فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

كتێبی (گوتاری شیعری لای د. وریا عومەر ئەمین) و دوو خوێندنه‌وه

كتێبی (گوتاری شیعری لای د. وریا عومەر ئەمین) و دوو خوێندنه‌وه

ئاكۆ عه‌بدوڵڵا/ نووسەر/ هەولێر

 

دوای ئه‌وه‌ی غازی حه‌سه‌نی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس له‌ساڵانی رابردوو به‌شێوه‌ی ئاسایی كۆمه‌ڵێك كتێبی بڵاوكرده‌وه‌، له‌و ماوه‌یه‌ وه‌ك نووسه‌رێكی چالاك له‌ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا چه‌ندان كتێبی دیكه‌ی له‌چه‌ندان ماڵپه‌ڕ و ‌په‌یجی تایبه‌ت به‌خۆی له‌فه‌یسبوك، به‌شێوی (ئه‌لیكترۆنی/ پی دی ئێف) خسته‌ به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران‌. یه‌كێك له‌وانه‌ (گوتاری شیعری لای د. وریا عومەر ئەمین) ی ناوه‌. له‌پێشەکی ئه‌و به‌رهه‌مه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ ئه‌و كاره‌ی لێکۆڵینەوەیەکی زمانەوانییه‌ لەبارەی شیعرەکانی ناوبراو. دواتر له‌ژێر ‌كۆمه‌ڵێك ناونیشان تاوتۆی گوتاری شیعری بۆ هه‌ندێك له‌دێڕ و دەقه‌كانی دیوانی (سەیرانێکی شیعرستان) ی ناوبراو كردووه‌، ئه‌مه‌و بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندی كاره‌كه‌شی پشتی به‌كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه‌ به‌زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی به‌ستوو.

 

 

خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م:

غازی حه‌سه‌ن به‌ر له‌وه‌ی له‌گوتاری شیعری لای د. وریا عومه‌ر بدوێ، له‌سه‌ره‌تا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه ‌{شیکردنەوەی دەق پەیوەندی بە توانا و لێهاتوویی و سەلیقەی خوێنەرەوە هەیە، کارتێکردن و جووڵاندنی نەست و مێشکی خوێنەریش پەیوەستە بەهێز و توانای دەقەکەوە. لەم سەردەمەدا لەنێو کورد خوێندنەوە لەژێرەوەی ژێرەوە دایە و گوایە ئامراز و ڕێی دیکەی بێ تاسە و کەند و گروێ و مرێیان دۆزیوەتەوە ئەویش ئەنتەرنێت و تۆرە کۆمەڵایەتییەکانە، بۆیە چۆنیەتی خوێندەوە، ئامانج و مەبەست لەخوێندنەوە، تێگەیشتن و لێکدانەوە دوای خوێندنەوە بەشدارییەکی کاریگەر لە سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی گوتاری دەق دەکات. هەر دەقێک چانسی هەبێت، تووشی خوێنەری باش و جدی دێت. خوێنەر وەکو پزیشک وایە، خوێنەر تامەزرۆی فێربوونیش باشترین چەنسی دەبێت، ئەگەر دەقێکی مشت لە زانیاریی و فکر و نوێبوونەوەی دەست بکەوێت}.

