ڕەھێڵ دزەیی
نووسەر، ھەولێر
………………
دروست کردنی منداڵ، گرنگترین و بەرپرسیارترین بڕیارە هاوسەرەکان دەیدەن.
لە کۆمەڵگایی کوردەواریدا پرۆسەی هاوسەرگیری گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهاتووە، لەسەردەمی تەکنەلۆژیا و کرانەوەی جیهان بەسەریەکتردا. دروستکردنی خێزان پێویستی بە هوشیاری و گۆڕینی شێواز و ئامانجەکانی هەیە و کاری زۆری دەوێ تا بگەینە ئەو ئاستەی گەنجانمان لەسەر بنەمایەکی دروست و بە هوشیارییەکی زۆرەوە بەرەو ئەم پڕۆسەیە بڕۆن و بە چاوەڕوانییەکی زۆرەوە بڕیاڕی دروستکردنی خێزان بدەن و ئامادەبن بۆ ئەوەی بتوانن خێزانێکی جوان دروست بکەن و منداڵێک بخەنەوە و بەرپرسیاریەتی هەڵگرن و کات و هوشیاری ئەوەیان هەبێ پەروەردەیەکی باش و کەسایەتییەکی بەهێز و بێ کێشەی دەروونی گەورەی بکەن و توانای دابینکردنی پێداویستییەکانیان هەبێ.
لە نەبوونی فەلسەفەیەکی یەکگرتووی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان، خێزانەکان هەر یەکەی بەپێی ئاستی هوشیاری و تێگەیشتنی خۆی بۆ شێوازی پەروەردە منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن، دەکرێت ئەم شێوازە دروست نەبێت و لەگەڵ ئەم سەردەمە یەک نەگرێتەوە.
دەزگا بەرپرسەکانی حکومەت وەک پێویست نەیتوانیوە هاوکاری خێزان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن منداڵێکی خاوەن پەروەردەیەکی دروست و کەسایەتییەکی بەهێز پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەن.
دایک و باوک بەپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەرشانە بەرامبەر بەو منداڵەی دەیخەنەوە، ئەرکیانە بیپارێزن لە هەر کردارەک ببێتە هۆی توشبوونی بە گرێیەکی دەروونی هەموو ژیانی پێی یبناڵێنێت.
لە ناو خێزانەکانی کوردی زۆر ئاساییە هەر میوانێک بێت منداڵەکانیان ماچ بکات و یان لە ئامێزیان بگرێت و لەسەر کۆشی خۆی دایاننشێنن، ئەوەیش لە زانستی پەروەردە ڕێگەپێدراو نییە، تەنانەت بۆ نزیکترین کەسەکان ڕێگەپێدراو نییە منداڵەکانتان ماچ بکەن یان لە باوەشیان بگرن.
بەشێکی لە منداڵان لە تەمەنێکی زوو ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە، بۆیە ئەرک و بەرپرسیاتییەتی دایک و باوکە هەر زوو مندڵەکانیان لە هەردوو ڕەگەز فێربکەن، کە ڕێگە نەدەن کەس ماچیان بکات و لە باوەشیان بگرن، فێریان بکەن کەس بۆی نییە دەست لە لەشیان بدات، فێربکرێن چۆن خۆیان بپارێزن لە کاتێک کەسێک لێیان نزیک بیتەوە چۆن مامەڵەبکەن. مامەڵەی دایک و باوک بە شیوازێک بێت دڵنەوایی بدات بە منداڵەکان، تا بتوانن بە بێ ترس و ڕاشکاوی قسەیان بۆ بکەن.
گێچەڵی سێكسی کاریگەری خراپ و درێژخایەنی دەبێت لەسەر ئەو منداڵانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە. تووشبوان لە منداڵێکی ئاسایی و پڕ لە وزە، دەگۆڕێ بۆ منداڵێکی بێدەنگ وگۆشەگیر، لە منداڵێکی زیرەک وگەش بۆ منداڵێکی ئاست نزم و غەمگێن، ئارەزووی خواردنی کەم دەبێت وئارەزوی تێکەڵاوی کەس ناکات و لە هاوڕێکانی دووردەکەوێتەوە و یاریان لەگەڵ ناکات، لە هەندێ کات دا بەپێچەوانە دەبێتە منداڵێکی گێرەشێوێن و زوو تووڕە دەبێت و لە هاوڕێکانی یان خوشک و براکانی دەدات و پەنا بۆ شت شکاندن دەبات.
هەر کاتێک دایک و باوک گۆڕانکاریان لە منداڵەکەیان بینی دەبێ بە وریایی و هێمنی کاری لەسەر بکەن، هەوڵ بدەن قسە لەگەڵ منداڵەکەیان بکەن و دڵنەوایی پێ بدەن تا بە ڕاشکاوی قسەیان بۆ بکات و کەسی گێچەل کەر دەستنیشان بکەن
( زۆربەی رجار کەسە هەرە نزیکەکانی و خاوەن متمانەی زۆری خێزانن).
هەر کاتێک هەستکرا منداڵەکەیان تووشی هەرەسان کردن و هەرەسانکردنی سێکسی بۆتەوە، گرنگە پەنا بۆ کەسی شارەزا و پسپۆر لە چارەسەرکرنی ئەم کێشانە و پزیشکی دەروونی ببەن، بۆ ئەوەی زوو دەرهاوێشتەکانی چارەسەربکرێت ولەگەڵی گەورە نەبێت.
منداڵ ناتوانێت درک بە ئەو کردارانە بکات و توانای ئەوەی نییە هەڵسوکەوتی بەرامبەرەکەی جیابکاتەوە و بزانێت ئەوە گێچەڵە سێکسییە و دەبێ بەرپێچی بداتەوە، بەتایبەت ئەگەر کەسی گێچەڵکەر زۆر نزیک بێت. ئەرکی دایک و باوکە منداڵاکانیان ببپارێزن وهەردەم چاودێریان بکەن، بۆ ئەوەی ڕوبەڕووی کردارێک نەبەنەوە کە سەرتاپای ژیانیان پێبناڵێنن ولەگەڵ کۆمەڵێک گرێی دەروونی ژیان بەڕێبکەن.
دروستکردنی منداڵ کردارێکی زۆر پیرۆزە و درێژەدان و بەردەوامییە بە مرۆڤاتی، گرنگە هەوڵی تەواو بدەین مرۆڤێکی خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز وپەروەردەیەک بگونجێ لەگەڵ کولتووری گەلەکەمان و ببێت بە مرۆڤێکی چالاک و دڵسۆز و گەشە بە کۆمەڵگا و نەتەوەکەی بکات.
٢٣/٦/٢٠٢٥

