فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بازنەکانی شەرەف و بازنەکانی تێکشکان

 

خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی “نەفرەتی نەوبەهاران”

ئارام سدیق

هونەری ڕۆمان، هونەری ئاڵۆزکردنی دونیا نییە، بەڵکوو هونەری پیشاندانی ئاڵۆزییەکانی دونیایە. ئەوەی زۆرجار ڕۆمانێک وەکوو تەونێکی بەیەکداچوو دەردەکەوێت، ئەوە هێمایە بۆ ئاڵۆزییەکانی دونیا. بەڵام ئەوەی هەندێکجار نووسەرانێک هەوڵی ئاڵۆزکردنێکی دەستکردی جیهانی ڕۆمانێک دەدەن، ئەوە جۆرێک لە خۆشاردنەوەیە لە سێبەری ئاڵۆزکردن و هیچ نەگوتندا. ئاڵۆزکردن نیشانەی پرسیار زۆریی نییە، بەڵکوو هێمایە بۆ سەرلێشێواوی، بەڵام پیشاندانی ئاڵۆزیی نیشانەیە بۆ ئەوەی لە هەر پنتێکدا دەشێت پرسیارێک لەبارەی چیرۆکێک، یان وێنەیەک، یان سووچێکی ژیان بەرجەستە بێت. کاتێک ڕۆماننووس پرسیارێکی ڕوونی نەبێت لەبارەی چیرۆکێک، ڕووداوێک، یان چەمکێکەوە لە کوێوە دەست بە گێڕانەوە دەکات؟ بۆیە هونەری گێڕانەوە، هونەری خستنەڕووی پرسیار و ئەگەری بێشومار و گەڕانی بەردەوامیشە بەدوای وەڵامی پرسیارەکاندا. کاتێک پرسیارمان لە قۆناغەکانی گەشەی کۆمەڵگەیەک هەیە، نیشانەی ئەوەیە دەمانەوێت لە کۆمەڵگەکە و دیاردەکانی تێبگەین، هەر ئەمەيشە بەرەو ئەوەمان دەبات، کە لە ڕیشەی ئەو کێشە و دیاردانە تێ بگەین، کە لە کۆمەڵگەیەکدا دەردەکەون.

گێڕانەوەی کوردیی زۆرجار پرسیاری سەبارەت بە جەوهەری کێشەکانی نێو کۆمەڵگەکەی نەبووه‌، خۆ ئەگەر پرسیارێکیشی خستبێتەڕوو، پرسیارێک بووە گەلێک تەقلیدی و سنووردار و لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو، یان لە چوارچێوەیەکی بچووکدا نووسەری گێڕەرەوە لێی دواوە. بۆیە پڕکێشیی ئەوە دەکەین بڵێین گێڕانەوەی کوردی دوای بەختیار عەلی هەنگاوێک دەنێت بەڕووی ئەوەی پرسیاری جەوهەریی لە دیاردەکانی نێو کۆمەڵگە و ڕووداو و شکست و کێشەکان بکات، پرسیارگەلێک لە چەندین گۆشەنیگای جیاوازەوە و لە ڕیشەی کێشەکانەوە، نەک تەنها گۆشەنیگایەک، کە هەندێکجار وەکوو لای هەندێک ڕۆماننووس ترسنۆکانە دەبینرێت، بەڵکوو پرسیار لە جەوهەری کێشەکان لای بەختیار عەلی پتر لە ڕەهەندێک وەردەگرێت و هاوکات زۆر ناباوانە و لە جێگەیەکی دیکەوە لە ڕیشەی شتەکان دەڕوانێت، کە هەموان ناتوانن بیبینن. قووڵایی له ‌تێكسته‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌دا یه‌كێكیتره‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ دیاره‌كانی و ئەمەيش گرنگی ئەدەبیاتی ئەم نووسەرە زیاتر دەکات و دەیکاتە ئەدەبیاتێک، کە ڕووبەری شاراوه ‌و نوێ بەڕووی خوێنەردا ده‌کاتەوە، له‌ ناسینی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی لە فۆڕمە گشتییەکەیدا و تایبەتتر لە فۆڕمی کۆمەڵگەی داخراوی کوردیدا كۆمه‌كێكی زۆرمان پێده‌كات. به‌ڵام وه‌ستان و بینینی کێشە و دیاردە كوردی و خۆرهه‌ڵاتییه‌كان لای بەختیار عەلی مه‌به‌ست له‌ ڕوانگه‌، یان دیدێکی لۆکاڵیانە‌ نییە، بەڵکوو ئەو یه‌كێكه‌ له‌و نووسه‌رانه‌ی لە کۆدا و لەنێو سیاقێکی ڕۆژهەڵاتیی و لە دواجاریشدا گەردوونیدا لە کێشەکان و دیاردەکان دەڕوانێت. لێرەوەیە کە چانسی پەڕینەوەی ئەدەبیاتی ئەم نووسەرە بۆ دەرەوە چانسێکی بەهێزە، چونکە دوورە لە لۆکاڵ بینینی کێشەکان و یەکڕەهەندی دیاردەکان و بچووک بینینی ڕووداوەکان، بەڵکوو ئەو بەچاوێکی گەردوونی لە دیاردەکانی نێو دونیای کوردییش دەڕوانێت.

ئەگەر ورد و بەسەرنجەوە لە ئەدەبیاتی ئەم ڕۆماننووسە بڕوانین، دەبینین ئاره‌زووی بەختیار عەلی بۆ گێڕانەوە پەیوەندی بەوەوە نییە، کە ئەو تەنها حەزی لە گێڕانەوە بێت چەشنی حیکایەتخوانانی سەردەمی کلاسیک، بەڵکوو حەز و هونەری گێڕانەوە لای ئەم نووسەرە، هونەری هەڵکۆڵینی کۆمەڵگەیە بە سەرجەم ڕەهەندە سیاسی و ئه‌خلاقی و دینییه‌کانییەوە. هونەری هەڵکۆڵینی ڕیشە و دیاردەکانی ڕۆژهەڵاتە بە سەرجەم لق و لێکەوتەکانییەوە، بەڵام بە دیدگایەکی مەعریفییەوە، نەک تەنها دیدگایەکی حیکایەتسازانەوە، لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین بەختیار عەلی حیکایەتسازی لە پێویستی پاشخانی مەعریفی جیاناکاتەوە. واتە ئەم نووسەرە تەنها حیکایەتخوان نییە، بەڵکوو تیۆریزەکەری ئەو دونیایەیە، کە حیکایەتەکانی تێدا ڕوودەدات، ئەم خاڵە لە ئەدەبیاتی ئەم نووسەرەدا، کە زۆرجار هەندێک نووسەر وەکوو نەنگی تەماشای دەکەن، خاڵێکی گەلێک درەوشاوە و بەهێزە و هەر ئەمەيشە دەیکاتە نووسەرێک لەئاستی نووسەرە جیهانییەکانی چەشنی کۆندێرا و پاموک و یۆسا، چونکە ڕۆماننووسی مۆدێرن تەنها حیکایەتساز نییە، بەڵکوو تیۆریزەکەری ئەو دونیایەيشە، کە حیکایەتەکانی تێدا ڕوو دەدەن و دیاردەکانی بە ئاراستەی جۆراوجۆردا هەڵدەکشێن. حیکایەتەکان لەنێو ئەدەبیاتی مۆدێرندا وەستاو نین، بەڵکوو ئەوانیش پێبەپێی سەردەمەکە و جوڵەکانی ڕۆژگار توانای جوڵە و بزوانیان هەیە.

