فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خەمەکانی ژیانت بۆ خۆڵبارین باس بکە!

”   خەمەکانی ژیانت بۆ خۆڵبارین باس بکە”
دكتور شادان عەلی
شاعیر و نیگارکێش، سلێمانی
شەو نوستم، بەڵام چ نوستێک؟ کە هەناسەم دەدا هەستم دەکرد  هەناسەم قورس بووە و لووتم دەکزێتەوە، ئیتر پەرێشانی کردم ، شەو بەسەرچوو  دەمەو بەیان گوێم لە قسەکانی ماڵەوەمان بوو، باسی خۆڵبارینیان دەکرد.
خێرا هەستام  پەردەی پەنجەرەکەم  لادا و تەماشایەکی دەوروبەرمم کرد و سەرم بۆ ئاسمان بەرزکردەوە، کەش و هەواکەی لێڵ و گەرم بوو،  وەک دەردەکەوت خۆڵبارینەکەی چڕە.
پژمیم، چەند پژمەیەک بەدوای یەکدا دەهاتن، ناچار  زوو زوو  ئاوم بە دەموچاومدا دەکرد، کەچی سوودی نەبوو، خراپتری لێدەکردم .
کەمێک دانیشتم، حەزم لە خواردنی نانی بەیانی بوو، دڵم چووبووە سەر ماست، بەرامبەر بەفرگرەکە ڕاوەستام و دەستم بە دەرگای بەفرگرەکەوە گرت، پێش ئەوەی دەرگاکەی  بکەمەوە بیرم دەکردەوە ئەگەر تەماشای بکەم و ماستی تێدا نەبێت بەو هەموو حەزەوە چی بکەم یان نەخێر دایکم هەمیشە حەزی لە ماستە و دەبێت هەمانبێت.
کە دەرگای بەفرگرەکەم کردەوە، بینیم  مەنجەڵێک ماستی تازە و  پەنیر و شیر و هەندێک شیرەمەنیی تری تێدابوو، بەشی خۆمم لە ماستەکە کردە ناو قاپێک و چاکەیش گەرم بوو، لەولاشەوە سەموونی نەرم و بەکونجی دانرابوو، بۆن وبەرامێکی تایبەتی هەبوو، خۆم بە نان خواردنەوە سەرقاڵکرد، هەر ئەوەندە چاکەم بۆ دەمم برد، گوێم لە دەنگێک بوو خەریک بوو بە چاکە بخنێکم و لەقورگم گیرا، وام هەست کرد زەنگی تەلەفونەکەمە لێدەدات.
ئاخر دەبێت کێ بێت تەلەفونم بۆ بکات، چاوەڕوانی هیچ تەلەفونێکم نەدەکرد، لە هەواڵی ناخۆش ترسام، دواتر بە کپی گوێم لێگرتەوە، دەنگی قووقەی کەڵەشێرێک بوو .
 دوای نانخواردن دیسانەوە پژمینم دەستی پێکردەوە، بێتاقەتی کردم، دووبارە چووم ئاوێکم بە دەموچاومدا کرد، کەچی سوودی نەبوو.
شیتێک حەبی هەستەوەریم هەیە، پێشتر  دکتۆر بۆی نووسیبووم.
گوتی هەرکاتێک تووشی حاڵەتی هەستەوەری بوویت بیخۆ منیش دووەم جارمە بەم شێوەیە پژمین و حەساسیەتی کەش و هەوای خۆڵبارین ناڕەحەتم بکات.
حەبەکەم دانا و چووم پەرداخێک ئاو بهێنم و حەبەکەی پێبخۆم ، بەڵام  نەمدوزییەوە و نەمزانی لەکوێ دامناوە! گەر نەیدۆزمەوە پەرێشان دەبم.
دیسانەوە گەڕام ، بەوردی دەگەڕام، دەبوو بیدۆزمەوە، بینیم بە شێوەیەک دامنابوو هەستت پێ نەدەکرد لەگەڵ ڕەنگی مێزەکە تێکەڵ بووبوون.
سەعات سێ و نیوی دوای نیوەڕۆ، لەماڵەوە لەسەر جێگەکەم پاڵکەوتبووم  خوشکەکەم هاتە لام و گوتی :
دێیت بچین بۆ ناوباخ،
بەهارە و پڕ بووە لەگوڵی جوان و بۆنی خۆش، باخەکەیش نزیکە لێمانەوە،
ئەمڕۆ لەوێوە و هاتمەوە، لەدڵی خۆمدا دەمگوت : ئەگەر  ئەم گوڵانە  بیبینێت هەر ناگەڕێیتەوە.
سەیرکە واخۆڵبارینەکە کەمیکردووە و  کەشەکەی کەمێک فێنک بووە و  سێبەری هەورەکانیش  پیاسەکەمان  گەرمگوڕتر دەکات.
بێدەنگ تەماشام دەکرد و هیچم نەوت.
دووپاتی کردەوە گوتی بڕۆین.
گوتم نا تاقەتم نییە ئێستا کەی کاتی ئەوەیە  بڕۆمە دەرەوە.
گوتی باشە ، بەڵام ڕۆژێکی تر نەڵێیت  خۆزگە کاتمان دەبوو پیاسەیەکی ناو گوڵەکانمان  بکردایە.
تەواو بەقسەیم کرد و ڕۆیشتین.
 شۆفێریم نەکرد ، چونکە هێشتا بۆیەی نینۆکەکانم وشک نەبوونەتەوە ،ئەو کرێمەی دابووم لە دەستەکانم تەڕە، نەمدەتوانی ملوانکەکەیشم  لەمل بکەم ، داخستنی قفڵی ملوانکەکە بەدەسمەوە دەخزا،  هەتا بۆیەی نینۆکەکانم تێک نەچێت و کرێمەکەی بەدەستیشمەوە خزا بوو،  ناچار لامبرد.
