شەماڵ محەمەد
نووسەر، ھەولێر
…………….
لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە ئەگەر مرۆڤ هان بدرێ بۆ هەڵەکردن ئەوا کەمتر هەڵە دەکا. کاتێک لە ئەنجامەکان دەترسین توانای هەنگاونانمان نابێ، و ئەگەر هیچ هەنگاوێکیش نەنێین کەس ناتوانێ بڕیاری خراپمان لەسەر بدات، بەکورتی ئەگەر هەوڵ نەدەین هەڵە ناکەین، بەڵام بێگومان سەریش ناکەوین. مێشکی مرۆڤ وا دروستکراوە خۆی لە شتی ترسناک بەدووربگرێ، بۆیە ئەگەر شکست بە شتێکی ترسناک بزانین ئەوا خۆمانی لێ بەدوور دەگرین، کاتێک کارەکەمان بەدڵ نییە لەبەرئەوەی کامڵ نییە و دوای دەخەین هۆکارەکەی ئەوەیە کە لە قسەی خەڵک دەترسین ، ترسی کامڵبونە وامان لێدەکات هەمیشە کارەکان دوابخەین کە ئەوەیش لەڕاستیدا خۆهەڵخەڵەتاندنە .
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەوانەی بەدوای سەرکێشی و ناڕەحەتییەوەن باشتر کارەکانیان جێبەجێ دەکەن و سەرکەوتووترن، ئەوەیش مانای وایە بۆ ئەوەی بەسەر هەستی کامڵبوندا زاڵ بین، پێویستە شێوازی بیرکردنەوەمان بگۆڕین و لەسەر ناڕەحەتی و سەرکێشی ڕای بهێنین چونکە ئەگەر سەرکێشییەکان وەک هۆکار و نیشانەی سەرکەوتن وێنابکەین ئەوا بەرەوپیریان دەچین لەجیاتی ڕاکردن لێیان. بێگومان ئەو گۆڕانکارییەی باسی دەکەین ئاسان نییە بەڵام بڕیارێکی گرنگە و پەیوەستە بە ژیانی خۆمان، وابزانم هیچ شتێکیش لە ژیانمان گرنگتر نییە.