مرۆڤ لە ئەدەبیاتی مۆدێرندا تا ئاستی دووکەرتبوون وەک لای ساراماگۆ لە “هاوشێوەکانی پیاوێک”دا دەیبینین، دەڕوات. لە مەسخی کافکادا دەبێتە دەعەجانێکی گەورە، بەڵام ئەم مرۆڤە ئەگەرچی تێکدەشکێت، بەڵام نابەزێت وەکوو لای هەمەنگوای بەری دەکەوین. بۆیە پێگەی مرۆڤ ئەو پێگە ئاساییە نییە، کە لە ئەدەبیاتی کلاسیكدا لەنێو حیکایەتەکاندا بوو، بەڵکوو لێرەدا جۆرێکی دیکە دەردەکەوێت، کە زۆرجار دەرکەوتنێکی ڕەمزییە، وه‌ك وێنه‌ی گیلاس له ‌نه‌فره‌تی نه‌وبه‌هاراندا یان تارماییەکە وەکوو لای کالڤینۆ لە “سوارچاکی نەبوو”دا خۆی نمایش دەکات، بەڵام تارماییەکە کاریگەرە، کە توانای ئاراستەکردنی مێژووی هەیە، یان مێژووی خۆی دەخوڵقێنێت.

“نەفرەتی نەوبەهاران”، حیکایەتی تارمایی مرۆڤێکە، یان سێبەر-وێنەی مرۆڤێکە، کە کاریگەریی لە خودی مرۆڤەکە زیاترە، هەر لێره‌وەیه‌ کە پەیوەستبوونی دڵی حیکایەتەکە لەگەڵ تێمەی سەرەکی چیرۆکەکە یەک دەگرنەوە. ئەویش بەوەی کاتێک باس لە هاتنی دیاردەیه‌کی مۆدێرن دەکەین (کامێرا بە نموونە وەک لە ڕۆمانەکەدا هەیە) دەشێت ئەو کاریگەرییە لەسەر مرۆڤەکان بەدەر بخەین لەڕێی حیکایەتێکی لە چەشنی حیکایەتی وێنەکەی “گێلاسی نەوبەهاران”ـەوە، کە توانای چەندینجار سووتان و زیندووبوونەوەی هەیە، چەشنی سەمەندەرێک، کە هەمووجارێک لە خۆڵەمێشی حیکایەتێکی دیکەوە وێنەکە لە دایک دەبێتەوە و کاریگەرییەکانی بێجگە لە مێژوو و زەمەن، لە دواجاریشدا وڵات و سنوورەکانیش دەبڕێت. بۆیە هاتنی مۆدێرنە بۆ کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی هاتنێکی ئاسایی نییە، چونکە هیچ ئامادەگییەکی مەعریفی و کولتووریی بۆ هاتنی ئەو دونیایە لە ئارادا نییە، کە لە هەزاران بازنەی بەیەکداچوو دەچن و هەر بازنەیەک دەشێت دونیایەک لێکەوته‌ لە کۆمەڵگەدا بەجێبهێڵێت. لەم نووسینەدا هەوڵی قسەکردن لە چەند بازنەیەکی کەمی ئەم دونیایە دەدەین، کە مۆدێرنە لە کۆمەڵگەیەکی ڕۆژهەڵاتیدا دەیخاتەڕوو، هەڵبەت قسەکردنەکە لە چوارچێوەی ئەو دونیا چیرۆکئامێزەی ڕۆمانی “نەفرەتی نەوبەهاران”ی بەختیار عەلی دایە، نەک بە شێوەیەکی گشتی و فراوان، چونکە ئەم بابەتە گەلێک فراوان و فرە ئاستە.

نەفرەتی نەوبەهاران، لەنێوان چیرۆکسازیی و ڕۆمانسازیدا

بەرلەوەی باس لە ناوەرۆکی ڕۆمانی “نەفرەتی نەوبەهاران”(1) بکەم، دەمەوێت باس لە لایەنێکی ئەم ڕۆمانە بکەم، کە بۆ من جێگەی سەرنجە، ئەویش لەم ڕۆمانەدا من بەر دوو فیگۆری نووسەر دەکەوم یەکەمیان بەختیار عەلی چیرۆکنووسە، ئەوی دیکەیان بەختیار عەلی ڕۆماننووسە، کە لەم تێکستەدا ئەم چیرۆکنووس و ڕۆماننووسە پێکەوە کۆبوونەتەوە بۆ نووسینی “نەفرەتی نەوبەهاران”.

چیرۆک و ڕۆمان دوو ژانرن چەندە لە یەکتری نزیکن هێندەيش لەیەکتری دوورن، ئەم نزیکی و دوورییە بووەتە دوالیزمێک، کە بەشێک لە نووسەران لەبارەیەوە بدوێن، بەڵام بەختیار عەلی دێت و لەم ڕۆمانە نوێیەدا هەردوو ژانرەکە تێکەڵ دەکات بە هەموو ناکۆکییەکانیانەوە و هارمۆنییەتێکیش لەنێوانیاندا دروست دەکات، کە دەشێ وەکوو ئەزموونێکی نوێی دونیای گێڕانەوەی کوردی سەیری بکەین.

نەفرەتی نەوبەهاران؛ پێکهاتووە لە دوازدە چیرۆک، بە کۆبوونەوەی ئەم دوازدە چیرۆکە، ڕۆمانەکە دروست بووە، بۆیە ناونانی هەر بەشێک لەم دوازدە بەشە بە (چیرۆکی یەکەم تا دوازدەیەم) لەڕووی گێڕانەوەناسییەوە جۆرێک لە ئاڵەنگاریی گێڕانەوەیە، کە دەشێت نووسەر دوو ئامانجی گرنگی هەبێت. یەکەم: بەرپەرچدانەوەی ئەو ڕوانینانەی کە چیرۆک و ڕۆمان بە دژی یەکتری وەسف دەکەن. دووەم: بەرپەرچدانەوەی ئەو قسەیەی نووسینی چیرۆک سەختترە لە ڕۆمان، بۆیە تا ئێستا بەختیار عەلی چیرۆکی نەنووسیوە، بەڵام لێرەدا ئەو ڕیسکە دەکات لە ڕێی دوازدە چیرۆکەوە ڕۆمانێک دەخولقێنێت.

یەکێک لەو باس و کێشمەکێشانەی جیهانی گێڕانەوە، باسکردنە لە لێکچوون و جیاوازییەکانی نێوان هەردوو ژانری چیرۆک و ڕۆمان، کە زۆرجار بە دوو ژانری گەلێک جیاواز باس دەکرێن، ئەوەی ئەم جیاوازییەی زەقتر کردووەتەوە لێدوانی ئەو نووسەرانەیە، لەبارەی ئەم دوو ژانرەوە دواون کە تاڕادەیەک لێدوانی جیاوازن. گوتەیەکی چیرۆکنووسی کەنەدی “کاسرین مانسفێڵد” هەیە دەڵێت “ڕۆمان فۆڕمێکی درێژکراوەی کورتە چیرۆک نییە.”(2) ئەو ئەم گوتەیەی لە ئەزموونی خۆیەوە کردووە، کە چەندینجار هەوڵیداوە ڕۆمان بنووسێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. ئەم گوتەیە نیشانەیە لەسەر ئەوەی کە ئەم دوو ژانرە (چیرۆک و ڕۆمان) دوو ژانری جیاوازن و وەکوو د. حسێن پایندە باسی دەکات لە دوو ترادیسیۆنی جیاوازی ئەدەبییەوە سەریان هەڵداوە و جیاوازیی نێوانیان زیاترە لەوەی لە ڕووی چەندایەتییەوە بێت، لە ڕاستیدا لە ڕووی چۆنایەتییەوەیە.(3) کورتەچیرۆک لە سەدەی نۆزدە و دوای سەدەیەک لە سەرهەڵدانی ڕۆمان، لە ئەوروپا و ئەمریکا بە شێوەی ژانرێکی نوێ سەری هەڵدا و بە خێرایی برەوی پەیدا کرد و یەکێک لە هۆیەکانی ئەو برەوپەیداکردنە کورتیی کورتەچیرۆک بوو، کە دەتوانرا لە ڕۆژنامە و گۆڤارە مانگانە و هەفتانە و تەنانەت ڕۆژانەکانیشدا بڵاو بکرێنەوە. بەڵام ئەم ئیمکانە بۆ ڕۆمان بەردەست نەبوو، دەبوو بەشێوەی بەش بەش بڵاوبکرێتەوە و ئەمەيش زۆرجار دابڕانی لای خوێنەر دروست دەکرد. لەوێوە گەشەی کورتەچیرۆک دەستی پێکرد، بەڵام گەشەی ڕۆمانیش بەردەوامیی هەبوو، لەگەڵ ئەمەيشدا گەلێک نووسەری گەورەی جیهانی هەن، کە تەنها کورتە چیرۆکیان نووسیوە و ڕۆمانیان نییە بۆ نموونە ئەنتۆن چیخۆف، یان خۆرخە لویس بۆرخیس، کە دوو نموونەی گەلێک دیاری دوو جەمسەری جیهانن و تەنها خاوەنی کورتەچیرۆکن و ڕۆمانیان نەنووسیوە.

