ئێستێتیک
د. نەجمەدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم
هەر لە کۆنەوە پێناسەی ئێستێتیک وەها کراوە ، کە لقێکی دیاری فەلسەفەیە ، چەمکی ئێستێتیکیش لە ئێستێسیی یۆنانییەوە هاتووە ، بە واتای تێگەیشتنێکی بینراو دێت . هونەر و ئەدەبیش هاوشانی ئێستێتیک دەچنەپێشەوە ، چونکە ئێستێتیک لە جۆرەکانی هونەر و ئەدەب دەکۆڵێتەوە ، بە واتایەکی تر ، ئێستێتیک زانستێکی فەلسەفییە و لە چەمکی جوانی ، جوانی لە سروشت و هونەر دا دەکۆڵێتەوە ، بێگومان ، جوانی لای مرۆڤیش دەگرێتەوە . ئێستێتیک دیدێکی جوانیی مرۆڤە بۆ جیهان ، جیهانیش بە پێی میکانیزمی یاساکانی ناوخۆی خۆی پەرەدەسێنێت . ئێستێتیک شێوازێکی کۆنی هونەریی هۆشیاری مرۆییە ، بەر لە مێژوو لە میسۆپۆتامیا، هیند ، میسر و چین دا دەرکەوتووە ، لێ لە یۆنانی کۆن دا بە پلەیەکی زۆر پەرەیسەند ، لە کارەکانی هیرۆکلیت ، دیمۆکریت ، سۆکرات ، ئەفڵاتۆن و ئەرستۆ دا ڕەنگیداوەتەوە . لە سەدەکانی ناڤینیشدا ، لای ئەوگۆستینۆس و تۆماسی ئەکینۆ دا باسکراوە ، پاشان لە سەردەمی ڕێنێسانس دا ، لەلایەن داڤینشی ، ئەلبێرت ، جوردانۆ و ..هتد . چەندین ڕێبازی ریالیزمی دژ بە ئێستێتیکی سۆفیگەریی و خوایی دەرکەوتوون . لە سەردەمی ڕۆشنگەریش دا ، ئێستێتیک گرنگییەکی پتری پێدەدرێت ، کەسایەتی وەک دیدرۆ ، رۆسۆ ، ڤینکلمان ، لێسینگ ، هێردەر و هیی تر بەرەو ئاستێکی تریان برد ، گۆتە و شیلەر درێژەیان بەو ڕێبازە دا ڕیالیزمیش بوو بە ئاراستەیەکی خورتی سەردەم ، کانت ، شێلینگ و هێگل لە دیدە دیالەکتیکی و ئیدیالیستەکانی خۆیان ئەو بوارەیان دەوڵەمەند کرد . هەتا دەهات ، ململانێی نێوان دیدە دژبەیەکەکان بەهێزتر دەبوون ، دژایەتیکردنی هونەر بۆ هونەر و دابڕاندنی لە ژیانی کۆمەڵایەتی بەردەوام بوو ، تیۆرە دژبەیەکەکانی ناو ئێستێتیک فرە تر و فرە ڕەنگتر دەبوون ، پاشان ململانێکانی ناو کۆمەڵگای هاوچەرخیشی هاتەسەر ، وەک رۆمانتیک ، دادایزم و سوریالیزم ، ئیمپرێسیۆنیزم و ئێستێتیکی بوونگەرایی .
کێڵگەی کارو چاڵاکییەکانی ئێستێتیک ، سروشت ، کۆمەڵگا ، مرۆڤ و هونەر و ئەدەبە ، لێ دید و تێگەیشتنەکان فرە ڕەنگ و دژبەیەکن . دیدی ئایین بەندە بە هونەری خوایی و سۆفیگەریی ، ئیدیالیستەکان بە جیهانی ترانسێندێنتال ، سوبێکتیڤیستەکان بە چێژ و هەستی تاکەوە ، لێ ئەوانی تر بە واقیعەوە .
