فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شانۆی یۆنانی نوێ و هاوچەرخ

شانۆی یۆنانی نوێ و هاوچەرخ

دانا ڕەئووف/ شانۆکار، دراماتۆرگ، نووسەر و توێژەری بواری شانۆ/ سويد

 

 

گومان لەوەدا نییە، بۆ ئێمە شانۆی یۆنانی هەمیشە ئەو شانۆ دێرینەی بەر لە سێ هەزار ساڵە، کە سەرەتا و دەستپێکی شانۆی ئەوروپییە و ڕۆڵێکی گەورەی لە شارستانیيەت و دروستکردنی شانۆی ئەوروپی و جیهانیدا بینیووە. شتێکی تر سەبارەت بە شانۆی یۆنانی، لە دەرەوەی ئەو شانۆ دێرینەوە نازانین. بێگومان شانۆیەکی تری یۆنانی لە دەرەوەی ئەم کولتوورە دێرینە شانۆییەوە هەیە، کە زۆر دوورە لە بنەماکانی شانۆی گرێکی کۆنەوە. لەم شانۆ هاوچەرخ و نوێیەی یۆناندا، ئێسخیلۆس و سۆفۆکلیس و یوربیدس نەبوونەتە سەرچاوەیەک بۆ بەردەوامی و گەشەی شانۆی یۆنانی نوێ، بەڵکوو بە پێچەوانەوە بۆتە بەربەستێک.

  لە دوای جەنگی دووەمی جيهانییەوە، نەوەیەکی نوێی شانۆنووسان لە یۆنان دەرکەوتوون، کە بە ئاڕاستەیەکی تەواو جیاواز و پێچەوانەوە کارییان کردووە، هەوڵیان داوە پشت بکەنە ئەو کولتوورە شانۆییە دێرین و دەوڵەمەندەی خۆیان و ڕووبکەنە ئەوروپا. ئەم شانۆنامەنووسانە دەکەونە ژێر کاریگەری شانۆی ئەوروپییەوە، نەک شانۆ دێرینەکەی خۆیان. گەر لەم ڕووەوە، ئاوڕێکی خێرا لە شانۆی هاوچەرخی یۆنانی بدەینەوە، بە ئاشکرا دەبینین، کە لە ژێر کاریگەری شانۆی ناتورالیزم و ڕیالیزمی ئەوروپیدا گەشەی کردووە، به‌ڵام هێشتا نه‌یتوانیوه‌ له‌ گه‌شه‌کردندا بگاته‌ ئاستی گه‌شه‌کردنی شیعر و ڕۆمانی گریکیی هاوچه‌رخ.

 

شانۆی کۆمیدی و فودفێلی فەڕەنسی، کە پێوەندانگە درامی دەقەکانییان هێندە بەهێز نین و زیاتر لە کۆمیدیایەکی ساکاردا چڕ دەبنەوە

