فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکست

تێکست

هبە فەيسەڵ/ نووسەر

 

جەرگە، لەم ڕۆژانەدا گەڕامەوە و چاوێکم بە ئەلبومی یادگاريیەکانمدا خشاندەوە. بینیم وەک مناڵێکی بزێو وێنەیەکی تۆيش خۆی خزاندۆتە ناو ئەلبومی منداڵیم. دەزانی کام وێنەیە؟ ئەو وێنەیەی بە کۆستمە جوانترینەکەی دیدەی منەوە چرکاندوتە. ئەو کۆستمەی کە ئارەزووم بوو لە گشت بۆنەیەکی من و تۆدا و بۆ هەمیشە بیپۆشیت. تۆيش هەمووجار بە لاتریسکەیەکی مڕ و مۆچ تەماشات دەکردم و دەتگۆ (نابێ ئاخر ، خۆ ئەگەر ون بم، خەڵکی بەو قاتەوە دەمدۆزنەوە). ئەی مەحرەمی ئەم دڵەی من، چی بێت و لە تۆ نهێنی بێت….؟ لە دیدەی من، ئەو وێنەیە زۆر جیاوازە و هیچ لەوانی دی ناچێت. نازانم، سام و جوانیيەکی تایبەتی پێوەیە. لە چاوێکتدا سەرگەردانی، گرێ و بێبەشی منداڵی، بێنازی و سەرەڕۆیی هەرزەکاریت، لە چاوەکەی دیدا باوەشێکی ژیرکەرەوەی پێگەیشتووی تێدا دەبینم. تاڵە ماش و برنجیەکانی ڕیشت هەروەک هەنوکە ئاڵۆسکاوە. پێدەچێ وەک جاران خۆیان دزیبێتەوە لە سەرەپەنجەی قڵیشاوت. چونکە تۆ وەک هەموو جار دەیانشێوێنی و بەزۆرەملێ پاڵیان پێوە دەنێیت. دەیانشاریتەوە. نازانی ئەوان لە تۆ پێگەیشتوو و پڕترن. بە ماچێکی تەڕ لە خۆر، هەرگیز کاڵ نابنەوە. پێویستیان بە ڕەشماڵی شەو نيیە کەم و کورتیەکانیان گم بکات. من باش بیرم دێت چلۆن لە بەر ئاوێنەکە هەموو جار دەوەستایت و دەتگوت ( ئاخ، ئەم تەمەنە نەفرەتیيە چۆن زەفەری پێ بردم، بەڵام ئێستايش بەم حاڵەوە هێشتا لە تۆ جوانترم. خۆم بە ١٠ ی وەک تۆ ناگۆڕمەوە. ناشێ بڵێی پیر بووم و بەکەڵکی بژارکردنی حەز و داواکاریيەکانی تۆ نەماوم؟ ). قنج و قیت لە بەر ئاوێنەکەدا دەردەکەوتیت، بەڵام تەنها من دەمزانی لە پشت ئەو سینەدەرپەڕیوەتدا، چ دەنگێک داگیری کردوویت. ئەو دەنگەی گشت کات پێت دەڵێت ؛ تۆ ئەوە نیت. خۆتت دیوە؟ مەگەر کەس کڵاوێکیش لای تۆ نادوورێ؟ تۆ دەستیش دەبەیت بۆ زێر، دەبێتە خۆڵ. من لەدڵی خۆمدا وتم گەر زمان بهێڵێ، سەر ڕەحەتە. سەیرە مرۆڤ هەنێ کات بۆ پڕکردنەوەی چاڵە تاریکی و تەماويیەکانی ناخی، پێویستی بە وردکردن و چەمانەوەی بەرانبەريیە. هەمیشە لە دۆخی پەلاماردانە و هەستی قوربانی لە ناخیدا منداڵێکی گڕۆزە. بەردەوام لە دڵەڕاوکێدان لە ترسی ئەوەی بەجێ نەهێڵرێن. لەوانەیە هۆی ئەوەبێ کە خۆیان قوربانی و چەمێنراوەی دەستی یەکێکی دین! یان هەمیشە لە هەوڵی دەستکەوتنی باشترین و زەبەلاحترینن. تەنها بیریان لای ئەو شتانەیە کە نیانە و پێی نەگەیشتوین. کوێر دەبن لە ئاست ئەو جوانیانەی کە تەنها بستێک لێیانەوە دوورە!. لەوکاتەدا کە تۆ بەردەوام خەریکی تەکاندنی تۆزی سەرشان و سینەت بووی. ئاوڕێکت دایەوە بۆ پشت خۆت و ویستت بڵێی؛ بەدڵتە؟ بەڵام کە بینیت، من لەوێ نەمابووم.

#مرۆڤ #بێئاگایی #تانە #هەڵپە #جێهێشتن #جەرگوجگەر