فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەقی گۆرانییەکی کوردی لە دوو کتێبی دوو نووسەری ناوداری ئەڵمانیزماندا

دەقی گۆرانییەکی کوردی لە دوو کتێبی دوو نووسەری ناوداری ئەڵمانیزماندا

بەکر شوانی/ وەرگێڕ و رۆژهەڵاتناس / ئەڵمانيا

 

 

نووسەر و نوکتەچی و پەروەردەکاری ئەڵمان ئۆسکار لودڤیگ بێرنارد ڤۆلف (1799-1851) لە یەکێک لە کتێبەکانیدا بەناوی “تەواوترین کۆمەڵەی گۆرانیی ئازادی و نەوا” کە یەکەم جار ساڵی 1861 لە لایپزیک چاپ کراوە، دەقی گۆرانییەکی کوردی بە سەردێری “گۆرانیی بەهاری کوردی”ی داناوە. ڤۆلف ئاماژەی کردووە بۆ ئەوەی کە دەقی گۆرانییەکەی لە کتێبی “فرەزمانیی شیعری ڕۆژهەڵاتی”ی دکتۆر هایمان یۆلۆڤیچ-ەوە (1816 – 1875) وەرگرتووە.

سەرەتا دەقی گۆرانییەکە “لە وەرگێڕانی خۆم” دادەنێم و پاشان بە کورتی ئاماژە بۆ ژیاننامەی هەریەک لە ڤۆلف و یۆلۆڤیچ دەکەم.

گۆرانی بەهاریی کوردی

لە کتێبی شایستەی “فرەزمانی شیعری ڕۆژهەڵاتی” یۆلۆڤیچ-ەوە

بەرز لە سەرووی هەموو شتێکەوە،

جوان لە سەرووی هەموو شتێکەوە،

و لەسەر زاری خەڵکی ستایشی دەکرێت،

پەڵە سەوزەکانی سەر بەرزایی چیایەکانن،

چیمەنگەلی بۆنخۆشی کۆچەرانن.

لەو شوێنەی بەفر شاخەکانی سپی کردووە،

لەو شوێنەی خێوەتی ڕەشی کوردان هەیە،

لەو شوێنەی شوان مێگەلی قەڵەو دەلەوەڕێنێ،

لەو شوێنەی کوڕی خەنجەر بەقەد و کچانی شۆخ هەن،

بەرز لە سەرووی هەموو شتێکەوە،

جوان لە سەرووی هەموو شتێکەوە،

و لەسەر زاری خەڵکی ستایشی دەکرێت،

پەڵە سەوزەکانی سەر بەرزایی چیایەکانن،

چیمەنگەلی بۆنخۆشی کۆچەرانن.

ئۆسکار لودڤیگ بێرنارد ڤۆلف (O. L. B. Wolff):

ڤۆلف ساڵی 1799 لە شاری ئالتۆنای نزیک لە هامبورگ وەک تاقانە کوڕی بازرگانی جوو ئایزیگ ڤۆلف و ڕێبێکای کچی یەکێک لە بانکمانە ناسراوەکانی ئەو سەردەمەی ئەڵمانیا لە دایک بووە. ڤۆلف لە بەرلین و کیل چووەتە زانکۆ و لە شاری یەنا دکتۆرای لە فەلسەفەدا هێناوە. ماوەیەک لە هامبورگ وەک مامۆستا و ڕەخنەگری موزیک کاری کردووە و لە ساڵی 1825یشەوە بۆ ماوەی ساڵێک وەک ئەکتەری ڕاگوزەر و نوکتەچی چوەتە سەر شانۆی ژمارەیەکی زۆر لە شارەکانی ئەڵمانیا و لەو ماوەیەدا لە شاری ڤایمار پەیوەندی بە ڤۆلفگانگ گوێتە (1749-1832)وە کرد کە بە تەمەن 50 ساڵ لەم گەورەتر بوو. ڤۆلف ساڵی 1827 لە زانکۆی یەنا پلەی پرۆفیسۆریی بەدەست هێناوە و تا مردنی، لە یەنا و ڤایمار ژیاوە. کارل مارکس (1818-1883) کە لەو سەردەمەدا لە زانکۆی بەرلین خوێندکار بوو، ساڵی 1841 بە نێوەندگیریی ڤۆلف لە زانکۆی یەنا پلەی دکتۆرای بەدەست هێنا.

ڤۆلف نووسەرێکی فرە ڕەهەند بوو و لە بواری ڕۆمان و نۆڤلێت و گاڵتەوگەپ و شیعر و گەشتنامە و وتاری ئەدەبی و ئەنتۆلۆژیادا کتێبی نووسیوە. جگە لەوە زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئیتاڵیت و ئیسپانی و لاتینی و یۆنایییەوە کاری وەرگێڕانی کردووە و هاوکات وەک ڕێداکتۆر لە پرۆژەکانی کتێبی بەرباخەڵ و گۆڤارەکانی مۆدە و فینیکدا کاری کردووە. ڤۆلف لە 25 ساڵی کۆتایی تەمەنیدا و بەر لەوەی ساڵی 1851 لە تەمەنی 52 ساڵیدا لە شاری یەنا کۆچی دوایی بکات، سەرووی 100 کتێبی نووسی یان وەرگێرا.

دکتۆر ڕابی هایمان یۆلۆڤیچ (Dr. H. Jolowicz):

دکتۆر یۆلۆڤیچ ساڵی 1816 لە شاری کۆزلین (کۆژالین کە لەم سەردەمەدا دەکەوێتە پۆلۆنیاوە) لە دایک بووە و ساڵی 1875 کالینینگراد (ڕووسیا) کۆچی دوایی کردووە. یۆلۆڤیچ لە زانکۆی کیل خوێندوویەتی و هەر لەوێ پلەی دکتۆرای بەدەست هێناوە و وەکو ڕابیی ئاینی جوو لە شارەکانی مارینڤێردێر (لەم سەردەمەدا: کڤیجن لە پۆلۆنیا) و کۆژالین و لەندەن کاری کردووە. ئەو زوو خۆی خانەنشین کردووە و پاشماوەی ژیانی خۆی بۆ نووسین لە بواری تیۆلۆگی و مێژوو و ئەدەبیاتدا تەرخان کردووە و “فرەزمانیی شیعری ڕۆژهەڵاتی” کە یەکەم جار ساڵی 1853 لە شاری لایپزیک چاپ کراوە و ئەو گۆرانییە کوردییەی لای سەرەوە لەخۆدەگرێت، یەکێک لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی یۆلۆڤیچە.