فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بیرکردنەوەی ھەندێک،،،،

سۆران باساکی
نووسەر، ھۆڵەندا
……………….
بیری تاکەکانی کۆمەڵگا ئاوێنەی ئایندەی نەوەکانییەتی، ماھییەتی فکری گەورەکانیش چۆن بێت منداڵەکانیش ھەروا ڕەفتار دەکەن، چونکە وەرگرتن(نقڵ)ی دەبێت و (عەقڵی) نابێت واتە لەباو و باپیرانەوە وەک خۆی کۆپی دەکرێتەوە و لە بواری کردەییدا پیادەی دەکات، ئەم جۆرە ڕەفتارە کۆمەڵگەکە چەق پێ دەبەستێت و لەقاڵبی دەدات، توانای بیرکردنەوە دەکوژێت، تاکی ناو کۆمەڵگەکە ھەرچی دەکات ناتوانێت لەو فۆرمە کۆنخوازییە قوتاری ببێت.
ئەوە دووجار کێشەیە!!
یەکەمیان دەیەوێت لەگەڵ  مۆدێرنەدا ڕێ بکات،  بەوەیش نامۆ دەبێت بە پێشکەوتن، چونکە ھۆشمەندانە وەری ناگرێت.
دووەم کێشەیە چونکە وادەزانێت ئەگەر لە کولتووری باو و باپیرانی دووربێت ئیتر عەیبە و بێوەفایی دەکات بەرامبەر گەورەکانی ئەوەێش بەکار نەبردنی مێشکە، ئیتر نەوە لەدوای نەوە ڕایەڵەی دەکات، وەلێ ئەگەر کەسانێکیش لەم بازنە بێ ھۆشییە دەربچن ھۆشمەندانە کردار بکات دەبێت یاخی بێت چونکە دەبێتە تاکێکی سەربەخۆ، لە کولتوورە چەق بەستووەکەی نامۆی دەکات و لە خێزانەکەیشی بەمرۆڤێکی بێ وەفا و زۆر جاران بەبێ دینیش مەزەندە دەکرێت، سەیری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەین گەواھی ئەوە دەدەن و بە ئاشکرا دەبینرێت، بۆنمونە عەقڵی شیکردنەوەی باسێکی نییە، یان نوسینی بێ سەروبەر دەنوسێت یان قاچی ئەوانە دەگرێت کە شیکردنەوەیەکی باشیان پێیە، بەڵام داگرتنی وێنەیەک چونکە عەقڵ بۆ سەیرکردنی بەکار ناھێنێت خێرا لایک دەکات و کۆمێنت دەنووستێت  و بەقوربان و بەساقە و پیاھەڵدانی درۆ دەنێرێت، سەیرە خاوەن وێنەکە ھەر ھەمان نووسەر یان شیکەرەوەیە کەچی لەو لاوە دەبێتە دێو و لە
وێنەکەیشدا دەبێتە حەزرەتی یوسف، ئەم نا جێگیرییە ڕۆژانەیە و دەبێتە درم و پەتا و دەگوازرێتەوە، ھیچ دەرمان و حەبێک فریای ناکەوێت و ھەر بەزیندوویی خۆی بەدەستی خۆی زیندە بەچاڵ دەکات چونکە مرۆڤ ئەگەر بیرنەکاتەوە و لەگەڵ تەوژمی پێشکەوتندا نەڕوات ھەموو خۆزگەو ئاواتی دوێنێ بێت و دوێنی و ئەمڕۆ و بەیانیشی وەک یەک بێت ئیتر چ ژیانێک دەگوزەرێنێت، دەبێت بە زیندوویەکی مردوو، بەداخەوە گوێزێکی خراپ سەدان گوێز بۆگەن دەکات، بەڵام ھەموو گوێزە چاکەکان ناتوانن خراپە بۆگەنەکە چاک بکەن ئیتر ئەم کۆمەڵگا مێشک گەنیوە ھەر بەردەوام دەبێت و بەردەوام یەک لەدوای یەکی نەوەکان دەبۆگەنێنێ، بەداخەوە بەداخەوە، چارەسەری ئەم کۆمەڵگایانە تەنھا ئەوەیە سەری بەردیواری عەقڵ پکەوێت بۆ ئەوەی بەخەبەر بێت کەئەمەیان ھەرگیز ڕوو نادات و نابێت یان مەرگێکی گشتگیرە بە کارەساتێکی سروشتی، وەلێ سروشت ھەموو شتێکی لە دەست دێت ھەروەک چاخی دایناسۆرەکان چاخی سەھۆڵین چاخی ئاگرین بەڵکوو چاخی دوایش چاخی خۆڵبارین بێت……
20/05/2022
Inline-Bild