ئەیوب ئەحمەدی تینووکۆکەیی
شاعیر، بۆکان
لێڵ نەبینم چاوەکانت دەردەڪەت با لێم ڪەوێ
تۆ قەڵای بەرزی ورەم بووی خۆ قەڵا قەت نانەوێ
سەوزەڪەی ناسڪ خەیاڵ سایەت لە سەرمن ڪەم نەڪەی
خۆرەتاوی ڕۆژەڪەی من مانگەڪەی جوانی شەوێ
ڪێ دڵی هات ئەو دڵەی پڕ ڕازەڪەت ئازار بدا
خێر نەبینێ قەت لە ماڵی چرڪە ساتێڪ نەسرەوێ
شەو لە تاوی تۆ قەرارو ئۆقرە نابینم لە دڵ
تا سەحەر هەر بۆت دەناڵێ بۆ دەمێکیش ناخەوێ
باوەشی گەرمی ئەوینت بۆتە ئامێزی غەریب
ساردە ئامێزی سڕی من وەختە شەختەی لێ ڪەوێ
چارەنووس غەدرێڪە بۆمن دەردەڪەی بێچارەیە
تا بە ئێستا دەرنەڪەوتۆ چارەنووس چی لێم دەوێ
ئەو شەقامەش دوور لە تۆ بۆنی غەریبی پێوەیە
ڪامە شارت ڪردە مەنزڵ تاڪە ماڵم بەرمە وێ
تا ئەبەد یادت بڵێسەی ئەو دڵەی تینووی منە
چی بڪەم ژەنگی لەبێتۆیی لە سەر دڵ ناڕەوێ
بۆ بەیانی خۆشەویستیت پێوەرێکم پێنییە
هەر ئەوەندەت پێدەڵێم هەر تۆم لە خۆم خۆشتردەوێ