  بەشێکی زۆری دەقە شانۆییە نوێیەکانی یۆنان لەسەر بنەماکانی کۆمیدیایەکی سۆزداریی ساکار بنیاتنراوە، کە پشت بە داب و نەریتە میللیيەکانی خۆیان ده‌به‌ستن، تێکه‌ڵه‌یه‌کن لە کۆمیدیایەکی ساکار و گۆرانی میللی. لەم ڕووەوە، بە تایبەتیش لە ڕووی فۆرم و ناوەرۆکیشەوە، کاریگەری شانۆی فودفێلی فەڕەنسییان بەسەرەوەیە و بە شێوەیەک لە شێوەکان، ئەو فۆرم و ناوەڕۆکەیان لەنێو گۆرانییە میللەکانی خۆیاندا بەرجەستە کردۆتەوە. دەکرێت بڵێین، کاریگەرییەکانی شانۆی فەڕەنسی بەسەر شانۆی یۆنانییەوە، بە تایبەتیش لەم لایەنەوە بە ڕوونی دیارە. شانۆی کۆمیدی و فودفێلی فەڕەنسی، کە پێوەندانگە درامی دەقەکانییان هێندە بەهێز نین و زیاتر لە کۆمیدیایەکی ساکاردا چڕ دەبنەوە، کە هەندێ جار ڕەخنەیەکی توند و ڕاستەوخۆیە لە کەسایەتییە دیارەکانی نێو کۆمەڵگە، بە تایبەتیش سیاسییەکان. شانۆنامه‌نووسه‌کان پشت بەوە دەبەستن، کە تا چەند دەتوانن بینەرەکانییان بخەنە پێکەنین. ئەم شێوازەیش بۆ یۆنانییەکان زیاتر گونجاوە، بەتایبەتیش گەر سەیرێکی مێژوو و شانۆنامەکانی “ئەرستۆڤانیس” بکەین، وێنەیەکی ئەو شانۆیەیە. ئەوەی جێگای ئاماژە بۆ کردنە، زۆربەی ڕەخنەگر و لێکۆڵەرەوانی بواری شانۆ، ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، کە سەرچاوەکانی ئەم تەوژمەی شانۆی یۆنانی نوێ دەگەڕێتەوە بۆ دەقە کۆمیدیاکانی “ئەرستۆڤانیس”. ئەوەیشمان لە بیر نەچێت، کە ئەرستۆڤانیس و کۆمیدیای کۆنی گرێک، کاریگەرییەکی بەهێزی بەسەر شانۆی فەڕەنسییەوە هەبووە؛ ئێستا ئەم کاریگەرییە بە شێوەیەکی تر دەگەڕێتەوە و لە شانۆی یۆنانی هاوچەرخدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەم کاریگەرییەی ئەرستۆڤانیس، زیاتر لە ڕووی ناوەڕۆکەوەیە، بۆ نموونە ڕەخنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و لە ڕێی شانۆی فەڕەنسییەوە گەڕاوەتەوە بۆ ناو شانۆی یۆنانی نوێ و هاوچەرخ.

 

زۆربەی ڕەخنەگر و لێکۆڵەرەوانی بواری شانۆ، ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، کە سەرچاوەکانی ئەم تەوژمەی شانۆی یۆنانی نوێ دەگەڕێتەوە بۆ دەقە کۆمیدیاکانی “ئەرستۆڤانیس

 

لە پاڵ ئەم شانۆ کۆمیدییە ساکارەدا، شانۆیەکی تراجیدی نوێش لە شانۆی یۆنانیدا دەرکەوتووە. لە بری ئەوەی ئەم شانۆ تراجیدییە نوێیە لە ژێر کاریگەری ئەو کولتوورە دەوڵەمەندەی خۆیاندا گەشە بکات، گەڕاونەتەوە بۆ شانۆی ئەوروپی. نووسەرە شانۆییە نوێیەکانی یۆنان کاریان لەسەر شەکسپیر کردووە، نەک تراجیدیا دێرینەکەی خۆیان. دەبێت لێرەدا، بە ڕوونی ئەوە دووپات بکەینەوە، کە نووسەرانی شانۆی تراجیدی نوێی یۆنانی، توانیویانە ئەو کاریگەرییە شەکسپیرییە لە فۆرمێکی تازەدا دابڕێژنەوە و بەرجەستەی بکەن. ڕەخنەگرە یۆنانییەکان، تەنانەت شانۆکارەکانیشیان، باسی ئەوە دەکەن، کە کاریگەرییەکانی شەکسپیر لە دیمەنێک یان ڕەوشێکی دیاریکراوی شەکسپیریدا دەرناکەوێت، بەڵکوو ئەو کاریگەرییە لە به‌کارهێنانی فۆرم و ناوەڕۆکە هونەرییە گشتگرە شەکسپیرییەکەدا دەردەکەوێت.

