نەمامی_خۆشەویستی
ئەيوب ئەحمەدی تينوو کۆکەیی/ شاعير/ بۆکان
لە قامووسی دڵم هێندم ئەوینت تاووتۆ کردۆ
کە عالەم پاکی زانی پێم چ غەدرێکم لە خۆ کردۆ
بە شایانم بزانی یا نەزانی خۆشەویستم تۆی
تەواوی ئارەزۆکانم فیدای دوو چاوی تۆ کردۆ
بە ئارامی بنێ هەنگاو ئەگەر هاتی بەرەو ماڵم
گوڵی تاسە و حەز و بریام لەسەر ئەم ڕێیە ڕۆ کردۆ
وەکوو باران دەچێ زاتت کە بوونت ڕەمزی هەرمانە
کە باغی سەوزی هەڵبەستم بە بوونت پڕچرۆ کردۆ
ئەگەرچی خۆم تەرەی ئەشق و ئەوینی بێ سەرەنجامم
لە هێلانەی دڵم ماڵی ئەوینتم گردوکۆ کردۆ
ئەوەی ئاشق نەبێ کوانێ لە حاڵی من دەگا ئاخر
کە پێم ئێژن دەبێ کێ بێ کە تینووی رەنجەڕۆ کردۆ
بسووتێم گەر لە گڕکانی نەمامی خۆشەویستی خۆم
دەڵێم هەر خۆشەویستی تۆ منی خاوەن شکۆ کردۆ
28خەزەڵوەری۲٤