فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پێوەندی نێوان نووسەر و وەرگێڕ

پێوەندیی نێوان نووسەر و وەرگێڕ

 

سەباح ئیسماعیل/ نووسەر و وەرگێڕ/  کەرکووک

 

زۆرێک لە وەرگێڕەکان بۆ ئەمانەتی ئەدەبی پێوەندیی بە نووسەرانی ئەو کتێبانەوە دەکەن دەیانەوێت وەریان بگێڕن، دوای بەدەستهێنانی ڕەزامەندی و هەندێک جاریش پێشەکی نووسینی نووسەر بۆ چاپە وەرگێڕاوەکە، ئیدی پێوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان هەردووکیاندا دروست دەبێت. تا ئەو ڕادەی نووسەرەکە داوا لە وەرگێڕ دەکات کتێبەکانی تریشی وەربگێڕێت. هەڵبەت وەڵامی وەرگێڕ ئەرێنی دەبێت و بە سینگێکی فرەوانەوە قبووڵی دەکات، بەڵام هەندێک جار ئەمە لای نووسەر دەچێتە قاڵبێکی دیکەوە، دەردەکەوێت نووسەر لای خۆیەوە خۆی بە بوونەوەرێکی باڵاتر و لەسەرووتر لە وەرگێڕ دادەنێت، تا ئاستی فەرمانکردن بەسەریدا. ئەمەش لای وەرگێڕی بەتوانا و و شارەزا و ئاشقی وەرگێڕان مایەی قبووڵ نییە و تێدەگات نووسەر دەیەوێت بە کەیفی دڵی خۆی ئاراستەی بکات، بۆیە ئالێرەدا لێی هەڵدەگەڕێتەوە و ئەو پێوەندییەی لە نێوانیاندا هەبوو سارد دەبێتەوە، یاخود بە یەکجار دەبڕێت و لای وەرگێڕ کۆتاییدێت.
بێگومان ئەوی لەم نێوەدا پتر زیان دەکات کاکی نووسەرە، چونکە ئەوە وەرگێڕ بوو بەرهەمەکەی لەو زمانە ئازاد کرد و زمانەکەی خۆیشی پێ دەوڵەمەند کردK بە میللەتێکی تری ناساند و ڕووبەری خوێندنەوەی بەرهەمەکەی فرەوانتر کردەوە و زیاتر ناساندی. بۆیە دەبێت هەمیشە نووسەر بە چاوی ڕێزەوە تەماشای وەرگێڕ بکات، چونکە ئەگەر وەرگێڕانەکەی ئەو نەبێت هەرگیز ناناسرێت و بە جیهانی نابێتەوە. هەر لەبەر ئەمەشە هەندێک لە نووسەران خۆیان زمانی دی دەزانن، بەڵام پێیان باشترە بەرهەمەکەیان لە لایەن وەرگێڕێکی کارمەوە وەربگێڕرێت.
هەڵبەت پێوەندیی نووسەر و وەرگێڕ جیاوازە لە پێوەندیی دەرهێنەری فیلم و ڕۆماننووس، گەلێک جار ڕۆماننووس دەست دەخاتە کاری دەرهێنەرەوە و فیلمەکە بە ئاراستەیەکی باش نابات، ئەمەش بۆ نەشارەزایی نووسەران دەگەڕێتەوە لە بواری سیناریۆنووسیندا.
پێوەندیی نێوان نووسەر و وەرگێڕ پێوەندیی نییە لە نێوان دوو کەسایەتی و دوو ناودا، بەڵکو پێوەندییە لە نێوان دەق و وەرگێڕاندا. ئەمبەرتۆ ئیکۆ پێچەوانەی میلان کۆندێرا، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نەبوو نووسەر دەست وەربداتە کاری وەرگێڕەوە.
دووریش نییە ئەو پێوەندییەی نێوان وەرگێڕ و نووسەر توندوتۆڵتر بێت و وا لە نووسەر بکات تەنیا ڕێگە بەو وەرگێڕە بدات کارەکانی وەربگێڕێت.
………………………………………………………………………………………………………………..