بیری خۆم دەکەم لەچیرۆکەکانی تۆدا …
تارا فەخرەدین/ نووسەر/ ئەڵمانیا
شەوە و لە پشت پەنجەرەکەوە سەیری کڕێوەی بەفرەکە دەکەم، چاوەکانم هاودەمی چەند کلوە بەفرێکن، تا دەگەنە سەرزەوی و ون دەبن، ڕەشەباکە وەکوو گورگی هار لە درزی پەنجەرەکەوە دەلوورێنێت و چنگی لە دڵم گیر کردووە. من هەر زوو کۆڵ دەدەم لە ژماردنی کلوە بەفرەکان و ئەوان بێوچان، دەڵێی دواسەمای ماڵئاوایی بۆ جەستەی بێڕۆحی من دەکەن.
لەم شەوە ساردەدا هیچ شتێک ناخی من گەرم داناهێنێت. لە چیرۆکێکدا ونم کە باوکە، تا چاوم دەچێتە خەو، با ئەمجارەیش چیرۆکەکە هەر بەدڵی من بێت.
گەر ئەمجارە، لە دارستانە چڕەکەدا پێکەوە ڕێمان ون کرد، با کەس لە دوومان نەگەڕێت، با ئەو بەفرەی کە توولە ڕێگاکەی داپۆشیوە، هەرگیز نەتوێتەوە، تاکەس شوێن پێمان هەڵنەگرێت و ڕێی نەکەوێتە کەوێڵە تاکوو تەنیاکەمان. کە شەو داهات، هیچ چرایەک هەڵمەکە، با هەر ئەنگوستەچاو بێت و هەرگیز ڕۆژنەبێتەوە. بزانە من ئێستا، لوورە لوور و هێرشی گەلە گورگەکان نامترسێنێت، چونکە بەڕاستیی بینیم، ئەوان لە مرۆڤەکان ترسناکتر نین. ئیتر بریسکەی چاوی کونەپەپووی سەردارەکەی ئەوبەرەوە نامترسێنێت، هەڵی مەفڕێنە با هەر بخوێنێت. نەکەی ماڵی شەمشەمە کوێرەکان و تەونی جاڵجاڵۆکەکان بۆ من بشێوێنیت. ژیان لە هیچ ئاژەڵێکی کێوی مەسێنەرەوە، من برسیی نیم، تەنها تینووی قومێ ئاوی کانییەکەمە. دەست لە جاموڵکەی ناو توێشوەکە مەدە، لە دەستەکانی خۆتدا تینوێتییم بشکێنە.
بمبەرەوە ناو دنیای چیرۆکەکانی منداڵییم، باوکە …
با ئەمجارەیان دنیایەک بێت خاڵی خاڵی لە چاوەڕوانیی. با کاتمان لەگەڵ کاتژمێرە زیوییە ناوشینەکەی دەستتدا، لەڕێگا ون کردبێت، چیدی دڵم بەرگەی تیربارانی میلی کاتژمێرەکە ناگرێت.
با نیگەرانییمان وەک بەرگێکی کۆن و ڕزیو داماڵی بێت. دڵتەنگیمان وەک کەوشێکی تەنگ، لەگەڵ هەڵهێنانەوەی هەنگاوێکی خێرادا، لەناو قوڕە لاستیکییەکەی ژێر بەفرەکەدا نوقم کردبێت.
لە دنیای ڕاستەقینە بێزارم باوکە، دەزانم تۆ دەتویست داکەوتانە بژیم، قەڵایەک بم، بەرگەی باو و بۆران و زریان بگرم، بۆیە زوو زوو لە خەونە خۆشەکان ڕاتدەچڵەکاندم.
ژیام و هەر ژیام ….
زانیم ژیان بێ لە چیرۆکەکانی منداڵی، جوانییەکی تێدا نییە، تەنها لەوێدا ئارەزووە مەحاڵەکان بەدی دێن.
ئیتر زۆر ماندووم باوکە، ئەمجارەیان لێم گەڕێ، بهێڵە چاوە سوور هەڵهاتووەکانم بچنە خەو، خەوێکی ئەبەدیی. ئەمجارەیان هەرگیز بێدارم مەکەرەوە، هەرگیز ….

