ئەدەبی ژیری و چاکی و پاکی بۆ منداڵان…!!
غازی حەسەن/ نووسەر/ ئەمەریکا
هەندێک گرنگی بەنووسینی ئەدەبی منداڵان دەدەن، هەیە باسی ئەم ئەدەبە دەکات، ئەدەبی منداڵان دوو ئاراستە و مەبەست دەگرێتەوە:
یەکەم: ئەو ئەدەبەی خودی منداڵ دەینووسن. دووەم: ئەو ئەدەبەی بۆ منداڵان دەنووسرێت. لە نێو دەقی کوردیدا و ڕەنگە لە ئەدەبی جیهانیشدا هەر ئەوە باو بێت، ئەدەب بۆ منداڵان دەنووسن، کارەکتەرەکان یان خودی (منداڵانن، یان گیانەوەر و شتی دیکەن). باسی دۆخی دەروونی و تەمەن و کۆمەڵایەتی و پەروەردە و ژینگە و پەیوەندی نێوان منداڵ و سروشت، منداڵ و خانەوادە، منداڵ و قوتابخانە، منداڵ و پەروەدە و نەریتی کۆمەڵ … تاد دەکات.
سەد ساڵە بۆ منداڵی کورد دەنووسن، بابەتەکانیش دەتوانم بە گشتی بێژم بریتین (لە ئاماژە و ستایشی منداڵی خودان ڕەوشت و ڕەفتار و زمانی پاک و چاک و باش و ژیر)، ئەم پانتاییەی بۆ نمایش و پێناسە و شیکردنەوە و ستایشی خودی منداڵ تەرخان کراوە لە (چیرۆک و شیعر) دووبارە و سەدبارە دەبێتەوە، ناتوانم بڵێم لە ڕووی پەروەردەییەوە دەقی خراپن، بەڵام بابەتەکان و شێوازی گێڕانەوە و ڕێگای چارەسەری کێشەکان ئەگەر کێشەی تێدا بێت دووبارەن، لەیەک دەچن، لەهەندێک دەقدا قسەیەکی نایاسایی ناکەم ئەگەر بێژم فکرەکانیان هێندە لێک نزیکە، زۆر لە دزی ئەدەبی دەچێت.
سەد ساڵە بۆ منداڵی کورد دەنووسن، بابەتەکانیش دەتوانم بە گشتی بێژم بریتین (لە ئاماژە و ستایشی منداڵی خودان ڕەوشت و ڕەفتار و زمانی پاک و چاک و باش و ژیر)،
لەگەلێک دەقی منداڵاندا چەند دیاردەیەک هەیە، کە دەتوانرێت بە لاوازی دەق لە ڕووی تەکنیکی نووسین و شێوازی ئاخاوتنی دەق لە گەڵ خودی زارۆکان دابنرێت وەکو :
یەکەم: گێڕانەوەی تێدا لاوازە، بەڵکو قسەی ئاراستەکراوی پرکراو لە ئامۆژگارییە.
دووەم: دەقی چیرۆک بەتایبەتی پتر وتار و نووسینی بابەت و هاندان و ئامۆژگاری و زمان و ستایلی پەروەردەی تێدا باڵادەستە، نەک هونەری چیرۆکنووسی و کردەی گێڕانەوە.
سێیەم: ستایلی هەواڵی ڕۆژنامەنووسی تێدایە، نەک هونەری چیرۆکنووسی، لە دەقی شیعریشدا قسە ڕیزکردنە.
پێنجەم: زمانی نووسین و قسەکردنەکە زمان و شێوازی ئاخاوتنی کەسی قسەکەر و ئاخێوەری سەرەکی نووسینەکەیە، نەک زمانی زارۆک و منداڵ و هەرزەکاران.
شەشەم: یەک بابەت لەنێو دەقی نووسراو بۆ منداڵان بەرجەستەکراوە، ئەویش وەسفی (منداڵەکان بە چاکە و باش و ژیر و پاک و گوێڕایەڵ و زیرەک و …). لەکاتێکدا منداڵ لە ژیانی سروشتی خۆیدا مەرج نییە بەتەنیا ئەم سیفەتانەی تێدا بێت، یان حەزی لێ بکات، هەیە حەز لە سەرکێشی و پرسیار و پشکنین دەکات. من پێم وایە لە دەقی کوردی منداڵان، پێویستە واز لەم چاولێکەرییە باوە کۆنە کلاسیکییە سواوە بهێنرێت، بۆ؟ وەڵامەکە ئاسانە منداڵی زیرەک ئەوانەی کە جوولەیان هەیە و سەرکێشی دەکەن، بیرۆکەی چارەسەری کێشەیان هەیە، بزۆزن، مەرج نییە هەموو منداڵێک زیرەک و گوێڕایەڵ و پاک و زیرەک بێت، بەپێچەوانەی ئەمانەش هەیە.
