ڕۆمانی کچەی کافرۆش لە دیدی منی خوێنەرەوە:
نووسینی: نەبەز گۆران
ڕانانی : داستان شەریف/ نووسەر/ سلێمانی
ڕۆمانەکە باسی کچێک دەکات، کە بە ناوی کەشی، کاتێک ڕۆژانە دەمەونیوەڕووان دەچێتە گوزەری باوکە کافرۆشەکەیەوە، گوزەر، بە هۆی جوانییەکەیەوە، هەمووی بە جارێک چاوی تێ دەبڕن. بە جۆرێک هەندێ جار قاچەکانی تێکەڵوپێکەڵ دەبن. باوکیشی بە هیچ جۆرێک دڵی لێی پیس نییە؛ بەڵکوو بە پێچەوانەوە وای لێ دەکات پتر شانازی بە جوانییەکەیەوە بکات و خۆشی بوێت. لە گوزەرەکەدا کاسبکارانی ئەوناوە، لەبەر ئەوەی ناوی نازانن، بە كچی کافرۆشەکە ناوی دەهێنن.
ئەوەندە جوانە کە تەنانەت پیرەکانی گوزەرەکەش، کاتێک دەردەکەوێت، چاوی لەسەر لا نابەن؛ گوایە گەنجێتییان بیر دەخاتەوە.
:لە باسی کچاندا کچی کافرۆش دەڵێت
دونیای کچەکان وایە، بە شتی زۆر بێکەڵکەوە خۆیان هەڵدەکێشن، خۆم کچم، دەزانم هیچ دڵخۆشییەک هێندەی خۆشبەختی و دڵخۆشیی کچان بچووک نییە. کەسێک بیەوێت کچێک دڵخۆش بکات، بە بچووکترین شت دەتوانێت دڵخۆشی بکات، تەنانەت لەو جۆرەن بە دیارییەک یان ڕەنگی کراسێک، هێندە خۆشبەخت دەبن، کە پەنجەرەی ژوورەکەیان لێ دەبێتە دەرگەیەکی گەورە کە بەرەو ئاسۆی ژیان کرابێتەوە. چی بکەم دونیای کچەکان ئاوایە، نە بە من دەگۆڕێت و نە خۆیشیان حەز دەکەن بیگۆڕن.
دایکی خاڵانی تاقانە، ناوی کەشییە و کوردە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتە، خوێنەر بەم ناوە نایناسێت و پێی دەڵێت کچەی کافرۆش. وەک خۆی بۆ خاڵانی تاقانەی باس دەکات:
من کەشیی کچی کۆڵیاری جەنگاوەرم، باوکم لای سوارەی شکاک یەکێک بوو لە جەنگاوەرە ئازاکان، پاش تێکشکانی بەرهەڵستییەکەیان لە ناوچەی خۆمان هەڵهاتین و ڕوومانکردە مەملەکەتێکی تر. بەهۆی ئاوارەییمانەوە، باوکم لە شاری منارەکان بوو بە کافرۆش. دوای ئەوە ئیتر ناوەکەی من نەما و سەرەتا بە کچەکەی کافرۆش بانگیان دەکردم، بەهۆی زمانەکەوە وردە وردە بووم بە کچەی کافرۆش. یەک تاقە برام هەبوو، ناوی کۆیان بوو. کوڕێکی نازداری باڵابەرز. دوو چاوی تەڕی جوان، لێوێکی ناسک و قژە خاوەکانی بەلادا دەهێنا هەر حەزت دەکرد سەیری بکەیت، لای من زۆر جوان بوو.
باوکی کەشیی کچی کافرۆش، حەزی کردووە کچەکەی وەک خۆی مەیلی بە لای سەربازیدا بچێت، ئەمما کەشی حەزی لەو ڕشتەیە نەبوو.
لە باسی مەیلی باوکی کەشیدا بۆ سەربازی؛ وەها دەڵێت:
ئەو باوکە قەشەیەم هەموو ژیانی بەرگریکردن بوو لە دەسەڵاتی پاشایەتی، لە کاتی مەرگیشیدا تەرمەکەی لەناو ساردخانەیەکدا مابووەوە، شوێنێک نەبوو تێیدا بشارێتەوە. خۆی هانی منی دەدا خزمەتکارێکی باشی پاشایەتی بم، ئەمما پاشایەتی پارچە زەوییەکی پێ ڕەوا نەبینی، خۆی و خێزانەکەی بە ئارامی تێیدا ڕابکشێن.
نووسەر دێتە سەر باسی دڕندەییی ئەو کەسانەی کە مەدالیای پاشایەتی وەردەگرن. دەڵێت:
هەڵە نەبووم ئەوانەی مەدالیای پاشایەتی وەردەگرن، لەو مرۆڤانانەن کە نینۆکەکانیان بەهێزترە لە هەستی مرۆڤبوونیان.
نووسەر لەبارەی نووسینی مێژووەوە باسی ئەوە دەکات کە هیچ کاتێک مێژوو بە ڕاستی نانووسرێتەوە بەڵکوو مێژوونووس هەمیشە لە ماڵە گەرمەکەی خۆیانەوە تەماشای ڕووداوە گەورەکان دەکەن و بە پێی زرووفی سەردەمەکە دەیگونجێنن و وای لێ دەکەن ڕاستییەکە بە باشی نەدۆزرێتەوە.
چیرۆکی نەمانی دایکە مانیان و باوکی دایە کەشی، گریاندمی.
چەند ساڵێک پێش ئێستا بە شێوەی فیلمیش لە سینەماکانی کوردستاندا پەخشایەوە، ئەمما ناوەڕۆکی فیلمەکە و ڕۆمانەکە، وەکوو دەڵێن، هێندەی ئاسمان و ڕێسمان جیاوازن.
نووسەر ئەوەندە بە جوانی وێنەی نیارڤانانی نێو ڕۆمانەکەیمان بۆ دەکێشێت، کە پێت وایە دانیشتوویت بە دیار فیلمێکی سینەمایییەوە، نەک ڕۆمانێک بخوێنیتەوە.
هێندە بە چێژەوە باسی مۆزەخانە و شارستانیەتیی ناو مۆزەخانەی پاریس دەکات، هەر دەڵێی خوێنەر خۆی لەو گەشتەدا بووە لەگەڵ کەشیی پاڵەوانی ڕۆمانەکەدا.
شایەنی باسە، ڕۆمانەکانی نووسەر هێندە بەچێژن، خوێنەر هەر ئەوەندەی لاپەڕەیەکی خوێندەوە ئیتر ڕایدەکێشێت.
من ئەمە سێیەم ڕۆمانی نووسەرە بیانخوێنمەوە.
ڕۆمانەکە بە چاپێکی جوان و لە ۳۲٠ لاپەڕەدا لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەندەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.