ناسنامەی سەگەکانی کۆمارەکەی (ئیبراهیم یوسفی)
(١-٢)
غازی حەسەن/ نووسەر/ ئەمەریکا
پێشەکی
خوێندنەوە و شیکردنەوە دوو پرۆسەی گرنگن بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوە و تەواوکردنی دەقەکە، منی خوێنەر بەپێی تێگەیشتنم لە خودی دەقەکە، ژینگە و هێز و مانایەکی تازە بە دەقەکە دەبەخشم. مەرج نییە وەکو نووسەرەکە بیربکەمەوە و لە پێکهاتە فکری و تەکنیکی و وشەسازی و ڕستەسازی و مانا و هێما و نیشانە زمانەوانییەکان بگەم. من لە دیوێکەوە سەیریان دەکەم، ئەمە ڕەنگە هەمان دیو و خواستی نووسەری دەقەکە نەبێت.
ڕەمز و کۆد و نیشانە و هێما و مانا زمانەوانییەکان، ئاراستەیەکی زهنی و وێناکردنێکی هەمەرەنگ بە دەق دەبەخشن، کە هەندێکجار لە مانا و مەبەستە سروشتییە قووڵتر و فراوانتر و هەمەدەنگتر دەردەکەوێت.
دەق دەسەڵات و هێزێکی خەیاڵی و ئەفسوناوی هەیە، من بەدوای دۆزینەوە و دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی ڕەگەز و پاشخان و مێژووی شتەکانم. ئەو شتانەی لەنێو دەقدا دەبنە ناسنامە و پێناسە بۆ خودی هەمان ئەو شتانەی (ناسنامە و پێناسەکانیان) لێ زەوت دەکرێت.
کۆماری سەگ
ڕۆمانێکی ڕۆمانووس (ئیبراهم ئەلیوسف)ە کوردێکی عەرەبینووسە و ڕۆمانەکەی لە دەزگای (خطوط وظلال للنشر والتوزیع) لە عومانی ئوردن لە ساڵی ٢٠٢٠، لە ٣٦٧ لاپەڕە بە بەرگێکی ڕەنگاو ڕەنگی شایستە و هێلکارییەکی مانابەخش و هاوسەنگ لەگەڵ دەقەکە ڕازاوەتەوە، کە پەیوەندی بە نێوەڕۆکی ڕۆمانەکەوە هەیە. ناونیشان و بەرگ هیچیان لە نێوەڕۆکی دەقەکە کەمتر نییە، بەپێچەوانەوە وەکو ناسنامە و پێناسە و کلیلی چوونە نێو دەق وایە، دەق چاوی خوێنەر پڕ دەکات، لە وزە بۆ خوێندنەوە. هزری خوێنەر تەژی دەکەن لە وێنە و مانا و پەیام و ڕەهەند و هزراندن و بزاڤ و نیشانە و هێمای شتەکان، کە هەندێکیان بێ کۆتاین.
ناونیشان و بەرگ هیچیان لە نێوەڕۆکی دەقەکە کەمتر نییە، بەپێچەوانەوە وەکو ناسنامە و پێناسە و کلیلی چوونە نێو دەق وایە
تەکنیکی دەقەکە
وەکو لەسەر بەرگی دواوەی ڕۆمانە نووسراوە تەکنیکی نووسینی ئەم ڕۆمانە بریتییە لە “سوود وەرگرتن لەشێوازی بیرەوەریی و ژیاننامە، بەڵام لە چوارچێوەی گەمەیەکی هونەری و هاوکێشەیەکی نەخشێنراو و بەزمانێکی دوور لە بریندارکردن و ئاڵۆزیی، تا زۆرترین کەس بیخوێننەوە، بۆ زمانی دیکە وەرگێڕدێت، چونکە ڕۆمانەکە ژمارەیەک دۆزی گرگ لەخۆ دەگرێت، کە پێشتر بەم دیدگایە باسیان نەکراوە. دیدگای جیاوازی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەمەش لە چوارچێوەی بەکارهێنانی نیشانەکانی جیهانی سەگەکان سەرچاوە دەگرێت، کەپێشتر بەم شێوەیە بەکارنەهێنراون”.
