بۆی نییە کتێبەکانم بفرۆشێ
ناسری حیسامی/ نووسەر/ سوێد
ساڵێک لەوە پێش کتێبی فڕینی دوور چاپ کرا. ناوەندی ٤٩ کتێب چاپی کرد. لەو ماوەیەدا زۆر هەوڵم دا بەڕێوەبەری ناوەندەکە ئاگادارم بکاتەوە چەندی چاپ کردووە و چەندی فرۆشتووە. خۆی لەوە بوارد ئاگادارم بکاتەوە. دوایین وەڵامیشی ئەوە بوو کە “پارەم نییە بتدەمەوە”.
بەوەشەوە کە ئەو ڕێککەوتنەکەی نێوانمانی پێشێل کردووە و مافی منی خواردووە، لەملاو و لەولا بە خراپ باسی منی کردووە. نووسیبووی “سێ بە ناو نووسەر هەن کە لە دوای مردنیشیان بە خراپ باسیان دەکەم”.
ئەو “سێ بەناو نووسەر”ەی شاڕوخ ئەرژەنگی باسی کردوون بریتین لە: سەلیم حەقیقی، ئەحمەد بازگر و من.
شاڕوخ ئەرژەنگی مافی هەر سێ کەسەکەی پێشێل کردووە. مافیانی خواردووە و بۆ پاساوکردنی کارە ناشیرینەکەی خۆی کەوتووەتە سووکاتیکردن پێیان.
من ڕادەگەیەنم کە لەمەودوا شاروخی ئەرژەنگی (ناوەندی ٤٩ کتێب) بۆی نییە کتێبەکەی من بفرۆشی و بڵاوی بکاتەوە. ماوەیەک لەوەپێش نووسیبووم کتێبی شیعر و وتاری وەرگێردراویشم بە ناوی “کۆڵانی لەیل” هەر ئەو ناوەندە چاپی دەکا. لێرەوە ڕادەگەیەنم کە مافی چاپکردنی ئەو کتێبەشی نییە.
لە بەر ئەوەی لە ئورووپا تەنیا ئەو ناوەندە کتێبی منی چاپ کردووە، لە هەر جێگایەکی دیکەش لە دەرەوەی وڵات کتێبەکە بفرۆشرێ، بەرپرسایەتییەکەی لە ئەستۆی ئەو ناوەندەیە.
داوام لە هەموو دۆستانم ئەوەیە کە کتێبی من لەو ناوەندە نەکڕن.
ئەگەر ئەوانەی شاڕوخ کتێبەکانیانی چاپ کردووە، نووسەر نین پێویست بوو ناوبراو ڕێزی خوێنەرانی بگرێ و کتێبی ئەو کەسانە نەخاتە بەردەستیان. ئەگەر ئەوانە نووسەر نین بەرهەمەکانیان بە چ سیفەتێک، بە چ ناوێک دەفرۆشێ؟ وەک کالایەک کە ئەگەرچی هیچی بۆ خوێنەر تێدا نییە بۆ ئەو نانی تێدایە؟
حاجی میرزا ئاقاسی کەرێزکەنێکی هێنابوو کەرێزی بۆ هەڵکەنێ. هەموو ڕۆژێ کە حاجی دەچوو سەری کەرێزەکە بدا بیرهەڵکەن دەیگوت ئەوە ناگاتە ئاو. ئاخری ڕۆژێک کە کابرا دیسان کوتی ناگاتە ئاو حاجی پێی گوت: کابرا تۆ کاری خۆت بکە. کارێزەکە بۆ من ئاوی تێدا نییە خۆ بۆ تۆ نانی تێدایە.
وادیارە ناوبراو پەیرەویی ئەوە دەکا کە کتێبی ئەو بەناو نووسەرانە ئەگەر بۆ خوێنەریش هیچی تێدا نەبێ بۆ خۆی نانی تێدایە.
کاتێک بازگر بۆی گێڕامەوە کە چیی لە دەست ئەو ناوەندە چەشتووە یەکجار دڵم وەژان هات کە نووسەرێکی سەراسەری ژیانی فیدای خەباتی کرد ئاوا بەدەست ملۆزمێکەوە ئازار ببینێ.
ئەو مڵۆزمە نابێ لە چاپەمەنیی کوردییدا چیی دیکە دەرفەتی پێ بدرێ. شاڕوخی ئەرژەنگی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کردووەتە بوارێک بۆ قاچاخچییەتی و ئازاردانی نووسەران.