فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئیتیكی راگەیاندن، پێویستیی كاری راگەیاندن

ئیتیكی راگەیاندن، پێویستیی كاری راگەیاندن

ئەرشەد تەحسين/ نووسەر / سلێمانی

 

ئیتیكی كار، كۆمەڵێك رێسا و بنەمای دامەزراون، لە هەر پیشەیەكدا لە كاتی پیادەكردنی كاردا، ئارەزوومەندانە و لەسەر بنەمای ویژدان و گونجاندنی لەگەڵ پیشە و كۆمەڵگە و داب و نەریتی باوی كۆمەڵایەتی، بەرجەستە دەكرێت. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین بڵێین: ئیتیكی كاری راگەیاندن، جۆرێك ئیتیكی پیشەییە، کە راگەیاندنكاران ئارەزوومەندانە لە میانەی جێبەجێكردنی كارەكەیاندا، رەچاوی دەكەن.

ئیتێكی راگەیاندن رێنیشاندەر و ئاراستەكەری ویژدانی و كرۆكی كاری راگەیاندنە، پەسەندكراوی راگەیاندنكارانە بە ئامانجی بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان ماف و سروشتی كاری میدیاییدا لەسەری دەڕۆن. ئیتیكی راگەیاندن بەرپرسیارێتییە بەوپێیەی ئیتیكی كاری راگەیاندن كۆمەڵێك بنەمای ویژدانین، لە بەها و ئاكار و نەریتە كۆمەڵایەتییەكانەوە سەرچاوە دەگرن، لەبەرئەوە بەرپرسیارێتی بنەمایەكی گرنگە لە ئیتیكی كاری راگەیاندندا، راگەیاندنكار سەرباری ئەوەی بەرپرسیارێتی لە روانگەی گواستنەوەی راستییەكان و بابەتی بوون و پاراستنی سەرچاوەكەی دەكەوێتە سەر، لەهەمان كاتیشدا، بەرپرسیارێتی یاسایی و ویژدانیشی دەكەوێتە ئەستۆ بۆ خۆپاراستن لە هاندان بۆ نایاسایی كردن و بڵاونەكردنەوەی ئەو زانیارییانەی رێڕەوی دادگا و یاسا دەگۆڕن، بەجۆرێك پێویستە وەها كار بكرێت نەبێتە هۆی تێكدانی بەها كۆمەڵایەتییەكان وهاندان بۆ شەڕ و توندوتیژیی، هەروەها رێزگرتن لە بەها كۆمەڵایەتییەكان یەكێكی ترە لە بەرپرسیارێتییەكان، کە راگەیاندنكار پێویستە فەرامۆشی نەكات. لەلایەكی تریشەوە راستگۆیی و بابەتی بوون و بڵاونەكردنەوەی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی تایبەتمەندن بە بواری ئاسایشی كۆمەڵایەتی و تێكدانی ژیانی تاكە كەس لە بەرپرسیارێتییە ئیتیكی و كۆمەڵایەتییەكانی راگەیاندنكارن.

ئیتیكی كاری راگەیاندن بۆ؟.

پیادەكردنی ئیتیكی راگەیاندن لەپێناو باشكردنی پرۆسەی راگەیاندنە بە ئاراستەی باشتركردن و پتەوكردنی پەیامە میدیاییەكان، هەروەها دووركەوتنەوە لە لادانی پیشەیی و پاراستنی لە نابەرپرسیارانە بەكارهێنانی دەزگاكانی راگەیاندن، كاتێك ئەمە فەراهەم دەبێت ئەوا راگەیاندنكار بە شێوەیەكی رێك و پێك كاری خۆی دەكات و دوور دەبێت لەهەر فشارێك لە دەزگاكەوە یان لە دەرەوەی دەزگاكەیەوە بكرێتە سەری، هەروەها دەیپارێزێت لە بەكارهێنانی كارەكەی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت، لەهەمان كاتیشدا گرەنتی بەدەستهێنانی زانیاریش دەكات، دەبێتە مایەی بەدیهاتنی راستگۆیی و سەربەخۆیی راگەیاندنكار و بابەتی بوون لە پەیامە میدیاییەكانیدا رەنگ دەداتەوە، ئەمەيش دەبێتە هۆی دروستبوونی متمانە لای وەرگر، سەرەنجام پەیامە میدیاییەكان كاریگەریی دروست دەكەن، كە ئەوەيش ئامانجی سەرەكی كاری راگەیاندنە. ئیتیكی راگەیاندن لە رۆژگاری ئەمڕۆدا لەم سەردەمەدا، كە سەردەمی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییە بێشومارەكانە، بەجۆرێك هۆكارەكانی راگەیاندن و ئامرازەكانی گەیاندن، فرەیی تەواویان پێوە دیارە، لەڕووی ئیتیكییەوە راگەیاندن ئەركێكی قورستری كەوتووەتە سەرشان، دەبێت دەزگاكانی راگەیاندن و راگەیاندنكاران بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پەیامە میدیاییەكان و وەرگرەكانیاندا بكەن، هاوسەنگی تەواو رابگرن لە نێوان راستگۆیی و متمانە و خێرایی گەیاندنی هەواڵ و زانیارییەكاندا، جەختكردنەوە لە راستی و دروستی پەیامە میدیاییەكان و ئەو هەواڵ و زانیاریانەی بە وەرگری دەگەیەنن، بە جۆرێك بێت نەكەونە ژێر هەژموونی زۆری كاردانەوە و سەرنج (لایك و كۆمێنت) بە تایبەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هەروەها كێبركێ بكرێت لەسەر گەیاندنی زۆرترین زانیاری راست و دروست و بەسوود و جێ بایەخ، نەك خێراترین هەواڵ و زانیاریی بێ بنەما. ماوەتەوە بڵێین، دووركەوتنەوە لە بابەتی ناوزڕاندن و بەكەسیی كردنی دامەزراوەكان و بە وریایی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بابەتانەی رەهەندی نیشتیمانی و كەلتووری و نەتەوەییان هەیە، هەروەها هەوڵدان بۆ دروستكردنی متمانەی پتەو لای وەرگر و بەخشینی زۆرترین زانیاری بەسوود بە ئاراستەی دروستكردنی كاریگەریی.