فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شانۆی کوردی و شانۆی هاوردە

دانا ڕەئووف

………….


بوون و نەبوونی شانۆی کوردی گفتوگۆی زۆر لەسەر کراوە و لەسەر دەکرێ. هەر لەم ڕووەوە
لێرەو لەوێ، هەندێ کەس باسی شانۆی هاوردەو شانۆی کوردیده‌که‌ن، زاراوەکان تێکەڵاو دەکەن، بێ هیچ بنەمایەکی زانستی هەندێک نمایش بە شانۆی هاوردەلە قەڵەم دەدەن و هەندێک بە داهێنەری شانۆی کوردی! بێ ئەوەی لەم دوو زاراوەیە ورد بووبنەوە و تێگەیشتنیان بۆی هەبێت.

“شانۆی هاوردە چییە؟”

مەسەلەکە زۆر ئاسانە: بە بۆچوونی من، شانۆ هەر شانۆیە، ئەوەی ئێمە لە هەر فۆرم و شێوازێکدا نمایشی دەکەین، بەو بۆچوونە بێ، کە ئاماژەی بۆ دەکەن، هەر هاوردەیە؛ چونکە زۆر بە ساکاری ئێمە داهێنەری هونەری شانۆ، وەک هونەرێکی سەربەخۆ نەبووین و نین، بە پێچەوانەوە ئەم هونەرە لای ئێمە زۆر تازەیە و سەرەتاکانی دەگەڕێتەوە بۆ بیستەکانی سەدەی ڕابردوو.

ئەی شانۆی کوردی، لەم کۆنتێکستەدا چۆن پێناسە بکەین و چییە و دەبێ چۆن بێت؟

شانۆی کوردی بۆ ئەوەی شانۆیەکی کوردی بێت، دەبێت پێش هەموو شتێک بە “زمانی کوردینمایش بکرێت، هەرچۆن شانۆی سویدی بە سویدی و شانۆی ئینگلیزی بە ئینگلیزی و شانۆی فارسی بە فارسی و شانۆی عەرەبی بە عەرەبی… هتد نمایش دەکرێن. زمانیش، وەک مەرجێکی سەرەکی هەر بۆ ڕەوتە شانۆییەکە گرینگ نییە، بەڵکوو ئامڕازێکی گەلێک گرینگی گەیاندن و پەیوەندیکردنە بە بینەرانەوە؛ شانۆ بێ بینەر ناژی و بۆ ئەوەی بژی دەبێت بە شێوەیەکی سەرەکی بە زمانی بینەرەکانی بێت، بێگومان فۆرمێکی تریش لە شانۆ هەیە، کە زمانی جەستە و تەکنیکێکی فیزیکی فۆرم و شێوازی کارەکەیە. ئەمەیان شتێکی ترە و لێرەدا نامانەوێ بچینە سەری، بۆ ئەوەی لە باسە سەرەکییەکە لانەدەین.

زۆر بیر و ڕای جیاواز هەن، کە هەر یەک بە ئاوازێک دەخوێنێ، بەڵام بۆ من بەم شێوەیەیە: کە دەڵێین شانۆی کوردی، مەبەست ئەوە نییە ئەم شانۆیە تەنیا دەقی خۆماڵی پێشکەش بکات، بێگومان دەقی خۆماڵی بنەمایەکی گەلێگ گرینگ و پێویستە بۆ شانۆی کوردی و من بە هەموو شێوەیەک پشتگیری دەکەم. زۆر لە شانۆ گەینگەکانی دنیاش، شانۆنامەنووسی تایبەت بە خۆیان هەبووە و ئەم شانۆنامەنووسانە نەک هەر ڕەوتی شانۆکەیانی پێکهێناوە، بەڵکوو بۆتە هۆی دروست بوونی شانۆکەیان؛ شانۆی “هونەری مۆسکۆ” نموونەیەکی زیندووە، گەر شانۆنامەنووسێکی بەسەلیقە و بەتوانای وەک چێخەف نەبووایە، هەرگیز “ستانیسلاڤسکی” نەدەگەیشتە ئەو ئاستە و شانۆکەیش تەمەنی هێندە درێژ نەدەبوو.

