فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شاعیری ساختە و ڕەخنەگری قولابی

شاعیری ساختە و ڕەخنەگری قولابی

 

حەمەسەعید حەسەن/ نووسەر و ڕەخنەگر/ هەولێر

 

گەندەڵی هەموو گۆشەیەکی گرتووەتەوە، هەر لە مەرزەکانەوە، تا ناوەندی شارەکان، هەر لە هاوردەکردنی دەرمانی ئێکسپایەرەوە، تا هێنانی هێلکەی بۆگەن و جگەری ڕزیوی بەستووی مریشک، هەر لە سیاسەتکاری ماوەبەسەرچووەوە، تا پەرلەمانتاری فرێشی کارگەی درۆ، هەر لە بێژەری نەفامەوە، تا شاعیری زڕ، هەر لە ڕۆژنامەنووسی بێسەوادەوە تا سەرنووسەری فەل. جاران شیوعی پشتی (گۆران)ی دەگرت کە کەس لەو شاعیرتر نەبوو، یەکێتی کۆمەکی شێرکۆ بێکەسی دەکرد کە باڵای هیچ شاعیرێکی دیکەی هاوسەردەمی، ‌هێندەی بەژنی وی بڵند نەبوو، پارتی کام خەڵات ‌هێژایە، بە مام هەژار دەبەخشی کە شیاوی لەوە زیاتریش بوو، هەنووکە حیزب ئاوەڕۆ بە نرخی کانی و زەلکاو بە بەهای زەریاچە و چۆراوگەمان وەک تاڤگە بەسەردا ساغ دەکاتەوە.

 

هەر لە هاوردەکردنی دەرمانی ئێکسپایەرەوە، تا هێنانی هێلکەی بۆگەن و جگەری ڕزیوی بەستووی مریشک، هەر لە سیاسەتکاری ماوەبەسەرچووەوە، تا پەرلەمانتاری فرێشی کارگەی درۆ، هەر لە بێژەری نەفامەوە، تا شاعیری زڕ، هەر لە ڕۆژنامەنووسی بێسەوادەوە تا سەرنووسەری فەل

 

گەندەڵی هەموو جومگەیەکی گرتووەتەوە، ئەوە گەندەڵییە، نزیکەی نیو سەدەیە خۆت بە نووسینەوە سەرقاڵ کردووە، خۆت پێ شاعیرێکی پێنج ئەستێرە، یان نووسەرێکی گەورەی گەلەکەمانە، کەچی عەقڵت بەوە ناشکێت، بچیت کتێبێک لەسەر ڕێزمان، نامیلکەیەک لەبارەی ڕێنووسەوە و باسێک دەربارەی خاڵبەندی بخوێنیتەوە. بەوە نابیت بە شاعیر بەدەم دەستڕاوەشاندن و نەڕەنەڕەوە، شتێک بخوێنیتەوە کە هەر چییەک بێت، شیعر نییە، بەوە نابیت بە نووسەر، کتێبێکی زلی بێ هونەر، بە نرخی ڕۆمان بەسەر کۆلکەخوێنەردا ساغ بکەیتەوە.

 

ئەگەری ئەوە هەیە، لیستێک بەناوی شاعیرانی ساختە و ڕەخنەگرانی قولابییەوە بڵاو بکەمەوە

بەرلەوەی دەست بە نووسین بکەیت، بڕۆ خۆت فێری ڕێنووس و ڕێزمان بکە، وڵات نییە لە دونیادا، نووسەرەکانی نەزانن بە زمانێکی دروست بنووسن، ئەم گەندەڵییە تایبەتە بە گەلی کورد. تۆ کە زمانی دایکت نازانیت، ئەوە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە هیچ زمانێکی بێگانەیش نازانێت، ئیدی بۆچی سواری کۆڵی وەرگێڕان بوویت؟ لەشکری لە ژمارە نەهاتووی بندیوار، لەم حیزب یان لەو وەزارەتدا نییە، لە کێڵگەی پڕ دڕکوداڵی نووسین و وەرگێڕاندا هەیە.

 

وڵات نییە لە دونیادا، نووسەرەکانی نەزانن بە زمانێکی دروست بنووسن، ئەم گەندەڵییە تایبەتە بە گەلی کورد

 

ئەو گەندەڵکارییەی لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا هەیە، پەڵەیەکی شەرمەزارییە، بە تەوێڵی بزاڤی ڕۆشنبیریی ئێمەوە. شاعیرۆکە هەیە، شیاوی ئەوە نییە، ناوی بخرێتە ڕستەیەکی بەسوودەوە، دەیان ساڵە دەنووسێت و هێشتا ڕستەیەکی شیعریی بەرهەم نەهێناوە، کەچی زوو زوو (یەکێک) بەگیر دەهێنێت، (توێژینەوە) لەبارەی میعرەکانییەوە بنووسێت، یەکەیش چونکە نامۆیە بە دونیای هەڵسەنگاندنی ئەدەبی، مل دەدات و شتێک لەبارەی شتەکانییەوە دەنووسێت. ئەگەری ئەوە هەیە، لیستێک بەناوی شاعیرانی ساختە و ڕەخنەگرانی قولابییەوە بڵاو بکەمەوە.
*