وه‌ك له‌به‌رهه‌مه‌ بڵاوكراوه‌كانیشی ده‌رده‌كه‌وێت نووسه‌ر له‌بواری توێژینه‌وه‌ له‌گوتار، كه‌سێكی ئه‌كادیمییه‌. له‌و به‌رهه‌مه‌شی سه‌باره‌ت به‌ گوتاری شیعری ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ {گوتاری شیعریی لەبنەڕەتدا گوتارێکە لەسەر بنەمای خۆشەویستی و گوڵ و ناسکیی و ئافرەت و نیشتیمان و بوون و مردن و شۆڕبوونەوە بۆ ناخی مرۆڤ و مێژوو  و بیرەوەریی و ئەو جۆرە شتانە پێکدێت، کە دەبنە سەرچاوەی بیرکردنەوە لای مرۆڤ}. ئه‌مه‌و به‌و جۆره‌ش ئاماژه‌ی بۆ ‌گوتاری شیعری نوێ كردووه‌ {گوتاری شیعری نوێ، یان گوتاری نوێی شیعر دوورە لەدروشمی سیاسی و ئەو زمانە باوەی، کە بریتییە لەهاندانی شۆڕشگێرانە و پفدانی دەروونی و خۆ قەبەکردن و لەپێناو ئەوەی کەسانێک کارێک بکەن، هەموو شتەکانی دیکە ڕەش بکرێتەوە. گوتاری نوێ، بریتییە لەدروستکردنی زەمینەی گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوە و دۆزینەوە و لێکدانەوەی ئەو شتانەی لەنێو شتەکانی دیکەدا نابینرێن و شاراوەن، گفتوگۆیە لەنێوان شاعیر و خوێنەرەکانی}. له‌باره‌ی گوتاری ئه‌ده‌بیش نووسیویه‌تی {گوتاری ئەدەبی هەر تەنیا پەیامێک بە وەرگرەکانی ناگەیەنێت، بەڵکو دەرفەتی بیرکردنەوە لە (واتا و وێنە و مەزەندە و لێکدانەوە) دەڕەخسێنێت، کردەی پەیوەندیکردن ئەنجام دەدات و خۆی گوتارەکە گوتارێکی نوێ بەرهەم دەهێنێتەوە}.

له‌ژێر ناونیشانی (دەستپێک و گوتار) سه‌باره‌ت به‌‌ (د. وریا عومه‌ر) بۆ ئه‌و بواره‌ گه‌واهی ئه‌وه‌ی داوه‌ {شاعیر کۆشاوە گفتوگۆیەکی نەرم، دونیابینییەکی تایبەت بەخۆی سەرکەوتووانە لەنێوان دەقە شیعرییەکانی دروست بکات و خوێنەرەکانی بەرەو بیرکردنەوە ببات، هەروەها لەنێوان خۆی و ناخی خۆشیدا وێناکردنێکی فکری و ئەخلاقی ڕاستگۆیانە دروست بکات}. دوای راڤه‌كردن، چه‌ندان دێڕ و پارچه‌ی شیعری ناوبراوی بۆ سه‌لماندنی ئه‌و قسه‌یه‌ی هێناوه‌‌ته‌وه‌، له‌ئه‌نجامدا نووسیویه‌تی {ئەوەی شاعیر لەم دەقانەدا بەرجەستەی کردووە (ئەزموون و توانا و لێهاتوویی و زمانزانی و تێفکرینە بەواتای دۆزینەوەی واتای شتە دیارە نادیارەکان). ئەو گۆرانانە دەنووسێت، بەڵام وەکو خۆی بیر دەکاتەوە}.

سه‌باره‌ت به‌شیعرێكی نووسیویه‌تی {لە شیعری (گلەیی) دا شاعیر گفتوگۆیەکی یەک لایەنەی بێ وەرگرتنەوەی وەڵام لەگەڵ (باران) دەستپێکردووە. گوتاری ئەم دەقە پاڕانەوەیە و ئاخاوتنێکی یەکلانەیە لەنێو ناخی کەسێک، کە دەزانێت بەهۆی (قسەبۆکراو/ باران) ژینگە بە گژوگیا و دار و درەخت و باڵندەکانیشەوە تووشی نەهاتی هاتوون. هێما و نیشانە سیمیۆلۆژییەکانی نێو ئەم دەقە بریتییە لە (ژینگە). بەشێواز و زمانی پاڕانەوە بێ ئەوەی شاعیر ئاماژە بە (خودی ژینگە) بکات و دەڵێت:

باران بۆ لێمان تۆراوی

بۆچی وەک جاران .. نەماوی

دار و درەخت هەڵپڕووکاون

کانی و جۆگەڵە بێ ئاون

گژ و گیا سیس و لاوازن

باڵندەکان بێ ئاوازن

بیرت ئەکەین.. توخوا وەرە

ببارە لەم دەشت و دەرە

خاک تینووە بە تەماتە

رزگارمان کە لەم نەهاتە}

دواتر له‌ڕوونكردنه‌وه‌ی ده‌قی (بێتامی كرد) و به‌پشبه‌ستن به‌بۆچوونی شاره‌زایان، به‌وه‌ گه‌یشتووه‌ {شاعیر وەسفی کەسێک، شتێک، دیاردەیەک، دۆخێک و دڵدارێک و بۆ (یەکێک)ی نادیار دەکات، کە بۆتە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی ئەم دەقە و ڕاپەڕاندن و بەدیهێنانی ژمارەیەک کردە قسەی لەخۆ گرتووە، وەکو: کردەی وەسفکردن، کردەی زانیاری، کردەی ئاگادارکردنەوە، کردەی هوشیارکردنەوە، کردەی بانگەشە، کردەی دەروونی، کردەی ناخەکی، کردەی هوشداری، کردەی ڕەتکردنەوە}. بێگومان بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌كرده‌كانیش نموونه‌ی له‌دێڕه‌كانی شیعره‌كه‌ هێناوه‌ته‌وه‌ و روونیكردونه‌ته‌وه‌. له‌ئه‌نجامدا نووسیویه‌تی ‌{ئەم کردانە لەهەر یەکێک لەم نموونانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردووە، دەکرێت شوێن و ئەرکیان بگۆڕێت، یان هەر یەکێک لەم وێناکردن و ڕستە و دەربڕینانە لەنێو هەر کاتێکدا پتر لەئەرکێک و مەبەستێک بەرهەم بهێنێت. ئەمە فرە ئەرکییە، توانا و دەسەڵاتی بەکارهێنانی وشە و ڕستەکان بەهێز و ئەرکدارتر دەکەن. لەکردەوەدا ئەرکی زمان لەنێو دەقی ئەدەبیدا ئەم (فرە واتایی و ئەرک و ڕەوانبێژییە) لەخۆ دەگرێت، کە پێوانە و چەمک و توانای دەقەکە فراونتر دەکات}.

دواتر له‌ژێر ناونیشانی (گوتاری شیعریی) زیاتر به‌ناو گوتاره‌ شیعرییه‌كانی شاعیر شۆڕبۆته‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ {لەنێو دەقدا ژمارەیەکی بێ کۆتایی لەهێما و نیشانەی سیمیۆلۆژیی بەکاردەهێنرێت} بۆ ئه‌و قسه‌یه‌شی ئه‌و دێڕه‌ شیعره‌ی شاعیری هێناوه‌ته‌وه‌ و دواتر لێكیداوه‌ته‌وه‌:

{ئاواتێکی و ئەترسم ڕۆژێ بتگەمێ

لە ئاسمانی ساماڵتا ببمە تەمێ

پێچەوانەی هەموو ڕەچاوکردنەکان لەم گوتارەدا (خۆشییەکان بە ناخۆشی، مانەوە بە نەمانەوە) وەسف دەکات. ئەو ترسی هەیە بەخۆشەویستەکەی بگات و لەئەنجامی ئەم بەیەک گەیشتنە، لەخۆشیان هەموو خۆشییەکان بەتاڵ ببنەوە و خۆشییەکەیان لەئاسمانی ساماڵی ئەودا ببێتە (تەم)، واتە ببێتە هیچ. ساماڵ ببێتە تەم، خۆشی ببێتە ناخۆشی، شادی ببێتە دڵتەنگی، ئەمە شێواز و هونەری بەکارهێنانی زمانە لای شاعیر. دەسەڵات و هێزی دەربڕین و واتا لەم دۆخەدا کاری خۆی دەکات}. دواتر نووسه‌ر له‌روونكردنه‌وه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌وه‌شی نوسیوه‌ {(تەم) هیچ واتایەکی هێندە نەرێنی دروست ناکات، مەگەر تەنیا لەوێنە شیعرییەکی گوزارشت ئامێزی وەکو ئەم وێنە شیعرییە نەبێت. (ئاسمانی ساماڵ) چۆن (تەم)ی لێ پەیدا دەبێت. بەیەکەوە بەستنەوەی دوو دیاردەی سروستی ناکۆک لەپێناو دروستکردنی گوتارێکی شیعریی لەچوارچێوەی وێنەیەکی گونجاوی لەبار، کە هاودژن دەرخەری توانای شیعرییە لای شاعیر}. له‌كۆتایی ئه‌و بابه‌ته‌ سه‌باره‌ت به‌به‌كارهێنانی زمان له‌و ‌ده‌قانه‌ی شاعیردا گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی بنووسێت {ئەم شێوازی بەکارهێنانەی لەم دەقانەدا بەرجەستەیە، بەستانەوەی خوێنەرە بە (بیرکردنەوەی قووڵ، فکر، لێکدانەوە و شیکردنەوە)، ئەمانەش خۆی لەخۆیدا سازاندنی کەشوهەوای کرانەوەی دەقە لەبەردەم خوێنەردا}

