فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکســت

تێکست
ھبە فەیسەڵ
نووسەر
بەراوردێکی ڕاشکاوانە لە ئەنجامی شارەزایی و کارکردنم لە بواری پەروەردە و جۆرەکانی چارەسەری هەڵسوکەوت و دەروونی مرۆڤ
لە کاتێکدا کۆمەڵگەی کوردی بەسەرهاتە جیاوازەکانی ژیان؛ بۆ نمونە کێشەی دەروونی، کێشەی خێزانی وەک نەگونجان و کەوتن و کەمی مناڵ لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا، بە خۆبەخۆیی و   خەفەکردن و نهێنی و شاردنەوە و بێدەنگی لێکردن مامەڵەی لەگەڵ دەکات، هەر هەمان کێشە و کارەسات لە وڵاتان و کۆمەڵگەی بۆ نمونە ئەوروپی بە شێوەیەکی کراوە و ئاشکراکراو لە ڕێگەی (چارەسەری بە کۆمەڵ) تیشک دەخەنە سەر ئەم کێشانە و چارەسەریان دەکەن. هەڵبەتە سەرکەوتوویی ئەم جۆرە هەڵوێست و بەرەوپیرچوونی کێشە و کارەساتانە بە چەندەها جۆری زانستی جیاواز سەلمێنراوە و جگە لە ڕزگارکردنی کەسەکان لەو کێشەیەی ژیانیانی تار کردووە، جۆرێکی نرخپێدراوە بۆ خۆپاراستن لە تەشەنەکردن و دووبارەبوونەوەی کێشەکان لە کۆمەڵگەدا. بەشداربووانی ئەم کۆمەڵە لەلایەن شارەزایەک لە بواری پەروەردەوە دەستنیشان کراون و بەشداربووان بە ڕەزامەندی خۆیان دەبنە کەسێکی گرنگ لە کۆمەڵەکە. شایەنی باسە کە مەرج نییە بەشداربوان مێژووی ژیانیان وەک یەکتر بێت، بەڵام ئەوەی کۆیان دەکاتەوە ڕۆڵیانە وەک دایک و باوک و بۆ نمونە خاوەنی مناڵێکی ئۆتیسم، ئاڵودە بە مادەی هۆشبەر، یاخود منداڵەکەیان کەسێکی نزیکی لەدەست داوە، یاخود کێشەی فێربوون و ترسی هەیە لە ژیاندا. لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکی کارامانە لە لایەن شارەزای پەروەردەوە، کەشێکی ئارام و پڕمتمانە دەڕەخسێنرێت تا بەشداربووان بتوانن دوور لە دوودڵی و ترسی گاڵتەپێکردن باسی کێشە و گرفتەکانیان بۆ یەکتر بکەن و سوود لە ئامۆژگاری و ئەزموونی یەکتر وەربگرن. لە ڕێگەی (چارەسەری بەکۆمەڵەوە) بەشداربووان هەستی هەمەئاهەنگیان لەلا دروست دەبێت. زاڵ دەبن بەسەر ئەو هەستکردن بە تەنییایەی کە وەک وابێت تەنها ئەم کەسە ئەو کێشەیەی هەیە. واتە کێشەکە لە چوارچێوەی نەنگ و شەرم و نهێنی دێتە دەر. لە ڕێگەی (چارەسەرکردنی بە کۆمەڵەوە) کەسانی خاوەن کێشە سوود وەردەگرن لە ئەزموونی ئەوانی دی. بەهەمان شێوە لە ڕێگەی گفتوگۆوە یاریدە و هاوکاری یەکتر دەکەن بۆ کێشاندنی نەخشەی ئومێدێکی نوێ و پێدانی هێز و باوەڕکردن بە توانای یەکتر. ئەمە جگە لە گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کەسەکان و ئاشنا بوون بە چۆنییەتی بیرکردنەوەی خۆیان و جیاوازی بەرانبەریان. جا ئامانج لەم بابەتە ئەوەیە کە جۆری ئەم چارەسەرە لە هەموو کۆمەڵگەیەک سەرکەوتوو دەبێت کە پەروەردە تێیدا لە سەر بناغەیەکی تەندروست بنیادنرابێت. کۆمەڵگەی کوردیش هیچی کەم نییە و دەتوانین بە کارکردن لەسەر هوشیاری کەسەکان و گەڕانەوە بۆ بەها گرنگەکانی مرۆڤایەتی و فڕێدانی کراسی شەرم و عەیبە، ئەم جۆرە چارەسەرەرانە بگرێتە ئامێز و لەسەری کاربکات.
#ڕاوێژکاری #خێزان #چارەسەری #دەروونی #پەروەردە #منداڵ #ئەرک #دایک #باوک #