من پێم وایە لە دەقی کوردی منداڵان، پێویستە واز لەم چاولێکەرییە باوە کۆنە کلاسیکییە سواوە بهێنرێت
لەنێو دەقی شیعر و چیرۆکی کوردیدا هیچ شوێنێک بۆ ئەم چەشنە منداڵانە دیار نەکراوە، کەس باسیان ناکات، منداڵ بیر لەچارەسەر ناکەنەوە، بەڵکو خودانی دەقەکە، کە کەسێکی بەتەمەنی خودان ئەزموونە هەموو شتێکیان بەسەردا دەسەپێنێت.
لە چیرۆکێک کە (٣٢١) وشەیە، بەناوی (چاکەکردن مرۆڤ دڵخۆش دەکات) نووسەر و پسپۆری بواری منداڵان (کاروان عەلی) لە ڕۆژنامەی هەولێر و لاپەڕەی تایبەت بە ئەدەبی منداڵان بڵاویکردۆتەوە، ئەم وشانەی لەڕووی تەکنیکیەوە چەندین جار بەکارهێناوە:
(دایکم بە کەژێی گوت: کەژێ گیان تا …)، (بەسەرچاوان دایە گیان)، (دایکم وەڵامی دایەوە و گوتی: چونکە …)، (کەژێ گوتی: دایە گیان…)، (دایکم گوتی: تیشکی خۆر…)، (مامە پیرەیەک خەریک بوو.. )، (ئامۆژگارییەکەی باوکمان بیرهاتەوە…)، (دەیگوت: پێویستە بە بەزەیی بین لەگەڵ..)، (لە ڕەفتار و ئامۆژگارییەکانیان پەند و وانە وەربگرین..)، (نزیک بووینەوە لە مامە پیرەکە و دەستخۆشیمان لێکرد..)، ( پێمان گوت هاوکاریت پێویست نییە مامە گیان؟)، (ئەویش زۆر دڵخۆش بوو، گوتی: ئێوە زۆر ژیر و تێگەیشتووین، وەکو باوکتان بەڕەوشت و بەڕێزن،)، (سڵاوی من بە باوکتان بگەیەنن و پێی بڵێن مام ڕەمەزان زۆر سوپاسی کردی..)، (منیش گوتم مامە گیان تۆ باوکم دەناسی؟)، (ئەویش گوتی: بەڵێ ڕۆڵەی شیرینم، ئێوەش دەناسم)، (کەژێ گوتی: مامە گیان دەستی تۆش خۆش)، (باوکم گوتی: سڵاوی خودا لە ئێوە و مام ڕەمەزان بێت)، (پێویستە هەموو کاتێک چاکە بکەین)، (چونکە هەر چاکە و بەزەیی و ڕێزگرتن و هاوکاری مرۆڤ دڵخۆش دەکەن).
لەڕووی تەمەنەوە زمانێکی (دەستکردی باڵایە و گێرانەوەکە هی خودی کەسێکی بەتەمەنی ڕۆشنبیر و شاری و خودانی ڕۆشنبرییەکی باڵایە)
لێرەدا قسەکەری سەرەکی و خودنای گوتاری دەقەکە (خودی نووسەرە) ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ قسەی منداڵەکان دەگێڕێتەوە کە دوو منداڵی (زیرەک وژیر و چاک و بەڕێزن). (گوێرایەڵی قسەی دایک و باوکیانن)، شێوازی ئاخاوتنیان شێواز و زمانی (منداڵ) نییە، بەڵکو زمانی (مامۆستا و خودی نووسەرەکەیە) واتە دەوتانم بڵێم لەڕووی تەمەنەوە زمانێکی (دەستکردی باڵایە و گێڕانەوەکە هی خودی کەسێکی بەتەمەنی ڕۆشنبیر و شاری و خودانی ڕۆشنبرییەکی باڵایە). ئەمە دەمانخاتە گومان کە دەقەکە بۆ زارۆکان بێت، نەخێر ئامۆژگاری و هاندان و دەستگرتنی پەروەردیی منداڵانە، بۆ ئەوەی ببنە خودانی (کەسایەتییەکی ژیر، گویڕایەڵ، چاک و باش).
