م. ئازار
شاعیر ، مەھاباد
…………….
لە گوندێكم
نازانم كوێیە
دەڵێین هی باپیرانم بووە
، ئەوانەی تەنانەت باوكیشم نەیبینیون
نازانم دوور كەوتووم لە خۆم
، یان نێزیك
تا بڵێی سووك بارم
ئەوەی بە درێژایی تەمەن ناسیبێتم لەگەڵمدا نییە
ئەوەی پارە بێت لە گیرفانمدا نییە
جلك و پێڵاو و سووراو و
هەر هیچ هیچم پێ نییە
حەتا گرنگترین شت
، تاكە كتێبێكشم پێ نییە
لە گوندێكم
هەست دەكەم مەستم
یا ناا
، شایەدیش نەخۆش
بەهار نییە
كەواتە مەست نیم
زستان نییە
كەواتە نەخۆش نیم
ئەی دەبێ چی هاتبێت بەسەرم
هێواش هێواش تێدەگەم لە حاڵم
من لە سەرچاوە و
لە چیا و
، لە خوا نێزیك بوومەتەوە
بۆیە خۆشم
بەتەنها خۆش
، خۆشی خۆش
لە گوندێكم
زەمان و مەكان لێم ونن
ڕەنگی خوا دەبینم
بە دیدەی دەروون
بۆیە خۆشم
بەتەنها خۆش
، خۆشی خۆش
كات
خۆی ئاشكرا دەكات لێم
دەبێ بگەڕێمەوە
ناو ئەڵبۆمی درۆ و فریوی ژیان
لێ گرینگ نییە بەلامەوە
گرینگ
هەوای چیا و
هەناسەی خوا لەناو ڕوحم دا دەگەڕێن و
ئیتر جیا نابنەوە لێم
، مەگەر بە كێشانی ڕوح
من خۆشم
! ……خۆشی خۆش