بە شێوەیەکی گشتی گەشەی شانۆی یۆنانی، جگە لە شەکسپیر، وەک لەوەوبەر ئاماژەمان بۆ کردووە، لە ژێر کاریگەرییەکانی قوتابخانەی ڕیالیزمی ئەوروپیدا بووە؛ تەنانەت کۆمیدیای یۆنانی، کە بە کۆمیدیای ڕیالیزمی ئاماژەی بۆ دەکرێت، لە ژێر کاریگەرییەکانی ڕیالیزمی ئەوروپیدا دروست بووە و گەشەی کردووە، بە شێوەیەک کۆمیدیای واقیعی بۆتە تەوژمێکی تازە بۆ شانۆی یۆنانی ئەمڕۆ. بێگومان لەم ڕووەوە، دەبێت باسی ئەوەیش بکەین، کە ڕیالیزم لە شانۆی یۆنانی نوێدا، بە هەمان شێوەیەی ڕیالیزمی ئەورووپی، جگە لە کۆمیدیا، چەندین ئاڕاستەی تری لەخۆ گرتووە، بۆ نموونە کۆمەڵایەتی و دەروونی.

 

شانۆی یۆنانی نوێ، بەتایبەتی لە دوای جەنگی دووەمی جيهانییەوە، دەکەونە ژێر کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی شانۆی ئەوروپییەوە

شانۆی ڕیالیزمی یۆنانی سروشتی لە ئیبسن، هوبتمان و سترییندبێرگ وەرگرتووە، بە تایبەتی لای هەندێک لەو شانۆنامەنووسانەی توانیویانە، لە ژێر کاریگەری ستریندبێرگ-دا خەون و واقیع تێکەڵاو بکەن.

بەشێکی کەم لە دەقە شانۆییە نوێیەکانی نووسەرانی شانۆی یۆنانی بە ئێمە گەیشتوون، بۆ نموونە تراجیدیاکانی “کازانتزاکیس”، کە زۆر دەمێکە کراون بە عەرەبی، هەروەها دەقەکانی “جۆرج سیوتوکا”، کە لە دەقەکانیدا پشت بە چیرۆکە میللیەکانی خۆیان دەبەستێت، ئەو چیرۆکانەی مەودایەکی فەلسەفی و مرۆڤایەتی قووڵ لەخۆ دەگرن، بە شێوەیەک بگاتە ئاستی کێشە گەورەکانی مرۆڤی هاوچەرخ. شانۆنامەی “پردی ئارتا” یەکێکە لە دەقە گرینگەکانی “جۆرج سیوتوکا”، کە باسی سەرۆکی بەناکان دەکات و خەریکی دروستکردنی پردێکن. ئەم دەقە شانۆییە لە حەفتاکاندا لەلایەن تیپی نواندنی سلێمانییەوە نمایشکراوە.

شانۆی یۆنانی نوێ، بەتایبەتی لە دوای جەنگی دووەمی جيهانییەوە، دەکەونە ژێر کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی شانۆی ئەوروپییەوە. شانۆنامەنووسە گەنجەکانی دوای جەنگ، خۆیان بە ئەوروپی هەژمار دەکرد و شانازییان بەوەوە دەکرد، کە ئەوان ئەوروپین و سەر بەو کولتوورە ئەوروپییەن. لەم ڕووەوە شانۆی ئەوروپی بەشێکە لەوان و هیچ نامۆ نییە بە شانۆکەی ئەوان. ئەم شانۆنامەنووسانە سەیری کێشەکانی مرۆڤی هاوچەرخیان، وەک کێشەکانی خۆیان کردووە. بەردەوام لە گوتار و دەقە شانۆییەکانیاندا ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، کە ئەوان بە شێکن لە مرۆڤی ئەمڕۆی ئەوروپا و کێشە و قەیرانە دەروونی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و هونەرییەکانی ئەوروپییەکان، هەمان کێشەی ئەوانیشە.

