شاعیرێکی کورد لە تورکیا هەموو ژیانی لەزیندان بەسەر برد
ئیلهان سامی چۆماک، شاعیری کوردی خەڵکی باکووری کوردستان ساڵی ١٩٩٤ دەستگیر کرا و سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەردا سەپێندرا، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦-١١-٢٠٢٤ ئازاد کرا.
هەرچەندە ئیلهان سامی چۆماک ماوەی زیندانییەکەی تەواوکردبوو، بەڵام ئاستەنگ دەخرایە بەردەم ئازادبوونی. چۆماک دواجار رۆژی سێشەممە ٢٦-١١-٢٠٢٤ لە گرتووخانەی سیلیڤری لە ئیستەنبووڵ ئازاد کرا و لەلایەن کەسوکار و بەشێک لە سیاسەتڤانانەوە پێشوازیی لێکرا.
ئەو شاعیرە کوردە لە تەمەنی ٢٢ساڵیدا خرایە گرتووخانە و لە تەمەنی ٥٢ساڵیدا لە زیندان دەرچوو؛ لە ٣٠ ساڵی رابردوودا لە چەند گرتووخانەیەکی جیاوازی تورکیا سزاکەی بەسەربرد. ئەو کاتەی ئیلهان سامی چۆماک لە ساڵی ١٩٩٤ دەستگیر کرا، خوێندکاری بەشی جوگرافیا بوو لە زانکۆی ئیستەنبووڵ.
چۆماک چەند تۆمەتێکی درابووە پاڵ کە وەکو هەڕەشە بۆسەر دەوڵەت سەیردەکران؛ بۆ نموونە، تۆمەتبار کرا بە سووتاندنی دارستان و ئەنجامدانی چالاکی بۆ پەکەکە، دواجار سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.
دادگەیی ئیلهان سامی چۆماک لە ساڵی ١٩٩٤ دەستیپێکرد و شەش ساڵی خایاند؛ ساڵی ٢٠٠٠ دادوەر بڕیاری سزای زیندانیی بەسەردا خوێندەوە. چۆماک لەو ماوەیەدا ژمارەیەک کتێبی نووسیوون، لەوانەش، “بۆ تۆ هاتم، دەریای کراوە، دابەشنەکردنی رێسای مێرووەکان، دواجار لە ژیانداین و زۆرم خۆش دەوێیت.”