پێنوسی ژنە و چەپڵە بۆ پیاو لێدەدرێ…
ھبە فەیسەڵ/ نووسەر
هەڵبەتە من یەکەم کەس نیم و هیوادارم دوا کەسیش نەبم کە تیشک دەخەینە سەر هێڵێکی گەرم، لە کۆمەڵگەیەک کە جیاوازی چینایەتی بە شیری دایکەوە دەرخواردت دەدرێ.
کۆمەڵگەیەک کە کوێرانە لە بری نەفرەت، تف ئەکەنە دەمی یەکتر و فەرمانی گەورە و بچوکیان ڕەوایە کاتێک دەگاتە تێڕوانین و مامەڵەکردنی بەرانبەر. جا بەرانبەر مرۆڤ بێت، سروشت یان ئاژەڵێکی بەر کوچە و کۆڵانەکان.
کۆمەڵگەیەک، وەک وابێ خۆڕسکانە و بە خێماڤێکی سیحری، لە پیرۆزترین کتێبی نادیاری مرۆڤایەتیدا نوسیبێتی؛ *ئافرەت هەمیشە دەبێ لێپرسێکی هەبێ*. جا چ لێپرسێکیش؟ کەسێک ببێتە چەتر و بیپارێزێ. بەڵام لە چی؟ لەهەمان ئەو کەسەی کە وەک خۆی بۆتە لێپرسی یەکێکی دی. لە زۆربەی کاتیشدا هەردوو *لێپرسراوەکە* یەک ڕەگەزن.
لێگەڕێن، بدەین لە بنی هەمانەکە و بڵێین پیاو ژن دەپارێزێ لە پیاوی دی. نازانم گەر ئێوە لەم دژیەکی و دەبڵ مۆڕاڵییە تێدەگەن. لە کاتێکدا کە هەنێ پیاوی کورد خۆی بە هەموو جۆرێکییەوە یەکێکی دەوێ بیپارێزێ.
زۆریان پەروەردە و بەرهەمی شەڕ و برسێتی و توندڕەوین. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەرکی پاراستنیان دراوە بەسەردا بێ ئەوەی هەڵیان بسەنگێنن تا چەن لێهاتوون. ئایا خۆیان لەو ڕۆڵە دەبیننەوە؟ چۆن ئەو ڕۆڵە پڕدەکەنەوە؟ ئایا بەو شێوەیەیە کە خۆیان ئەیانەوێ؟ یان وەک ئەوەی کەسانی پێشتر بۆیان نەخشاندوون؟.
شایەنی باسە کە ئەم پاراستن و ئاگاداری بوونە لە بری ئەوەی ببێتە دەستێکی گەرم، میهرەبان و ئاوێنەیەکی هەقانی کە ژن بێ پەردە بتوانێ لەگەڵی بدوێ و خۆشی و ناخۆشی لەگەڵ بەش بکا، دەبێتە کەسێک کە لە گچکەترین هەنگاو دەبێ پرسی پێبکەیت و لە فەرمانی دەرنەچی.
لە ناو ژنانیشدا وا باس دەکرێ کە فڵان پیاوێکی باشە و دەپرسن چۆن « ڕێگەی » بە ژنەکەی داوە بخوێنێ؟، بچێ بۆ ئیش و پارە بێنێتەوە.
جا خۆ ئەگەر ئەو ژنە چوو بێت بۆ ئاهەنگێک و مناڵی بەسەر مێردا بەجێهێشت بێ، ئەوا ژنانی دی لەسەرەوە بۆ خوار چاوی سوکایەتی بە باڵای دەخشێنن.
ئیدی زۆرن ئەو ژنانەی کە باجی ناخی چۆل و بێ متمانەیی پیاوێک دەدەن. تەنانەت سەرکەوتنەکانیشیان دەبێ ژێر بەژێر یاد بکرێتەوە. نەک تەنها لە ترسی قسەڵۆکی ژنانی دی. بەڵکوو بۆ ئەوەی پیاوان دوودڵ نەبن و نەکا دڵیان لەخۆیان دابمێنێ کە ئەوان بەهەمان پلەی سەرکەوتن نەگەیشتوون.
من هەتا ئێستا تێنەگەیشتووم ؛ هونەر لەوەدا چییە کاتێک مامۆستایەک، نوسەرێکی ژن لە کۆڕێکدا، یان هونەرمەندێک بەرهەمێکی دیاری دەبێ و سەرکەوتنێک بەدەست دەهێنێ، دەبێ لەگەڵ یەکەم دەست خۆشی لێکردنی ئەو خاتونە، باس لە باڵای بەرزی ئەو پیاوە بکرێ کە یارمەتی داوە؟ هەروەک بڵێی ژن هەمیشە و گەر یەکێک لەپشتی نەبێ ناتوانێ هیچ هەنگاوێک بنێ. گەر ئەم بۆچونە دروستیش بێت، مانای وایە ئێمە کوێر و لاڵ بووین لە ئاست ئەو ستڕەکچەرەی کە کۆمەڵگەی ئێستای کورد، لەسەری سەما ئەکا.
ئەو خاڵە بنەڕەتییەمانیش لە یاد نەچێ ، گەر پیاوێک ئاشنا بێت بە پێگەیشتن، کامڵ بوون و مانای نێرایەتی خۆی، هەرگیز ناهێڵێ ئەو بەراورد و پیاهەڵدانە لەبەرانبەری بکرێ. چونکە پڕاوپڕ لە کەمکردنەوەی بوونی ئەو نێرەیە و یەکسان کردنێتی بە هاوڕەگەزی خۆی کە پیاوسالاری لە خوێنیدا ڕاست وچەپ ئەکا، بێ ئەوەی لە خودی خۆیدا بزانێ بۆ!
ئیدی چ پێویستە کە بە بەژن و پیاوەتی نێردا هەڵبدرێ، گەر بناغەی پێکەوەنانی ژیانی هاوبەشی ئەو دوو مرۆڤە لەسەر دابەشکردنی ئەرکەکان بێت و، هەر لە سەرەتای پێخستنە ژیانی هاوبەشییەوە، تەرازوی کەس لەوەی دی قورستر نەبووبێت.
نییە جوانتر، ئاڵۆزتر و پیرۆزتر لەوەی کە دوو مرۆڤ بتوانن هاوکار و هاو-ڕێی یەکتربن. بەڵام کاتێک ئەم یەک بوونە دەخرێتە قاڵبی ڕەگەز و بە کەمتر و لاوازتر بینینی بەرانبەر، ئەوا ناهەوسەنگی دەبێتە نەخۆشییەکی درێژخایەن و لە کۆتادا کوشندە، بەڕێزان.
#ژن
#نێر
#هاوڕێ
#پشت
#هاوسەنگی
#٨مارس
#خود
#💜