لەهەندك شێوندا منداڵەکان دەیانەوێت لە قسەکردن و گێڕانەوە و ئاخاوتن و گفتوگۆکاندا سەربەخۆیی پەیدا بکەن، بەڵام نووسەر خێرا دۆخەکە کۆنترۆڵ دەکاتەوە و خۆی دەبێتەوە خودانی ئاماژە و هاندان و ستایش و وەسفی دۆخەکان و رەفتار و خووی منداڵەکانیش.
لەهەندك شێوندا منداڵەکان دەیانەوێت لە قسەکردن و گێڕانەوە و ئاخاوتن و گفتوگۆکاندا سەربەخۆیی پەیدا بکەن، بەڵام نووسەر خێرا دۆخەکە کۆنترۆڵ دەکاتەوە
بۆیە دەلێم تەکنیکی ئەم جۆرە چیرۆکانە پتر مەیلی بەلای (وتاری پەروەردیی و ئامۆژگارییە، گێرانەوەی بەسەرهات و بیرەوەرییە) نەک (تەکنیکی نووسینی چیرۆک). لەهەمان کاتدا تەنیا منداڵی (چاک و گوێڕایەڵ و باش و زیرەک) لەم جۆرە چیرۆکانە شوێنیان هەیە، ئەوانی دیکە (زارۆک و مندالی بزۆز، جالاک، ئەوانەی پرسیاری جیاواز بۆ پشکینین و دۆزینەوەی شتی نوێ دەکەن، یان سەرکێشن، یان هەڵە دەکەن، یان هەژارن، یان توانای بیرکردنەوەیان لاوازە، یان منداڵی تووڕە و خودان کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتین).
لەدەقی (وەرزی پایز) کە (٢٠٧) وشیەک دەبێت و لە هەمان ژمارەی (١٨-١١-٢٠٢٤)ی ڕۆژنامەی هەولێر لە (ڕێزان شەریف محمد) نووسیویەتی، بەهەمان شێوەیە خوودی نووسەر شتەکان دەگێڕێتەوە، منداڵەکان گفتوگۆ ناکەن و خودای گێڕانەوە نین.
زمانی نووسین و قسەکردنەکە زمان و شێوازی ئاخاوتنی کەسی قسەکەر و ئاخێوەری سەرەکی نووسینەکەیە، نەک زمانی زارۆک و منداڵ و هەرزەکاران
دەڵێت: (ماڵی ڕەوەز و ناز، لەو بەر باخەکەی ماڵی زەینەب بوو)، (ڕۆژێک ڕەوەز و ناز ڕۆیشتن..)، (لای زەینەبی هاوڕێیان، بینیان زەینەب لە باخەکەیدایە و گەڵا…)، (بۆ ئەوەی یارمەتی زەینەب بدەن..)، (پرسیاریان لە زەینەب کرد: بۆچی درەختی باخەکەتان گەڵا سەوزەکانی بۆ پێوە نەماوە)، (زەینەبیش گوتی: هاوڕێکانم ئێستا ئێمە لە وەزری پاییز..)، (ڕەوەز و ناز و گوتیان..)، ( سوپاس زەینەب ئێمە نەمان.. )، ( زەینەب گوتی: دەی با زیاتر گەڵا ..)، ( مام باییزی باوکی زەینەب هاتەوە و بینی وا زەینەب و هاوڕێکانی خەریکی ..)، ( گوت: دەی ئازایزانم….)، ( لە کۆتاییدا ڕەوەز و ناز ویستیان بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە…)، (زەینەب گوتی: بووەستن هاوڕێ ئازیزەکانم، پێمخۆسە وێنەیەکی یادگاری بگرین..)، (پاشان ڕەوەز و ناز ماڵئاواین کرد و ..). نزیکەی نیوەی وشەکان دووبارەن و بریتین لە ناوهێنانی ئەم سێ کارەکتەرە سەرەکییە، ئەویش لەڕێگەی ئاماژە و قسە و ئاخاوتنی خودی نووسەری چیرۆکەکەوە. هەموو باسەکە ئەوەیە (رەوەز و ناز) نازانن (پاییز چییە) و هاوکاری (زەینەب دەکەن بۆ هەڵگرتنەوەی گەڵا زەردەکانی نێو باخەکە). نەمانزانی ئەم (باخە لە نێو شارە یان گوند) ئەو وێنەیەی لەنێو دەقەکەشدا دانراوە، بە دڵناییەوە وێنە و کەسایەتی و ژینگە و جلوبەرگ و دەموچاوی منداڵی کورد نین، هەرچەندە ناوی کوردیان هەیە.