هەر کە  گەیشتینە باخەکەو لە ئوتومبیلەکە دابەزین، چیم بینی!
هەر گوڵ نەبوو  پەنجەخانمەکانیش ئاڵابوون بەناویەکترداو تێکەڵ ببوون و بە پەرژینەکەدا هاتبوونە خوارەوە،
سەرووەکانیش پڕبوو بوون لە خوێندن وئاوازی دەنگی خۆش، هەر باڵندەیەکی دەنگ خۆش بەئازادی بۆ خۆی دەیخوێند ، گمەی کۆترە قومرییەکان و جریوەی چۆلەکەکانیش  لەژێر سێبەری گەڵای  دارتووەکانەوە دەیانجریواند ، لەناو خوێندنەکاندا  دەنگێکی گڕیش دەهات، ئەو دەنگە  لەناو هەمویاندا دیاربوو گوتم بزانم  ئەو دەنگە چییە؟
ئەوندە گڕ دەخوێنێ؟
دوو چەپڵەم لێدا.
قەلەڕەشێک لەنێو درەختەکانەوە هەڵفڕی ، دیاربوو دەنگەکە هی ئەو قەلەڕەشەبوو ، خۆی کردبووە هاوڕێی چۆلەکەو کۆترە قومرییەکانی ناوسەرووی باخەکە.
 پەپولەیەکی باڵ سپی  لەپێش چاومەوە فرکە فرکی بوو   لەدەورو بەرم دوور نەدەکەوتەوەو خۆی دەنواند.
باخەکە باخەوانەکەی پیاوێکی بەتەمەن بوو، گوتی کچم حەزت لە گوڵەباخە،  کەمێک لەخوارتر ، گوڵەباخی لێیە بەرزییەی دەگاتە باڵای تۆ ، زۆر جوانن بڕۆن لەوێ وێنەیش بگرن، من بەم باخەوە زۆر هیلاک دەبم ، بەڵام خۆشحاڵم کە بەرهەمێکی جوانی هەیە ماندووبوونم بیرچۆتەوە،  سوپاسی باخەوانم  کرد بۆ خزمەتەکەی و  ڕۆیشت.
لەم سروشتەدا جگە لەمیهرەبانی هەستم بەهیچ نەدەکرد.
ویستم بچم بۆ ناو گوڵەکانی خوارتر، ئەمجارەیان خوشکەکەم جیاوازتر بوو ، ڕوانییە هەڵسوکەوتم  دەیزانی حەزم بەگەڕانەوە نییەو ئاگام لەکاتیش نەماوە
پێی گوتم :ـ
بابڕۆینەوەو ڕۆژێکی تر هەر دێینەوە.
لەکاتی  گەڕانەوەمان لەسەر شەقامەکە ئوتومبێلێکی زۆر بەدوای یەکدا ڕیز بوو بوون، ترافیکەکە کرایەوە ئوتومبیلەکانیش هێواش هێواش بەدوای یەکدا دەکەوتنە جووڵە، مۆبایلەکەم بە دەستەوە بوو، خستمە سەر ڤیدیۆ، دەستم کەمێک بەرزکردەوە، هەتا ڤیدیۆیەکی خۆم بگرم، لەناو ڤیدیۆکەدا  دیار بوو پاسێکی پڕ لەنەفەر  لەتەنیشت ئوتومبیلەکەی ئێمەوە بوو، ئەو دوو کورسیەی بەرامبەر بەدەرگای پاسەکە بوو، منداڵێکی  نزیک لە تەمەنی هەشت ساڵان  لە لای پەنجەرەکەوە لەگەڵ پیاوێک دانیشتبوون، دیارە باوکی منداڵەکەیە.
پەنجەرەی پاسەکە بەهۆی خۆڵبارینەوە لێڵ و خۆڵاوی بوو ، پەنجەرەکەیش کەمێک کرابووەوە ، باوکی لەپشت  تەڵغییەکەوە بوو،  منداڵیش لەلای پەنجەرەکراوەکەوە بوو.
 لەکاتی گرتەی ڤیدیۆی سێڵڤیەکەدا،  منداڵەکەم هێنایە پێشەوە زۆر جوان تەماشای دەکردم پێدەکەنی دڵی زۆر خۆش بوو ، هەستی دەکرد  چاوم لێیەتی،  لە خۆشیدا  شەرمی دەکردو خۆی دادەنەواند و هەتا خۆی لێم بشارێتەوە، ئەنجا لەپڕ سەری بەرزدەکردەە و بۆم خەنییەوە، لەژێر چاوەوە و تەماشای دەکردم، زۆر جوان بوو،  واتا منیش هەم ، زەردەخەنەیشی کردبووە سەر لێوی باوکیشی کە منداڵەکەی خۆی وەها بینی، کوڕو باوک پێکەوە پێدەکەنین.
پاش پشوویەکی کەم لەماڵەوە ئەوەندەی نەبرد ئێوارە داهات، هەستم دەکرد پژمەکانم نەماوە، گەڕاومەتەوە باری پێشووی خۆم، بەڵام نەمدەزانی بەهۆی باخەکەوە بوو یان خۆڵبارینەکە کۆتایی بە پژمەکانم هات ، کەهێشتا دڵنیاش نیم کە ئەم شەو دابێت و دوبارە دەست پێبدەکەمەوە یان نا.
باڵوێزی ئاشتی جیھانی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوە جیھانییەکان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان