فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کارەساتەکانی میدیا

شەماڵ محەمەد
نووسەر، ھەولێر
………………
بۆ ئەوەی ئاستی هۆشیاریی هەر نەتەوەیەک بزانی، تەنها سەرنجێکی میدیاکانی بدە. سەرنجێکی ئەو مانشێتانەی خوارەوە بدە و ئاستی هۆشیاریی نەتەوەکەت بزانە.
قازێک لە بەلجیکا لە جێگای پەڕینەوەی پیادە لە شەقام دەپەڕێتەوە و هەمو ئۆتۆمبێلەکان بۆی دەوەستن، لە ئیسپانیا پشیلەیەک چەند جوجەڵەیەک بەخێودەکات،  لە شاری وان  بەفردەبارێ،   بارانبارین بەردەوام دەبێ، سودەکانی تەماتە بزانە،  ئایا دەزانی زیانەکانی پاقلە چین ؟ شاعیرێک کتێبەکەی بڵاوکردەوە، کچە مۆدێلێک دەسگیرکرا، زانایان خەریکن ژیان لەسەر مەریخ دەدۆزنەوە،  لە ڕوداوێکی هاتوچۆ ٩ کەس بونە قوربانی، منداڵێک بەهۆی هەڵەی پزیشکەوە مرد، خێزانێک بە غازی سۆبە مردن، لە بەغدا خێزانێک بە سەربڕاوی دۆزرانەوە …. هتد.
ئەوەی سەرەوە نمونەیەکە لەو هەواڵە سەیرانەی لە میدیای کوردی ڕۆژانە بەرچاو دەکەون ، بێگومان بابەتی زۆر ناشرینتر و سەیرتریش هەن بەڵام ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی تەواوی ڕۆژەکەت بە بێتاقەتی بەسەرببەیت، بەبێ ئەوەی هیچ شتێکی خراپیشت لێ بەسەر هاتبێت !
زانایان دەڵێن ئەگەر دوای لەخەو هەستان بە ڕوویەکی گەش و بە ئومێدەوە ڕۆژەکەت دەست پێبکەیت ئەوا ئەو ڕۆژە کارەکانت بەچاکی دەڕۆن و دەروونیشت ئارام دەبێت ، بێگومان ئەوەیش کاریگەریی باشی هەیە لەسەر تەندروستی و لە چەندین نەخۆشی دوورت دەخاتەوە، پێچەوانەکەیشی ڕاستە.
جا با پرسیارێک لەخۆمان بکەین، کێ هەیە ئەو هەواڵانەی سەرەوە ببینێ و بتوانێ ڕۆژەکەی بە شادی و بە ئومێدەوە دەست پێبکات؟
ئاخر تۆ هەر بەیانی زوو بە هەواڵی مەرگ و کوشتن و شتی بێمانا لەماڵ بێیتەدەر چۆن دەروونت ئارام دەبێت و چۆن لەسەر سادەترین شت تووشی شەڕ نابیت ؟
کۆمەڵە زانایەک ٢ سەگیان هێنا و یەک لە دوای یەک ڕەوانەی ژوورێکیان کردن،  تێبینییان کرد سەگی یەکەم بە دڵخۆشی چووە ژوورێ و بە دڵخۆشیش هاتەدەرێ، بەڵام سەگی دووەم هەر سەرەتا، بەر لە چونەژوورەوە تووڕە بوو ، کە هاتە دەرەوەیش تووڕەتر بوو، ئامادەبووان سەریان سوڕما، کاتێک چوونە ژوورەکەیان بینی ژوورەکە هیچی تێدانییە، بەڵام هەموو دیوارەکان بە ئاوێنە داپۆشراون، سەگی یەکەم زەردەخەنە و دڵخۆشیی خۆی بینی و دڵخۆشتر بوو، سەگی دوەمیش سەگێکی تووڕەی بینی و تووڕەتر بوو.
گرنگە بزانین کە ئێمە وزەمان تێدایە و بڵاوی دەکەینەوە، زەردەخەنە وزەی ئەرێنی و ڕووگرژیش وزەی نەرێنی بڵاودەکاتەوە، کاتێک میدیاکانیش بەو شێوەیە بن کە باسمان کردن بێگومان وزەی ئەرێنی هەرگیز دەست ناکەوێت و سەرەنجام زۆرینەی خەڵک تووڕە دەبن و ڕۆژانەیش ئەنجامەکەی دەبینین کە سەدان شەڕ و ئاژاوە بەرپادەبن لەسەر سادەترین شت.
ئەوەی میدیاکان دەیکەن بێ هۆکار نییە ، یا ئەوەتا ئاڕاستەکراون بەو جۆرە کاربکەن، یا بەڕێوەبەر و ستافێکی نەزان میدیاکان بەڕێوە دەبەن. بێگومان هەردوو هۆکار هەن لە زۆربەی میدیاکان بەڵام بەڕێژەی جیاواز.