لەم ڕۆمانە قسەکەر و هەقایەتخوانی نێو ڕۆمانەکە خودی ڕۆماننووسە، لە چەند شوێنێک ئاماژە بەوە دەکات کە ناوی (ئالان نەقشبەندییە)، ئەو ئاماژە بەوە دەکات پیشەکەی نووسەرە، نێوبانگی لە نووسین هەیە، هەندێک لەڕێگەی فەیس بووکەوە ئاگاداری کار و چالاکییەکانی ئەون، کوردە و خەڵکی (کوردستانی سوریایە). لەگوندەکانی کوردستان مامۆستا بووە، ئێستا پەناهەندەیە لە ئەلمانیا. بەزمانی عەرەبی دەنووسێت و زمانی دایکی کوردییە، هەندێک فەرەنسی و ئینگلیزیش دەزانێت، بەڵام ئەلمانییەکەی باش نییە و پێویستی بە وەرگێڕە. خێزاندارە و کوڕەکانی ناویان (دڵشاد و دڵدار)ە. سەر بە فکری چەپخوازییە و شیوعی بووە. لە زارۆکییەوە لە حەپەی سەگ ترساوە و هەنووکەش بەهۆی ئەم ترسەوە ناتوانێت بەئاسایی پێشوازیی لە سەگ بکات و هەتا ئێستاش ئەمە وایکردووە، دۆستی سەگ نەبێت و ئەم دۆخە دەروونییە لە ئەلمانیا تووشی کێشەی دەکات، کە سەگ تێیدا خودان مافە وپارێزراوە و دوای منداڵ سەگ بە پلەی دێت و ئافرەتیش بە پلەی سێیەم.
لە زارۆکییەوە لە حەپەی سەگ ترساوە و هەنووکەش بەهۆی ئەم ترسەوە ناتوانێت بەئاسایی پێشوازیی لە سەگ بکات
تەکنیکی گێڕانەوە بەهێزە و خوێنەر ڕادەکێشێت ئەمش وایکردووە خوێنەر نەتوانێت دەست لە خوێندنەوە هەڵگرێت، یان خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بە چێژە و خوێنەر بێزار ناکات.
ڕۆمانووس خۆی قسە دەکات، خۆی شتەکان دەگێڕێتەوە، خۆی پێناسەی شتەکان دەکات و بڕیاریان لێ دەدات، واتە کارەکتەریکی فرە توانا و وزەیەکی بەهێز و خودانی بیرەوەرییەکی فراوانە.
لەتەک شێوازی بیرەوەریی و گێڕانەوەی شتە هەقییقەکان و ناوە ڕاستەقینەکان و شوێنە باوە ناسراوەکان، لەبیری نەکردووە هونەری نووسینی ڕۆمانی هاوچەرخ چییە. لە بەکارهێنانی (کەلتوور، نەریت، ئەفسانە، خووڕەوشتی مرۆڤەکان، پێکهاتەی کۆمەڵگە، جیاوازی نێوان دوو ژینگەی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی ئەوەی لەبیر ناچێت، کە مرۆڤ تەوەرەی سەرکی باسەکانە. شێوازی گێڕانەوە لەنێو گێرانەوە، خەیاڵ لەنیو خەیاڵ و وێناکردنی هونەریانە و دەروونیانە پیادە دەکات. کەسایەتی و کارەکتەری زۆر لەنێو ڕۆمانەکەدا ئاماژەیان پێ دەکرێت، بەڵام لەبیری نەکەین، خودی ڕۆماننووس کەسی سەرەکی و بڕیاردەری کۆتاییە. واتە (قسەرکەر و حوکمدەر و دارێژەی نەخەشەی ڕۆمانەکە بەشێوەیەکی سەرەکیی خودی خۆیەتی).
