شیعر
ڕۆژا ناسر کاکەمەد/ نووسەر / سوید
ماندووم و هێشتا ئەچمەوە سەر
ڕێگەیەکی چەقبەستوو
دەستێکم لە ناو قژم،
دەستەکەی دیکەم قاوەیەکی دوبارە و
جگەرەیەکی هێشتا دانەگیرساو!
بەرامبەرم پەنجەرەیەکی پڕ لە شانۆ!
شانۆی ڕۆژانەی ئەودیوی ژیان
دوبارە و هەموو ڕۆژێک وەکو خۆیەتی
لە جێگەی خۆیانن هەموو شتەکان
تەنها ڕیزە درەختەکانی ئەوبەری شەقامەکە نەبێت
کە لێیان ئەڕوانم
ئەبینم کە نوێ ئەبنەوە، سەوز ئەبنەوە
هەڵ ئەوەرێن گەڵا و پەلک و پۆ و گوڵەکانی!
بەڵام دیسان
بەڵێنی جوان بونەوەیان و سەر لەنوێ
گەش بوونەوەیان بە یەکتر داوە
ئەوان ئاوهان بۆ هەمیشە!
ئێمەش دەبوو ئاوها بین! نا هەرگیز!
مرۆڤ! مرۆڤ!!! کام مرۆڤ!!!
کام جوان بوونەوە، کامم نوێبوونەوە
کام بەڵێنی دوبارە سەوزبوونەوە!
هێشتا وەکوو خۆیەتی هەموو شت،
گومانم هەیە کە باشتر نەبێت
چی ئەبوو لە جوانی گەڵا و گوڵی درەختێک
نەش و نمای هیوای دوبارە دڵێکی بەخشندە
خۆی لە تەوقی پێدەشتێکی نوێتر و
ئاسمانێکی ساماڵی نوێ گزنگی خۆی
بهاویشتایە تا ئەوپەڕی گەیشتن
بە بۆنی ڕاستەقینەی مرۆڤ،
بۆنێکی ڕاستەقینەی ژیان و
بە دیار دروستکردنەوەی قاوەیەکی دوبارە و
جگەرەیەکی دوبارە هێشتا دانەگیرساو
کە ببینم چەقبەستوو نییە هێشتا
ئەوەی کە من لێم ڕوانیبوو
ئەوەی کە من بینیم هەموو شت
وەکو خۆیەتی هێشتا
ئەوەی کە من ببینم نوێ ئەبنەوە و
جوان و جوان و جوانتر ئەبنەوە دوبارە
لەوپەڕی تیشکی ڕوانینیێکی
باوەڕپێنەکراوم!
کە ببینم ئەوە نەبوو کە پێم وابێت تەنها
لق و پۆپ و گەڵای وەریوی درەختێک
دوبارە باوەشی هیوا و سەوزبونەوە،
لەگەڵیشی دا ئاسمانێک پڕ لە باوەشی خۆر
خۆی بکاتەوە بە دیاری
بۆ سیحری وزەی دەستپێکێکی نوێ و
دوبارە بۆ باوەشی جوانبوونەوە!…