د. حسێن پایندە جیاوازی زۆر لەنێوان ئەم دوو ژانرەدا دەخاتەڕوو هەر لە کاراکتەرسازییەوە تا دەگاتە پڵۆت و شێوازی گێڕانەوە. بۆ دەرخستنی ئەم بابەتەيش نموونە لە ڕۆمانێک و کورتەچیرۆکێکی هۆشەنگ گوڵشیری دەهێنێتەوە و لەوێدا دەردەکەوێت ئەو دەستپێکەی کە گوڵشیری بۆ ڕۆمانەکەی بەکاری هێناوە گەلێک وردەکاریی و تایبەتمەندی ناساندنی کاراکتەرەکان و کێشەکانیانی تێدایە، کە لە دەستپێکی چیرۆکەکەیدا، (کە هەردووکیان بە ڕاناوی کەسی یەکەم دەگێڕدرێنەوە) بەو شێوەیە و زیاتر پیشاندانی بارێکی ئەو چیرۆکەیە، کە نووسەر خۆی مەبەستییەتی. پایندە ئاماژە بۆ ئەوەيش دەکات، کە دەستپێکی ڕۆمان پێویستی بە ڕێگەخۆشکردنە بۆ درێژەپێدان و بەره‌وپێشبردنی دواتری ڕووداوەکان. لە زەمینەخۆشکردندا، ڕۆماننووس دەبێت کات و شوێنی چیرۆکی ڕۆمانەکە ئاشکرا بکات، کاراکتەر یان کاراکتەرە سەرەکییەکان بە خوێنەر بناسێنێت. بەڵام لە چیرۆکدا ئەم هەموو وردەکارییە پێویست نییە.

پایندە لە کۆتاییدا دوای سەیرکردنی هەردوو ڕۆمان و چیرۆکەکەی گوڵشیری دەگاتە ئەو ئەنجامەی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە وەکوو سەیرکردنی فیلمێکی سینەمایی وەهایە، بەڵام خوێندنەوەی چیرۆکەکە وەکوو سەیرکردنی فۆتۆیەک وەهایە. ئەم خاڵە دەبێتە جیاوازییەکی بنەڕەتی نێوان هونەری ڕۆمان و هونەری چیرۆکنووسی، کە ئەم نووسەرە هەوڵی یەکلاییکردنەوەی ئەم جیاوازییانەی لە ڕوانگەی بەرهەمەکانی گوڵشیری داوە.

ولیەم فۆکنەر گوتەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە ئەو دەڵێت “نووسینی کورتەچیرۆک لە نووسینی ڕۆمان تاقەتپڕوکێنەرترە.”(4) فۆکنەری خاوەنی ئەم ڕستەیە نووسەری چەندین ڕۆمانی بەناوبانگە، بەڵام کۆمەڵێک چیرۆکی گەلێک قەشەنگیشی هەیە، کە چیرۆکەکانیشی هێندەی ڕۆمانەکانی بەناوبانگن.

پرسیاری من لێرەدا ئەوەیە ئەو نووسەرەی کە تا هەنووکە چیرۆکی نەنووسیوە، بۆچی دێت و ڕۆمانێک بە لێكێدانی دوازدە چیرۆک دەنووسێت. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هونەری گێڕانەوە لای بەختیار عەلی گەڕان و ئەزموونکردنە لەنێو دونیای گێڕانەوەدا. بۆیە ئەگەر سەرنجی فۆڕمەکانی گێڕانەوە بدەین لە ڕۆمانەکانیدا هەست بە جیاوازی دەکەین، بەڵام لە نەفرەتی نەوبەهاراندا ئەم جیاوازییە زەقتر دەبێتەوه‌ کاتێک دێت و هەر بەشێکی ڕۆمانەکە لەبری ئەوەی ناوی (بەش، پاژ، ناونیشان، ناونان، یان ژمارە)ی لێ بنێت دێت و دەنووسێت (چیرۆک) لەیەکەوە تا دوازدەیەم.

هونەری گێڕانەوە، هونەری ڕیسککردنە، ئەو نووسەرەی توانای ڕیسککردنی نەبێت نووسەرێکی داهێنەر نییە، داهێنان هەمیشە لە ڕیسکەوە دەخولقێت، ئەم کارەی بەختیار عەلی لەم ڕۆمانەدا جۆرێکە لە (گرێدانەوە/ ئاشتکردنەوە)ی هەردوو ژانرە دژەکە لەنێو بۆتەی دەقێکی نوێدا. ئەمەيش گەڕانی نووسەرە بۆ ئیمکانێکی نوێ لە دونیای گێڕانەوەدا و هاوکات جۆرێک لە مەشق و تاقیکردنەوەی خودی خۆیشی لە دونیای گێڕانەوەدا، چونکە نووسەرە ئەزموونگەرەکان هەمیشە توانا گێڕانەوەییەکانی خۆیان تاقی دەکەنەوە و ئۆرهان پاموک یەکێکە لەو نووسەرانە و لە هەر بەرهەمێکیدا بەر دونیایەکی نوێی گێڕانەوە دەکەوین. بۆ نموونە ئەوەی لە ڕۆمانی “بەفر”دا دەیگێڕێتەوە جیاوازە لەو گێڕانەوە پۆلیفۆنییەی رۆمانی “من ناوم سوورە” و ئەمیش جیاوازە لە گێڕانەوە لە رۆمانی “شەوانی تاعوون”دا. هەڵبەت ئەویش گەلێک خاڵی جیاکەرەوەی هەیە لەگەڵ ڕۆمانێکی وەکوو “ماڵی بێدەنگ”. ئەم چوار رۆمانەی پاموک لەڕووی گێڕانەوە سازییەوە گەلێک لە یەکتریی جیاوازن، هەر ئەمەيش دەبێتە خاڵی بەهێزی هونەری گێڕانەوە لای ئەم نووسەرە.