دواتر له‌ژێر ناونیشانی گوتاری خۆشه‌ویستی سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ كاریگه‌ری و كێشنده‌یی شیعره‌كانی ناوبراو راده‌كێشێ و ئاماژه‌ش به‌كۆده‌كانی گوتارییان ده‌دات كه‌ له‌دوای سێ جار خوێندنه‌وه‌یان ئینجا پێیان گه‌یشتووه‌. بۆ بابه‌تی (گوتاری وێنه‌ی شیعر و زمان) یش ئه‌و دێڕه‌ شیعری ناوبراوی هێناوه‌ته‌وه‌:

لەڕۆشنایی بوونی لێڵدا تارماییێک بوو

لە تاریکستانی نەبوونیدا برووسکەیێک بوو

به‌و جۆره‌ش روونیكردۆته‌وه {ئەمە وشە نییە دەقەکەیان دروست کردووە، بەڵکو واتا و وێنەکانن هێز و ڕۆحیان وەبەر وشەکان ناوە، ئەمە خوازەیە شتەکان لەشتێکی ئاسایی و سادە و سروستی، بۆ شتێکی نائاسایی و ئاڵۆز و دروستکراو لەنێو هزردا دەگۆڕێت. (ڕۆشنایی، لێڵ، تارمایی) سێ دۆخ و شت و بیرۆکەی هاودژی یەکن، یان ناتوانن بەیەکەوە ببەسترێنەوە. (تاریکستان و نەبوونی و برووسک) ئەمانەش هاودژی یەکترن. لەم وێنەیەدا، کە خوازە شتەکانی دروستکردووە، وشە وەکو خۆی لەقالب و شێوەی وشە سروشتییەکە نەماوەتەوە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ (واتا و مەبەست و وێنە)}. به‌هه‌مان شێوه‌ كۆمه‌ڵێك نموونه‌ دیكه‌ی ناوبراوی خستۆته‌ڕوو. له‌وانه‌ شیعری (چه‌ند تابلۆیێكی داستانی چله‌ی ژیانم) كه‌ له‌وێنه‌ شیعرییه‌كانیدا‌ لێكدانه‌وه‌ی بۆ گوتاری شیعری ناویان كردووه.

دواتر له‌بابه‌تی (ئەرکی زمان و کردەی گوتاری شیعر) سه‌باره‌ت به‌ئه‌ركی زمان و شاره‌زایی (د. وریا) نووسیویه‌تی {زمان دیاردەیەکی ئاڵۆزە، ئەویش وەکو زانایەکی دیاری بواری زمانەوانی دەزانێت چۆن ئەرکە فکری و ئەخلاقی و دەروونی و ناخەکییەکانی زمان لەنێو دەقدا بەرجەستە بکات، یان دەزانێت ئەرکی زمان چۆن مەبەستەکان ڕادەپەرێنێت}. دوای ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی ئه‌ركه‌كانی زمان بۆچوونی كۆمه‌ڵێك شاره‌زای هێناوه‌ته‌وه‌، له‌و چوارچیوه‌ییه‌ وه‌ك شاره‌زاییه‌ك شیكاری بۆ چه‌ندان دێڕه‌ شیعری ناوبراو كردووه‌ و ئه‌ركی زمانیشی له‌ناویاندا دیاری كردووه. بۆ تۆكمه‌یی بۆچوونه‌كانیشی ئاماژه‌ی به‌قسه‌ی خودی شاعیری له‌باره‌ی شیعره‌كانی داوه‌‌ و له‌وه‌شدا بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ {زمانی شیعرکانی بریتییە، یان یەکسانە بەبوونی ئەو}. دواتر سه‌باره‌ت به‌ ده‌سه‌ڵاتی زمانزانین و هێنانه‌وه‌ی نموونه‌ی شیعری ناوبراو نوسیویه‌تی {دەسەڵاتی زمانزانین لەوە دایە، تۆ چۆن دەتوانیت لەنێو هەر وشەیەکدا، چەند وشەیەکی دیکە و چەند واتایەکی دیکە و چەندین مەبەستی پێچەوانەی مەبەستە شێوە دیارە قاڵبکراوەکە دروست بکەیت}.