ئەوەی میدیاکان دەیکەن ئەوانەی خوارەوەن بە کورتی:
١- ورووژاندنی سۆز و کارکردن لەسەر بەنجکردنی خەڵک: زۆربەی میدیاکان کار لەسەر ئەو خاڵە دەکەن بۆ ٢ هۆکار، یەکەم بۆ پەیداکردنی بازاڕی باشتر و بەهێزکردنی میدیاکە و ناوبانگی خۆیان، دووەمیش بۆ خەریک کردنی خەڵک و بەلاڕێدابردنیان لەخزمەت ئەجندایەکی تایبەت، کە ئەوەیان زیاتر تایبەتە بە میدیای حیزبە سیاسییەکان.
 (جۆزێف گۆبڵز)، وەزیری پڕوپاگەندەی نازییەکان دەڵێ ” میدیایەکی بێویژدانم بدێ، مێگەلێکی گوێڕایەڵت پێشکەش دەکەم “
میدیاکان باش دەزانن زۆرێک لە خەڵکی تاقەتی بیرکردنەوەی لۆجیکیی نییە و بە سۆز بڕیاردەدات، باشترین نێچیریش ئەوەیە بە سۆز بڕیار بدات لەجێی لۆجیک، چونکە بە ئاسانی دەکەوێتە داوەکەوە، ئەوەتا قسەکەی گۆبڵز وەک خۆی جێبەجێکراو میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک مێگەلیان لێهاتووە.
٢- پیشاندانی دیمەنی جوان و شاردنەوەی کەموکوڕییەکان: ئەوەیشیان زیاتر میدیا سیاسییەکان دەیکەن بۆ نمونە لە هەولێر ئیمپایەر و شاری خەونەکان پیشانی خەڵک دەدەن لەکاتێکدا ٩٥٪ ی خەڵکی هەولێر ناتوانن ٥٠ مەتر زەوی لە شاری خەونەکان بکڕن و موچەی زۆرینەی خەڵک بەشی یەک نانخواردنی خێزانی ناکات لەو ناوچانەی میدیا چەواشەکارەکان پیشانی دەدەن. ئەوەیشمان لەبیرنەچێ بەشێکی گەورەی شارەکە دێیەکی وێرانە !
٣- هێنانە پێشەوەی مرۆی بەتاڵ و بێ ئەرزش: میدیاکان زۆر گرنگی دەدەن بە ڕووخسار و ناوەرۆک هیچ گرنگیی نییە لەلایان چونکە هەم خۆیان بەتاڵن و قووڵ بیرناکەنەوە، هەم خەڵکیش ئەقڵی لە چاوەکانیدایە و حەزی لە شتی سەرنج ڕاکێشە. بۆیە پێشکەشکاری سەرنجڕاکێش یا دەنگخۆش یا گاڵتەجاڕ باشترین بازاڕی هەیە لەو گۆماوە لێخنە.
٤- خۆ هەڵواسین بە کولتووری بێگانە و خۆ بچوککردنەوە: زۆریک لە میدیاکان چونکە گرێی خۆبەکەمزانینیان هەیە، حەزدەکەن بە خەڵکی تر بچن ، بۆ نمونە ناوی بەرنامەکان بەزۆری ئینگلیزییە و ئەگەر کوردیش بێ بە لاتینی دەینوسن، جلوبەرگی میدیاکاران هەمووی هی بێگانەن و بە دەگمەن جلی کوردی لە میدیاکان بەدی دەکرێت کە ئەوە بەڕاستی کارەساتە، چونکە میللەتێک خاوەنی کولتوور بێت و بیشارێتەوە و کولتووری بێگانەی لا باشتر بێ ئەو میللەتە شایەنی هیچ شتێکی جوان نییە.
٥- تێکدانی ڕێنوس و زمان : یەکێک لە کارەساتە زۆر گەورەکانی میدیا بەکارهێنانی وشەی بێگانە و نامۆیە بە زمانی دایک ، کە ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ نەشارەزایی پێشکەشکارەکان و هەواڵسازەکان، چونکە دیارە پێوەری باشی لای ئەوان تەنها سەرنجڕاکێشی و حیزبی بوونە، نەک لێوەشاوەیی و ژیری. بۆ نمونە وشەکانی (لە ئێستادا، بوونی هەیە، بوونی نییە، …هتد ) هەمووی هەڵەن و ڕۆژانەیش دەیان بیستین ، باسی خاڵبەندیش هەر ناکەم کە چەند وێرانە ..!
٦- ماکیاژکردن بۆ ناشرینیەکان: میدیای حیزبەکان بە پلەی یەکەم بۆ ماکیاژکردن و جوانکردنی ناشرینییەکان و بەنجکردنی خەڵکی دانراون ، بۆیە لات سەیر نەبێ کورد خاوەنی سەدان دەزگای میدیاییە و تەنها ٣ شاری هەیە و دەوڵەتیش نییە، ئەو ژمارە زۆرەی میدیا هی وڵاتە نەک هەرێم، وڵاتێکی دەیان ملیۆنیش نەک ٦ ملیۆن !
٧- گرنگیدان بە شتی بچوک و شاردنەوەی شتی گرنگ: زۆرێک لە میدیاکان گرنگی بە بابەتی لاوەکی و بێمانا دەدەن چونکە