ئەرشەد تەحسین
نووسەر، سلێمانی
…………………
كات نزیك دوانزەی شەوە، ئێشكگرم لەفریاكەوتنی نەخۆشخانەی هیوا، لەڕێی كۆنتڕۆڵی فریاكەوتنی خێرای سلێمانیەوە ( ١٢٢ ) لەبوونی ڕووداوێكی ماتۆڕ لەنێوان گەڕەكی قڕگە و كانی با ئاگادار كراینەوە، زۆر بەخێرایی بەئۆتۆمبیلی فریاكەوتن و تیمی تایبەتەوە گەیشتینە شوێنی رووداوەكە، بینیمان دوو هەرزەكاری بەڕەگەز عەرەب كە هەردووكیان تەمەنیان تەنیا پانزە ساڵ بوو، بەهۆی تیژڕەوییەوە بەماتۆڕسكیلەكەیانەوە كەوتبوونە كەندێكەوە، بەناڕەحەت گەیشتینە سەرنشینەكان، بینیمان هەردووكیان قاچیان شكاوە و چەند شوێنەوارێكی تری برین و زەبری دەرەكی بەشوێنەكانی تری جەستەیانەوە هەیە، هەر لەوشوێنەدا فریاگوزاری سەرەتاییمان بۆكردن و گەیاندماننە ئۆتۆمبیلەكە و بەرەو نەخۆشخانەی شار كەوتینەڕێ، ئێمە لەناو ئۆتۆمبیلەكە سەرقاڵی چارەسەركردن و چاودێریكردنی دۆخی تەندروستی بریندارەكانین، لەڕێی كۆنتڕۆڵی فریاكەوتنی خێرا و بەئامێری بێتەل ئاگاداری بوونی رووداوێكی تری ماتۆڕسكیل بووین لەنزیك نەخۆشخانەی بەخشین، ئێمە سەرقاڵی كاری خۆمانین و ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنەكەیش بەكۆدی سوور بەرەو نەخۆشخانەی شار بەڕێوەیە، لەگەڵ گەیشتنمان بە نەخۆشخانەی شار، دیسان لەڕێی كۆنتڕۆڵی فریاكەوتنی خێرا و بەئامێری بێتەل ئاگاداری بوونی رووداوێكی تری ماتۆڕسكیل بووین لەنزیك شاری جوان، داوا لەتیمە نزیكەكانی ئەو شوێنەكرا بگەنە شوێنی رووداوەكە.
ئەوەی باسمكرد چیرۆكی نیو كاتژمێری ئێشكگریمە و سەلمێنەری ئەوەیە لەناوشاردا رووداوەكانی ماتۆڕسكیل خەریكە لەحاڵەتەوە دەبن بەدیاردە و بێگومان قوربانییەكانیش لەهەڵكشاندان سەرباری زیانی ماددی.
جەنجاڵییەكانی ژیان و گۆڕانكاری و پێشكەوتنە بەردەوامەكان، فراوانبوونی هۆكارەكانی گواستنەوە و سەرقاڵییە زۆرەكانی مرۆڤ بەژیانەوە، وایكردووە ماتۆڕسكیل ببێتە پێداویستییەكی سەردەم و هەنووكەیی، لەلایەكی تریشەوە ماتۆڕسكیل خەریكە دەبێتە هەڕەشەیەكی جدی بۆ دۆخی ڕێگاوبان و شۆفێریكردن و تادێ رووداوەكانی ماتۆڕسكیل و قوربانییەكانیش لەهەڵكشاندان، بۆیە كاتی هاتووە رێگاچارەیەك بۆ ئەم بابەتە دابنرێت لەپێناو كەمكردنەوەی رووداوەكان و زامنكردنی گیانی هاوڵاتیان، ئەوەیش چ بەگرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و پیادەكردنی بنەماكانی هاتوچۆوە بێت، یان لەرێی هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان و شۆفێرانی ماتۆڕسكیلەوە، هەروەها دیاریكردنی جلو بەرگ و كڵاوی تایبەت بەشۆفێریكردنی ماتۆڕسكیل، لەهەمووشی گرنگتر دیاریكردنی تەمەنی بەكارهێنەرانی ماتۆڕسكیل چونكە لەئێستادا بەبێ گوێدانە تەمەن شۆفێری ماتۆڕسكیل دەكرێت،.
ماوەتەوە بڵێین; رووداوەكانی هاتوچۆ هەمیشە قوربانی گیانی لێناكەوێتەوە، بەڵام رووداوەكانی ماتۆڕسكیل هەمیشە زیانی گیانی درووست دەكات ئەگەر بەبرینداربوونی بچوكیش بێت، پیادەكردنی هەر رێكارێكیش بۆ كەمكردنەوەی ئەم دیاریدەیە زیانە گیانی و مادییەكان كەمدەكاتەوە، بەتایبەت كە رووداوەكانی ماتۆڕسكیل زیاتر لەناو شاردا روودەدەن.