فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکســت

تێکست

هبە فەيسەڵ

نووسەر

جگە لە ئاشنابوونی دوو تێگەیشتن، دوو جەستە یان بە کورتی دوو مرۆڤ لە هەنگاوی گرنگی بەردەوامی ژیان کە بریتیيە لە پڕۆسەی هاوسەرگیری، جوانترین بەرهەمی ئەم ئاشنابوون و تێکەڵ بوونە لە پاڵ جوانیيەکانی دی، بوونی منداڵە.

بە پەرۆشيیەکی بێ ئەندازە دایک و باوک چاوەڕێی کۆرپەیەک دەکەن کە تیایدا خۆشەویستی، شانازی، میهرەبانی و هیوای ئێستا و داهاتویان بڕژێننە ناخیيەوە. هەر وەک وابێ و لەماوەیەکی کەم ئەم دوو مرۆڤە بۆ ئەو کۆرپەیە دەژین و لە گەورە و بچوکی نەخشەی ڕۆژانەیاندا خاڵێکی لەبیر نەکراوە.

ئیدی هیچ پڕۆژەیەک بەبێ هەنگاوی ئەو کۆرپەیە نەخشەداڕێژ ناکرێ. لە عەزرەتی خەمخۆری و دابینکردنی ژیانێکی دوور لە زەحمەت و بەڵا، دایک و باوک ملوانکەی ئارەزوو، خەون و چاوەڕوانی بۆ ئەو کۆرپەیە دەهۆننەوە و هەر لە ساوایەتیيەوە دەیکەنە گەردنی. جا موورو و زەنگیانەی ئەم ملوانکەیەيش بە پێی ڕەگەزی ئەو منداڵە دەگۆڕدرێ. چونکە ڕەنگ و قەبارە و سەنگینی ئەو موورو و زەنگیانانە، لە قوڵایی کۆمەڵگەوە دەرهێنراون. کەمیان دەبنە دەست کرد و هەڵبژاردەی دایک و باوک بە تەنها.

هەروادێ و دایک و باوک کوێرانە زەنگیانە بۆ ئەم خەناوکەیە زیاد دەکەن. لە بیریان دەچێ کە ئایا تا چ ڕادەیەک لەگەڵ تەمەن و ڕەنگ و حەز و بەرگی ئەم منداڵە ئەگونجێ. بیریان لەوە نیيە کە لەوانەیە ڕۆژێک بێت و ئە خەناوکە نازدارە مناڵەکەیان بخنکێنێ.

گرنگ و پێویستە کە دایک و باوک چاوەڕوانی و ئارەزوویان هەبێ بۆ داهاتووی مناڵەکانیان.بەلام دەبێ لەبەرچاویان بێ کە نەگاتە ئاستی فشار و پالپێوەنانێکی کوێرانە بۆ سەر مناڵ.

لە هەندێ گۆشە و پلەی ژیاندا مناڵ ناتوانێ بۆ نمونە لە هەفتەیەکدا بەشداری سێ چالاکی بکات و هەموویان بەیەکسانی و هەمان وزە بەجێ بهێنێ. یان لە قوتابخانە هەمان ئاست و پلەی قوتابیيەکی دی هەبێ. یان وەک دایک و باوکی پزیشک و قسەزان و بێشەرم و دەست ڕەنگین و سەنگین دەرچێ. کۆمەڵگەی تەندروست پێویستی بە هەموو جۆرە کار و مرۆڤ هەیە. ئاسوودەیی مرۆڤ بە قایل بوونی مرۆڤە بەخۆی. کاتێک هەست دەکات خۆشەویستە، یەکەمین لە خێزانی خۆیەوە کە دایک و باوک بە هەموو خواری و خراپیيەکانیەوە خۆشی دەوێ و پشتگیری بکا. نەک بە تانە و ناوەناتۆرە و بەراوردکردنی بە فڵان و ئەم و ئەو.مەگەر بیرمان چووە کە پەنجەکانی دەست لەیەکدی ناچێ، بەڕێزان

* مناڵ

پەروەردە*

دایک *

باوک *

داهاتوو *

خۆشەویستی