شیعر تەنیا ئامڕازی چێژلێوەرگرتن نییە!
“بۆ دیفاع لە شیعر”
ئاکۆ ئەلیاسی/ نووسەر/ سویسرا
*- شیعر پێش لە ھەموو شتێک و بەرلەوەی کەرەستەی چێژبەخشین و ڕاس و ڕێسکردنی وەزن و قافییە بێت، ھونەری تێڕامان و بیرکڕدنەوەیە لە ژیان و گەردوون. پاڵپشتێکی پتەوی فەلسەفییە بۆ بەخۆداچوونەوەی مرۆڤ لە خۆی و ژینگەی دەور و بەری!
*ـ هۆنینەوەی شیعر، واڵاترین هونەری ئینسانییە کە هەموو مرۆڤێک ئەو دەسەڵاتەی نییە، بەشێک بێ لە نیعمەتی ئەو هونەرە! کۆمەڵگایەک کە پەی بە ڕاز و رەمزی شیعر نەبات و نەتوانێت لە لایەنەکانی جوانیی داهێنانی دەقێکی ئەدەبیی، چێژی ڕاستەقینەی فەلسەفیی وەربگرێت، ئەوا ئەو کۆمەڵگایە، بێزەوق ترین کۆمەڵگایە!
*- هۆنینەوەی شیعر، تەنیا داڕشتنی دێڕ و وەزن و سەروا نییە، بەڵکوو لە قۆناخی کامڵ بوونی باری هزریی شاعیردا، کردنەوەی دەرگای کڵۆمدراوی بیرکردنەوەیە، بۆ تێکەڵ بوون بە جیهانی هزرینی فەلسەفیی و عەوداڵ بوونە بە دوای دۆزینەوەی نهێنییە شاراوەکانی ژیاندا.
*- گەیشتنی مرۆڤ بە خەون و خولیای ئامانجەکانی، بەرهەمی خەیاڵ و برکردنەوەیەکی قووڵە، بۆیە شیعر نەک تەنیا ئامڕازێک نییە بۆ چێژ لێوەرگرتن، بەڵکوو هونەرێکی کەم وێنەیە، بۆ گەیشتن بە خەونەکانی مرۆڤی خاوەن هۆشیار و ئامانجدار!
*- شیعر لە ناخێکی پاکژ و خاوێنەوە سەرچاوە دەگرێ، لەگەڵ خەون و ئامانجی مرۆڤدا ڕاستگۆیە، بەڵام سیاسییەکی ئیدۆلۆگی چەقبەستووی نێو چوارچێوە، زۆر جار ناچار دەکرێت، بە پێچەوانەی ویستی خۆی بیر بکاتەوە و ئەوەی کە لە ناخەوە دەری دەبڕێت، چەواشەکارییەکی کاتییە و لەگەڵ کێشمەکێشێکی دژ بە یەکی ویژدانیی ڕووبەڕوو دەبێت!
*- سیاسەت ئەو هونەرە تێکشکاوە دووپات بووەیە کە لە مێژووی کورد دا، جێگایەکی زۆری داگیر کردووە، بەڵام شیعر ئەو هونەرە ڕەسەنە پیرۆزەیە، کە مێژووی کورد قەرزدارێتیی و تاکی کورد، هەتا ئێستایش لە ئاستیدا، بێوەفایە!
*- شیعر لە پاراستنی ناسنامەی زمانی کوردیی و هەوڵدان بۆ ڕاڤەکردنی پرسی نەتەوایەتیی بە یەک چەمک، خاوەن ڕابردوویەکی پڕەشنگدارە، بەڵام سیاسەتی کوردیی، لێوانلێوە لە نسکۆ و هەرەس و لێکدابڕان و خۆکۆژی و خاکفرۆشی! شیعر خودان زمانێکی هێندە دەوڵەمەند و تەڕوپاراوە، کە زۆربەی بە ناو سیاسییەکان، ناتوانن دوو چامە شیعری کۆن و نوێ بە ڕێک و پێکی و بەبێ هەڵە بخوێننەوە!
*- شیعر، هونەری یاریکردنە لەگەڵ زمان، هەوڵێکی بێپسانەوەیە بۆ لادانی پەردەی ڕەش لەسەر چەمکێکی شاراوە بە ناوی “حەقیقەت!” . بەڵام سیاسەت، هەموو جارێک درۆشاخدارەکان دەشارێتەوە! شیعر ئامانجێکی بە تەواوی ئینسانیی هەیە و لە پەروەردەی ڕۆحی مرۆڤدا، ڕۆڵێکی ئێجگار گرینگ دەگێڕێ! ئەوەی هەتا ئێستا، لە هۆنەری شیعر وەک ئامڕازێک بۆ چێژوەرگرتنی کاتیی دەنۆڕێ، بە ئەلفوبێی فەلسەفە نامۆیە! خۆ دیارە، هەموو سیاسەتێک دەبێ فەلسەفەیەکی لە پشتەوە بێت!
*ـ کێشەی نێوان شیعر و سیاسەت ئەوەیە، شیعر هونەرێکە کە لە پێناوی خۆشبەختیی مرۆڤ و جیهاندا دەجەنگێ، تا ئەو کاتەی لەگەڵ سیاسەتدا هاوڕێبازە، کە لەو بەستێنەدا هاوئامانج بن، بەڵام بە پێی ئەزموونی مێژوویی، ٩٥% هەموو سیاسەتێک، مۆنۆپۆلکردنی کۆمەڵگایە مرۆپڤایەتیی بە دواوە بووە، کە دیارە زۆربەی هەرە زۆری سیاسییەکانیش خاوەن بیوگرافێکی گەندەڵکارین!