فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕوز ئەلیوسف کورد بوو

ڕوز ئەلیوسف کورد بوو

نووسینی: گرفتار کاکەیی/ هونەرمەند و نووسەر/ ئەلمانیا

ڕۆژنامەنووس و هونەرمەند خاتوو ڕوز ئەلیوسف کە بە دیارترین و درەوشاوەترین و نەترسترین و بەناوبانگترین کەسایەتی سیاسی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمی وڵاتی میسرە. هەروا دایکی نووسەری بەتوانا ئیحسان عەبدولقەدووسە.
نووسەری میسریی مستەفا ئەمین سەباەرت بەم خانمە دەڵێت: خاتوو ڕوز ئەلیوسف لە نێو هەموو دەوڵەتە عەرەبییەکاندا خاوەنی گەورەترین گۆڤاری سیاسیە.

 

ڕوز ئەلیوسف کێیە؟!

ناوی تەواوی فاتیمە محەممەد موحێدین یوسفە. ئەو لەساڵی 1898 لە لوبنان لە دایک و باوکێکێ کوردی باکووری کوردستان لەدایکبووە و هەر لە دوای لەدایکبوونی، دایکی کۆچی دوایی دەکات و باوکی دەیسپێرێتە خێزانێکی مەسیحی لە لوبنان وبە مەبەستی کاری بازگانیی دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا، بەڵام بەهۆی بار و دۆخی خراپی نەتەوەی کورد لە تورکیا ئەو چیتر نەگەڕاوەتەوە و کەسیش هەواڵی نەزانیوە.
ماڵە مەسیحییەکە، فاتیمەیان کردووە بە مناڵی خۆیان لە خۆشەویستیدا بە ڕوز ( گوڵەباخ) ناویان بردووە.
کاتێک فاتیمە تەمەنی لە دەساڵی تێدەپەڕێت، داوای لێدەکەن کە لەگەل هاوڕێیەکی خێزانەکەیاندا بچێت بۆ ئەمریکا. ئەمیش پێی سەیر دەبێت کە چۆن خێزانەکەی بەم ئاسانییە دەیانەوێت دەسبەرداری بن و لەگەل ئەو ناسیارەیاندا بینێرن بۆ ئەمریکا؟!
ئالێرە دایانەکەی بە ئارامی ئاگاداری دەکاتەو و پێی دەڵێت کە ئەو نە مەسیحییە و نەیش کچی ئەوان، بەلکو ئەو موسلمانە و ناویشی فاتیمەیە.

ناوی تەواوی فاتیمە محەممەد موحێدین یوسفە. ئەو لەساڵی 1898 لە لوبنان لە دایک و باوکێکێ کوردی باکووری کوردستان لەدایکبووە

سەربوردەی خۆی و خێزانەکەشی بۆ باس دەکات کە ئەوان خەڵکی تورکیان.
ناچار ئەمیش بەڕووکەشی ڕەزامەندی خۆی بۆ ئەو سەفەرە دەردەبڕێت و لەگەل ئەو کەسە سواری پاپۆڕ دەبێت وسەفەر دەکات.
یەکەمین وێستگەدا پاپۆڕەکە لە بەندەری شاری ئەسکەنەرییە لەنگەر دەگێرێت. ئەمیش زۆر بە ئەسپایی لە پاپۆڕەکە دادەبەزێت و لە نێو ئاپۆرەی خەڵکەکەدا خۆی بزر دەکات.
سەرەتا دەچێتە بواری شانۆوە و لەتیپێکی شانۆییدا لای هونەرمەندی شانۆکار عەزیز عوبێد وەکو کۆمبارسێک لە شانۆگەرییەکاندا بەشدار دەبێت.
دوایی ڕۆڵی پیرەژنێکی پێدەدن کە هیچ ئەندامێک تیپەکە ئەو ڕۆڵە وەرناگرێت. بەڵام ئەم بەو ڕۆڵە ڕازی دەبێت و زۆر سەرکەوتووانە ڕۆڵەکەی دەبینێت و داهێنانی تێدا دەکات و دەبێتە هۆی ناوبانگ دەرکردنی. پاشان لەگەل گەورە هونەرمەند و مۆزیکار و ئەکتەرەکانی ئەو سەردەمە دا ئاشنایی پەیدا دەکات و بەشداری دەیان شانۆگەریی تر دەکات و دەبێتە ئەکتەرێک بەناوبانگ.
فاتیمە خان لە ساڵی1925 وازی لە کاری شانۆ و نواندن هێنا.

