لە فیلمەوە بۆ شانۆ
دانا ڕەئووف
………….
کە مڕۆڤ دەکەوێتە ڕەوشێکی ترسناک و ئاڵۆز و چارەنووسازەوە، ڕووبەرووی “من”ی ڕاستەقینەی خۆی و ئهوانی تریش دەبێتەوە. من کێم و ئەوانی تر کێن؟ کێ بڕیار دەدات، کێ دەمێنێتەوە و کێ ڕادەکات، کێ هاوکار دەبێ و کێ خیانەت دەکات؟ لە هەندێک ڕەوش و بارودۆخدا، مڕۆڤ دەبێت بهرگری لە خودی خۆی بکات، بە هێزەوە ڕووبەرووی هەڕەشەکان ببێتەوە، بەڵام لەبری ئەوە لە ترسی خۆی هیچی پێناکرێ و تەنیا دەبێتە تەماشاکەر، یان خۆی دەشارێتەوە.
کە “ئینگمار بێرگمان” ١٩١٨ – ٢٠٠٧ لە ساڵی ١٩٦٨ دا فیلمی “شەرمەزاری”ی دروست کرد، وەک پەرچەکردارێک وابوو، بەو ڕەوتە کولتوورییە چەپەی سوید، کە بەپێداگرییەوە بێرگمان-یان بەوە تاوانبار دەکردو ڕەخنەیان لێ دەگرت، کە هەمیشە لە فیلمەکانیدا خەریکی بێدەنگی خودا و خۆی و تاووتوێکردنی خێزانە بورژوازییەکانی سوید و پەیوەندییەکانی ژن و پیاو و خیانەت و هاوسەرگیرییە و پشتی کردۆتە هەموو ئەو کێشانەی مڕۆڤایەتی، لە شەڕ و برسێتی و کارەساتەکانی تر، بەرۆکی گرتوون و هیچ هەڵوێستێکی، نەک سیاسیی، بەڵکوو مڕۆیشی نییە.
فیلمەکە باسی ژن و مێردێک “یان و ئێڤا” دەکات، کە هەردووکیان هونەرمەندن و لە بواری مۆسیقادا کار دەکەن. ئەم ژن و پیاوە دەچنە دوورگەیەکی دوورە دەست تا لەو شەڕە چاوەڕوانکراوە خۆیان بپارێزن و هاوکات خەریکی هونەر و عەشقەکەی خۆیان بن، بەڵام واقیعیەتی جەنگ دەیانگاتێ و هیچ کەسێک لە ئاگری جەنگ ڕزگاری نابێت. لەپڕ جەنگەکە بەسەر سەری ئەوانیشەوەیە و ڕزگار بوون نییە. لەم هەل و مەرجە تازەیەی شەڕەکە خوڵقاندوویەتی، پیاوەکە دەبێت بە کەسێکی تر، کە زیاتر لهدەعبایەک دەچێت، نەک مڕۆڤ و هەروەها هونەرمەند. خیانەت لە هاوڕێ و دراوسێکەیان دەکات، پشت دەکاتە ژنەکەی، سەربازێکی هەڵاتووی جەنگ دەکوژێت، تەنیا بۆ ئەوەی خۆی لە بەلەمێکی بچووکی ماسیگرەکاندا جێگای ببێتەوە، بۆ ئەوەی ڕابکات و دەربازی بێت. بێرگمان لە فیلمەکەیدا هەوڵی داوە، باسی ئەوەمان بۆ بکات، یان لەو “ئەگەرانە” بکۆڵێتەوە، کە جەنگ چی لە مڕۆڤی ئاسایی دەکات، ئەو گۆڕانکارییانەیش چۆن و بە چ شێوەیەک ڕوودەدەن.
