ویست
د. نەجمدین کەریم/ مامۆستای زانکۆ/ ستۆکهۆلم
ویستی فێربوون و پێشکەوتن ، پاڵنەرێکی ناوخۆیی مرۆڤە ، لێ لە پشت وەها پاڵنەرێک دا هۆکارگەلێکی بیۆلۆژی و کۆمەڵایەتی هەن ، دیدە تیۆرییەکانیش فرە ڕەنگن ، لێ من لەو باوەڕەدام، کە فاکتەری دەرەکی و دەوروبەر یەکلاکەرەوەیە . کاتێک ، کە ویستی فێربوون و پێشکەوتن لای مرۆڤێک لاواز بوو ، ئەرکی دامودەزگاکانی پەروەردەو فێرکردنە، کە ئەو ویستە بەهێز بکات ، بۆ ئەوەی هاوڵاتی پاسیڤ و مشەخۆر نەبێت. ویستی فێربوون لە مەملەکەتی ئاژەڵ دا بەندە بە میکانیزمی کاردانەوە ، بۆیە ، کاردانەوەکان لە ڕێگای ئەزموون دا چەندبارە دەبنەوە .
کاتێک ویستی فێربوون و پێشکەوتن دەبێت بە گرفت، ئەرکی پەروەردە و فێرکردنە، کە چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە، چونکە فێرکردن داهێنانێکی کۆمەڵایەتییە و وەزیفەی ئەویش، وەزیفەیەکی جڤاکییە، جا گرفتەکە بیۆلۆژی – دەرونی بێت، یا جڤاکی. یەکێک لە ئەرکەکانی قوتابخانە و مامۆستا چاڵاککردنی ئەو ویستەیە، نەک فەرامۆشی بکات و گۆڕەپان تەنیا بۆ بەهێزەکان بهێڵێتەوە، مێتۆدیش زۆرن بۆ چارەسەرکردنی وەها گرفتێک. مناڵیش لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دا ناچارە خۆی لەگەڵ دەوروبەرەکەی دا بگونجێنێت، چونکە بێ ئەوە مومکین نییە، فزولیش دیاردەیەکی ئاسایی هەر ئەو پاڵنەرەیە، کە لە پێشدا باسمانکرد، بێ ئەو فزولییەش بەردەوامی ژیانی تاک مومکین نییە، لێ فزولی تاقە پاڵنەرێکە، ئەوانی تر پێویستی بە فاکتەری تر هەیە . بێگومان، ئەگەر چاڵاک و زیرەکیش بین، ئەوە دەبینە ئۆبێکت و جێگای بایەخی کەسانی تر. مامۆستای ژیر و بە ئەزموونیش لەو پڕۆسەیە دەگات، لێ دەبێت بەرپرسیارێتی و مۆرالی مامۆستایەتی خۆی لەبیر نەکات. ئەو رۆڵ و بەرپرسیارێتییەش، بێ شک، لە کولتوور و کۆمەڵگایێکەوە بۆ کولتوور و کۆمەڵگایەکی تر جیاوازە، هەر کولتوورێکیش بە شێوەیەکی جیا زیرەکی و ژیری هەڵدەسەنگێنێت. ئازادی و چاودێریکردنی تاکیش لە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن دا پێویستە، چونکە هەر تاکێک هەڵگری بنەما و تایبەتمەندی کەسایەتی خۆیەتی.
لە تیۆری وانە ووتنەوەیەکی سەردەمی و دیمۆکراسی دا نابێت چەمکی بە زۆرەملێ و توندووتیژی بەکاربهێنرێت
هەموو کۆمەڵگایەک ئەزموونێکی دەوڵەمەندی بەڕێکردووە و بووە بە زانین بۆ ئێمە، هەر بۆیە دەتوانین سوود لەو کەلەپوورە کەلەکە بووەدا وەرگرین. سزا و بەخشینیش لە پرۆسەی خوێندن دا پێویستە، لێ نابێت توندووتیژی بەکاربهێندرێت، چونکە لە دەوڵەتی قانوون دا، هەموو دیاردەیەکی توندووتیژی دەبێت بە تاوان.
مەبەست لە هەموو وانە ووتنەوەیەکیشدا ، هەوڵدانێکە بۆ پێشکەوتن ، لێ لە تیۆری وانە ووتنەوەیەکی سەردەمی و دیمۆکراسی دا نابێت چەمکی بە زۆرەملێ و توندووتیژی بەکاربهێنرێت . لەوەها پڕۆسەیەکیشدا، زمان و کولتوور، تەکنۆلۆژیش ڕۆڵی گرنگ دەبینن. پەرەسەندیش بۆخۆی دەبێت ئاستێکی بڵندتر پیشانبدات . وەها پێشکەوتنێکیش لە پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنی مناڵ و گەنجەکان دا دەردەکەوێت، دەنا وەک ئەوە وایە، کە ئاسنی ساردمان کوتابێت. لە لۆژیکی ئەبستراکتەوە بەرەو کۆنکرێت دەچن .
ئیشکردن لەسەر مرۆڤ و ویستی مرۆڤیش پێویستی بە ناسین و تێگەیشتن لە هەردوو بوارەکە دا هەیە
هەموو مامۆستایەکیش پێویستە ببێتە خاوەن دیدێکی گشتیی فەلسەفی ، بە تایبەتی فەلسەفەی پێداگۆژی ، بۆ ئەوەی لە کاری پێداگۆژی خۆی بگات، چەقی ناوەندی مامۆستایەک لەوە دایە ، کە لە مانا و ئەرکی پێداگۆژی لە کۆمەڵگا دا بگات ، چونکە وەزیفەی سەرەکی ئەو کۆمەڵگایە. مامۆستا دەبێت لەدەرەوەی پسپۆڕی خۆی پێویستە لە مانای ئێتیک، ئێستێتیک، چ و بۆ چی بگات و مێتۆدە پێداگۆژییەکان بناسێت . پێداگۆژی و فەلسەفەی پێداگۆژیش دوو بواری گرنگی پێشکەوتن و گۆڕانی کۆمەڵگان، چونکە مرۆڤ هەم سروشتە و هەم کولتوورە، ئیشکردن لەسەر مرۆڤ و ویستی مرۆڤیش پێویستی بە ناسین و تێگەیشتن لە هەردوو بوارەکە دا هەیە، دەنا نابێت بە مامۆستایەکی سەرکەوتوو ، ئەرکی سیستەمی پەروەردەو فێرکردنیشە، کە پلان و چاودێری بەردەوامی بۆ ئەو بوارە هەبێت، هەر بۆیە، کولتوور و فێربوون، سیاسەت و فێربوون ڕۆڵی سەرەکی لەم بوارەدا دەگێڕن. سیستەمێکی سیاسی مۆدێرنی تەندروست، بێ شک، سیستەمێکی تەندروستی پەروەردەو فێرکردن بەرهەمدەهێنێت.