بەختیار عەلی دەمێکە کۆڵی لەوه‌ داوە بیسەلمێنێت گێڕەرەوەیەکی بەتوانایە، بەڵکوو ئەو ئێستا بۆتە گێڕەرەوەیەک، کە توانای ڕیسککردن و خولقاندنی جیاوازی هەیە. لە نەفرەتی نەوبەهاراندا هەر چیرۆکێک لە ڕۆمانەکەدا بە سەربەخۆیی مانا و وێنەیەکی تەواو دەدات بە خوێنەر، هەر بۆیە ناوی چیرۆکی لێناوە. هەر چیرۆکێک لەم بەشانە ڕووداو و کاراکتەری تایبەت بەخۆی و پڵۆتی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام لەنێوان چیرۆکەکاندا کاراکتەری هاوبەش هەیە و هاوکات وێنەکەی گێلاسی نەوبەهاران خاڵی هاوبەشی تەواوی چیرۆك و بەشەکانی ڕۆمانەکەیە. بۆیە لەم ڕۆمانەدا بەختیار عەلی سەرەتا ئەزموونی چیرۆکنووسی تاقیدەکاتەوە و دواتر لەڕێی لێكدان و هێزی گێڕانەوەوە لەڕێگەی چیرۆکسازییەوە دەبێتەوە بە ڕۆماننووس و لێرەيشدا دەیەوێت وەکوو ڕۆمانسازێک لە دونیای گێڕانەوەی کوردیدا جێگەیەکی دیکەی تاقینەکراوە ئەزموون بکات، کە پێش ئەم نووسەرە بەمشێوەیە کاری تێدا نەکراوە. بۆیە گێڕانەوە لە نەفرەتی نەوبەهاراندا گێڕانەوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکوو گەمەکردنێکی نوێی نووسەرە لەنێوان چیرۆکسازیی و ڕۆمانسازیدا و کۆکردنەوەی هەردوو ژانرەکەیە لەسەر خوانێکی هاوبەش تا خوێنەر بۆ ئەزموونێکی نوێی گێڕانەوە داوەت بکرێت.

بازنەکانی جوانی

یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی پشت سەرجەم ڕووداوەکانی ڕۆمانی “نەفرەتی نەوبەهاران” شەیدایی کامیل ئاغایە بۆ جوانی، ئەو هەر لە گەنجییەوە و دوای ئەوەی کامێرایەک دەکڕێت، ئیدی دەکەوێتە وێنەگرتنی کچان و ژنانی جوانی گوندەکەی و دواتریش وێنەی ئەو کچ و ژنانە دەگرێت، کە ئەو شارانەی سەفەریان بۆ دەکات لە تیاترۆ و شوێنەکانی دیکەدا دەیانبینێت. لێرەوە کامیل ئاغا وەک فیگۆرێکی عاشق بە جوانی دەردەکەوێت و ئەم عەشقەيشی بۆ جوانی دەبێتە هۆی ئەوەی دوای نەخۆشکەوتنی “گێلاس”ی هاوسەری وێنەیەکی ڕووتی خێزانەکەی خۆی بگرێت لەپێناو پارێزگاریکردن و هێشتنەوەی جوانییەکەی (ئەگەر لە وێنەیەکیشدا بێت).

ئەو بە خەونی نەمرکردنی جوانیی هاوسەرەکەیەوە وێنە ڕووتەکە دەگرێت و خوێنەر لەوێدا کامیل ئاغایەکی عاشق بە جوانی، یان جوانپەرستێک دەبینێت، نەک کامیل ئاغایەکی چێژخوازی سێکسباز. (ئەگەرچی هیچ مرۆڤێک لەوەيش بەدەر نییە و ئەمەيش حاڵەتێکی ئاساییە) به‌كورتی ئەم جوانییە دەبێتە هۆکاری هەموو کێشەکانی دیکەی دواتر کە ژیانی خۆی و خانەوادەکەی و عەشرەتەکەی وێران دەکەن.

ناکرێت ئێمە تەنها پرسیاری ئەو ترسانە بکەین، کە لە کۆمەڵگەدا لە جەستە و ڕووتی هەیە، بەڵکو دەشێت هەر لەم ڕۆمانەوە پرسیار لەوە بکەین، کە ڕووتی چەندە گرنگە، چۆن کامیل ئاغا عاشقی جەستەیەک دەبێت و لە ڕێی وێنەیەکەوە هەم تەقدیسی دەکات، هەم دەیەوێت نەمری بکات. ترسێک کە لە کۆمەڵگەدا لە جەستەی ڕووتی ئافرەت هەیە وەکو تەنێکی فیتنەباز و کەتنخەرەوە. لای کامیل ئاغا تەنێکە دەبێت نەمر بکرێت و ترسەکە تەواو پێچەوانەیە بەو پێیەی ئەو دەترسێت لە دەستی بدات. بۆیە لە جێگەیەکدا دوای ئەوەی وێنەکە دەگرێت دەڵێت “بەوجۆرە هەرگیز لە دەستت نادەم.”(5) بەڵام دەشێ بپرسین ئەم شەیداییە بۆ جوانی و جوانپەرستییە تا کوێ بڕ دەکات و لە کوێدا دەبێتە نەفرەت و ئازار؟

بێگومان نەمرکردنی جوانی لە ڕێی وێنەیەکەوە و زیندانیکردنی وێنەکە لە باوڵێکی قوفڵدراودا تەنها بۆ دڵنیایی هێشتنەوەی جوانییە، کە پێویستە نەمر بکرێت. بەڵام ئەوکاتەی گورجی (خزمەتکاری ماڵی کامیل ئاغا) وەک جۆرێک لە تۆڵەکردنەوە (لە گێلاسی هاوسەری کامیل ئاغا) وێنەکە دەدزێت و بۆ مەرامی خۆی بەکاری دەهێنێت، ئیدی وەزیفەی جوانی لە مانا جوانپەرستییەکەیدا کۆتایی دێت و جوانی لەبری ئەوەی ئاسوودەیی بۆ ڕۆح بهێنێت و نەمر بکرێت، دەبێتە نەفرەتێکی هەمیشەیی و بەدوای کامیل ئاغا و سەرجەم بنەماڵەکەی دەکەوێت. بەڵام دیسان گرنگە بپرسین چۆن جوانیی دەبێتە ئازار و نەفرەت؟ ئایا هەموو جوانییەک ئەم وەزیفەیە وەردەگرێت؟ بێگومان نەخێر ئەوە تەنها جوانی ئافرەت و ڕووتبوونەوەیەتی لە کۆمەڵگەیەکدا، کە ڕووتبوونەوەی ئافرەت گرێدراوی چەمکی شەرەف و حەیایە ئەو وەزیفەیە وەردەگرێت. لێرەوە دەشێت کەمێک بگەڕێینەوە بۆ بەکارهێنانی ڕیشەی چەمکی جوانی لای ئەم نووسەرە و دوو تێکستی وەردەگرین، کە کۆمەکمان دەکەن بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە وەزیفەی جوانی لەم ڕۆمانەدا.

سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بە قسەیەکی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی بکەم، کە لای ئەو “ئەوەی دونیا ڕزگار دەکات جوانییە.” بەڵام لە ڕۆمانی نەفرەتی نەوبەهاراندا ئەوەی کارەسات دەنێتەوە جوانییە. واتە جوانی هەمیشە پاک و بێگوناهـ نییە، بەڵکوو جوانییش دەشێت کارەسات بنێتەوە وەکوو لەم ڕۆمانەدا بەری دەکەوین، کە جوانییەکەی گێلاسی نەوبەهاران دەبێتە نەفرەتێک بۆ خێزان و عەشرەت و وڵاتێک.

بەختیار عەلی لە شیعری “هەمیشە جوانییەکی کوشندە هەیە، کە ئازارمان دەدات”(6) لەوێدا وەزیفەی جوانی لە مانا باوەکەی لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی دەستێنێتەوە، کە بەخشینی چێژە و لەوێدا وەزیفەی جوانی دەبێتە وەزیفەیەکی ئازاردەر. بۆیە لە شیعرەکەدا لەگەڵ هەر بینینێکی جوانیدا بەرلەوەی چێژ ئامادەیی هەبێت ئازار ئامادەیی هەیە. ئەوەی شاعیر لەم شیعرەدا دەیخاتەڕوو و لە هەر وێستگەیەک پێی دەگات لە سروشتەوە تا گەیشتنی بە دواخاڵی ژیانێکی مۆدێرن و لەگەڵ بینینی هەر جوانییەکدا ئازار دەچێژێت، ئەمە نیشانەی دەستکاریی کردنێکی ڕیشەیی ئەو هاوکێشەیەیە، کە جوانی لە مانا باوەکەی دادەماڵرێت، کە تەنها بۆ چێژ بێت، بەڵکوو جوانی لای جوانپەرستان زۆرجار دەبێتە مایەی ئازار، نەک چێژی ڕووت.