ئەم هەموو دووبارە کردنەوەی ناو، شتەکان، وشەکان لەنێو هەردوو چیرۆکدا نیشانەی کەم دەسەڵاتی نووسینی چیرۆکێکی کورتی دوو سەد، یان سێسەد وشەیە. دووبارە کردنەوەی ناو، شت، ڕووداو، کەرەستەی دیکەی ناو دەق پێویستە بۆ مەبەستی تایبەت بەکاربێت، نەک لەئەنجامی پشووکورتی و لاوازیی لە هۆنینەوەی دەقدا سەرچاوەی گرتبێت.
لە هەردوو چیرۆکدا هیچ بابەتێکمان بەرجاو نەکەوت یەکێک (هەلە) بکات و ئەوانی دیکە (ڕاستی) بکەنەوە
ئەمەی لەنێو دەقی منداڵانی کورد هەیە، لەکردەوەدا دەقێكە بەیەک ئاراستە و یەک جۆرە بابەت و یەک زمان و لە نێو یەک کێشەدا دەخوڵێتەوە. لە هەردوو چیرۆکدا هیچ بابەتێکمان بەرجاو نەکەوت یەکێک (هەڵە) بکات و ئەوانی دیکە (ڕاستی بکەنەوە، هاوکاری بن بۆ دۆزینەوەی ڕاستی و کردەی دروست) نمایش بکات.
لە دیماهیدا دەبێژم، ئایا نڤیسکاری هێژا بیرت کردۆتەوە فەلسەفەی نووسین و هەڵبژاردنی بابەت و لیستۆکی کارەکتەرکانت لە نێو دەقی منداڵان چۆنە و چۆن دەبێت؟ حیکمەتی هەڵبژاردنی بابەتەکەت پەیوەندی بە چییەوە هەیە؟. ئایا باسکردنی بابەتی (دڵسۆزیی و پاکی و چاکەکاری… تاد) هەر تەنیا لەڕێگەی بوونی خودی ئەم جۆرە دەستەواژانە دەبێت، یان بەپێچەوانەوە چونکە (نەبوونی دڵسۆزیی و پیسی و خراپەکاری.. تاد) لەئارایە. بۆ دەبێت (مامە پیرە و مامۆستا و باوک و دایک و کەسانی خودان ئەزموون) تەنیا و تەنیا منداڵی (ژیر و پاک و چاک)یان خۆشبووێت، ئەم وەسفە ئەوەمان نیشان دەدات، کە ڕقیان لە هەر منداڵێکە سیفەتی پێچەوانەی ئەم وەسفانەیان تێدا بێت، لەکاتێکدا ئەم سیفەتانە بژاردەی خودی منداڵەکان نین، بەڵکو کەتوارێکی سەپێنراوی دەرەوەی خودی خۆیانە.
ئایا بیرت کردۆتەوە هزراندنی بابەتەکەت پەیوەندی بە چ زەمینەسازیی و ڕەفتارێکی منداڵانەوە هەیە؟. لە کردەوەدا ئەدەبی منداڵ پەیوەندی بە (تەمەنی جیاوازی خودی منداڵان) و (ڕەفتار و دۆخی دەروونی) و (خەون خەیاڵی زارۆکان) و (دەوروبەر و ژینگەی کۆمەڵایەتی) و (هزراندنی پەروەردەکارییەوە) هەیە. لەڕووی زانستییەوە (خەون و خەیاڵی زارۆکان) هەمان خەون و خەیاڵی خاوەنی چیرۆک و قسەکەر و پسپۆر و شارەزای بەتەمەنی نێو چیرۆک و شیعرەکان نییە.