ھەڵۆ جەعفەر
شاعیر، سلێمانی
……………….
لەڕاستیدا
ترسێکم هەیە
هەموو ڕۆژێک مرۆڤ
لەنەبوونی بەرائەت وجوانیدا
بۆگەن بکات
لەمەزیاتر لەوەدەترسم من پێش هەموان بۆگەن بکەم
هەندێ بەیانی
درەنگ لەخەوهەڵدەستم
دەترسم فریای پەرستشی خودای
ئەم هەموو جوانی ومیهرو بێدەنگیەنەکەوم!
وای
کە بۆگەنی لاشەی بێڕای من دەگاتەوە کەپووی هەرچی گوڵەو هەرچی نەسیمە
هەرچی باڵندەو ناسکیە
بەهۆی منەوە
بەرنەفرەتی خاک دەکەون و
باران هیچ
گەردێک ناشواتەوە
خواش ڕوتم دەکاتەوە بۆدونیا
ئاهاااا پیسبوون
چ بێ خوداییەکە بەهۆی دنیاوە!
وەیلێێێێ
من تێدەگەم چۆن باڵندە دەمرێت
چۆن مرۆڤ بەزیندووی
بۆگەن دەکات
درەخت پێناگرێت و
شەقام دەبێتەچۆڵەوانی
کاتێک
خودا ناسکیی جێدێڵێت
ئێوارەیەک
دەپەرژێتە سەیری بێ شەرمی من!

