکترییەوە بەستراونەتەوە، هاوکات هەڵگری کۆمەڵێک کۆدن، بینەران لە ڕێگه‌ی ئه‌م پێوه‌ندییه‌وه هەوڵی کردنەوەیان دەدات، بە کردنەوەی کۆدەکانیش، بینەران دەبن بە بەشێک لە نمایشەکە.
گەر لەم دەستپێکەوە، بچینە نێو دەقی شانۆییی”گوڵەتووتن”ەوە، ئەوە بێ هیچ گومانێک ئه‌م کۆدانە دەمانبه‌ستێته‌وه بە سەردەمێکی گرنگی مێژووی شاری سلێمانییەوە. ئازاری هەر ژنێک له شانۆنامه‌ی “گوڵەتووتن”دا هه‌ڵقووڵاوی هه‌مان ئه‌و خه‌مه قووڵه‌یه، كه ده‌كرێ به ئه‌ستۆی ژنانی تری كۆمه‌ڵگه‌وه ببینرێت، بێگومان ئه‌م خه‌مه لە قووڵایی دڵی خوێنەردا دەنگ دەداتەوە و بە ئاسانی خۆی تێدا دەبینێتەوە.
کرێکارە ژنەکان نەک تەنیا هاوبەشی هەمان شوێنی جوگرافی و هەمان زەمەنی مێژوویین، بەڵکوو هاوبەشی هەمان ئازار و هەمان نیگەرانین، هەروەها هەمان ترس، کە زۆرجار کارەساتی لێ دەکەوێتەوە. قسەکردنیان لە ڕووی زمان و شێوازەوە جیاوازە، بەڵام لەهجەیان یەکه و یەکسانە، ئەو لەهجەیەی لە هەناسەی نەداری و نیگەرانی ڕۆژانەدا شێوەی گرتووە.
لەم شانۆنامەیەدا، نووسەری دەقەکە “فرمێسک مستەفا” بە جوانی و شارەزاییەکی تایبەتەوە تەکنیکێكی به‌رزی به كار هێناوه. ئەم تەکنیکە شیكاری ئه‌وه‌یه زۆرترین مانا له كه‌مترین دیا‌لۆگدا ببه‌خشێت. لەوانەیە ئەمەش بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی “فرمێسک مستەفا” شانۆکارێکی بە توانایە و دەزانێت چۆن تەکنیکی شانۆ بەکار دەهێنێت.
من وه‌ك خوێنه‌رێكی به‌رده‌وامی ده‌قی شانۆیی، دوای زیاتر له جارێك خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قه شانۆییه، ئەم سەرنجانەم لا گەڵاڵە بوون. لام وایه ده‌قی شانۆیی چەنده‌یش ساده بێت به یه‌کجار خوێندنه‌وه نا‌توانیت بگه‌یته چه‌قی تێگه‌یشتن لە کارەکە.
هەر دیالۆگێک لەم شانۆنامەیەدا و هەر دیمەنێک، چەندین واتا لەخۆ دەگرێت، كه ده‌نگی ژن و كۆمه‌ڵگه و ته‌نانه‌ت گوزارشت لە مێژوو و کات دەکات، ئەو کاتە مێژووییەی، کە مانەوە و کارکردنی ئەو ژنانە، خەباتێکی گرنگە بۆ ئەو ڕۆژگارە.
کارگەی جگەرە لە سلێمانی لەم شانۆنامەیەدا تەنیا شوێنێکی ئاسایی کارکردن نییە، بەڵکوو سێمبولێکی گرنگه، کە چەندین واتای نهێنی و شاراوە لەخۆ دەگرێت. له‌م كارگه‌یه‌دا ئازارەکانی ژنان به درێژایی چه‌ندین ساڵ ڕەنگ دەدەنەوە.
