فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەستەخوشکیی دوو شار

دەستەخوشکیی دوو شار

 

د. نازەنين عوسمان/ نووسەر/ فەڕەنسا

  دەستەخوشکیی نێوان دوو شار، رێککەوتنێکی پەیمانییە لە نێوان دوو شار، کە زۆربەی کات لە دوو وڵاتی جیاوازن و هەندێک جاریش هەبووە لە نێوان دوو شار لە هەمان وڵاتدا پەیمانەکە واژوو کراوە. پەیمانی دەستەخوشکیی نێوان دوو شار، لەلایەن بەرزترین کەسی دەسەڵاتداری هەردووشارەکەوە واژوو دەکرێت؛ لای خۆمان، سەرۆکی شارەوانی یاخود پارێزگارە و بەرانبەرەکەی لە وڵاتانی تر سەرۆکی شارەوانی یاخود مایەرە، زۆربەی کات ئەو دەسەڵاتەیان هەیە. ئەو پەیمانەی واژووی لەسەر دەکەن، خاڵەکان پێشوەخت گفتوگۆی لەسەر کراوە و رێککەوتوون لەسەر چ بنەمایەک ئەو ئاڵوگۆڕە بکرێت، زۆربەی کات ئەو خاڵانە بریتین لە: ئاڵوگۆڕی ئابووری، بازرگانی، دیپلۆماسی، کولتووری، رۆشنبیری، پەروەردەیی، هونەری، وەرزشی، بەڕێوەبردن، تەکنەلۆجیا، یاسایی و چاودێری تەندروستی… هەندێک جار رێککەوتنی دەستەخوشکیی نێوان دوو شار، بەپێی وڵاتان ناوی تری بۆ بەکار دێت؛ لە هەموویان باوتر: بەجمککردنی دوو شار، هاوبەشیی دوو شار، برایەتی دوو شار، هاوڕێیەتی دوو شار و سوێند بە خوشکایەتی… بیرۆکەی دەستەخوشکایەتی نێوان دوو شار کۆنە و لە سەدەی نۆزدەوە داهێنراوە، بەڵام کاری وای پێ نەکرا. لە کاتی جەنگی دووەمی جيهانی، بەتایبەتی دوای کۆتایی جەنگ، بیرۆکەکە زیاتر پەرەی سەند تا گەلان لێک نزیک ببنەوە و بتوانن یارمەتی یەکتر بدەن، هەروەها بۆ ئەوەی ئەو رق و کینەیەی نێوان نەتەوەکان دامرکێننەوە و نەژادپەرستی کەم بکەنەوە و زانیاری و شارەزایی ئاڵوگۆڕ بکەن و شارەزایی لە کولتووری یەکتردا پەیدا بکەن. یەکەم جار، لە کاتی جەنگی دووەمی جيهانی، دوای ئەوەی شاری ستالینگرادی سۆڤیەت بۆردوومانێکی زۆر کرا و پێشتریش شاری کۆڤەنتەری ئینگلتەرا بۆردوومان کرابوو، سەرۆکی شارەوانیی جۆڤەنتەر هاوسۆزیی بۆ شاری ستالینگراد دەربڕی و 830 ژن ناوی خۆیان نەخشاند لەسەر چەرچەفێکی قوماش و لەگەڵ یارمەتییەکی کەمی پارە بۆ شاری ستالینگرادیان نارد، ئەو چەرچەفە نەخشێنراوە ئێستا لە مۆزەخانەیەکی ستالینگراد دانراوە. لە دوای کۆتایی جەنگ، وردە وردە ئەو دەستەخوشکییە پەیدا بوو، بۆ نموونە؛ لە 1947 لە نێوان کۆڤەنتەری و دیریسدنی ئەڵمانیا، لە ساڵی 1951 لە نێوان تروادای فەرەنسا و تۆرۆنای بەلجیکا، لە 1956 لە نێوان رۆما و پاریس… لە ئێستادا بەشێوەیەکی بەرچاو زۆر بووە و هەندێک شار دەستەخوشکیی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە شاری تر کردووە. هەندێک جار شارۆچکەیەک یاخود شارەدێیەکیش بەو کارە هەڵدەستێت. زۆرترین