فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەوینێکی تر….

ڕۆژا ناسر
شاعیر،  سوید

…………………..

وە ئەمەوێیت بۆ هەمیشە!
ئەمە جوانی تۆیە… سیحری تۆیە!
هاتنت لە بەهارێک ئەچێت،
نە گەرمایی هاوین
وشک و زەردەڵانی بکات
نە هیچ کزە بایەکی ساردی پاییزی
ئەیکات بە خەزان!…
نە زریان و سەرمای زستان،
بێ ڕەنگ و ساردی بکاتەوە…!
تۆ چیت..!؟
جگە لە سیحرێکی گەورە…!
شتێکی دیکە بەدی ناکەم…
لەو دەمەی شوێن پێیەکانت
کاڵ نابنەوە، تا لێواری لوتکە،
هەوێنی ئەشقی تازە و
شیرینی لە دڵ دا جێگیر کرد،
سەرتاپا نشێوییان لە بیر کرد و
جریوەی بولبولان و ئاوازی
نوێی پاکی ئەوینێکی دیکە،
بۆ هەمیشە هێلانەی دڵی ئاوا کردەوە
ئێستا ماڵێکی تر و ئەوینێکی تر
سوچی پیرۆزییەکانی منە…!
دواهەنگاوی مەنزڵگای ئیشقی منە…!
هەتاو و سێبەر و پەنای دانەبڕاوی منە…!
چراخانی داگیرساوی مۆمێکی ڕێگەی
ئەوینداری پاکی منە لە دوو توێی،
دوو پاڵی لەیەک ئاڵاوی نێو مەزرای
داستانێکی “قەقنوس” و سەرلەنوێ سەوزم…!
ئێستا پێم بڵێ لە کوێی نزاری باخچەی هێلانی دڵم،
ببم بە ئاوپرژێنی دڵی پڕ لە ئەوینی بێ کۆتای تۆ!؟
پێم بڵێ لە چ سوچێکی کانگای دڵی هەمیشە سەوزت
ببم بە تاکە گوڵێکی بەرینی دڵی سەوزی پڕ ئەوینت!؟
پێم بڵێ لە کام ژوانی ئێوارەیەکمان دڵی شێتانەی
پڕ ئەوینی هەتاهەتاییت..؟!
لە کام گزنگی بەرەبەیانێکی من دا، دوو باڵی پڕ سۆزی، خۆشەویستیت قەدەرێکی نوێی پێدەشتی،
توانەوەی لە منی وێڵی دێوانەی هەڵبژارد!؟
لە کام سەرنجی نیگای پڕ شێتانەت، نغرۆی
ڕووخسارێکی دوو چاوی بێ دەنگی من بووی..!؟
ئێستا نیشتیمانێکی تر و ئەوینێکی تر، دڵێکی تر،
ئەسپی خەونەکانمە، بەهاری هەموو ژیانمە
دڵێک کە، پڕ لە ئەوینێکی بێ کۆتا و
نیشتیمانێک، پڕ لە ئەوینێکی ڕاستەقینە،
پاڵاپۆشی کردووە لە دوو باڵی پڕ لە ئەوین…
ئەمێستا ئەوینت، پێدەشتێکە سەوزی سەوز
چواروەرزی ساڵ…! بەهارێکی نەبڕاوە!
وەرەو نزیک تر بەرەوە لە کانگای دڵی دێوانەم…
تا بە خۆم بڵێم پڕ پڕم، قوڵ قوڵم لە ئەوینێکی تر…!
تا بە خۆم بڵێم پڕ پڕم، قوڵ قوڵم لە ئەوینێکی تر…!
لە بەسەرهات و داستانێکی شێتانە و ئەوینێکی تر…!
لە زرینگانەوەی دەنگی گیرای تۆ، لە دەنگی پێیەکانت،
ڕاچڵەکینێکی نوێم بۆ بشنێتەوە لە تۆ! لە ئەوینێکی تر…!