فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

گرێی بوونێک!

سەبا ئەحمەد
شاعیر، ھەڵەبجە
…………………
لەئێوارەیەکی دڵتەنگدا بەخۆر ئەڵێم:
خەمبار مەبە ئەها ئاسمان بێ تۆ چەند تاریکە
بەئەستێرەکان ئەڵێم: لە تاریکی ناترسن
وا کۆڵانی شەوتان پڕ کردوەلە جریوەی چاوشارکێ
بەخۆم ئەڵێم: ئەی لەژیان بێوەری دوور بڕۆ…
ئەی لەشادی تەریک مەوەستە
تۆ بەهەڵەهاتیی
بەدرۆوە کەوتیتە سەرژمێر
لێرە وەفا تەنیا ناوێکەو تەواو
لێرە پێکەنین تــــا چرکاندنی وێنەیەکە
بەخۆم ئەڵێم: چیت نەکرد،
بەدزی مردنەوە باخێکت چێ کرد
 پڕ لە درەختی دڵشکان
لە پشت ڕێگاکانی تەمەنەوە
 کۆشکێکت کرد پڕ لە سورەیای ترسان
ئاخر چیم نەکرد…
بەناو ئەم هەموو مەتەرێز و قەرەوڵی ئەجەلدا
چۆن گەشتمە ئەم تخوبەی پیری
چەند گەمژانە هەوڵمدا
وای سادەبووم وامزانی نوسین هەنگاوێک کەوتۆتە پێش ژیان
نەمزانی ژیان هەر ئەوەبوو من درکم نەکرد و
 هەر نەمدی هەر نەمناسی و
تێپەڕی
ئیتر من وام…
Inline-Bild