فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

“سپیەتی” وێنایەک بۆ مەرگ و ژیان!

دانا ڕەئووف
 
شانۆکار، دراماتۆرگ،
نووسەر و توێژەری بواری شانۆسويد

………………………..…….

 

 

لەوانەیە، لەبەر ئەوە بوو بێت، کە من هاتمە ناو ئەم دارستانەوە، بۆ ئەوەی لە سەرمادا ڕەق ببمەوە، بەڵام من ئەوەم ناوێت. نامەوێت بمرم. ئەوە ئەو شتەیە من نامەوێت، لەبەر ئەوەیشە دەمەوێت سەیارەکەم بدۆزمەوە و لەناویدا گەرمم بێتەوە.” (سپیەتی)

لەوانەیە بە درێژایی مێژوو یەکێک لە سەختترین ئەو پرسانەی مرۆڤایەتی پێوەی سەرقاڵ بووە و بیری لێ کردۆتەوە و لێی ترساوە، مەرگ بوو بێت. نهێنی و ڕاز و نیازی مەرگ.ڕووبەرووبوونەوەی مەرگ و تێپەڕاندنی سنووری ئەم دنیایە و چوونە دنیای مەرگەوە، یەکێکی ترە لەو نهێنیانەی مرۆڤ بە درێژایی مێژوو تووشی ترس و دڵه‌ڕاوکێی کردووه‌، تا ئێستاش به‌ ئه‌نجامێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ نه‌گه‌یشتووه‌، بەڵام ئەمەیش مانای ئەوە ناگەیەنێت، کە مرۆڤ ڕۆژێک لە ڕۆژان واز لە گەڕان و بەدواداچوونی ئەم پرسانەدا بهێنێت، بەڵکوو دنیای ئەدەب و هونەر و هزر و فەلسەفە هەمیشە پانتاییەکی فراوانیان بۆ ئەم ترس و نهێنییە تەرخان کردووە و بە چەندین شێوە و شێواز و لە چەندین فۆرمی جیاوازدا گوزارشتی لێکراوە و لێی دەکرێت.

یۆن فۆسەبە کورته‌ ڕۆمانێك بە ناوی سپیەتیەوە باسی ئەوە دەکات، کە چۆن مرۆڤ سنوورەکانی دنیا بەرەو مەرگ دەبڕێت و لە خاڵێکی ڕەشی تاریکدا دیار نامێنێت. فۆسە تا دوا خاڵەکانی دنیامان دەبات و لەوێدا دەوەستێت؛ ئەوەی دواتر ڕوودەدات، لەوێدا بەجێی دەهێڵێت! “سپیەتیڕۆمانێکی لێوانلێوە لە ئازار؛ لە فۆرمێکی شیعرئامێزدا، هاوکات بەرز ڕاگرتنی ڕاز و نیازی بنەماکانی بوون و نەبوونە. فۆسە لەم ڕۆمانە فرە مانا و فرە ڕەهەند و مەودایەدا، گەڕاوەتەوە بۆ سەر فۆرمە مینیمالیزمەکەی خۆی، کە زیاتر لە دەقە شانۆییەکانیدا کاری لەسەر کردوون.

سپیەتیلە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا لە نەرویژ، بەر لەوەی خەڵاتی نۆبڵی پێ ببەخشرێت، بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. دەتوانم بڵێم ئەم ڕۆمانە، گەورەترین کاری فۆسەیە لەنێو بەرهەمەکانی تریدا.

هەرچەندە ڕۆمانەکە زۆر کورتە و بە یەک هەناسە نووسراوە، بەڵام هه‌زاران پریشکی خودگەرایی، نهێنییەکانی مەرگ و ژیان، تەنیایی و گەردوونە نهێنیئامێزەکەی مرۆڤ لەخۆ دەگرێت.

خودی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە، زۆر ئاسان و ساکارە. پیاوێکی تەنیا سواری سەیارەکەی دەبێت، بێ هیچ پلانێک و بێ ئەوەی بزانێت بۆ کوێ دەچێت، پێی پیادەنێت و دەڕوات. بێ هیچ بیرکردنەوەیەک، هەندێک جار بەلای ڕاست و هەندێک جاریش بەلای چەپدا پێچ دەکاتەوە، تا دەگاتە دارستانێکی چڕی دوورە دەست. ڕێگاکە تا دێ تەسک و بچووک دەبێتەوە تا دەگاتە خاڵێک، چیتر ناتوانێت نە بڕوات و نه‌ بشگه‌ڕێته‌وه. لە سەیارەکەی دێتە دەرەوە و دەڕوات. تاریک دادێت و بەفر دەبارێت، بەڵام ئەو هەر دەڕوات و زیاتر دەچێتە نێو دارستانەکەوە، تا ڕێگای لێ ون دەبێت و نازانێت بەرەو کوێ و بۆ کوێ دەڕوات. سه‌رمای ده‌بێ، بۆیه‌، ناچار دەبێت لەسەر بەردێک دابنیشێت.