ئەو قسەیەی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی کە جوانی دەبەستێتەوە بە ڕزگارییەوە، لای بەختیار عەلی لە شانۆنامەی “میوانێک لە سەرزەمینێکی دوورەوە”(7) ئەمیش پێچەوانە دەبێتەوە و ئەو حۆرییەی دەستگیر دەکرێت دەبێتە قوربانیی جوانییەکەی و لەبری ئەوەی ببێتە هۆی ڕزگاریی بۆی لە شانۆنامەکەدا جوانی دەبێتە هۆی دیلێتی و هەر بە کۆیلەیەتی دەیهێڵنەوە و ئەمەيش لەپێناو پاراستنی ئەو جوانییەدا، کە بمێنێتەوە و کێشە نەنێتەوە. لێرەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە جوانی لای بەختیار عەلی هەرگیز پاک و بێخەتا نییە، بەڵکوو هەمیشە کێشەسازە. ئەگەر جوانی لە “میوانێک لە سەرزەمینێکی دوورەوە”دا بۆ ئەوەی نەمر بێت ئەم خاڵە لای کامیل ئاغايش هاوبەشە و ئەویش دەیەوێت وێنە جوانەکەی ژنەکەی بۆ هەمیشەیی نەمر بکات. بەڵام ئەم شاردنەوەیە هەمیشەیی نییە و زوو کەشف دەبێت و لێرەوە جوانی دەبێتە چەقی کێشەکان و هەموو ڕووداوەکانی دیکە، کە دێنە نێو ژیانی کامیل ئاغا و کەسانی عەشرەتەکەی بەهۆی ئەوەوە ڕوو دەدات.

ئەو ترسەی کامیل ئاغا لە نەمانی جوانی و هەوڵدان بۆ شاردنەوەی لە سندووقێکدا و دواجار کەشف بوونی کارێک دەکات “جوانی” ببێتە چەقی هەموو ڕووداوەکان، بەڵام جوانییەکی ئاسایی نا، بەڵکوو جوانی جەستەی ڕووتی ژنێک، چونکە (وەک گوتمان) هەموو جوانییەک کێشەساز نییە، بەڵکوو ئەوە جوانی جەستەی ڕووتی ژنە لە کۆمەڵگەیەکی ڕۆژهەڵاتیدا، کە دەبێتە کێشە. بۆیە جوانی لەم ڕۆمانەدا چەقە و هەموو شتەکانی دیکەی بەدەوردا دەخولێتەوە. با بە وردی لەم نەخشەیە ڕابمێنین:

وەک دەبینین یەکەم کێشە کە جوانی دەینێتەوە کێشەی “شەرەفە”، دواتر سەر دەکێشێت بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و لەوێوە “کوشتن” ڕوو دەدات و یەکەم کوشتنیش بە تەسلیم کردنەوەی کەمال ئاغای برای کامیل ئاغا دەست پێ دەکات، بەڵام ئەمە کۆتا کوشتن نییە، بەڵکوو سه‌ره‌تایه‌كه‌ و کوشتاری دیکەی بەدوادا دێت. بەڵام لەوێوە دەپەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کامیل ئاغا تفەنگ لەگەڵ حکومەت دژی شۆڕشگێڕان هەڵبگرێت و بەرگی “جاشایەتی” بپۆشێت و بەمەيش قوربانیی بە گیانی خۆی و کەسانی نێو عەشرەتەکەی بدات. دواتر جوانی دەبێتە هۆی مراندنی “گێلاسی نەوبەهاران” خاوەنی وێنە ڕووتەکە بۆ ماوەیەکی زۆر و لە ژێرزەمینێکی تەنیادا دەژی. دواتر دەبێتە وەسیلەیەک بۆ تۆڵەکردنەوە، کە ئەمیش لە فیگۆری “زۆزان و شەمدین”دا خۆی دەبینێتەوە.

بێگومان ئەو بازنەیەی بەدەوری جوانییدا دروست بووە، ڕیشەکەی لای کامیل ئاغایە، چونکە ئەو هەستە بەردەوام لەگەڵیدا بوو تا کۆتا هەناسەکانی پێش ئەوەی چاوەکانی لێک بنێ، تەنیا توانی بڵێت “چەند جوانە، خودایە چەند جوانە.”(8) بۆیە لەڕۆمانەکەدا کامیل ئاغا ئەو پیاوەیە هەستی جوانپەرستی بووە هۆی ئەوەی خۆی و خانەوادەکەی بەر نەفرەتێکی هەمیشەیی بکەون و گیانی خۆیشی هەر لەسەر ئەوە دابنێت، نەفرەتێک کە من ناوی دەنێم “نەفرەتی جوانی”.

یەکێک لەو خاڵانەی دەمانباتەوە بۆ تەفسیرێکی دیکەی وێنە ڕووتەکە زۆزانی کچی گێلاسی نەوبەهارانە ئەو لە کۆتاییەکانی ڕۆمانەکەدا کە کەڵکەڵەی تۆڵەکردنەوە لەسەری داوە لە جێگەیەکدا بە براکەی دەڵێت: “فێربە وەک وێنەی مێردێکی عاشق سەیری بکەیت، کە نەیویستووە مردن بۆ هەتاهەتایە جوانییەکەی بڕفێنێت.”

لێرەدا زۆزان بینینێکی تر بۆ وێنەکە دەخاتەڕوو و کە بینینەکەی لەوەی باوکییەوە نزیکە و ئەو نەک کامیل ئاغا تاوانبار ناکات بەوەی وێنەی ڕووتی هاوسەرەکەی گرتووە، بەڵکوو ئەویش دەیبەستێتەوە بە چەمکی جوانییەوە، کە باوکی ویستوویەتی جوانییەک بۆ هەمیشەیی نەمر بکات، نەک کێشە بۆ “شەرەف”ی خۆی و خێزانەکەی دروست بکات.

بازنەکانی شەرەف

ڕۆمان لای بەختیار عەلی پێناسە کلاسیکییەکان تێدەپەڕێنێت و پێناسەی نوێ لە خۆ دەگرێت. “ڕۆمان پێکدادان و بەرکەوتنی گەردوونی گەورە و گەردوونی بچووکە. بەریەککەوتنی خواستە گەورەکانی مێژووە لەگەڵ خواستە بچووکەکاندا.”(10) لەلایەکی ترەوە ڕۆمان لای ئەم نووسەرە لەگەڵ ئەوەی وەک میشیل بۆتۆر دەڵێت “تاقیگەی گێڕانەوەیە.”(11) هاوکات ڕۆلان بارت گوتەنی “کلیلی ناسینی جیهانیشە.”(12) بەڵام ناسینی ئەم جیهانە تەنها بۆ خۆی نییە، بەڵکوو جیهانێک بۆ خوێنەر دەگوێزێتەوە، یان چەمکێک، یان چەمک گەلێک دەداتە بەر باس کە لەو گۆشەیەوە لێی نەڕوانراوە.