لە دوا بەشی ڕۆمانەکە کە ناوی لێناوە (تحت سقف واحد/ لەژێر یەک بنمیچ) گەمە هونەرییەکە ڕاشکاوانە بەدیار دەکەوێت و لەنێوان بە ئاگا هاتن و خەیاڵدا شتەکانمان بیر دەهێنێتەوە و لە لاپەڕە ٣٦٢ ئەو شتەمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە پەیوەندی بە خەیاڵ و واقیع، بەئاگاهاتنەوە هەیە. هەزارەها شت، دەیان ڕووداو، گەلێک کێشە، بیرکردنەوەی جیاواز، ڕاکردن، تەسلیمبوون، کۆچ، پەیوەندی، تووڕەبوون، گێڕانەوەی ڕووداوە مێژووییەکان، ئینجا تەنیا لە دوا لاپەڕەی ڕۆمانەکە و لە دواین پەرەگرافدا دەڵێت: “ئەوەی لەپێشتر بەسەرم هاتووە، وەهم بوو، مەزەندە کردن بوو، بیرکردنەوەیەکی ساختە بوو، کە لێی نزیک بوومەوە”. ئینجا دەڵێت: “هاوارام دەکرد، کەچی دەنگم لێوەکانمی تێ نەدەپەڕاند، کەس نەبوو گوێم لێبگرێت، ئەگەر (گازی/ ناوی یەکەمین سەگە و لە منداڵییەوە ناتوانێت لە بیر بکات) نەبووایە”. تا لە شێوازێکی دیکەی بەرچاو کە بەئاگا هاتنەوەیە و بەشێکە لە هونەری نووسینی ڕۆمان دەبێژێت : “ئەی نەفرەت لەو مۆتەکە مەلعونە بێت!!”.
لە دوای ئەم هەموو گێڕانەوەیە، دەڵێت (ئەمە مۆتەکە بوو).. خەیاڵ و ترس و نیگەرانی و دۆخی دەروونی بوو.
زمان لەبەکارهێناندا دەردەکەوێت چەندین کۆدی جیاوازی فکری و زهنی و وێناکردن و مەزەندە و تەنیا وێناکردنەوەی وێنە بینراوەکانیش لەخۆ دەگرێت
دەکرێت هەر بەشێکی ڕۆمانەکە لەڕووی تەکنیکییەوە چیرۆکێکی سەربەخۆش بن، دەستپێک و نێوەڕۆک و بابەت و کۆتایی هەیە، کۆتاییەکی کراوە، کۆتاییەک کە چاوەڕوانی سەرەتایەکی دیکەی نوێ دەکات. کۆتاییەک بەستراوەتەوە بە سەرەتایەکی دیکە. لەنێو هەر بەشێکی ئەم چیرۆک و بابەتانەی کە پەیوەندی بە پەنابەریی کوردێکی سوری، یان سورییەکەوە هەیە، دەیان هورتکە بابەتی دیکەی چیرۆکئامێز لەخۆ بگرێت.
لەبیری نەکردووە (سەگێکی ڕۆژئاوایی چەندە دڵسۆز و بەوەفایە بۆ خاوەنەکەی) و (سەگێکی ڕۆژهەڵاتی/ سوری کە لەڕێگەی گێڕانەوەی بیرەوەریی سەردەمی منداڵی و هەرزەکاریی و مامۆستایەتیشی ئاماژە بە بەدبەختی و بێ مافی و ترس و خراپی سەگ) دەکات.
کۆد چییە؟
زمان لەبەکارهێناندا دەردەکەوێت چەندین کۆدی جیاوازی فکری و زهنی و وێناکردن و مەزەندە و تەنیا وێناکردنەوەی وێنە بینراوەکانیش لەخۆ دەگرێت.
