ئەرشەد تەحسین
نووسەر، سلێمانی
………………….
(كورد و كۆڕەو) ناونیشانی كتێبێكی نوێیە لە نووسینی ( موتەلیب سەعید عومەر )ە لە دووتوێی١٥٤ لاپەڕەدا بڵاو كراوەتەوە، تیایدا نووسەر تیشكی خستووەتە سەر چەند لایەنێكی ڕاپەڕین و كۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ی باشوری كوردستان و لەگۆشە نیگای خۆیەوە ئاماژەی بەڕووداوەكان و هۆكار و سەرهەڵدانیان داوە، هەروەها هەوڵیداوە بابەتەكەی بەچەندین نمونەی زیندوو هەروەها بەوێنەی ساتوەختی رووداوەكان دەوڵەمەند بكات.
كۆتاییەكانی سەدەی بیستەم و گۆڕانكاریەخێراكانی ناوچەكە.
لەدوایین دەیەی سەدەی بیستەم چەندین ڕوودوای خێرا لەعێراق و کوردستان هاتنەکایەوە، ڕاپەڕین و کۆڕەو دوو قۆناغی گرنگ و پرسی چارەنووسساز بوو بۆ گەلی کورد لە باشووری كوردستان، بایەخی ئەم بەرهەمە (کورد و کۆڕەو ) بەوێستگەیەکی مێژوویی گرنگ دادەنرێت لەسەددەی بیستەمدا، چونكە سەرباری ئەوەی ڕاپەڕین خاڵێکی وەرچەرخان بوو لەکۆتایی سەدەی بیستەم، دواتریش ڕاپەڕینی جەماوەری كوردستان بووەهۆكارێك لەوقۆناغە مێژووییەدا مەسەلەی کورد بچێتە قۆناغێکی تری مێژوو، ڕاپەڕین و کۆڕەو ئاوێنەیەکی ڕوون بوون. بۆ ناساندنی دۆزی کورد بەوڵاتانی دونیا و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکانی جیهان، بۆیە ئەوەی نوسەر لەكتێبەكەیدا راپەڕینی بە خاڵێكی گرنگ و بەسەرمەشقی رووداوەكانی مێژووی سەددەی بیستەم داناوە، لەهەمانکات بەڕای نوسەر وێنا تراژیدیاکانی کۆڕەو بوونە هەوێنی ناساندن و دەرخستنی ئازار و موعاناتەکانی گەلی کورد لەباشوور.
كتێبەكە لەچەند بەشێك پێك دێت.
نووسەر لەبەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا (کورد و کۆڕەو ) هەوڵیداوە مێژووی قۆناغەكە و ساڵانی پێش سەرهەڵدانی راپەرینی ١٩٩١ بگێڕێتەوە و بە پشت بەستن بەسەرچاوە مێژووەییەكان شرۆڤەی دۆخەكە بكات، بۆ ئەم مەبەستەیش وێڕای بەکارهێنانی چەندین سەرچاوە، خۆیشی لەناو ڕووداوەکاندا بووە لەمەڕ چەندین بابەت دواوە، ئاڵۆزییەکانی حکومەتی عێراق و ئەمەریکا، هێرشبردنی سوپای ڕژێمی عێراق بۆ کوەیت، هۆکارەکانی شکستی سوپای عێراق لەکویت، ڕاپەڕین لەباشووری عێراق و کوردستان.
لەبەشی دووەمدا نووسەر یادەوەرییەکانی خۆی نووسیوەتەوە لەناو شەپۆلی کۆچڕەوی كۆڕەو بەرەو ئێران و مانەوەیان لەئۆردوگای سنە، گفتوگۆی ڕژێمی عێراق، تا دەگاتە ڕاپەڕینی دووەمی شاری سلێمانی لە18/7/1991 لەناو ڕووداوەکاندا بووە .
بەشی سێیەم دیداروگفتوگۆی نووسەر لەگەڵ ئەو هاوڵاتیانەدا کە لەکۆڕەوەدا بوون ڕاوسەرنج وخەم و ئازارەکانی بەشداربووانی کۆڕەوی گواستوەتەوە و هەڵیداوە مێژوویەكی روونی ئەو قۆناغە بەنەوەكانی داهاتوو ئاشنا بكات.