فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەقی شیعری

دەقی شیعری

ڕۆژا کاکە مەد/ نووسەر/  سوید

هەرچەند ئەڕوانم ناتدۆزمەوە
نە لەگەڵ هەڵهاتنی خۆری بەرەبەیانێک
نە لەگەڵ ئاوا بوونی تیشکی هەتاوێک..
لەکام ئێوارەی پاییزی لێم ون بوویت!
لە کام گەڵای کەوتووی پاییزی لێم هەڵوەریوی!
لە کام هەواری ڕێبواران
ڕەشماڵی دڵی شکاوت سەوزبونەتەوە
لە کام ڕێگەی دووڕیانی لە ناکاوت
قەدەرێکی هات و نەهات،
یەخەی خۆیان پێگرتووی!
بڵێ بڵێ
پێم بڵێ… بیدرکێنە
بیدرکێنە ڕازی دڵی درز تێکەوتووی
پێدەشتی سەوزبووی ئەوینێکی ناکام!
بیدرکێنە ڕازی داستانی ئەوینێکی خەمناک،
بیدرکێنە و بڵێ. بڵێ من لێرەم،
بڵێ من لێرەم…
بڵێ من لێرەم و هێشتا شوێن پێیەکانت،
لەسەر شاڕێگای دڵی من،
خۆیان کاڵ نەکردۆتەوە، کاڵ نەبوونەتەوە
ناڕۆن بە هیچ شتێک،
ئەو شوێن پێیانە، زرنگانەوەی ئەو سۆزی دەنگە،
ناڕۆن و ناڕۆن… هەر ماوون! هەر ماوون!
شوێن پێیەکانت لە شاڕێگەی دڵ،
سۆزی دەنگ و نیگاکان، دەستەکانت!
تاسەی دوبارە بینینەوە
تاسەی شادبوونەوەیەکی دیکە و ئامێزێکی گەرم…
بەیەک گەیشتنەوەی دوو وونبووی ڕێگەی قەدەرێک
گەشانەوەی دوو گلێنەی چاوەکان بە یەکتر،
کە جگە لە بێدەنگی و قسە نەوتراوەکان،
شتێکی دیکەیان نەبوو بۆ دیدار و چێژوان!
بۆ جێژوانی گەیشتنەوەی دوو ڕۆحی وونبوو
تەنها پڕ بوون لە قسە نەووتراوەکان،
لە نێو دوو گلێنەی پڕ تاسەی داستانێک…
کە قوفڵی کلیلی خۆشەوستی یان،
گرێ درابوو لە ئەوین، لە تاسەی دووری،
لە تامەزرۆیی و باوەشی پڕ سۆزیان بۆ یەکتر
لە یەک دەم لە یەک سات، چاوەکانیش پڕ بوون
لە بێدەنگی! لە بێدەنگی و لە بێدەنگی…
کە رۆح پاراو بوو لە ئەوینێک، ئەوینێکی ناکام،
گلێنەی چاوەکان یش هێندە تاسەی نیگایەکی
یەکتریان کردبوو،
هێندە تامەزرۆی بینینەوەیەکی یەکتریان کردبوو،
حەسرەتی باوەش و ئامێزێکی یەکتریان کردبوو،
چیدی نەمابوو و نامێنێ لە گۆ کەوتنی زار و ووتنێک
شتێک نامێنێ لە گەورەییی، بوون و
تاسەی بینینەوە، شادبوونەوەی دیسان یار بۆ دلبەر!…