سلێمانی لە مێژووی کوردستاندا هەمیشە وەک سەنتەری ڕۆشنبیری و جووڵەی فکری ناسراوە، شاری زانکۆ، کتێبخانە و کۆڕی فەرهەنگی بووە. نووسەر بە شارەزایی و بە جوانییەکی تایبەتەوە لە ڕێگای دیالۆگی سروشتی و بێدەستکاری لەسەر شتەکان ڕادەوەستێت و خوێنەر بە ئاستی پێویست ئاشنا دەکات بە کۆمەڵگە و مێژووی ئەم شارە، بەڵام لەم شانۆنامەیەدا، كارگه‌ی جگه‌ره، وەک شوێنی تەنگژەی ئابووری نیشان دراوە، شوێنێک كه ژنانی كرێكار بێ جیاوازی، هاوشانی پیاوان بە هەمان هۆشیاری و ئومێدەوە، له‌م كارگه‌یه كار ده‌كه‌ن. ئه‌وان لە هەمان کاتدا به‌ته‌نگ خەونی داهاتووی منداڵەکانیانه‌وه‌ن. ئه‌م جیاوازنه‌بوونه تراژیدیایەکی دڵتەزێن دروست دەکات.
زۆرجار جگەرە سێمبولی مەرگی هێواش و خۆکوژییە، جگه‌ره ڕێگەیەکه بۆ دەرچوون لە فشاری ژیان و ئارامکردنەوەی دەروونه، كات تێپه‌ڕاندن و به‌رده‌وامیشه.
لە “گوڵەتووتن”دا تەکنیکی فلاشباک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و دوور لە کڵێشە بەکارهاتووە، فلاشباک لێرەدا تەنیا ئامرازێکی تەکنیکی نییه، بەڵکوو کات خۆی وەک کارەکتەرێکی کارا لە شانۆنامەکەدا ئامادەیە، ئەمە جگە لەوەی وەک دۆکیومێنتارێک دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو کاتە و بۆ ناو کارگەی جگەرەکە. ئەم شانۆنامەیە باسی خەباتی ژنانیش دەکات لە پێناوی نیشتماندا، کە هیچی کەمتر نەبووە، لەو خەباتەی پیاوی کورد کردویەتی. هەرچەند دەقەکە باس لە قۆناخێکی مێژوویی شاری سلێمانی دەکات، بەڵام سنووردار نییە و دەکرێ بۆ ئەمڕۆمان زۆر گونجاو بێت، بۆ نموونە، خەباتی ژن بۆ بژێوی ژیان، وەک کرێکارێک، وێنای ژنی گەنجی سەربەخۆ و ئازا، پەیوەندی خۆشەویستی و ژیانی ژن و پیاو… هتد.
له دیمه‌نی یه‌كه‌می ده‌قه‌كه‌دا مینا و خانم، بەم شێوەیە ده‌كه‌ونه گفتوگۆوه:
مینا
داده خانم تۆ له هه‌موو حاڵه‌تێكدا ته‌مه‌نی خانه‌نشینیت نزیك بۆته‌وه، بۆ له ئێسته‌وه خۆت خانه‌نشین ناكه‌یت؟ بۆ خۆیشت پشوویه‌ك به‌یت؟
خانم
هیچ كاتێك ئاواتم ئه‌وه نه‌بووه خانه‌نشینی من له‌گه‌ل داخستنی ئه‌م كارگه‌یه‌دا بێت.
له ڕاستیدا ئه‌م په‌یڤانه، دوو هێڵی سه‌ره‌كی له‌م گفتوگۆیه‌دا نیشان ده‌ده‌ن، هێڵێك بۆچوونی مینا-مان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه: مینا، پێشنیازی پشوودان بۆ خانم ده‌كات، پێی وایە خانم پێویستە له ئێستادا خانه‌نشین بێت، چونکە تەمەنی خانه‌نشینی نزیک بووەتەوە. هێڵی دووه‌م له وه‌ڵامی خانمدا نیشانمان ده‌دات: خانم بەتەواوی دژی ئەم بۆچوونەیە. ئەو ڕاشکاوانە دەڵێت، کە هەرگیز نەیویستووە خانه‌نشینی ئەو لەگەڵ داخستنی کارگەکەیدا بێت و هه‌میشه ویستوویه‌تی ئه‌ركی خۆی جێ به‌جێ بكات.