“شەرمەزاری” لەم دەق/نمایشەدا چەندین مانا لەخۆ دەگرێت، بۆ نموونە، بۆ ئهو هونهرمهندانه شهرمهزارییه کهسانی تر لهپێناوی ئهواندا شهڕ بکهن و ئهوان شهڕ نهکهن؟ له کاتێکدا مافی ئهوهشیان ههیه له ژیانێکی ئارام و ئاسوودهدا، بێ کێشە بژین و بهردهوام بن. دیوێکی تری شهرمهزارییهکه پێوهندیی نێوان هونهرمهندهکان، خۆیانه، وهکوو ژن و پیاو سهبارهت به مامهڵهکردن لهگهڵ یهکتر. بە شێوەیەکی گشتی و لەسەر ئاستێکی فراوانیش، ئەم شەرمەزارییە هەموومان دەگرێتەوە، بەتایبەتی لەو ڕووەوە، کە چۆن سەیری ئەو هەموو مڕۆڤە دەکەین لە جیهاندا، کە لەنێو شەڕ و ئاژاوە و برسێتی و کارەسات و کاولکاریدا دەژین؛ کە بە ئاشکرا دەڵێن، ئەمانهکێشەی ئێمە نین و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و کێشەی کەسانی تر و وڵاتانی ترە، کە لە ئێمە نین و لە ئێمە ناچن و زۆر دوورن لێمانەوە.
“ماتیاس ئەندەرسۆن”، کە بەڕێوبەری هونەری شانۆی پادشایەتییە و یەکێکە لەو دەرهێنەرە سویدییانەی، کە ڕۆڵێکی لەبەرچاوی لە شانۆی سویدیدا هەیە، ئەم فیلمەی لە ئامادەکردنێکی هۆشیارانەدا کردووە بە نمایشێکی شانۆیی. ئەوەی ئەم دەرهێنەرە کاری لەسەر کردووە، بە تایبەتی لە دەروازەکانی فیلمەکەی بێرگمان-ەوە، ئەوەیە: “جەنگ یەکێکە لە قەیران و تەنگەژە مێژووییەکەی مڕۆڤایەتی، هاوکات بنەمایەکی موڕاڵی ئابووری، کە لەسەر هەموو ئاستەکان کاریگەری نێگەتیڤی بەسەر مڕۆڤەوە هەیە.” لە فیلمەکەی بێرگمان-دا، ئەم ژن و مێردە هونەرمەندی فیلهارمۆنیکان، بەڵام لە نمایشەکەدا دوو هونەرمەندی مامناوەندی مۆسیقای “پوپ”ی شکستخواردوون.
لەم نمایشەدا، هەر وەک فیلمەکە، ئەم ژن و پیاوە پێکەوە دەژین، بێ ئەوەی بتوانن پێکەوە بدوێن؛ نە دەتوانن گرفتەکانییان لەنێو ماڵەکەیاندا چارەسەر بکەن، نە لەنێو کۆمەڵگەیشدا، وەک دوو هونەرمەند هیچ کاریگەرییەکیان هەیە. لە وڵاتەکەدا بۆ چەند ساڵێکە جەنگێک بەرپابووە، ئەمانیش لە ژوورەوە تەنیا گوێیان لە دەنگە بێزارکەرەکەی ئاگادارکردنەوەیە بۆ خۆشاردنەوە، هەروەها بۆ ڕووداوە چاوەڕواننەکراوەکانی جەنگەکەیش، بەڵام ئەوان هیچ بەلایانەوە گرینگ نییە، بۆ ئهوان گرنگ ئهوهیه شەڕەکە لە خۆیان دوور بێت. ئەم دوو کارەکتەرە هونەرمەندە، کە تەنیا پەیوەندییەکانی خۆیان و هونەرەکەیان لامەبەستە، ئەمەیش بە شێوەیەک لە شێوەکان هەر کەسی “بێرگمان” خۆی دەگرێتەوە، کە لە ژیانی ڕوژانەی خۆیدا، جگە لە پێوهندییهکانی بە دنیای ژن و هونەرەکەیەوە، هیچ شتێکی تر بەلایەوە گرینگ نەبووە. سیاسەت و ئەوەی لە دنیادا دەگوزەرێ، لە جەنگ و برسێتی و سەرکوتکردنی گەلان و دیکتاتۆریەت، ئەوە کاری ئەو نەبووە و بۆ ئەو بەهایەکی ئەوتۆی نەبووە. ژنەکە دەیەوێت باسی “منداڵ’ بکات، پیاوەکەیش ئەو گرینگییە بەو باسە نادات، لە هەواڵەکانی جەنگەکەیش خۆی دەدزێتەوە، بەهانەی ئەم پیاوەیش بۆ گرینگینەدان بەو جەنگە، کە ڕووبەرووی هێزە چەکدارەکان دەبنەوە، ئەوەیە، کە ئەوان تەنیا مۆسیقاژەنێکن. لە هەمان کاتدا کارەکتەری “یاکۆب”، کە دراوسێ و هاوڕێی ئەم ژن و پیاوەیە، له دهرفهتێکدا چاوبازی لەگەڵ ژنەکەی دەکات، بەڵام “یاکۆب” وردبینه و دەزانێ “جەنگ” مانای چی دەگەیەنێ و هەڵوێستی دیار و ئاشکرایە.