ئەم پیاوە بۆ وا دەکات، دەیەوێت بمرێت، نەخێر.کە لەنێو دارستانەکەدا لەگەڵ خۆی دەدوێت و هەست بە مەترسی دەکات، دەڵێت نامەوێت بمرم.” لەگەڵ ئەوەشدا ناگەڕێتەوە و بەرەو دنیای مەرگ هەنگاو دەنێت تا لەپڕ شتێک، کە وەک ڕووناکییەکی سپی بەهێز وەهایە لێی نزیک دەبێتەوە. ئەو فۆرمە ڕووناکە بەهێزە لەوێدا، لەنێو ئەو دارستانە تاریکەدا دەبریسکێتەوە. لەوانەیە، وەک ئەو پیاوە تەنیا ونبووە دەڵێت، فریشتەیەکی خودابێت، یاوەخود خودی خوداوەندخۆی بێت؟ تاریکی نێو ئەم ڕۆمانە ترسێنەرە، هێڵێکی باریکه‌ لەنێوان بوون و نەبووندا، لەنێوان ژیان و مەرگدا، دەروازەیەکە بۆ په‌ڕینه‌وه‌ بۆ دنیایەکی تر. “ئەم تاریکییە دەمترسێنێت. ترسێکی ئاسایی دامده‌گرێت، بەڵام ئەوە ترسێکی هێمنە، بێ هیچ جۆرە دڵەڕاوکێیەک، لەگەڵ ئەوەیشدا من هەر بە ڕاستی دەترسم. ترس تەنیا هەر وشەیەک نییە.” /…/ “ئەو تاریکییە چڕە لە بەردەممدایە، لەو شوێنەی لێی وەستاوم. دەبینم تاریکییەکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، نا خودی تاریکییەکە نا، بەڵکوو شتێک لە تاریکییەکەدا جیا دەبێتەوە و بەرەو ڕووم دێت. ئێستا بە ڕوونی دەیبینم، شتێک بەرەو ڕووم دێت، لەوانەیە مرۆڤێک بێت.”

دواتر چەند فیگورێکی تر لەو دارستانە تاریک و ساردەدا، بۆ نموونە دایک و باوکی ئەم پیاوە تەنیایە، وەک تارمایی دەردەکەون، وەک خەونێک ئەو ژیانەی بەسەر چووە و پەیوەندییەکی پڕ لە سۆز و خۆشەویستی بە کوڕەکەیانەوە دووبارە ده‌بنه‌وه‌. شتەکان تێکەڵاو دەبن، کە بەشێکن لە یادەوەرییەکانی ئەم پیاوە. پیاوێکی تر، کە چاکەت و پانتۆڵی ڕەش و کراسێکی سپی لەبەردایە، بە پێی پەتی، لە دوورەوە لەناو بەفرەکەدا دیارە. ئەی ئەم پیاوە چی گەرەکە؟ هیچ وەڵامێک بۆ ئەمە نییە. دەتوانین وێنای ئەوە بکەین ئەم دەرکەوتنانە بەشێک بن لەو دیدارانەی، کە مرۆڤ لە ساتەکانی پێش مردندا دەیانبینێت؟!

فۆسه‌ ده‌یه‌وێ بڵێت، کە خودا لە شوێنێکدا، لە قووڵاییەکاندا، لە دەرەوەی هەموو کات و شوێنێکەوە هەیە و ئامادەیە. ئەم کارەکتەرە ون بووە، لەم دارستانە تاریک و ساردەدا، لەم تاریکی و بێدەنگییەدا دەڵێت دەمەوێت گوێ لە بێدەنگی بگرم. لەبەر ئەوەی لە بێدەنگیدا گوێمان لە خودا دەبێت، بەهەر حاڵ کەسێک وەهای گوتووە، بەڵام من ناتوانم گوێم لە دەنگی خودایەک بێت، تەنیا شتێک من گوێم لێیە، هیچ شتێک نییە.”

فۆسه‌ له‌م ڕۆمانه‌دا کار لەسەر زمانیش دەکات.زمانێک لەگەڵ پرۆسەی مەرگ و ونبوونێکی ئەبەدیدا بگونجێت؛ بۆ ئەم مەبەستە زمانێکی چڕکراوەی ساکاری لێوانلێو لە بێدەنگی بەکار دەهێنێت، وەک، کە دەمرین وشەکان لە دوای خۆمانەوە بەجێ دەهێڵین. ئەم کارەکتەرە چەندە لە سنوورەکانی مەرگ نزیک دەبێتەوە، هێندەیش لە زمان دوور دەکەوێتەوە. مەرگ دنیایەکی بێ وشە و بێدەنگە. کە ئەم پیاوە دەچێتە ناو دنیای مەرگەوە، کە لەنێو تاریکییەکەدا، لەو دیوو ڕووناکییە بەهێزە سپییەکەدا دیار نامێنێت، لەناو ڕەوشێکی بێ سنووردا خۆی دەبینێتەوە. لە شوێنێکدا، هەموو ئەگەرەکان کراوەن.

ئەم ڕۆمانە ڕوویەکی تری دەقێکی شانۆیی فۆسەیە بەناوی لەناو دارستانە ڕەشەکەدا، کە لە ساڵی ٢٠٢١ دا نووسیویەتی. لەم شانۆنامەیەدا، کە دارستانەکە زیاتر شوێنێکی ئەندێشەییە و هەموو شتێک لە ڕەوشێکی نادیار و پڕ لە ڕاز و نیازدا ڕوو دەدات، شوێن بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بۆ نموونە ژنێک لەو بڕوایەدایە، ئەو شوێنە بۆ یەکەمین جار مێردەکەی لێ بینیوە، هاوڕێی منداڵی پیاوەکەیش لەو بڕوایەدایە، لەو شوێنەدان، کە بە منداڵی یارییان تیا کردووە.

سەرچاوە:

Jon Fosse, Vithet, översättning av Lars Andersson, Albert Bonniers förlag. 2025