ئینجا به‌هه‌مان شێوه‌ لێكدانه‌وه‌ی بۆ شیعری (بۆنی مردن) ی شاعیر كردووه‌ تا گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی بنووسێ {زمانی ئەم شیعرە قووڵبوونەوەیە بەناخی مرۆڤ، وێناکردنی هەست و دۆخی دەروونی و تێڕامانی خودی مرۆڤە لەبارەی مردن، لەبارەی ژیانێک، کە مردن کاسی کردووە}. هاوكات به‌ناو زمانی ده‌قه‌كه‌دا ڕۆچووه‌ كه‌ پێیده‌ڵێت {وێنه‌یه‌كی شیعریی تابلۆیەکی پڕ لەنیگەرانیی و دوودڵی و بیرکردنەوەی ناخەکی لەخۆگرتووە، زمانی تابلۆیەک، کە (مردن بەگورگ چوێنراوە، وەکو سێبەر لەگەڵی دەژیت)}.تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی بڵێت {ئەمەیە زمانی شیعریی، کە لەنێو یەک وشەدا چەندین وێنە و چەمک و دەربڕین و مەزەندە و مەبەستمان بۆ دروست دەکات}.

دواتر له‌ژێر ناونیشانی (گوتاری ڕه‌مز له‌نێو شیعردا) درێژه‌ی به‌ڕاڤه‌كردنه‌كانی داوه‌ و نووسیویه‌تی {لەنێو دەقەکانی (د. وریا عومەر ئەمین)دا نیشانەی زمانەوانی، نیشانە وەکو  هێمای شتەکان، ئەو شتانەی نابینرێن، یان خۆیان لەپشت وشە دیار و ئاشکرایەکاندا شاردۆتەوە هەست پێ دەکرێت. نیشانەکان دوو بەشن (نیشانەی دیار و هەقیقییەکان) و (نیشانەی نادیار و خەیاڵی و مەزەندە و وێناکردنی ناخی ئەو شتانەیە، کە پتر بەستراونەتەوە بە مانا و خوازەوە)}. بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ش تاوتۆی دێڕێكی شیعری (ژوانی کۆڕۆنا) ی شاعیر كردووه‌. ئه‌مه‌و دواتر چه‌ندان دێڕی دیكه‌ی له‌پارسه‌نگی گوتار داوه‌. له‌وانه‌ ئه‌و شیعره‌ی كه‌ خستوویه‌تییه‌ ناو چوارچیوه‌ی گوتاری به‌هه‌ڵه‌بردن، واتا ئه‌و شیعره‌ی شاعیر بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی ئیڤانی نۆبەرەی نووسیویه‌تی. پاش لێكدانه‌وه‌ی دێڕه‌كانی گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ {ئەرکی زمانی شیعریی دروستکردنی ئەم وێنە واتادارانەیە، کە خوێنەر دەخاتە بەردەم لێکدانەوە و بیرکردنەوەی جیاواز و هەمەلایەنە}. نووسه‌ر به‌وه‌نده‌ نه‌وه‌ستاوه‌ و شرۆڤه‌ی زیاتری گوتاری به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌كانی ناوبراوی كردووه.

 

 

خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م:

ئه‌و خوێندنه‌وه‌یان بۆ ناوه‌رۆكی كتێبه‌كه‌ نییه‌ به‌ڵكو بۆ چۆنیه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌كه‌یتی. له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌‌ی ته‌كنه‌لۆژیای ئینته‌رنێت كتێبیش وه‌ك هه‌ر كاڵایه‌كی دیكه‌ له‌پێگه‌كان بازاڕی بۆ په‌یدا كراوه‌. به‌و كاره‌ش خوێنه‌ر ده‌توانێ به‌ئاسانی و له‌شوێنی خۆی، جیا له‌شێوه‌ی كتێبی چاپكراو ده‌ستی پێیان بگات. له‌كۆمه‌ڵگه‌كانی دیكه‌ كتێب دوای چاپكردنی به‌تیراژی زۆر ئینجا ده‌كرێته‌ ئه‌لكترۆنی و له‌وه‌شیاندا مافی نووسه‌ر ده‌پارێزرێت‌، چونكه‌ له‌ته‌ك داونلۆد كردنی، نرخی دانراوه‌. به‌ڵام ئێستا ‌لای ئێمه‌ باره‌كه‌ ته‌واو جیایه‌ به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر نووسه‌ره‌كه‌ (كه‌ زۆرینه‌ن) دوای ده‌ربه‌ستنه‌هاتنی چاپكردن له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی، به‌ناچاری له‌پێگه‌كانی ئینته‌رنێت نووسراوكه‌ی دابنێ، كه‌ له‌وه‌شدا دڵنیاییه‌ ده‌بێت داونلۆدكردنه‌كه‌ی به‌بێبه‌رامبه‌ربێ‌.