 

گۆڤاری ڕۆز ئەلیوسف

لە دانشتنێکیاندا لە نێو قاوەخانە و لەتەک کۆمەڵێک نووسەری دیاری میسردا بیرۆکەی دەرکرنی گۆفارێکی هونەری و سیاسی لەدایکبوو و بریاری دا هەر بەناوی خۆیەوە(ڕوز الیوسف)وە دەریبچوێنێت. ئەوەبوو گۆڤارەکە دەرچوو و ناوبانگێکی زۆر کەورەشی لە سەر ئاستی میسر دەرهێنا، بە شێوەیەک کە هەموو گۆڤارە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمەی میسر لە بەرامبەر ئەم گۆڤارە (روز الیوسف) پاشەکشەیان کرد و بازاڕیان سست بوو.
ئەوەی کە وایکرد ئەم گۆڤارەی ببێتە پێشەنگ و خوێنەرەی لێ کۆببێتەوە ئەوبوو کە بڕیاری دا گۆشەیەک بۆ کاریکاتێر تەرخان بکات. ئەوە جگە لەوەی کە باشترین نووسەرانی ئەو سەردەمە نووسینی تەنز ئامێز و کاریکلماتۆری تێدا بڵاوبکەنەوە.

هەر لەبەر کاریکاتێرە و ڕەخنەی توندەکانیان لە حزب و دەسەڵات، لە لایەن حزبی ئەلوەڤدلمیسری و حکوومەتەوە فشارێکی گەورەیان خرایە سەر

هەر لە بەهۆی ئەم گۆڤارەوە بوو کە هونەرمەنێکی گەورەی وەک ساروخان دەرکەوت و ناوبانگی دەرهێنا. هەروا چەندین نووسەری ناودار بۆ یەکەمێنجار وەکو تەنز نووسێک دەرکەوتن.
هەر لەبەر کاریکاتێرە و ڕەخنەی توندەکانیان لە حزب و دەسەڵات، لە لایەن حزبی ئەلوەڤدلمیسری و حکوومەتەوە فشارێکی گەورەیان خرایە سەر و بەهۆی ئەو فشارە گەورەوە گۆڤارەکە تووشی قەیرانێکی دارایی بوو.
ئەوکاتە لەکۆی 104دانە لە دواین ژمارەی گۆڤارەکە حکومەت دەستی بەسەر 42 دانەدا گرت.
بەمەش گۆڤارەکە زەرەری کرد و مایەپووچ بوو. بەهۆیەوە خاتوو ڕوز ئەلیوسف خرایە زیندانەوە.
سەرباری ئەوەش دوای دە ساڵ لە دەرکرکرنی گۆڤاری ڕوز ئەلیوسف، بۆ خۆ ڕزگارکردن لەو قەیرانە، خاتوە ڕوز ڕۆژنامەی ڕوز ئەلیوسف و چەندین بڵاوکراوەی دیکەی دەرهێنا.
ئەم خانمە لە ژیانیدا سێ جار شووی کردوو، یەکەمجار شووی بە زەکی تڵێمات کردووە لەو شووە کچێکیان بەناو (ئامال)وە بووە. شووی دووەمی بە ئەکتەر و نووسەر عەبدولقەدووس کردووە، بەڵام دووای دووساڵ جیابوونەتەوە. لەم مێردەشی کورێکی هەبووە کە ئەویش نووسەری ناوداری میسر ئیحسان عەبدولقەدووسە.
سێیەم جار شووی بە پارێزەر قاسم ئەمین کردووە، کە دەکاتە نەوەی بیرمەندی گەورەی میسر قاسم ئەمین.
لە کۆتاییدا خاتوو فاتیمە کە ناسراوە بە ڕوز ئەلیوسف لە ڕێکەوتی 10ی نیسانی ساڵی 1958ز لەتەمەنی شەست ساڵیدا کوچی دوایی دەکات.
ئەوەی شایەنی باسە پارساڵ پێشبڕکێ وڤیستیڤاڵێکی گەورەی نێودەولەتی کاریکاتێری بۆ ئەم خانمە لە ولاتی میسر سازدرا و تێیدا سەدان کاریکاتێرستی جیهانی بەشدار بوون و پۆرترێتیان بۆ ئەم خانمەیان کێشا.

 

سەچاوەکان:
* دیدارێکی ڕۆژنامەنووسی میسریی مامۆستا عیماد جومعە.
* ساروخان کاریکاتێر.. بەلایەن بوون. وەگێرانی گرفتار کاکەیی2011.
* ویکیپیدا.