ئەم شانۆنامەنووسانە بە شێوەیەکی ئاشکرا ددانییان ناوە بەوەدا، کە شانۆی ئەوروپی کاریگەرییەکی زۆری بەسەر شانۆی یۆنانی نوێ و هاوچەرخەوە هەبووە. شانۆنامەکانی شانۆنووسانی ئەوروپی، لە شەکسپیرەوە بۆ ئیبسن و ستریندبێرگ و زۆری تر، وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی یۆنانی و لەسەر شانۆکانییان پێشکەش کراوە. لەم دەروازەیەوە، شانۆنامەنووسەکان و شانۆکارەکانیش ئەوەیان ڕوون کردۆتەوە، کە ناکرێ شانۆی یۆنانی نوێ، پشت بکاتە شانۆی ئەوروپی و تەنیا پشت بە شانۆی کۆنی گرێکی و داب و نەریتە دێرینەکانی ئەو شانۆیەوە ببەستێت.

ئەم شانۆ نوێیەی یۆنان کۆمەڵێک کێشەی تایبەتی خۆی هەیە، یەکێک لەو کێشانەیش، بێگومان کاریگەرییەکانی داب و نەریت و کولتوورە دێرینەکەی شانۆکەی خۆیانە، کە بە هیچ شێوەیەک ناکرێت بەرەنگاری ببنەوە؛ بۆ نموونە لە بری ئەوەی شانۆی گرێکی تەنیا کولتوورێکی دێرینی ئەم شانۆیە بێت، بووەتە بەربەستێک لەبەردەم بەرەوپێش چوونی شانۆ نوێیەکەیاندا. لەو ڕووەوەی، کە دەبێت شتێک بەرهەم بهێنن، شان بدات لە شانی ئەو شانۆیە، کە تا ئێستا نەیانتوانیوە تێیپەڕێنن. شانۆی گرێکی بە هەموو گەورەیی خۆیەوە، بووەتە بەربەستێک لەبەردەم بزووتنەوەی شانۆ نوێیەکەیاندا؛ دەبێت شانۆی یۆنانی نوێ بتوانێت، هێز و وزە داهێنەرەکانی خۆی بگەیەنێتە ئاستی گەورەیی ئەو شانۆ دێرینە، بەڵام لاسایی کردنەوە و پاشکۆبوونی ئەو شانۆیە، تەنیا بەرەو پوکانەوەیان دەبات. شانۆ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و پەیوەستە بە بارودۆخە ڕۆشنبیری و هزری و سیاسییەکەی کۆمەڵگەوە، لە ساتەوەختێکی مێژوویيدا لە دایک دەبێت، گەشە دەکات و کار لەسەر ئەو پرسانە دەکات، شانۆی گرێکی کۆنیش بەم قۆناخەدا تێپەڕیوە و بەم شێوەیە کاری کردووە. کەی بنەماکانی ئەو ساتەوەختە مێژوویەيش گۆڕا، بە تایبەتی، کە هەزارەها ساڵی بەسەردا تێ پەری بێت، دووبارە کردنەوەی ئەو ئەزموونە و زیندووکردنەوەی وەک خۆی، نامانگەیەنێتە هیچ ئاست و شوێنێک.

 

دەبێت شانۆی یۆنانی نوێ بتوانێت، هێز و وزە داهێنەرەکانی خۆی بگەیەنێتە ئاستی گەورەیی ئەو شانۆ دێرینە، بەڵام لاسایی کردنەوە و پاشکۆبوونی ئەو شانۆیە، تەنیا بەرەو پوکانەوەیان دەبات.