غازی حه‌سه‌ن یه‌كێكه‌ له‌نووسه‌ره‌ به‌برشته‌كان، دوای بێئومێدبوونی له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی له‌ده‌زگا و خانه‌ حكومییه‌كانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه، هاوشێوه‌ی زۆر نووسه‌ری‌ دیكه‌، چیتر له‌سه‌ر گیرفانی خۆی ئه‌و كاره‌ ناكات، بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌شی ناچارییانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بڵاویان ده‌كاته‌وه‌. وه‌ك له‌لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می ئه‌و كتێبه‌ی ده‌بینین:

{* ناوی کتێب: گوتاری شیعری لای د. وریا عومەر ئەمین

* نووسينى: غازی حەسەن

* تایپێست و نەخشەساز : نووسەر

دیزاین و بەرگ: نووسەر

* چاپ: يه‌كه‌م : ٢٠٢٤

* چاپخانە: چاپی ئەلەکترۆنی و مافی چاپکردنەوەی بۆ نووسەر پارێزراوە

* تیراژ: بەپێی داونلۆد و بەکارهێنەرانیەتی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕەکاندا

* نرخ: خۆراییە و نرخەکەی سوپاسێکە دوای خوێندنەوەی}

بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب به‌و جۆره‌ په‌یامێكی تاڵه‌‌. پێویسته‌ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی چاپخانه‌یان هه‌یه‌ یاخود ئه‌و خانانه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی سه‌ر به‌حكومه‌تن پێداچوونه‌وه بۆ كاری چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ بكه‌ن، نووسه‌ر رازی بێت به‌بێ به‌رامبه‌ر بنووسێ كه‌چی شوێنێك نه‌بێ بۆی چاپ بكات، ناچاربێت یان له‌سه‌ر گیرفانی خۆی چاپی بكات یان له‌پێگه‌یه‌كی ئه‌لكترۆنی بڵاویبكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ چ پاداشتێكه؟

نووسه‌ری ئه‌و به‌رهه‌مه‌ له‌به‌رامبه‌ر داونلۆدكردنی ئه‌و كاره‌ی ته‌نیا ‌سوپاسێكی له‌خوێنه‌ر ده‌وێت، ئه‌مه‌و ئه‌گه‌ر لێشی بكات تۆزقاڵێك له‌ماندووبوونی نووسینی رسته‌یه‌كی بۆ سووك ناكات. راسته‌ كتێبی ئه‌لیكترۆنی دیارده‌یه‌كی نوێ و پێویسته‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌ شوێنگره‌وه‌ی كتێبی چاپكراوه‌ و نه‌كارێكیشه‌ له‌پێش ئه‌و دێت. كتێبی چاپكراو به‌ها و چێژ و جوانی خۆی هه‌یه‌، له‌شوێنان تا دێت به‌تۆكمه‌ترین و جوانترین و شیاوترین شێوه‌ چاپ ده‌كرێت و مافی نووسه‌ره‌كه‌شی ده‌پارێزرێت. گه‌ر وه‌ها بڕوات لای ئێمه‌ قه‌ڵه‌مه‌كان زیاتر ده‌وه‌ستن، ئه‌وسا بۆی هه‌یه‌ چاپخانه‌ نیمچه‌ وه‌ستاوه‌كان بگۆڕدرێن و شوێنه‌كانیان بكرێت به‌كارگه‌ی به‌رهه‌م هێنانی كاڵای دیكه، یان كۆگای بارخستن‌. كتێبخانه‌كانیش به‌رته‌سك بكرێنه‌وه‌ و ژماره‌ی سپاردنی كتێبیش له‌كتێبخانه‌ی نیشتمانی هه‌ڵبگیرێ و چه‌ندان شتی دیكه‌ كه‌ له‌شكۆی خوێندنه‌وه‌ و رۆشنبیری و شارستانی كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌!