مەسەلەکە ڕوویەکی تریشی هەیە، کە بۆ من و لەم ڕووەوە زۆر گرینگە، بۆ نموونە شانۆی ئەمەریکی تەنیا شانۆنامەنووسە ئەمەریکییەکان، یۆژین ئۆنێل و تینسی ولیامز و ئارسەر میللەر نییە، بەڵکوو شانۆی ئەمەریکی چێخەف و ئیبسن و ستریندبێرگ و شەکسپیر… نمایش دەکەن، کە ئەمەریکی نین. شانۆی ڕووسی، تەنیا چێخەف و مەکسیم گۆرگی و شانۆنامەنووسە ڕووسەکۆن و نوێیەکانی خۆیان نییە، بەڵکوو شانۆنامەی هەموو نووسەرانی تری دنیا، لەژێر چەتری شانۆی ڕووسیدا کۆدەکەنەوە و  بە ناوی شانۆی ڕووسییەوە پێشکەشی دەکەن، بە هەمان شێوە، شانۆی سویدی تەنیا ستریندبێرگ نییە، هەر باسی پادشاکانی سوید و مێژووی سوید و کۆمەڵگەی سویدی ناکات، بۆ نموونە چەندە ستریندبێرگ و لاش نۆرێن نمایش دەکەن و بۆ شانۆکەیان گرینگە، هێندەیش شەکسپیر، برێشت، ئیبسن، هارۆڵد پینتەر، چێخەف، میللەر، گۆرگی… هتد نمایش دەکەن و بە هەمووی دەوترێت شانۆی سویدی، لەبەر ئەوەی بە زمانی سویدی نمایش دەکرێن.

شانۆ چەندە هونەرێکە بەر لە دووهەزار ساڵ لە ڕۆژئاوا، بەتایبەت لە یۆنان دروست بووە، چەندە ئەو فۆرمە دێرینەی خۆی تا ئێستا پاراستووە و وەک خۆی ماوەتەوە، هاوکات زۆربەی شانۆنامەنووسەکانیش هەر لە ئەوروپاوە هاتوون، هێندەیش هونەرێکی جیهانییە و دیاردەیەکی شارستانییە و هونەرێکە وابەستەی خەون و ئازارەکانی هەموو مرۆڤێکە لە هەر سووچێکی دنیادا بێت. هەموو کەسێک و میللەتێکیش ئەو فۆرمە شانۆییە، بۆ مەبەستەکانی خۆیان، جا ئەو مەبەستانە هونەری، سیاسیی، کۆمەڵایەتی یان تەنیا مەسەلەیەکی چیژ و کات بەسەربردن بێت، بەکاردەهێنێت و سوودی لێ وەردەگرێت. ئەو تەکنیکەی ئەمڕۆ، ئێمەیش لە شانۆکانماندا بەکاری دەهێنین، لە ڕووی “دەرهێنان و نواندن و پێکهێنەرەکانی تریشەوە” جا بۆ دەقێکی کوردی و خۆماڵی بێت، یان دەقێکی شانۆی جیهانی، جیاوازی نییە؛ هاوردەیە و ئێمەیش وەک هەموو شانۆکارانی دنیا ئەو هونەرە هاوردەیە بەکاری دەهێنین و سوودی لێ وەردەگرین. هەر لەم ڕووەوە دەتوانین باس لە ئەڵتەرناتیڤەکانی خوێندنەوە بکەین، کە هەموو سنوورەکان دەسڕێتەوە و شتێک نامێنێ بەناوی شانۆی کوردی و شانۆی هاوردەوە. بۆ نموونە، شانۆنامەنووسێک، شانۆنامەکەی دەنووسێت، بەڵام لە کاتی نمایشدا دەرهێنەر و ئەکتەرەکان، هەر وەک ئەوە وایە، کە شانۆنامەیەکی تریان پێشەکەش کردبێت، ڕەخنەگرەکانیش لەسەر شتێکی تر دەنووسن. ئه‌م قسەیە ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، کە دەقی هەموو شانۆنامەیەک چەندین ئاستی جیاواز لەخۆ دەگرێت و دەکرێ لە چەندین دیدی جیاوازەوە ڕاڤە بکرێت و بخوێندرێتەوە. دیالۆگەکان لەسەر ڕووپەڕی کتێبەکان نووسراون، جا ئەو شانۆنامەنووسە بە هەر زمانێک نووسیبێتی، بەڵام وشەکان لەسەر شانۆ و لە کاتی بەرجەستەکردندا، لە بارودۆخێکی تر و ژینگەیەکی تردا دەگوترێن و لە زۆر ڕووەوە کەسایەتییەکان، کارەکتەر و ڕووداوەکانیش بە شێوەیەکی کردەیی لە پرۆسەی کارەکەدا ڕوون دەکاتەوە.

خودی لایەنە کردەییەکە، مەبەست هونەرەکەیە، وەک ئاماژەم بۆ کردووە، داهێنانی ئێمە نییە، بەڵام بۆتە ئامڕازێک، نەک هەر بۆ ئێمە، بەڵکوو بۆ هەموو دنیا، تا بۆ خەم و خولیاکانی خۆمان بەکاری بهێنین. ئەوە گەوهەری مەسەلەکەیە!