عەبدوڵڵا سەڕاج
نووسەر، سويد
………………………
لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەمناسی و سەردانیم دەکرد چونکە کەسێکی زیرەك و ئازا بوو کە سەرەڕای نەبوونی هەر دوو قاچی ئەرکی دایك و هەر دوو خوشکەکەی خستبووە ئەستۆی خۆی . لە گەنجیيەوە خۆی فێری تەنەکەچی کرد لەو سەردەمەی تەنیا پرێمز و مەقاڵەی ئاگری خەڵوز هەبوو هەمووپێداویستیيەکی تەنەکەی دروست دەکرد وەک ڕەحەتی و پەمپی نەوت هەڵکێشان و شتی تر .هەر بۆ خۆیشی لە تەختە و سێ بۆڵبەرین خشۆکێکی بۆ خۆی دروست کرد بوو لە سەری دادەنیشت و بە دوو قاپ قاپی دەستی خشۆکەکەی دەڕواند ، مرۆڤێکی جوان و قژ زەرد و چاوشین بوو لە قوتابخانەی شەوانە خۆی ناونووس کرد بوو چوار پۆلی بڕی و بە جۆرێك دەیتوانی کتێب بخوێنێتەوە و مەراقی چووە سەر خەواندنی موگناتیسی . دوکانەکانی لە سەر جۆگا ئاوەکەی سەیسەروەر بوو لە کەرکووك، بە نمونە جارێك کە لای دانیشت بووم کیژۆڵەیەکی عەبادار بە جادەکەدا تێپەڕی . ڕووی دەمی لێکردم گووتی : ئێستا وا بکەم ئەو کچە ئاوڕبداتەوە ؟ گوتم : دەی با بزانین ، بڕوا بکەن ئەو کیژە نەک جارێك بەڵکوو سێ جار ئاوڕی لێمان دایەوە. لە سەر جۆگاکە بە دوو سێ مەتر لەو لاوەی دوکانەکەی ستونێکی کارەبا هەبوو کە دەستی بەتاڵ بووایە بە بەردۆکە نیشانی لە ستوونی ئەلەکتریکەکە دەگرت من بە چاوی خۆم بینیم ڕۆژێك نیشانشکێنیيەی لە بەر چاوم کرد پێمی گوت: بیست بەردۆکەم لە مشتدایە بە بۆچوونی چەند جار ڕاست لێی دەدەم پێم گووت : وەڵا نیشانشکێنیت ئەگەر ١٥ جار لە ستونەکە بدەیت، خۆ سوێندتان لە سەرم نییە سەید تەها هەژدە بەردی لە ستونەکەدا.
بێجگە لە لەحیمی تەنەکە لەحیمی ئۆکسجینیشی هێنایە دوکانەکەی بۆ خۆی پاسکیلێکی سێ پێچکەی دروست کرد و بە دەست پایدەرەکەی دەسوڕاندەوە، پاش چەند ساڵێکی دیکە لە سەردەمی کۆماریدا بوو مەکینەی ماتۆری خستە سەر پاسکیلەکەی و کابینەیەکی بۆ خۆی دروست کرد لە نایلۆنی دیووەر بۆ ئەوەی تەڕ نەبێت.
لە ساڵی ١٩٧٠دا ماڵم گواستەوە بۆ ڕەحیماوا و بە دەگمەن سەید تەهام دەبینی تومەز حکومەت ئۆتۆمبێلێکی پێداوە کە گشت ئامێری ئاژاوتنەکەی لە سوکاندا بوو ئیتر لەوە بەو لاوە دەبێتە شۆفێر و نەفەر دەگوازێتەوە بۆ بەغدا و بە پێچەوانە . پاش چەند ساڵێك بیستم کە لە گەشتێکدا تووشی کارەساتی لێکدان و مەرگ بووە.
ڕەوانیشاد بێت ئەو پیاوە دەگمەنەی گەڕەکی ئیمام قاسم، ئەوانەی کە سەردانیان دەکرد جگە لە من سێ برادەری دیکەيشی هەبوو بەکری مەلا عەبدوڵڵا کارەباچی عوسمانی محەمەد موختار و مامە کۆیی ( جەرجیس).