دەستەخوشکیی لە یەکێتیی ئەوروپادا هەیە؛ 2837 دەستەخوشکایەتی لە فەرەنسا هەیە و لە ئەڵمانیاشدا 2485 دانە. هەندێک شار بە دەیان پەیمانی دەستەخوشکیی بەستووە. دەستەخوشکایەتی گەیشتووەتە ئەوەی هەندێ شارەوانی دەستەخوشکایەتی لەگەڵ هەندێک کۆمپانیای خەیاڵی (ڤێرتیوەڵ)یش ببەستن. هەندێک لەو دەستەخوشکایەتییانە لە پەیمانبەستن زیاتر تێنەپەڕیوە، یاخود تەنیا تابلۆیەک دانراوە، یاخود گروپێک لە شارێکیانەوە چوون بۆ شارەکەی تر، بەڵام هەندێک جار دەستەخوشکییەکە زۆر بەهێزە و زۆر لایەنی ئابووری، کولتووری و زانستیی گرتووەتەوە. هەندێک جار بنەمای پەیمانی دەستەخوشکیی، سیاسەتە، بۆ نموونە؛ تورکیا دەستەخوشکیی لەگەڵ هیچ شارێک ناکات دانی بە جینۆسایدی ئەرمەنییەکاندا نابێت. نموونەیەکی تر؛ بۆ ئەوەی هەنگاریا پشتگیری ئازەرنیجان بکات و دژ بە ئەرمینیا، شاری گۆنگۆیەسی هەنگاریی پەیمانی دەستەخوشکی لە ساڵی ٢٠١٣ لەگەڵ ئازربیجان بەست بۆ شاری شوشا. ئەو کاتە شاری شوشا لەژێر دەسەڵاتی ئەرمینیادا بوو  تا ساڵی 2020 . دەستەخوشکی، دەکرێت کۆتایی پێ بێت، یاخود رابگیرێت وەک ئەوەی نێوان شاری میلانۆ، تۆرینۆ و ڤینیسیای ئیتاڵیا لەگەڵ سانت پترسبۆرگی رووسی، بەهۆی ئەوەی رووسیا هەندێک یاسای دەرکرد دژ بە هاوڕەگەزخوازی. پراگ دەستەخوشکیی لەگەڵ سانت پترسبۆرگ راگرت بەهۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا. شاری ئۆسکای ژاپۆنی لەدوای شەست ساڵ لە دەستەخوشکیی سانفرانسیسکۆی ئەمەریکا، بەهۆی دانانی پەیکەری لەشفرۆشەکانی کۆری لە سەنتەری شاری سانفرانسیسکۆ، راگیرا. شاری بەرشلۆنەی ئیسپانی لەگەڵ تەلئەبیب دەستەخوشکایەتی راگرت بەهۆی سیاسەتی ئەپەرتایتی تەلئەبیب. لەو دواییانەدا ژمارەیەکی زۆر دەستەخوشکایەتی بە هۆی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا و بەیاساییکردنی هاوڕەگەزخوازی، راگیراون. ئەم دەستەخوشکییە، تاقیکردنەوەیەکی تازەیە لە هەرێم و بۆ یەکەم جارە شارێکی هەرێم واژووی لەسەر دەکات. لە 9ی ئەیلوولی  (2023)، ئەو دەستەخوشکییە لە نێوان هەولێر و شاری ناشفیلی ویلایەتی تێنسیی ئەمەریکی لە ناشفیل واژوو کرا. زۆرترین رێژەی کورد لە ئەمەریکا، لەو شارەدا دەژین و هەندێک جار لە نێو کورداندا بەو شارە دەوترێت کوردستانی ئەمەریکا. بێگومان بوونی ئەو ژمارە زۆرەی کورد لەو شارەدا، کاریگەری هەبووە لە نزیککردنەوەی ئەو دوو شارە و واژووکردنی ئەم پەیمانە. بوونی 20 هەزار کورد لەو شارەدا رۆڵی دەبێت لەسەر دەنگدانی ئەو شارە، هەر بۆیە کورد دەتوانێت ئەمە بقۆزیتەوە بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندیی پتەو لە زۆر بواردا لە نێوان هەولێر و ناشفیلدا.