 

“دیمتری بساتاس”، کە یەکێکە لە شانۆنامەنووسە نوێیەکانی یۆنان، لە شانۆنامەی “پەڵەی مەرەکەب”دا بە شێوەیەکی کۆمیدی گوزارشتی لەم کێشەی شانۆی یۆنانی کۆن و نوێ کردووە. ئەم دەقە شانۆییە باسی مەسەلەی ژن و پیاو، خیانەت و خۆشەویستی، هەروەها شانۆ و مێژوو دەکات. “کسینوفون”، کە کارەکتەری سەرەکی دەقەکەیە، مامۆستای زانکۆیە و خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەسەر ژیانی “یوربیدس” و دەیەوێت بگاتە ئەو ڕاستییە، ئایا ژنەکەی یوربیدس ناپاکی لە یوربیدس کردووە یان نا. ئەو دەنگۆیانەی لەم ڕووەوە هەن بەڵگەی ڕاستین یان پروپاگەندەن و “ئەرستۆڤانیس” دەوری هەبووە لە بڵاو کردنەوەیدا بۆ ناشرینکردنی وێنەی یوربیدس. “کسینوفون” هێندە سەرقاڵی ژیانی یوربیدسە، ئاگای لە ژنەکەی خۆی نامێنێت، کە ئەویش هەست بە پەراوێزکردنی خۆی لەلایەن مێردەکەیەوە دەکات، بۆیە ئەویش دەست لەگەڵ یەکێک لە قوتابییەکانی مێردەکەی تێکەڵاو دەکات. “ماریا”، کە ژنی “کسینوفون”ە، لە کۆتایدا دەڵێت: “کسینوفون ببوورە… بەڵام گوناهی من نییە، یوربیدس، کسینوفون… یوربیدس، کسینوفون… یوربیدس… چەند ساڵێکە بەم یوربیدسە منت شێت کردووە! نه‌ خۆشییه‌ک، نە چوون بۆ شانۆیەک، نە سینەمایەک، تەنیا دەقیقەیەک کاتت نەبووە بۆ بیرکردنەوە لە ژنەکەت، تەنیا هەر بیر و هۆشت لای ژنەکەی یوربیدس بووە!”

“کسینوفون”یش لە دوا حیواری ئەم شانۆنامەیەدا دەڵێت: “مێژوو! کسینوفونی داماو! نەتدەزانی چی لە ماڵەکەی خۆتدا ڕوو دەدات، لەو بڕوایەدا بووی، کە دەزانی چی لە ماڵی یوربیدس ڕوویداوە… بەر لە سێ هەزار ساڵ!… دەست نووسەکانت بدڕێنە، بیاندڕێنە و توڕیان دە! (هێدی هێدی دەست نووسەکانی دەدڕێنێ و پەردە دادەدرێتەوە.)”

لەنێو ئەم کێشە و ململانێیەی شانۆی کۆن و داب و نەریت و ڕیتواڵەکان و شانۆی نوێ و هاوچەرخی یۆنانیدا، شانۆکارەکانی دوورگەی کرێتا، بە بەراورد بە شانۆکارەکانی شارەکانی تری یۆنان، هەر لە ساڵەکانی ١٧٠٠ەکانەوە، قۆناخێکی باش دەبڕن و شانۆیەکی جیاوازی یۆنانی، کە سەرەتاکانی شانۆیەکی هاوچەرخی یۆنانی لەخۆ دەگرێت و بە شێوەیەک لە شێوەکان دەتوانێت وێنەیەکی تر، جیاوازتر لە کولتوورە دێرینە شانۆییەکەی خۆیان پێشکەش بکەن، بەڵام ئەم شانۆیە، دوای داگیرکردنی ئەم دوورگەیە، لە ساڵی ١٦٦٩دا لەلایەن تورکەکانەوە، بەتەواوی نامێنێت و تورکە داگیرکەرەکان هەموو شتێک، کە ناوی شانۆ و هونەر و ئەدەب بووە لەناوی دەبەن.

