فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکسـت

هبە فەيسەڵ
نووسەر
بۆ تۆ نازانی بە هێزی چ باوەڕێک وشەکانم بە پێز بوون؟ من هەرچیەک ئەنوسم بە بازووی ڕۆژانێک شێلراون کە کینە لە پیرۆزیاندا، سەری خۆی هەڵگرت. لە سێبەری ئەو پەیمانەی کە ئیدی هەموو هەنگاوێکم بەرەو تۆبێ. تۆ ئەتزانی شەوانی من ئامێزێک بوو، مەلۆتکەی دوودڵی تۆم بە متمانە تیا ڕائەژەن؟ ژەنگی جەستەم بە نینۆکە زبرەکانی تانەی تۆ ئەکڕاند. کانیەک بوم لە سۆز. وەک بەرامی کراسەکەی باوکم. هەتا بتهەژاندایە، زیاتر ئاڵۆدەی دەبووی. وتم هەراسانیم بۆ خەلک و بێدەنگیم بە دڵی تۆ. نەتدەزانی ئەم نینۆکانە بە گەرمی ماچەکانی تۆ ڕەنگ ئەگرن؟ بۆ نەتدەزانی لە خۆشەویستی تۆ، منیش خۆمم ویست؟ من بە ناسینی تۆ، بەوانی دی غەریب بووم. لە دەرگای ماڵی تۆ، بە ڕێگەی ماڵی ئەوان نامۆ بووم. ئەو دوو چاوەی بۆ تۆ گریا، لەئاستی ئەوان وشک بوو. هیچ کات لە بەخشین، ئەم گیانە گیر نەبوو. ئەوە من بووم ئۆقیانوسم کردە گوڵاوپرژێنێکەوە و دەست نوێژی ژوانی تۆم پێگرت. خۆ من لە کەمی، کورتی، نزمی وشەکان بێئاگا نەبووم. چاوپۆشی من لە ئاست بێباکی تۆ، دیاریەک نەبوو. بۆ نەتزانی کە مردن تەنها هەناسەیەک نیە؟ لە چاوی خۆمدا بەڕێکی ڕێم دەکرد، کەچی زۆری نەبرد گەیشتمەوە سەرەتا. هەنووکە من چ دارێک ڕاوەشێنم، چەپۆکانی چەند دیوار بکەم، کام لەم خەمانە بپروێنم؟ چ ژەهرێکی دی هەڵلوشم تا گەواهی وێرانەی تۆ لە جەستەی مندا بەدی بکەن؟ وەلێ، گیانە ئازادەکان ئەوانەن کە لەسەر دەستی کەسێک ئەکوژێنەوە، نەک لە ژێر دەستیان. ئیدی من بێشەرمانە لەپێش ئاوێنەیەک دەستی لاوی بە جەستەی کوژاوەمدا دێنم. مەگەر تۆ نازانی ئەو کەسەی بەدوای سەرابا ڕێی کرد، وێڵ بوو؟
#هیچ #ژیان #💜 #بەردەوامی #ئومێد #هەڵسانەوە #هەنگاو