چەمکێک کە بەدرێژایی سەدەکان هەمیشە برینی سەر دڵی کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان بووە چەمکی “شەرەف”ـە. چەمکێک کە هەردوو ڕەگەز بەبێ جیاوازیی قوربانی دەستی ئەم چەمکەن، بەڵام ئەوەی دیارە لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتدا (بە حوکمی ئایینسەنتەری) ئەم چەمکە بە مێینەوە پەیوەست دەکرێت و خۆ ئەگەر چەمکەکە بە نێرینەيشەوە بلکێنرێت ئەوا بەهۆی مێینەیەکەوەیە. بەڵام بەختیار عەلی دێت و بەرگی ساختەی سەدان ساڵە لەسەر ئەم چەمکە لا دەدات و شەرەف ئەگەر هەبێت تەنها بۆ مێینە ناگەڕێتەوە (وەک لە ڕۆمانەکەدا لە ڕێی وێنە ڕووتەکەی گێلاسی نەوبەهارانەوە گوزارشتی لێ دەکرێت)، بەڵکوو ئەگەر شەرەف هەبێت ئەوا بۆ نێرینەيش بە هەمان شێوەیە (لە ڕۆمانەکەدا لەڕێی بڵاوبوونەوەی پیاوانی سەردانکەری ماڵی حەوت خانمەوە بەدیار دەکەوێت).

بۆ ئەوەی بە وردەکاریی بەکارهێنانی ئەم چەمکە بگەین لای بەختیار عەلی سێ نموونە لە سێ ڕۆمانی جیهانی دەهێنمەوە، کە هەر سێکیان لەسەر چەمکی شەرەف کاریان کردووە.

یه‌كه‌م: ئەلێکساندەر دۆما، لە ڕۆمانی “شەرەف و شەیتان”دا(13) لە ڕێی گێڕانەوەی حیکایەتێکی سەدەی هەژدەیەمەوە دەگەڕێتەوە بۆ باسکردن لە چەمکی شەرەف و لەوێدا شەرەف تەنها لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتیدا دەهێڵێتەوە و پیشان دەدات. ڕۆمانەکە باس لە ململانێی خێزانە ئەرستۆکراتەکان و دەسەڵاتخوازەکانی سەدەی هەژدەی فەرەنسا دەکات و لەنێو ئەو ململانێیانەدا لێکەوتەکانی چەمکی شەرەف دەردەکەوێت، بەڵام دەرکەوتنێکی کۆمەڵایەتیانە و تەنها لەو چوارچێوەیەيشدا دەمێنێتەوە. “گاستن” کە پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە و زیندانە و خۆشەویستەکەی لە دەرەوەی زیندانە لە یەکێک لە دیالۆگەکاندا دەڵێت “بۆ ئەوەی بەدناو نەبێت، من دەبێ هێلین لە خۆم مارە بکەم.”(14) لە لاپەڕەی دواتردا کە هۆکاری ئەم بڕیارەی لێ دەپرسن کە ئەو لە زیندانە و ئەگەری ئەوەی هەیە لەسێدارەی بدەن ئیدی بۆچی هێلین مارە دەکات دەڵێت “ئەگەر من پێش ئەوەی کە مارەی بکەم بمرم، هەموو کەس وا بیر دەکەنەوە، کە ئەو خۆشەویستی من بووە و بەمشێوەیە شەرەف و نامووسی نامێنێ و تا کۆتایی تەمەنی بە بەدناوی دەمێنێتەوە”(15) لە کۆتاییدا ئەوەيش دەخاتەڕوو، کە ئەگەر ئەو دواتر بشمرێت ئەوا هێلین دەتوانێت بە سەربەخۆ و بە شەرەفەوە بژی.

وەک دەبینین لای ئەلیکساندەر دۆما شەرەف تەنها گرێدراوی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییەیە، کە دوو خۆشەویست لەسەری ڕێک دەکەون و ئەم چەمکە هیچ کاریگەرییەکی تری لەسەر هیچ لایەنێکی دیکەی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە نییە.

دووه‌م: ئەلیف شەفەق لە ڕۆمانی “شەرەف”دا(16) چیڕۆکی کوڕێک بەناوی “ئەسکەندەر” دەگێڕێتەوە، کە بە بیانووی “شەرەف” هەوڵی کوشتنی دایکی دەدات، بەڵام خوشکە جمکەکەی دەکوژێت، (واتە پوری خۆی دەکوژێت) و بۆ ئەمەيش دەچێتە زیندانەوە ئەم کردەیە لە ڕێی ھاندانی مامییەوە دەکات و سەرەنجام حوكم ده‌درێت به‌ پانزە ساڵ ‌زیندانی. بێگومان ڕۆمانەکە پیشاندانی گەلێک دیوی دۆخی خێزانی کورد و تێکەڵبوونیانە بە شارە گەورەکان و گەیشتنیان بە ئەوروپای تێدایە، بەڵام کۆی چیرۆکەکە کارکردنە لەسەر ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەی چەمکی شەرەف کە لە ڕۆژهەڵاتدا هەیە، بەڵام لای شەفەقیش خستنەڕووی ئەم چەمکە بە هەمان شێوە تەنها لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتیدا چەمکەکە دەخولێتەوە و هیچ ڕەهەندێکی دیکە وەرناگرێت.

سێیه‌م: کۆتا نموونە کە دەمەوێت باسی بکەم ڕۆمانی “بەردبارانکردنی سوورەیا”(17)یە. ئەم ڕۆمانە لە نووسینی فەریدوون ساحێبجام-ـە. نووسەر لەم ڕۆمانەدا کاری لەسەر “کوشتن بە بیانووی نامووس” و چیرۆکی ڕۆمانەکە گیڕانەوەی ژیانی ژنێکە کە پیاوەکەی دەیەوێت لێی جیا ببێتەوە، بەڵام بەهانەیەکی دەست ناکەوێت و سووریشە لەسەرە ئەوەی لێی جیاببتەوە، بەڵام دەیەوێت نەفەقەی نەکێشێت و بە یەکجاری دەستبەرداری ببێت. بۆیە بەبیانووی بوونی پەیوەندی ناشەرعی و تۆمەتی خیانەتی دەداتە پاڵی و “لەڕێی بەرتیلدانەوە” شاهیدی لەسەر دەگرێت تا دەیگەیەنێتە حاڵەتی بەردبارانکردن و دواجاریش بە مەرگی کۆتایی بە ڕۆمانەکە دێت.

وەک دەردەکەوێت لە هەرسێ ڕۆمانەکەدا کار لەسەر چەمکی “شەرەف” کراوە، بەڵام هەر نووسەرە و لە گۆشەنیگا و دونیابینی خۆیەوە و خاڵی هاوبەشی هەرسێ ڕۆمانەکە لەوەدایە کە چەمکی “شەرەف” تەنها لە یەک ڕەهەندەوە پیشان دەدرێت، کە ئەویش ڕەهەندە کۆمەڵایەتییە باوەکەی چەمکەکەیە، نەک ڕەهەندی دیکەی چەمکەکە بخەنەڕوو. وەک دەبینین چیرۆکی ڕۆمانەکان هەر سێکیان لە نێوان ڕۆژهەڵات و ئەوروپادا ڕوو دەدەن، بەڵام لەوەدا هاوبەشن، کە دیسان چەمکەکە بە ئافرەتەوە گرێ دەدەن و هاوکات لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتیدا سنووربەندی دەکەن.

به‌ڵام چەمکی شەرەف لە ڕۆمانی “نەفرەتی نەوبەهاران”ی بەختیار عەلی دا، گرێدراوی کۆمەڵێک چەمک و لێکەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کێشەی دیکەی بونیادییە، کە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات پێوەی دەناڵێنن، چەمکی “شەرەف” لەم ڕۆمانەدا نابێت بەچەق ئەگەر گرێدراوی چەمکی جوانیی نەبێت (وەک پێشووتر خستمانەڕوو)، بۆیە بە چەقبوونی “شەرەف” هەر لە بەشی یەکەمی ڕۆمانەکەوە و تەشەنەکردنی لە سنووری خێزانێکەوە بۆ سنووری عەشرەتێک و لەوێوە بۆ كۆمه‌ڵگا و حزبێك و لێکەوتەکانی دواتر و کاریگەرییەکانی دەگاتە نەتەوەیەک، کە هێمایە بۆ پاشکەوتوویی هەموو ئەو بازنانە‌ی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی لەسەر پێکهاتووە. شەرەف لە ڕۆژهەڵاتدا تەنها لە بازنەیەکی بچووکدا ناخولێتەوە و بۆ ئەمەيش لە ڕێی حیکایەتی وێنە ڕووتەکەی گێلاسی نەوبەهارانەوە بەو دەرئەنجامە دەگەین، کە هیچکام لە (خێزان، عەشرەت، حزب، نەتەوە) ناتوانن بازنەی بچووکی بیرکردنەوە لە شەرەف تێپەڕێنن، یان جیاوازتر بیر لە شەرەف بکەنەوە. واتە بیرکردنەوە لە شەرەف لە هەموو ئاستەکاندا وەکوو یەکە و هیچیان لەوی دیکە فراوانتر نییە. بۆیە دەشێت ڕیزبەندییەک بۆ بازنەکانی شەرەف لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا بکەین:

وەک لەم ڕیزبەندییەدا دەردەکەوێت بازنەکانی شەرەف لای بەختیار عەلی چەند ئاست و فرەڕەهەندە، بەڵام لای هەریەک لە ئەلیکساندەر دۆمان و ئەلیف شەفەق و فەریدوون ساحێبجەم تەنها لە بازنەیەکی بچووکدا دەخولێتەوە کە تەنها بازنەی خێزان تاسنووری بازنەی کۆمەڵایەتییە و ئیدی نابێتە پرسێک بۆ مەبەستی دینی و سیاسی و حزبی و نەتەوەیی بەکار بهێنرێت. بەڵام لای بەختیار عەلی بازنەی شەرەف تەنها بازنەی خێزان نییە، کە تەنها ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی پیشان دەدات، بەڵکوو ڕەهەندی قووڵتر و دیوی دیکەی ئەم چەمکەی پیشانداوە.

بەڵام خاڵێک کە لەم ڕۆمانەدا لە زاری کامیل ئاغاوە بەری دەکەوین ئەوەیە کە چەمکی شەرەف لەنێو کۆمەڵگەیەکی نەریتی ڕۆژهەڵاتیدا هەمیشە لە جەستەی ئافرەتدا دەگاتە ترۆپکی خۆی و وەکوو ئەوەی دواخاڵ و دوالوتکەی پێگەینی ئەو چەمکە تەنها جەستەی ئافرەت بێت، ئیدی هەموو شتەکانی دیکە بەهایان کەمترە: “ناموسی خۆمم لە ناموسی نیشتمان لا گرنگترە، شەرەفی هاوسەرەكەمم لە شەرەفی ئەم میللەتە بێڕەحمە لا بەنرخترە.”(18) ئەم قسەیە تەنها گوزارشت نییە لە دیدی کاراکتەرێکی ڕۆمانەکە، کە بریندارە بە خراپ بەکارهێنانی وێنە ڕووتەکەی هاوسەرەکەی، بەڵکو ئەمە گوزارشتە لە دیدی ڕۆژهەڵاتیانە بۆ شەرەف. هەر لەسەر ئەم دیدەوەیە، کە خیانەتکردن لە نیشتمان ئاساییە، هەر شتێکی دیکە بەرامبەر هەر یەکێکی دیکە لە موقەدەسەکان بکرێت هێشتا ناگاتە جەستەی ئافرەت، کە شەرەف لە جەستەی ئەودا موقەدەستترینە و هیچی دیکە لە پێش ئەوەوە نییە.

بازنەکانی تێکشکان

چەمکی تێکشان وەکوو زۆرێک لە چەمکەکانی دیکەی نێو ئەم ڕۆمانە بە کۆمەڵێک قۆناغ (بازنە)دا دەڕوات و گەشە دەکات. تێکشکانەکان لە تێکشکانی فەردییەوە دەگوێزرێتەوە بۆ تێکشکانی خێزانیی و لەوێوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بنەماڵە و عەشیرەت و لەوێشەوە بۆ تێکشکاندنی سۆبێکتی باڵادەستی ئایینی و دواجاریش نەتەوە. واتە سووڕی گەشەکردن و فراوانبوونی تێکشکاندنەکان لە نەفرەتی نەوبەهاراندا هەمان سووڕی چەمکی شەرەفە، بەڵام بەشێوەیەکی فراوانتر، لەبەرئەوە بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستەکەمان دیسان پەنا بۆ هێڵکارییەکی نوێ دەبەین.

یەکەم قۆناغی تێکشکان لە کامیل ئاغاوە دەست پێ دەکات، ئەوکاتەی بەهۆی وێنەکەی گێلاسی هاوسەرییەوە ناچارە براکەی تەسلیمی مەرگ بکات. ئەم تێکشاندنە دەبێتە سەرەتایەک کە ئیدی کامیل ئاغا ناگەڕێتەوە دۆخی پێش تێکشکاندنەکە و لێرەوە ئەم درزە درێژ دەبێتەوە و تێکشکاندنی نوێی بەدوادا دێت. لەم خاڵەوە دەپەڕێتەوە بۆ خێزان و لەوێشەوە بۆ بنەماڵە و عەشیرەتەکەی ئەمەيش ئەوکاتە بەتەواویی دەردەکەوێت کە دیسان لەژێر فشاردا ناچارە ببێتە پیاوی دەوڵەت و دژی هێزە کوردییەکان تفەنگ هەڵبگرێت و هەموو عەشرەت و بنەماڵەکەيشی ناچار بەو بڕیارە بکات. بەڵام زنجیرەی تێکشکاندنەکانی کامیل ئاغا و بنەماڵەکەی بە کوژرانی خۆیشی کۆتایی نایەت بۆیە ئەو زنجیرەیە هەر بەردەوام دەبێت و بازنەکە لە سنووری خێزان و عەشرەتەکەی گەورەتر دەبێت و فیگۆرەکانی ئەو تێکشکاندنە لەنێو عەشیرەت و بنەماڵەکەیدا دەگۆڕێن و کەسانی دیکە دەبنە نێچیری ئەم تێکشکاندنانە.

کاتێک بازنەی تێکشکاندنەكه‌ دەگاتە سەر ئایین، کە لە سۆبێکتی باڵادەستی ئایینیدا خۆی مانیفێست دەکات لێرەيشدا خەتیبی گەورە نوێنەرایەتی دەکات، ئەویش بە سووڕێکی سەختی تێکشاندا دەڕوات تا دەگاتە ئەوەی بە مەرگی خۆی کۆتایی بە تێکشکاندنەکەی بێت. واتە کاتێک لەو هەوڵەی شکست دەهێنێت کە ئیمانی خۆی لەگەڵ گێلاسدا تاقی بکاتەوە و بیەوێت هەم ئیمانی تاقی بکاتەوە و هەم گێلاس بکاتە بوونەوەرێکی دیندار. لەوێوە سەرەتای تێکشکاندنی خەتیبی گەورە دەردەکەوێت و تا بە گیران و دواتریش کوشتنی خۆی کۆتایی بە چیرۆکەکەی دێت.

بازنەی تێکشكاندنەکان لەوێدا کۆتاییان نایەت و لەوێوە دەگاتە تێکشکاندنی نەتەوە، ئەویش لە شکستی شۆڕشی کوردیدا خۆی مانیفێست دەکات. شکستێک کە سەختە بۆ شۆڕشگێڕەکان قەبووڵی بکەن و شۆڕشگێڕێکی وەکوو کەریم ئاغا (برا یاخییەکەی کامیل ئاغا) ناتوانێت بە ئاسانی ئەوە قەبوڵ بکات و بۆیە بە ڕۆحێکی شەڕانییەوە دەگەڕێتەوە و نایەوێت ئەو تێکشکاندن و شکستەی کە لەسەردەمی براکەیەوە بە دوایەوەیەتی ئێستا لەنێو شۆڕشیشدا دیسان تێکشکاندنێکی نوێ قەبوڵ بکات. ئەو لە جێگەیەکدا دەڵێت «گەر ڕیسوایی هەبێت ئەمەیە… ئەمە تەنیا ڕیسوایی ڕاستەقینەیە، مرۆڤ کاتێک ئەم ئابڕووچوونەی قبووڵ کرد، دەبێت هەموو ئابڕووچوونەکانی تر قبووڵ بکات.»(19)

لێرەدا بەتەنها تاکێک ئابڕووی ناچێت، بەڵکوو ئەوەی ئابڕووی چووە نەتەوەیەکە، کە لە شۆڕشدا شکستی هێناوە، بۆیە کەریم ئاغا لەسەر ئەم نەغمە غەمگینە بەردەوام دەبێت و لە دواتردا دەڵێت «ئێستا پیاوێکی بێ شەرەفم، نە خۆم، نە خێزانەکەم، نە عەشرەتەکەم، نە نیشتیمانەکەم شتێکمان نەماوە شانازی پێوە بکەین… ئێستا پیاوێکی تەواو بێ شەرەفم.»(20) بێشەرەفی بەرئەنجانی ئەو تێکشکانەیە، کە شۆڕش تووشی بووە. بەڵام کەریم ئاغا ئەوە یەکەمجار نییە تێکدەشکێت، بەڵکوو سەرەتا بەهۆی ئەوەی برای “کامیل ئاغا” بووە و براكه‌ی بووه‌ به‌ پیاوی دەوڵەت هەستی تێکشکان ئەزموون ده‌كات، بۆیە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوە چەکی شۆڕش هەڵده‌گرێت تا خۆی لەو ئابڕووچوون و تێکشکانە گه‌وره‌یه‌ بدزێتەوە، کە تووشی برا و عەشیرەتەکەی بووە.

تێکشکان؛ حاڵەتێکە کە هەمیشە مرۆڤ بەسەلامەتی لێی ڕزگار نابێت، بەڵکوو هەندێکجار بە دێوانەبوون و هەندێکجاری دیکە مرۆڤ تێیدا دەگاتە بێ ئومێدییەکی قووڵ تا ڕادەی پووچی و هەندێکجاری دیکەيش دەگاتە پلەی خۆبەکوشتدان، یان خۆکوژیی. لەم ڕۆمانەدا پلەکانی تێکشکان تەنها لە یەک حاڵەتدا نییە، بەڵکوو حاڵەتی جیاواز لەلایەن نووسەره‌وە خراوەتەڕوو هەر لە تێکشانی کامیل ئاغاوە بۆ خەتیبی گەورە و لەوێشەوە بۆ تێکشکانی کەریم ئاغا و دواتریش بۆ تێکشکانی زیا و سەردانکەرانی ماڵی حەوت خانم.

بەرلەکۆتایی

ماریۆ بارگاس یۆسا لە چاوپێکەوتنێکدا باس لەوە دەکات کە “ساتەوەختێک دێت کە تۆ (وەک ڕۆماننووس) دەبێت چیرۆکەکەت ببڕیتەوە بۆ ئەوەی تا ناکۆتا درێژ نەبێتەوە”(21) بەختیار عەلی ناچارانە چیرۆکەکەی گێلاسی نەوبەهاران و وێنەکەی بەکۆتا دەگەیەنێت لەبەرئەوەی بۆ هەمیشەیی درێژ نەبێتەوە. دەنا ئەو چەمک و چیرۆکانەی خراونەتە بەرباس ئیمکانی ئەوەیان تێدایە بێڕاده‌ درێژ بکرێنەوە، بەڵام نووسەر مەحکومە بەوەی لە جێگەیەکدا چیرۆکەکە ڕابگرێت تا بە خوێنەر بڵێت “ئیدی تۆ چیرۆکەکانی ژیانی خۆت بنووسەرەوە و بەرکەوتنی خۆت لەگەڵ مۆدێرنە و جوانی و شەرەف بنووسەرەوە”، یان پێی بڵێ تۆ چیرۆکی کۆتاییەک بۆ ئەم چیرۆکە و چیرۆکە تراژیدییەکانی دیکەی کۆمەڵگەکەت دیاری بکە.

ئەوەی لێرەدا خرایەڕوو تەنها خوێندنەوەی چەند لایەنێکی کەمی ڕۆمانی نەفرەتی نەوبەهاران بوو منیش وەکوو نووسەر  مەحکومم بەوەی کۆتاییەک بۆ ئەم نووسینە دیاری بکەم و لێگەڕێم نووسەرانی دیکە پنتی تر و دیوی دیکەی تێکەستەکە بخوێننەوە.

پەراوێز و سەرچاوە:

1-بەختیار عەلی، نەفرەتی نەوبەهاران، ڕۆمان، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، چاپی یەکەم، سلێمانی 2024.

2- کۆمەڵێک نووسەر، ڕۆمان چییە؟، وەرگێڕانی: محەمەد کەریم، زنجیرەی دۆسییەکانی سەردەم، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم، سلێمانی 2021، ل19.

3- هەمان سەرچاوە ل20.

4- هەمان سەرچاوە ل18.

5- بەختیار عەلی، نەفرەتی نەوبەهاران، ل14.

6- بڕوانە بەختیار عەلی، شەوێک ئاسمان پڕ بوو لە ئەستێرەی شێت، شیعر، بڵاوکردنەوەی ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، چاپی یەکەم، سلێمانی 2019.

7- بڕوانە بەختیار عەلی، میوانێک لە سەرزەمینی دوورەوە، شانۆنامە، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، چاپی یەکەم، سلێمانی 2023.

8- بەختیار عەلی، نەفرەتی نەوبەهاران، ل50.

9- هەمان سەرچاوە، ل215.

10- بڕوانە بەختیار عەلی، وەک دەریایەک پڕ لە نهێنی، پڕۆژەی کۆکردنەوەی بەرهەمە تیۆرییەکانی بەرگی 15، بڵاوکردنەوەی ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، چاپی یەکەم، سلێمانی 2023.

11-میشیل بۆتۆر، چەند توێژینەوەیەک دەربارەی ڕۆمان، دەزگای ڕۆسا، هەولێر 2023، ل13.

12- کۆمەڵێک نووسەر، ڕۆمان چییە؟ ل43.

13- بڕوانە ئەلێکساندەر دۆما، شەرەف و شەیتان، و: محەمەد شەهدی، ڕۆمان، ناوەندی ئاوێر، چاپی یەکەم، هەولێر2011.

14- هەمان سەرچاوە، ل319.

15- هەمان سەرچاوە، ل320.

16- بڕوانە ئەلیف شەفەق، شەرەف، ڕۆمان، و: شەفیق حاجی خدر، ناوەندی ئاوێر، چاپی یەکەم، هەولێر2015.

17-بڕوانە فەریدوون ساحێبجەم، ڕەجمی سوورەیا، ڕۆمان، و: ناجی ئەفراسیاو، خانەی ڕێنما، چاپی یەکەم 2012،

18- بەختیار عەلی، نەفرەتی نەوبەهاران، ل43.

19- هەمان سەرچاوە، ل141-142.

20 هەمان سەرچاوە، ل142.

21- بڕوانە کۆمەڵێک نووسەر، گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆماننووسان وەرگێڕانی: کۆمەڵێک وەرگێڕ، زنجیرەی دۆسییەکانی سەردەم، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم، سلێمانی 2019.