(جوناسان کولەر) خاوەنی پێناسەیەکی زۆر باشی کۆدە و دەڵێت: “کۆد بریتییە لە کۆمەڵێک بابەت، یان پۆل کە لەبوارێکی دیاریکراوی ئەزموونەوە وەرگیراون، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، وەکو ئامرازێکی لۆژیکی و بەسوودن لە دەربڕینی پەیوەندییەکانی دیکەدا”. (جونثان کولر، الشعریة البنیویة، ترجمة السید امام، دار شرقیات، القاهیرة، ٢٠٠٠، ٦٦). لەهەمان کاتدا نووسەر لەپێناو گەیاندنی پەیامێک پەنا وەبەر کۆدەکان دەبات، ئەمەش وا دەکات خوێنەر بیر لە کردنەوەی ئەم کۆدانە بکات. بابەتێک بەکاردەهێنێت، بەڵام مەبەستی دیکەی نەگوتراوی لەپشت ئەم بابەتە ئاشکراو ڕاستەوخۆیانە هەیە.
تیۆری کۆد، یان بە کۆدکردنی شتەکان دەگرێتەوە و کۆد بەرانبەر ڕەمز لە تیۆری دەرککردن (الادراک) بەکارهێنراوە، ئەمەی دواییان پێی وایە بیرکردنەوە لەسەر شێوەی تەنیا زمانی نێوەخۆیی ڕودەدات. یانژی هاندانێکە بۆ پوختەی تەمسیلییە زهنییەکان. فرە ڕەهەندە وەکو شتە گریمان کراوەکان و تەمسیلی ماندار و وەسفە ژمێریارییەکان. ( Jared, D, Poh, R.P.y, and Paivio, A., LI and L2 picture naming in Mandarin- English bilingals: A test of bilingual dual coding theory. Bilingualism: language and congnition 16, 2013, 383- 396. )
بەو پێیەی زمان بریتییە لە کۆدی هەمەجۆری زمان لە ناوەوە و زمان لەدەرەوە. کۆدەکانی نێو دەق هەندێکیان زهنی و فکرین و نەبینراون، هەندێکیشیان بینراون و ئەو شتانەن کە لە دەرەوەی سیستەمی زماندا هەن.
لەکاتێکدا تیۆری کۆد دوو سەرەیە کردەی دەرککردن لە یەکەی تەمسیلی نێوەخۆیی پێکدێت و بە دوو ڕێگا چارەسەر دەکرێت یەکەمیان: سیستەمی گوتنە بە زمان تایبەتە بە تەمسیلی زمان و چارەسەری هەموو کێشەکان لەنێویاندا قسەکردن و گفتوگۆ بەکاردێت. دووەمیشیان سیستەمێکی نازمانییە و (وێناکردنە)، تایبەتە بۆ تێگەیشتنی ڕووداوەکان و پێکهاتە نا زمانییەکان، ئەمەش تەمسیلی زهنی وێناکردن شێوەیەکە لە دەرکی سەرەکی تەمسیلکرن لەدەرەوەی زمان..
زمان بریتییە لە کۆدی هەمەجۆری زمان لە ناوەوە و زمان لەدەرەوە. کۆدەکانی نێو دەق هەندێکیان زهنی و فکرین و نەبینراون، هەندێکیشیان بینراون
پێویستە ئاماژە بەوە بکەم، کە سیستەمی کۆدی لە نێو زماندا فرە ڕەهەند و ئەرک و وێناکردنە، وەکو چۆن لە دەرەوەی زمانیش وەکو شتێکی هەقیقی هەیە و دەهێنرێتە نێو زمانی دەق و ڕەنگە مانا و مەبەستی دیکەی جیاواز لە پێکهاتە سروشتییە باوەکەی خۆشی پێبدرێت. بۆ نموونە (سەگ) هەبووێکی سروشتییە و لەدەرەوەی وێناکردن و لەنێو زماندا هەیە، شتێکی سروشتییە، بەڵام کە دەهێنرێتە نێو زمان ڕەنگە ئەم (سەگ)ە مانا و کۆد و شتی جیاوازتر لە خودی خۆی پێ بدرێت. (سەگ) بەمانای شتێکی خراپ، پیس، دڕ، ئیهانە، سووکایەتی لەنێو هەندێک کەلتوور بەکار بێت، ئەمە لە شێوەی داڕشتن و بەکارهێنان لەنێو سیستەمی زماندا دروست دەبێت.