 

نمایشەکە لەسەر کۆمەڵێک وێنەی شیعری و ئێستاتیکایەکی بەرز ڕۆنراوە، کە بەوپەڕی سەلیقەوە تێکەڵێکە لە سەما و هەڵسوکەوتی ئاسایی ژیانی ڕۆژانەی ئەو خێزانە

 

ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆ له‌ ته‌واوی یۆنان، به‌ تایبه‌تیش له‌ ئه‌سینای پایته‌خت، له‌ چوارچێوه‌ی تازه‌بوونه‌وه‌ی دنیای شانۆدا، چه‌ندین شانۆ به‌دی ده‌کرێن، له‌وانه‌، شانۆی ئازاد، شانۆی ئه‌زموونگه‌ری، شانۆی سه‌رده‌می نوێ، شانۆی پێشڕه‌و، شانۆی هونه‌ر، هه‌روه‌ها شانۆی نه‌ته‌وایه‌تی، که‌ پشت به‌ ده‌قه‌ شانۆییه‌ مۆدێرنه‌کان ده‌به‌ستن، ته‌نانەت ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ده‌قه‌کانی ئیسخیلۆس، سۆفۆکلیس، هه‌روه‌ها یۆربیدس، به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌ی نه‌مایشه‌کاندا ئاڕاسته‌ مۆدێرنه‌کانیان پێوه‌ دیاره‌. لێره‌دا به‌ ڕوونی ده‌رده‌که‌وێ، که‌ شانۆی نوێی یۆنانی لە ژێر گاریگەری تەوژمە نوێیە ئەزموونگەرە ئەوروپییەکاندا گەشەی کردووە، هێندەی سوودی بۆ نموونە لە برێشت، ئارتۆ، گرۆتۆڤسکی و پیتەر بروک وەرگرتوە، هێندە نەگەڕاوەتەوە بۆ سەر داب و نەریتە دێرینەکەی دوو هەزار ساڵی لەمەوبەری خۆیان. نمایشی “ماڵئاوا لیندیتە” لە نووسین و دەرهێنانی “ماریۆ یەنوشی” نموونەیەکی گرینگی ئەم کاریگەرییە ڕاستەوخۆیەیە. خێزانێک کۆدەبنەوە تا ماڵئاوایی لە ئازیزێکیان بکەن، کە تازە کۆچی دوایی کردووە. ئەم خێزانە ڵاڵن و توانای قسەکردنیان نەماوە، هەر وەک ئەو خەمە، بە لەدەستدانی ئەو ئازیزەیان ئیفلیجی کردبن. لێرەوە کۆمەڵێک ڕووداوی سەیر و سەمەرە ڕوودەدات، وەک ئەوەی ئەم دوو دنیایه‌ لەو ژوورەدا ڕووبەرووی یەکتر ببنەوە؛ دنیاکەی خۆیان و دنیای مردووەکان. نمایشەکە، بە زمانی جەستە و وێنەی شانۆیی چیرۆکێکی پڕ لە وزە و بەهێزمان لە دەرەوەی سنوورەکانی کات و شوێنەوە، لەنێوان مەرگ و لەدایک بوونەوە، بۆ دەگێڕێتەوە. نمایشەکە لەسەر کۆمەڵێک وێنەی شیعری و ئێستاتیکایەکی بەرز ڕۆنراوە، کە بەوپەڕی سەلیقەوە تێکەڵێکە لە سەما و هەڵسوکەوتی ئاسایی ژیانی ڕۆژانەی ئەو خێزانە. بۆ نموونە: جێگا هەڵگرتن و داخستن، خۆگۆرین و چوونە ناو جێگاوە، نانخواردن و گسکدان، جل قه‌دکردن… لەگەڵ ئەمانەدا و هەر لە هەمان ژووردا، شتن و کفن کردنی “لیندیتە”… ئەمانە هەمووی هه‌مووی فۆرم و داب و نه‌ریت و مۆسیقای میللیی یۆنان و به‌لکانیان تێدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت. بە کورتی نمایشەکە ماڵئاواییەکی بێدەنگ و شیعرئامێزە، مێدیتا شونێکی وێناکراوه‌ سەبارەت بە خەمێکی گەورە.