ئەم دوو هێڵە پێکەوە ناکۆکییه‌ك درووست ده‌كه‌ن؛ خانم، خواستی له ئارامییه له‌و كارگه‌یه‌دا، له ئه‌و وایه هه‌ر ده‌بێت كار بكات و گوێ به خانه‌نشینی نەدات، ته‌نیا خۆبەخشین نییە، بەڵکوو ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییەیشە، کە ژنان لەناویدا کۆڵناده‌ن.
کەسایەتی مینا وەک نموونەیەکی تەواو لە ژنی ڕۆشنبیر دەردەکەوێت، ژنێک بە توانای بیرکردنەوەی سەربەخۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئازادانە لەگەڵ پرسگەلە کۆمەڵایەتییەکان جیای دەکاتەوە، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە: تەنانەت ئەویش لە دەوروبەری کۆمەڵایەتی به هۆی ده‌ربڕینی په‌یڤه‌جیاوازه‌كانی و بیركردنه‌وه سه‌ربه‌خۆكانی، له دووری هاوپیشه‌كانی ده‌مێنێته‌وه. ئەو هەوڵێکی ڕاستگۆیانە دەدات، کە ڕاستی ناخی ژیانی ڕۆژانەی ژنان ئاشکرا بکات، ئەو فشارە دەروونی و کۆمەڵایەتییانەی لەسەریان دەکرێت و ئەو تووڕەیی و ناڕەحەتییانەی، کە لە کاتی قۆناغە سروشتییەکانی جەستەیاندا تێیاندا هەڵدەقوڵێت. ئەو بە ئازایی لەبارەی ئەو کێشانە قسە دەکات، کە ژنان لە کاتی سووڕی مانگانەدا هەڵیاندەگرن، کاتێک ناچارن بەرگە بگرن و بە نهێنی ئەو دۆخە سروشتییە تێپه‌ڕێنن، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەو جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکاتەوە، کە تەنانەت لەو ساتانەیشدا، چاوەڕوانی لە ژنان دەکرێت هەم ئارام و دڵنیا بن و هەمیش بەردەوامبن لە بەرهەمهێنان و کارکردن‌دا. بەم شێوەیە خوێنەر دەتوانێت هەم نزیک ببێتەوە لە ژیانی ئاسایی ئەم ژنانە و هەمیش ڕاستەوخۆ هەست بە ئازار وئومێد و دڵەڕاوکێیەکانیان بکات.
ئەوەی دەبێ، بەر لە کۆتایی ئەم ڕانانە کورتە ئاماژەی بۆ بکەم، ئەوەیە، کە ئەم شانۆنامەیە هەر ژنێک دەتوانێ بینووسێ، لەو بڕوایەدا نیم هیچ نووسەرێکی پیاو بتوانێ بەم شێوە وردە، ساکارە، هاوکاتە قووڵە باس لە دەروونی ژن بکات.
له كۆتاییدا، فرمێسک مستەفا، لە دیدێکی ئایندەییەوە کۆتایی بەم دەقە جوانە دەهێنێت؛ ئەوەی لەو ڕووەوەی چاره‌نووسی ژنه‌كان ئەوەیە له كارگه‌كه‌دا نەمێنن و كارگه‌كه ده‌كه‌وێته ده‌ست نه‌وه‌ی نوێ، ئه‌وان وه‌ك تارمایی دێنه سه‌ر شانۆ و چیرۆكه‌كه‌مان بۆ ده‌گێڕنه‌وه و وەک سمبولێکی بەهێز دەیداتە دەست نەوەی نوێ.
سه‌رچاوه:
شانۆیی گوڵه‌تووتن، نووسینی، فرمێسك مسته‌فا، وەشانخانەی ٤٩کتێب، ٢٠٢٥، سوید