هونەر و ئەدەب بەشێکی دانەبڕاوی پەرەسەندنی جڤاکییە ، هەر لەگەڵ ئەودا دەچێتەپێشەوە و گۆڕانکاری بەسەر دادێت ، هەر بۆیە ، بنەمای هەموو جوانییەک بۆ سروشت و ژیانی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە ، نەک بە پێچەوانەوە . جوانیش تێڕوانینێکی مرۆییە بۆ شت و دیاردەکانی جیهان و مرۆڤ خۆی ، بابەتی سەرەکی ئەو جوانییەش ، جوانییە لە سروشت ، لە هۆشیاریی ئێستێتیکی ، لە کارو چاڵاکی هونەریی و ئەدەبی دایە . کار و چاڵاکی مرۆڤیش ئەو جوانییە بەرهەمدەهێنێت و دەشیەوێت لەو ڕێگایەوە پەیامێک بگەیەنێت ، بێ شک ، داهێنان لەو پڕۆسەیەدا دەخوڵقێنێت ، بە مەبەستی گۆڕین و بەرەوپێشەوەبردنی واقیعی خۆی . زانستی ئێستێتیکیش ، زانستێکی گشتیی فەلسەفییە بۆ چەمکی جوانی لە هونەر و ئەدەب دا ، هەر بۆیە ، گرفت و پرسەکانی فەلسەفە دەچنە ناو ئێستێتیکیش .
ئێستێتیک و تەکنۆلۆژیاش دوو سیمای چاڵاکی مرۆیین ،هەر بۆیە ، لەگەڵ دروستکردنی یەکەم ئامرازی کارکردن و بەرهەمهێنان دا ، مرۆڤ بیری لە سیمای جوانیی ئەویش کردۆتەوە . لەگەڵ بەرەو پێشەوەچوونی تەکنۆلۆژیاش شێوازی نوێی هونەریی دەرکەوتوون ، وەک سینەما ، ئامرازی نوێی مۆسیقی ، لە ڕێگای رادیۆ ، تەلەفیزیۆن و چاپکردن دا ، ئێستێتیک ئاسانتر پەیامی خۆی گەیاندووە ، هەر چەندە ، لە دونیای هاوچەرخدا، بانگەشەی مردنی هونەر و ئەدەب دەکرێت ، لێ ئەوە سیستەمی سەرمایەداریەکی وەحشیەتگەرییە ، کە تەپڵ بۆ ئەوە لێدەدات ، یا ڕێبازە سینیزمی و نیهیلیزمییەکانن ، کە بانگەوازی بێ مانایی ژیان دەکەن ، یا دەیانەوێت بڵین ، کە هونەر و ئەدەب ئەزموونێکی نائەقلانی تاکە ، یا بە هەڵچوونێکی بێئاگایی تاک پێناسەدەکەن ، تاکێکی دوورەپەرێز و داماو . ئەو جۆرە دیدە نیهیلیزمییانە ، لە ڕاستی دا ، ڕەنگدانەوەی سیستەمێکی تێکشکاو و داتەپیووی سەرمایەدارییە . ئەرکی سەرەکی ئێستێتیک لەوە دایە ، کە بە شێوەیەکی قووڵ لە پرسەکانی هونەر و ئەدەب بکۆڵێتەوە ، پێوەریش بۆ جوانی هەر کارێکی هونەریش لە هاڕمۆنیا و ناوەڕۆکەکەی دایە ، ناشبێت ، شکڵە هونەرییەکە بکات بە قوربانی پەیامەکەی ، ئەوساکە ببێت بە هەر شتێک ، لێ نابێت بە هونەر و ئەدەب . لە هەموو ئێستێتیکێک دا ، ئەم چەمکانە دەردەکەون ، وەک جوانی ، ناشیرنی ، کۆمێدی ، تراژێدی ، پاڵەوانێتی ، باڵادەستی و ژێردەستی ، هەر هەمووشیان دەبن بە دیاردەی تایبەت بۆ تێگەیشتن لە هونەر و ڕۆشنبیری ، لە کۆمەلگا و چاڵاکی داهێنانی هونەری