لە دوا بەشی نمایشەکەدا، بەرجەستەی پروپاگەندەی لایەنەکەی تری جەنگەکە دەکات، بێ ئەوەی دوژمن هیچ ناوێکی دیاریکراوی هەبێت، بەمەیش قەیران و کێشەی جەنگەکە قووڵتر و بەهێزتر دەکاتەوە. بێرگمان بەردەوام لە فیلمەکەیدا کاری لەسەر ئەوە کردووە، کە هیچ لایەکی بەرەی شەڕەکە دیارنین و هەموو شتێک بە نادیار دەمێنێتەوە.
سینۆگرافیای نمایشەکە، لە گرتەیەکی فیلم دەچێت، سەرەتا مەتبەخی ماڵەکە، کە لە کاتی پێویستدا دەبێت بە دوو بەشەوە، پانتایی شانۆکە، کە پێویست بێ دەخولێتەوە، هەر وەک سووری ژیان و ڕهوشی جەنگەکەمان بۆ بەرجەستە دەکات، لەپڕ ئاگر دەکەوێتەوە و پیانۆی ژن و پیاوەکە، کە سمبۆلی هونەرە، گڕ دەگرێت. هەندێک جار پانتایی شانۆکە تەواو چۆڵ دەبێ و سەربازە دەمامککراوەکان، بە جلە ڕەشەکانیانەوە، وەک هێزی تایبەت، هەموو شوێنەکان داگیر دەکەن. ئەوەی چاوەڕواننەکراو و ترسێنەرە، کە سەبازەکان دەمامکەکانیان لادەبن، کوڕی زۆر گەنجن، کە هیچ شووناس و مۆرکێکی تایبەتییان نییە و بەوپەڕی توندوتیژییەوە ڕەفتار دەکەن و دەجووڵێنەوە.
ئەوەی لەم نمایشەدا گرینگە، هەروەها بنەمایەکی ڕاستەوخۆی فیلمەکەی بێرگمان-یشە، ئەوەیە، کە مڕۆڤ بێ پەروایە و هیچ شتێک لە خۆی زیاتر بەهای نییە، زانیارییەکان بەتەواوی ناگەن و خۆویستییەکی گەورە پانتایی هەموو شتەکان دەگرێتەوە. دنیاش لەولاوە زۆر سەخت و توندوتیژە و ناکرێ و ناتوانین لە هەموو شتێک بگەین، بەڵام مڕۆڤ دەبێ لەم جیهانە ئاڵۆز و پڕ لە جەنگەدا، بجووڵێت، پەرچەکرداری هەبێت و ڕووبەرووی نەهامەتییەکان ببێتەوە و ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.
ژنەکە، لەم گێژاوی جەنگە نادیارەدا، لە دیالٶگی کۆتایی نمایشەکەدا دەڵێت: “هەموو شتێک وەک خەون وایە، خەونی کەسێکی تر، چەندە هاوار بکەین و هەوڵ بدەین، ناتوانین خۆمانی لێ ڕزگار بکەین و دەربازبین.” ئەمەیش ئەو هاوارەیە، ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، کە بۆ ناتوانین کردارمان هەبێت، هەڵوێست وهربگرین و ڕووبەرووی ئەم دۆزەخە ببینەوە.
ئەی ئەم پەرچەکردارە چی دەگەیەنێت، کۆمەڵگە بکەین بە سەربازگە، جەنگ ببێتە فۆرمێکی ژیان، خۆمان کۆبکەینەوە و بچینە بەرەکانی جەنگەوە، ژیانی خۆمان بکەینە قوربانی، بەڵام بۆچی و لە پێناوی چیدا؟
ئەم نمایشە جەخت لەسەر نائومێدییەکی گەورە دەکاتەوە، لەم نائومێدییەدا هیچ متمانەیەک نە بە ئاوەزی مرۆڤ و نە بەسیاسییەکان، وەک ڕێگاچارەیەک بۆ کێشەکان، بۆ ڕێگری لە جەنگەکان، بۆ وەستانی جەنگەکان نامێنێت.