واتە دەکرێت نووسەر کۆدەکان دەستکاری بکات، مانای زهنی و فکری و کەلتووری پێ بدات، لە مانا ڕاستەقینەکەی بیگۆڕێت بۆ مانای وێناکراو، مەزندە و گریمانەی شتی جیاوازتر لەخۆی پێ بدرێت.
بۆیە وەکو (رومان جاکۆبسن) ئاماژەی پێکردووە شەش بنەمای سەرەکی هەیە بۆ لێکدانەوەی گوتاری زمان و بەکارهێنان و ئەرکی لەنێو دەقدا، کە پێم وایە ئەمانە دەبنە سەرەتایەکی گرنگ بۆ ناسینەوە و لێکدانەوەی کۆدەکانیش لەوانە:
١-نێرەر پەیامی هەڵچووانە.
٢- پەیام، پەیامی شیعری
٣- وەرگر، پەیامی کارتێکردن
٤- کەناڵی پەیام.
٥- سەرچاوە، پەیامی سەرچاوەکە
٦- زمانی پەیامە وەسفییەکە
دەقی (کۆماری سەگ) لەتەک ئاماژەکردن و بەکارهێنانی بابەت، ئەو شتە هەستپێکراوە بینراوە هەقیقییەشە کە هەموومان دەتوانین بیانبینین
کردەی پەیوەندیکردن یەکێکە لە ئامانج و مەبەستە سەرەکییەکانی دەق و ئامانج لەمە ئەوەیە نووسەر چۆن دەتوانێت پەیوەندییەکی سەرکەوتوو لە نمایش و کارتێکردن و هاندنای خوێنەر دروست بکات و لەهەمان کاتیشدا بەکارهێنانی کۆدی جیاواز لەپێناو بەخشینی دەرفەت و زەمینە بەکار بێنێت بۆ ئەوەی خوێنەر بیر بکاتەوە و شتەکان لێک بداتەوە. وێنەکانی نێو دەق، یان شتە وێناکراوەکان وا دەکات کردەی پەیوەندیی تەمسیلییەکی نێوخۆیی بێت. هەروەها ڕەفتار و ڕەوشتێکی ڕەمزی لە خۆ دەگرێت، پشت بەنێوەڕۆکی تەمسیلی کردنەکە دەبەستێت. ئەمەش وا دەکات بیر لە هەڵسوڕاندنی شیکردنەوەی ڕەفتاری ڕەمزی بکات. ( D.H. Mellor, Ways of Communicating, Cambrige Universty Press, 1990, 4).
دەقی (کۆماری سەگ) لەتەک ئاماژەکردن و بەکارهێنانی بابەت، ئەو شتە هەستپێکراوە بینراوە هەقیقییەشە کە هەموومان دەتوانین بیانبینین، بەڵام نووسەر لەئاستێکی دیکەی زمان ئەم شتانە بەکاردەهێنێت، کە پەیوەندی بە ناوەوەی خودی زمانەکە و ئاستەکانی هەیە، ئەویش بریتییە لە (مانا و مەبەست و وێناکردن و شتە زهنی و فکرییەکان و پەیام و شتە ناڕاستەوخۆکان)، هەندێک ناوی دەنێن تەکنیکی نووسین، من پێی دەڵێم هێزی پێویستی بەرهەمهێنانی گوتاری دەق.