تێبینی: ئه‌وه‌ی له‌كتێبی ناوبراو وه‌رگیراوه‌ له‌ناو كه‌وانه‌كانی {} دانراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌تی ستایلی نووسه‌ر پارێزراو بێت.  

 

 

 

غازی حه‌سه‌ن له‌چه‌ند دێڕێك:

 

 

* ساڵی ١٩٦٥ له‌گوندی (ئینلجاغی بچووک) ی دەشتی هەولێر هاتۆته‌ دنیا.

* دەرچووی بەشی زمانی کوردی زانكۆی به‌غدا و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماستەره‌ له‌زانكۆی سۆران، لەبواری زمان (شیکردنەوەی گوتار).

* له‌ته‌ك نووسین له‌چه‌ندان رۆژنامه‌ی ناو هه‌رێم سەرنووسەر بووه‌. هەنووکەش سەرنووسەری (ماڵپەڕی دیاسپۆر) ه‌ کە ماڵپەڕێکی ئەدەبی و هونەرییە لە ئەمەریکا و ئەوروپا و کەنەدا و ڕوسیا.

* تا ئێستا به‌شێوه‌ی ئاسایی و زیاتریش له‌سه‌ر گیرفانی خۆی، ئه‌و كتێبانه‌ی بڵاوكردۆته‌وه‌ : (نان و ئازادی/  سەرکوتی ڕۆژنامەگەری کوردی لەسێبەری یاسادا/  خوێندەواری/  گوتاری فکری لە شیعر/  گوتاری سیاسی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی کوردستان/  حەمە کەریم عارف پێاوێک پڕپڕ لە کوردستان و لێوانلێو لە جیهان!/  گوتاری چێژی سێکسیی لە ڕۆمانەکانی (کەمال سەعدی)/  سیمیۆلۆژیای گوتاری ناونیشانی کورتیلە چیرۆک /  سیمیۆلۆژیا گوتار لە نۆڤلێتی ئەستێرەی ژەنیار/  گوتاری ئیسلامی سیاسی لەهەرێمی کوردستان/  زمانەوانی دەروونی شیکردنەوەی ڕۆمانی کوێرەی چاوساخ/  گوتاری کۆمەڵایەتی لە رۆمانی من تامەزرۆی خۆشەویستیم/  شیکردنەوەی پراگماتیکی شیعرەکانی حەمە عەباس/    گوتاری هەواڵ لە رۆژنامەی کوردیدا).

* تا ئێستاش ئه‌و كتێبانه‌ی له‌ماڵپه‌ڕه‌كان و په‌یجی تایبه‌تی فه‌یسبوكی خۆی به‌شێوه‌ی (ئه‌لیكترۆنی/ پی دی ئێف) بڵاوكردۆته‌وه‌: (کەرە فەیلەسووفە سپییە سێپێیەکە شیکردنەوەی تاکدیڕییەکانی عەباس عەبدوڵڵا یووسف/  شیکاری گوتاری مانەوەی ئێزدی لە ڕۆمانی شنگال هایێ ل من /  گوتار لە نێو گوتار/  شاعیر وشەناسی شتناسە /  گوتاری شیعری لای د. وریا عومەر ئەمین/  شیکردنەوەی پراگماتیکی گوتاری ڕۆشنبیریی)

* ئه‌و كتێبانه‌شی ئاماده‌یه‌ و به‌و نزیكانه‌ به‌شێوه‌ی (ئه‌لیكترۆنی/ پی دی ئێف) لای خۆی بڵاویان ده‌كاته‌وه‌: (گوتاری فەرمی بەریتانیای مەزن و شۆڕشی ئەیلوول / جووەکان لە گواتری مێژوویی دوو ڕۆمانی کوردی/   مێژووی چاپخانە لە کوردستان دوو بەرگە ئاشکرا و نهنێی/  مێژووی تەلەڤزیۆنەکان / مێژووی ڕادیۆ لە کوردستان/  هۆلەکانی سینەما لە کورستان/  مانای سروشتی و زهنی لە گوتاری شیعری جەلال بەرزنجی/  کەرە زناکەی عەباس عەبدوڵڵا یووسف/  لە ئەمریکاوە – دوو بەرگە).