فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بایەقوش

بایەقوش

عەبدولڕەحمان فەرهادی/ سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد

بایەقوشێ،
لەسەر دارتەلی بەر دەرگای
ماڵەوەمان ھەڵنیشتبوو،
دەیویست دەم لە ڕووحم ژەنێ.
ڕووحم لە جەستەم یاخی بوو
وەک تارمایی،
وەک چۆن تاژی
بەچکە کەروێشک ڕاودەنێ،
ڕەڤی و
لە شادەماری دۆشاومژەم دەرپەڕی،
لەسەر لکی
دار ئەرخەوانێ خۆی ھەڵخست
کە وشک بووەوە لە نەم و
نیگای سپیی نێو دوو چاوم،
کە ڕەوییەوە،
ترسی مەرگ لە ھەناوم،
ویستی سەرخاتەوە جەستەم
بەڵام جەستەم ھی من نەبوو
ئەو تەنێکی مردەڵە بوو
نائاشنا بوو بە ڕووحی من،
خۆی ڕاپسکاند و بزر بوو..
ڕووحم چووە نێو ھەڵاڵەی گوڵەباخێ
لەوێ تا پاییز مایەوە..
خوایە چی بوو؟
دیمەنێکی چاوەنداز و
چەند تۆقێنەر و سامناک بوو!
کە پاییز بە نووزە نووز هات
بە خشپەوە خۆیکرد بە ماڵی گەڵاکان،
زەنگوڵی لە درەخت تەکان
وەرزێکی سەخت و غەمناک بوو،
وەیشوومە، ناڵەی جوداییی
خستە نێو دڵ،
ڕووحی بابردەڵەی منیش
لەگەڵ پەڕی زەردی گوڵێ
ھەڵوەری و تێکەڵ بە خاک بوو.